Hoppa till innehåll
Hem » ئاگاداریی کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە روداوی گوندی رۆژە

ئاگاداریی کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە روداوی گوندی رۆژە

پێشمەرگەکان: کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامین ئاگادارییەکی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە.

pdki-arm-

 

دەقی ئاگادارییەکە:

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر وەک لە هەواڵەکاندا هاتووە ڕووداوێکی نەخوازراو لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و دانیشتوانی گوندە ژوورە سەر بە شارۆچکەی چۆمان لە ناوچەی باڵەکایەتی لە باشووری کوردستان ڕووی‌دا کە بەداخەوە بۆ بە هۆی گیان لەدەست‌دانی دوو هاووڵاتی.

لەو پێوەندییەدا بە پێویستمان زانی هەموو لایەک ئاگادار بکەین کە لە ڕادەربڕینی بە پەلە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک کە یارمەتی بە ئارام‌کردنەوەی دۆخەکە ناکا خۆ ببوێرن.

دیارە لە داهاتوودا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیە ڕێنوێنی پێویستتان پێ دەدرێ.

لەگەڵ سەرخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە داوای لەسەرخۆیی و دان بەخۆدا‌گرتن لە هەموو لایەک دەکەین.

 کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی

٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی

….

 

کۆمەڵە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە لە خەڵکی باڵەکایەتی دەکات

 

رووداو – هەولێر : کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا لەبارەی رووداوەکەی باڵەکایەتی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی باڵەکایەتی دەکات.

 

ئێوارەی رۆژی هەینی 25-8-2017، لەسەر بڕینی دار دەمەقاڵێ لەنێوان چوار برای خەڵکی باڵەکایەتی و ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان دروست بوو، پاشان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەستڕێژیی گوللەیان لێکردن، بەهۆیەوە دوویان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەشیان بەسەختی بریندار بوو.

 

رووداوەکە کاردانەوەی فراوانی لێکەوەتووەتەوە و سەتان هاونیشتمانی لە باڵەکایەتی بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری هەڵگۆڕد و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.  لە یەکەم کاردانەوەشدا بارەگای سەرجەم حیزبەکان (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان ”حدک”، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ”حدکا” و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان)یان سووتاندن.

لە راگەیێدراوەکەدا سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند: ”ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادارنین، بەڵام  داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکومەتی هەرێم لەنێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەربکەن، بۆئەوەی نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێوەرگرن”.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی سکرتاریەتی کۆمەڵە لەبارەی رووداوەکە

 

بە داخەوە ئاگادار بووین کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک دێی گوندەژوور سەر بە ناحیەی چۆمان تێکهەڵچوونێکی نەخوازراو لە نێوان چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندە کە چەکدار بوون و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە روویداوە. 

ئەو رووداوە کاتێک روویدا کە ئەو چەند هاووڵاتییە بە چەکەوە چوونە سەر شوێنی ئەو پێشمەرگانە و لە ئەنجامی ئەو ناخۆشییەدا تەقەیەک لە نێوانیاندا سەریهەڵدا و بە داخەوە دوو کەس لە خەڵکی گوندەژوور گیانیان لە دەستدا و کەسێکیش برینداربوو.

ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادار نین، بەڵام پێش هەموو شتێک پرسە و هاوخەمی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو گیانبەختکردووانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین. هەروەها داوا لە هەموو لایەنی پەیوەندیدار و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێور کردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکوومەتی هەرێم لە نێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەر بکەن و نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێ وەرگرن.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

2017/8/25

…..

 

لە باڵەکایەتی شەڕ لەنێوان حیزبێکی رۆژهەڵات و دانیشتووانی گوندێک روودەدات

لەلایەن کۆسار عوسمان

 

رووداو – چۆمان

دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند گەنجێکی ناوچەی باڵەکایەتی، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستڕێژی گوللەیان لێدەکەن، دوو کەسیان دەکوژن و یەکێکی دیکەشیان بەسەختی بریندار دەکەن.

 

بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە چۆمان رایگەیاند: ”لەسەر بڕینی دار گرژی لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چوار برای خەڵکی گوندەژۆر لە سنووری باڵەکایەتی دروست بووە، لەئاکامدا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردوون”.

پەیامنێری رووداو راشیگەیاند، بەهۆی دەستڕێژییەکەوە دوویان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان بەسەختی بریندار بووە. لەبەرامبەردا خەڵکی گوندەژۆر دەڵێن ئەوە قبوڵناکەن و هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی پارتە رۆژهەڵاتییەکان و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

هاوکات ئەحمەد قادر،  قائیمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ”هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدان”. بەڵام لە یەکەم کاردانەوەدا خەڵکی باڵەکایەتی سەرجەم بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتیان لە بناری هەڵگۆرد سووتاندن.

لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند: ”ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادارنین، بەڵام  داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکومەتی هەرێم لەنێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەربکەن، بۆئەوەی نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێوەرگرن”.

 

هەروەها فەرماندەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی راگەیاند، شەڕەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە. سەرەخۆشیشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکە خواست. 

 گوتیشی: ”هیوادارین گیانی پێشەمەرگەکانمان لەلایەن خەڵکی باڵەکایەتی پارێزراو بێت”. داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد دۆخەکە بەخێرایی کۆنترۆڵ بکەن.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران حیزبێکی سیاسیی چەپی رۆژھەڵاتی کوردستانە، یەکێکە لەو پارتانەی ماوەیەکە خەباتی چەکداری بردووەتە شاخ و لە بناری هەڵگۆرد بارەگایان هەیە.

باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێرە و سەنتەرەکەی قەزای چۆمانە، نزیکەی 160 کیلۆ مەتریش لە هەولێرەوە دوورە. گوندەژۆر دوایین گوندی باشووری کوردستان و دراوسێی گوندی زێوەی سەر بە خانێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نزیکەی 30 ماڵ پێکدێت. 

 

 

بۆ هەواڵ و ڤیدیۆ، لە روداو