Hoppa till innehåll
Hem » کۆڕیادی 28ی گەلاوێژ لە هەولێر، رۆژێکی مێژوویی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان

کۆڕیادی 28ی گەلاوێژ لە هەولێر، رۆژێکی مێژوویی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان

پێشمەرگەکان: لە رۆژی 28ی گەلاوێژدا دا بوو کە خۆمەینی خوێنمژ و دارودەستەکەی فەرمانی جیهاد ( قەتڵ و عام) ی گەلی کوردیان دەرکرد.

رۆژی 20170819 لە باشووری کوردستان  حیزبەکانی کوردستان بە یەکگرتوویی بە دژی کۆماری سێدارە بەشداریان لە کۆڕیادی 28ی گەلاوێژدا کرد و  پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم و  سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند.

 

بەشێک لە ڤیدیۆی ئەو رۆژە لە روداو

حدکا: حیزبەکانی رۆژهەڵات بەرەو تەبایی زیاتر دەڕۆن

لەلایەن گۆڤەند مستەفا، روداو

لە 38مین ساڵیادی 28 ی گەلاوێژدا، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم فێستیڤاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەشداری سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ناونیشانی (28ی گەلاوێژ، رۆژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان) سازکرد.

سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: لە فێستیڤاڵەکدا 5 حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم حیزبەکانی باشووری کوردستان بەشدار بوون، سکرتێری حیزبەکانی رۆژهەڵات گوتاریان پێشکەشکرد و لە گوتارەکانیاندا دووپاتیان کردەوە، ئەو گشتپرسییەی لە باشووری کوردستان دەکرێت هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن یەکدەستبن بۆ دەستهێنانی مافەکانیان.

لەبارەی هۆکارەکانی دوورەپەرێزی رەوەندی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە روودوای راگەیاند: ”ئەگەر بەو جۆرە لێکی بدەینەوە، کە بەڕاستی دوورەپەرێزی و نایەکڕیزی هەیە لەو ئاستەدا کە دەبوایە ببێت، بەڵێ راستە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ساڵانی پێشتر بەراوردی بکەین ئەو نایەکڕیزی و ناتەباییە زۆر زیاتر بوو، ئێستا بەخۆشحاڵییەوە رەوتێکی دیکەی گرتووەتەبەر و بەرەو ئەوە دەڕوات رەوەندی کوردی یەک گوتاری هەبێت”.

حەسەن شەرەفی پێیوایە یەکڕیزی و تەبایی نێو رەوەندی کوردی گرێدراوی ئەو یەکڕیزی و تەباییەی نێوان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت: ”یەکڕیزی و تەبایی رەوەندی کوردی گرێدراوی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چەندە ئەوان تەبابن کە لەو چەند ساڵەدا بەرەو تەبایی دەچن، چەندە یەکڕیز و یەکدەنگبن ئەوەندەش رەوەندی کوردی بە پەیڕەوکردنی یەکڕیزی و یەکدەنگی و تەبایی دەتوانن زیاتر لە ئێستا یەکدەنگبن”.

لە 28ی گەلاوێژی 1979دا دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە و تۆپبخانەکان.

لینکی روداو، بۆ وتەکانی کاک حەسەن  

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

روداو

….

کۆڕیادی ٢٨ی گەلاوێژ لە هەولێر بەرێوەچوو

کوردستان میدیا: لە ٣٨مین ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری بەدناوی جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەزگای توێژینەوە ستراتیژییەکان یەکەم کؤڕیادی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەشداری سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ناونیشانی (٢٨ی گەلاوێژ، رۆژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان) سازکرد.

 

کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری هەولێر، بۆ ئاوڕدانەوە لە ٣٨مین ساڵیادی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی ”شکۆمەندی خۆڕاگریی ڕۆژهەڵات” بەڕێوە چوو.

 

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

 

پاشان پەیامی دەستەی ئامادەکار لەلایەن مامەند ڕۆژە پێشکەش کرا و دواتر لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە چەندین پەیام لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار پێشکەش کران، کە بریتی بوون لە:

 

١ـ پەیامی دوکتور مەحموود عوسمان کەسایەتی سیاسی.

٢ـ پەیامی نوێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

٣ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٤ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٥ـ پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ـ پەیامی هاوڕێیانی پێشوو

 

لەم ڕێوڕەسمەدا وەفدێکی باڵای حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتیری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کرد و وتاریان پێشکەش کرد.

 

لە وتارەکەیدا بەڕێز شەرەفی ڕایگەیاند: ئێمە لیرە کۆبووینەتەوە تاکوو ئاوڕ لە دوو ڕووداو بدەینەوە؛ یەکیان پیرۆز و یەکیان ناپیرۆز. ڕووداوە ناپیرۆزەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا ئەو پەیامە شووم و فتوا ناڕەوایەی کە خومەینی دژ بە گەلی کورد دەری کرد و لە ئەنجامیدا هەر لەو ڕۆژەوە هێرشی زەوینی و هەوایی بێ بەزەییانە بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد.

 

فەرمانێکی سەربازی بۆ خاشەبڕکردنی کوردستان و نەتەوەی کورد و فتوایەکی مەزهەبی بۆ بزاوتن و هاندانی بەشێک لە هاونیشتمانییانی شێعەمەزهەبمان لەدژی کورد؛ ئەمەش وای کرد کە کورد ٢ ڕێگای لەبەردەمدا مایەوە؛ یان مل دانەواندن بۆ ئەو هەڕەشە و هێرشەدا یان خۆڕاگری.

 

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز شەرەفی وتی: رووداوە پیرۆزەکە ئەوەیە کە هەر لەو ڕۆژەدا کە بڕیاری ناپیرۆزی فتوا دەرکرا گەلی کورد بڕیاری خۆراگری لەبەرامبەر ئەم پەلامارەی دەرکرد و بە کردەوە سەلماندی کە رەوتی موقاومەتی خۆی کە هەیبوو بەهێزتر کرد.

 

جێگری سکرتێری گشتی حیزب لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە میراتگرانی خومەینی کرد و وتی: ئێستاش هەمان سیاسەت و هێرش کردنە لەدژی گەلی کورد درێژەی هەیە و جگە لە هێزی هەوایی و زەوینی ماشینی تێرۆریشیان هێناوەتە ئاراوە بەڵام کورد هەر لەو کاتەوە کە بڕیاری خۆڕاگری دا بە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی لەبەرامبەر داگیرکەراندا راوەستاوە و رادەوەستێ.

 

وتیشی: هاوکات لەگەڵ بەرینترکردن و بەهێزتر کردنی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەرکە لەسەر ئێمە کە خەباتەکەمان و موقاومەتەکان قورس و قایمتر بکەین و یەک هەڵوێستتر و یەک هەنگاوتر بین.

 

پاشان ئاوڕی لە سەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دایەوە و وتی: دەبێ هەموو پارچەکان ئەم مەسەلە وەک بەرژەوەندییەکی باڵا ببینێت و پشتی بگرێت.

 

هەروەها لە نێوان ڕێوڕەسمەکە چەندین سروود و کاری هونەری لەلایەن هونەرمەندانی کورد وەکوو (میرا و نەدا)، (کاڵێ ئاتەشین)، (ناسری ڕەزازی) و گرووپێکی پێکهاتوو لە هونەرمەندانی ڕۆژئاوای کوردستان و هونەرمەندێکی کوردی باکووری کوردستان پێشکەش کران.