ئەحمەد شێربەگی، بێژەری بەنێوبانگی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فەرهاد سەنگاوی، 
بێژەری پێشووی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی باشوور دەنێرێت و دەڵێت:” لە سەردەمی شاخەوە تۆ دەناسم، لە شاخ دەنگی زوڵاڵی تۆ دەنگی شۆڕش و بەرخودان بوو”.
شێربەگی لە پەیامەکەیدا بە فەرهاد سەنگاوی”کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادایە” دەشڵێت:” تۆ لە باشوور، منیش لە خۆرهەڵات، بانگەشەمان بۆ رزگاری وڵات دەکرد”.
کاتێ تۆ هاوارت بۆ باباگوڕگوڕی کەرکووکی دزراو دەکرد، لەوبەری شەپۆلەکانەوە تەزوویەک هەموو جەستەمی دەتەنی، منیش هاوارم بۆ خاکی دزراوی باوباپیرانم دەکرد، دەنگی حەقبێژی تۆ زایەڵە و دەنگی من بوو، دەنگی ملیۆن مرۆڤی نیشتمان پەروەر بوو، هاوار و بەرخودانی تۆ، هاواری من و هەزاران شێت و شەیدای ئەم خاکەی ژێر پۆستاڵی داگیرکەربوو”.
لە درێژەی پەیامەکەیدا ئەحمەد شێربەگی گوتی:”ئەو دەمەی زایەڵەی دەنگت رووحی شەهیدەکانی قەڵادزێی دەلاواندەوە، من بەرامبەر گەورەیی ناویان کڕنۆشم دەبرد”. شێربەگی چەند پرسیارێک ئاراستەی فەرهاد سەنگاوی دەکات و دەپرسێت:” پێم بڵێ فەرهادی برام، ئەو دەنگەی بانگەشەی بۆ ئازادی دەکرد چی لێهات، کوا ئەو دەنگەی ئازاری دایکی شەهیدانی دەلاواندەوە؟ کوا ئەو دەنگەی جەماوەری بۆ راپەڕین هاندەدا؟ بەڕاست تۆ هەر فەرهادەکەی شاخی؟ تۆ هەر ئەو دەنگەی کە بە هەزارانت شێتی کوردستان کرد؟ کوا ئەو دەنگەی کە هاواری دەکرد تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بە زەبرە؟ کوا ئەو دەنگەی دەیگوت بەفریش گڕیگرت؟ فەرهاد تۆ دەمێکە ئەو دەنگە نەماوی گیانی بەرخودانت دەگەڕاندەوە بۆ داروبەرد و کێو و تەلانی ئەم کوردستانە”.
بێژەرە بەنێوبانگەکەی شۆڕشی سەدەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان دەشڵێت:” ئەو دەنگەی من دەمناسی ئەوە نەبوو کە بانگەشە بۆ قازانجی نەیاران و سەرمایەدارانی هەژارکوژی قازانجپەرستی لەخودا بێخەبەر بکات. ئێستا رۆژ رۆژی تۆ بوو هاواربکەی بۆ سەربەخۆیی، ئێستا رۆژی تۆ بوو جەماوەر هانبدەی کۆتایی بە کۆیلەیی بێنن. چی روویداوە؟ بۆچی دەنگت نەماوە؟ مەگەر سەربەخۆیی ئاواتی هەرە گەورەت نەبوو؟ مەگەر هەزاران پێشمەرگە بۆ ئەم کوردستانە و بۆ سەربەخۆیی گیانیان نەبەخشی کە تۆ ناویانت دەخوێندەوە؟ مەگەر بەڵێنت پێیان نەدابوو کە درێژەپێدەری رێبازیان بیت؟ ئێستا چیت هەیە بۆ رۆحی شەهیدانی مەزڵوومی ئەنفال؟ پێیان دەڵێی حەقبوو واتان بەسەرهات؟ ئێستا چیت هەیە بە هەڵەبجەی خنکاوی بڵێی؟ پێیان دەڵێی چاکیانکرد بە کیمیایی خنکاندیانت؟ فەرهاد ئەوەی ئێستا تۆ دەیکەی داگیرکاریش هەمان شت دەکات! ئیرادە و شوناسی کوردی باشوور بۆ سەربەخۆیی، ئیرادە و شوناسی هەموو گەلی کوردستانە لە هەموو پارچەکانی کوردستان”.
سەبارەت بە بانگەشەی نەخێری سەنگاوی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستانیش دەڵێت: ”دەنگنەدانت بە سەربەخۆیی، دەنگدانە بە کۆیلەیی و ژێردەستەیی تاهەتایی کورد. تاوەکو درەنگ نەبوو جارێکی دیکە بەبیر و بۆچوونتدا بچۆوە، بگەڕێوە بەرەی سەربەخۆیی خوازان، دەنگ و هاوار و نەعرەتت بۆ سەربەخۆیی هەڵبڕە”.
فەرهاد سەنگاوی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، دوای راگەیاندنی ئەنجوومەنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، ناوبراو پەیوەندی بەو ئەنجوومەنەوە کرد و بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە. سەنگاوی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی:” من ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم، دەنگی من دەنگی مافخوراوانە”.
سەرچاوە: رووداو- هەولێر