"an independent online kurdish website

شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی خۆڕاگرو ئازادیخوازی”بانە”ی سەربەرز، کە بەمەبەستی مەحکوومکردنی سیاسەتی سەرکووت و تەقەکردن لە کاسبکارانی کۆڵبەری کوردستان بە شێوەی هێمنانە هاتبوونە سەر شەقام و داوای سەرەتایترین مافی ژیانیان و بەسزاگەیاندنی بکوژانی تازەترین قوربانیەکان دەکرد.

بەڵام بەداخەوە زۆر بێبەزەیانە لەلایەن هێزە تایبەت و ئەمنیەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی ئێران بەتوندترین شێوەی دڕندانە بەرەورووی ئاپۆرای جەماوەری ستەمدیدەی شاری بانە بوونەوە و ژمارەیەك لە خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار بریندارکران و ژمارەیەکیش دەستگیرکران و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شارکران. کردەوەی توندوتیژی هێزەئەمنیەکانی بانە کە لە ئۆرگانە بەرزەکانی نزیك لە” خامنەیی ” دەستوور وەردەگرن ، ڕەنگە وڵامێکی زۆر باش بێت بۆ ئەو دەستە و کەسانەی ئێستایش وابیردەکەنەوە کە دەکرێ قورسای خەبات بخرێتە شێوەی تازە و لە شکڵی تێکۆشانی”مەدەنی” و جەماوەریدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ڕێکبخەن و ویست و داخوازیەکانیان بێنەگۆڕێ. بۆ ئەو مەبەستەش پێیان باشە دەستبەرداری شێوەکانی دیکەی خەبات بین و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کە جەوهەری پارێزگاری و پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردە، هێزی خۆی بەرێتەوە ناو خۆ و لە سەر ئەساسی میکانیزمی خەباتی ‘سپی” لە ئێراندا ئیزنی تێکۆشانی مەدەنی وەربگرێت. هەر چەندەی بە قسە گەلێك خۆشە بەو جۆرە مرۆڤ دڵیخۆی بداتەوە و پێوابێت ئیدی ئەوە شانسی نوێیداوە بەدەسەڵاتدارانی تاران. جارێ لە وڵاتێكدا کە لە سێدارەدان و ئەشکەنجە و خینکاندنی بانگی ئازادی لە ئارادەبێت، شتێك لە ژێر ناوی خەباتی مەدەنیدا بوونی نیە و بەو شکڵە کە ئێمە دەمان هەوێت موومکین نیە. ناڕەزایەتی خەڵکی بانەش یەکێك لە فۆڕم و شێوەکانی تێکۆشانی جەماوەی بوو کە هێندێك کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵات بێبنەما بانگەشەی بۆ دەکەن و پێیان وایە لە نێوەرۆكدا ڕێژیمی تاران ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و بە باشیدەزانن تاکتیکی خەباتی سیاسی و چەکداری کورد، خۆی بەسەر جووڵانەوەی هێمنانە و هەڵسوڕانی مەدەنیدا قاڵبکاتەوە. سروشتی گەلی کورد ئەوەبووە کە کێشەی سیاسی و نەتەوایەتی خۆی بە ڕێگای ئاشتی و بەدوور لە توندوتیژی لە چوارچێوەی حکوومەتی ئێستای ئێراندا چارەسەربکات.

بەڵام نەتیجەکەی چیبووە، فتوایی جیهادی ٢٨ی گەلاوێژی لێکەوتەوە و ڕێبەری ڕوحی ” خومێنی” ئەو بڕیارەی دەرکرد و هەموو ڕێگاکانی گەیشتن بەئاشتی بەسەر شۆڕشی کوردستاندا داخست. ئەگەر سەرپێیش ئەوڕێك لە مێژووی خۆمان بدەینەوە دەبینین دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە سەر مێزی ئاشتی ، مرۆڤە تێکۆشەر و نەتەوەییەکانی تێرۆرکردن، بەرچاوترینیان ” سمایل ئاغای شکاك و دکتۆر قاسملوو” نەموونەی زیندوون. دکتۆر قاسملوو کە ڕێبەری بە هێزترین و کاریگەرترین هێزی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(حدکا) ی دەکرد تەنگی بەدوژمن هەڵچنیبوو و لە شەری سێ مانگەدا نوێنەری تاران پاش شکەستخواردنیان لە ئاستی هێزی پێشمەرگەی حیزبدا، بە خێرای خۆیانگەیاندەوە بۆ کوردستان. کاتێك دکتۆر قاسملوو باسی ئاشتی و چارەسەری پرسی نەتەوەی بە دەر لە ڕێگا چارەسەری نیزامی دەزانی، هێزێکی دیار و نەیاری بەرچاوی حکوومەتی ناوەندی ئێرانبوو. دکتۆر قاسملوو باوەڕی قوڵی بە ئاشتی و وێك هەڵکردنی فرەرەهەندی هەبوو و دژی سەرکووت و توندوتیژی سیاسی و نەتەوەی بوو. ئەو زۆر بەسەربەرزی و گەورەی لە پێناوی ئامانجی نەتەوەیی و ئاشتیخوازیدا گیانی فیداکرد. چوونکی باوەڕی بە خەبات و قسەکانی هەبوو. ئەو پێی وابوو ئەگەر حکوومەتی ئاخوندی کەیفی لێبێت، ڕێگا زۆرن بۆ ئەوەی پێش بە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بگیرێت.

بەڵام دیتمان شۆڕشی کوردستان و داخوازیە ڕەواکانی گەلی کورد بەئاگر وئاسن وڵامدرایەوە. پاشان حیزبی دێمۆکرات کاتێك داوای ئاشتی دەکرد و هەوڵیدەدا لە گەڵ ناوەندا ڕێکبکەوەی، هاوزەمان دکتۆر قاسملوو زۆر بەژیری و بەربڵاوی رێبەری خەباتێکی کاریگەری سیاسی و دیپلۆماسی و تەشکیلاتی و چەکداری بەدژی حکوومەتی ئاخوندی دەکرد. وەختێك ئەو قسانەی دەکرد لە کوردستان ڕۆژانە ڕێژیم قورسترین زیانی بەردەکەوت و لە ئاستی ئەو خەباتەدا هەستی بەداماوی دەکرد. بەڕێز عەزیزی! شێوەکانی خەبات لە ئێستادا بەو جۆرە نیە کە وڵامدەری رەوتی نوێێ خەبات و تێکۆشانی سیاسی ئەو بزووتنەوە مێژوویەبێت. مرۆڤ ئەگەر خۆی باوەڕی بە بابەتێك یان خاڵێك لە خەباتی سیاسیدا هەبوو، دەبێت مایە لەخۆی دابنێ و وەك پێشەنگی فیکری خۆی کاریگەری کرداری هەبێ و دووربکەوێتەوە لە شیعار و هەڵپەی سیاسی. کەم کەس هەیە بەو ئاکامەی گەیشتبێت کە ئاڵوگۆڕێكی جەوهەری بەسەر دید و بیروبۆچوونی حکوومەتی تاراندا هاتبێت سەبارەت بە دێمۆکراسی سیاسی و دابینکردنی مافی نەتەوایەتی گەلانی وڵات. لە چوارچێوەی ڕێژیمی تاراند، بەدڵنیایەوە دەرفەتێك بەدی ناکرێت کە دەرەتانی ئەو خەباتە مەدەنیە هەبێت کە ڕیزدار عەزیزی زۆری دڵ پێخۆشە. ئێستاش خەڵکی ئیڕان بە هۆی جیاوازی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران، دەستگیر دەکرێن و دەخڕینە بەندیخانە و رۆژەنەش هەواڵی مەرگی لە سێدارەدانی ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی وڵات دەبیسین. ئەو شێوە خەباتەی باس دەکرێ جارێ هێشتا وەك خۆی نەگەیوە و تامی خێری تێیانیە. هەرچەندە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵە لێکدانەو ەو خوێندنەوە بۆ دەسەڵاتی ئێران بکەن و بەلایخۆیانە هەست بەرووناکیەكبکەن. بەڵام خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەرچاو روونتر و وشیار ترە و بە وردی و تێگەیشتنی نەتەوەیانە، هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە بەرژەوەندی جووڵانەوەی سیاسیدا هەڵدەسەنگێنن.

محەممەد سلێمانی

2017/09/07

 

ئێرە کلیک بکەن بۆ دیتنی ڤیدیۆکانی سایت 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی