بەگوێرەی راگەیێندراوێکی (کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی) بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات، واتە: کوردستانییانی هەندەراننشین، داوایان لێدەکرێت بۆئەوەی بتوانن بەشداریی پرۆسەی دەنگدان و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن،

لەنێوان 1-9-2017 تاوەکو 7-9-2017، سەردانی ماڵپەڕی ئەو کۆمسیۆنە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت (www.khec.krd) بکەن.
کاتێک مرۆڤ دەچێتە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، دەتوانێت هەریەک لە زمانانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی هەڵبژێرێت. کە دەچێتە سەر هەر یەکێک لەو زمانانە، تۆمارێکی دەنگیی یەک خولەک و نیوی دانراوە، کە بە کوردییە، بەڵام زووزوویش دەنگەکە دەبڕێ و دێتەوە و گەلێک بەخێرایی باسی شێوازی خۆتومارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمێک دەکات و پێت دەڵێ: بۆ ئەوەی بتوانیت فۆرمەکە پڕکەیتەوە دەبێ تەختەکلیلی، من بۆ خۆم دەڵێم تەختەکلیل، دەنا دەنگەکە دەڵێ: دەبێت کیبۆرد(Keyboard)ی عەرەبیت هەبێت. ئەوجا باسی نووسینی ناوی سیانی و ژمارە و وێنەی کارتی ناسنامەی عێراقی و رەگەزنامەی عێراقی و دواتریش ژمارەی فۆرمی خۆراک دەکات.
من بۆ خۆم هەرکە لە 2-9-2017 دا ئەو تۆمارە دەنگییەم بیست و چوومە نێو ئەو ماڵپەڕەوە، خۆم پێنەگیرا و دەستبەجێ نامەیەکم بۆ سێ ناوونیشانی ئیمەیلی جیاوازی ئەو کۆمسیۆنە نووسی. کۆمەڵێک خاڵم بۆیان روونکردەوە و دواتر لە رۆژی 3-9-2017 دا، لەوانەوە دوو وەڵامی کورت و هیچ نەگەیەنم بۆ هاتەوە، کە والێرەدا رێک وەک خۆیان دایاندەنێم:
یەکەم وەڵامی کۆمسیۆن: ”سلاو بةريزم، بةريزم دةتوانى سود لة فورمى خؤراكى خيزانى وةركريت لة ناوةوةى هةريم بؤ بةرى يةكةم بةريز دةبيت ناوةكة بة دروستى داخيل بكةىت بة زمانى عةرةبى دةتوانن ناوةكانتان بنيرن بؤتان دلنيا دةكةينةوة، دةتوانى بةيوةنديمان بيوة بكةن لةريكةى وةتس ئةب و فايبةر”.
دووەم وەڵامی کۆمسیۆن: ”سڵاو بەریز ..جەژنتان پیرۆز، بەڕێز گیان سوپاس بۆ تیبینیەکەت بەڵام ڕەجاوی ئەوانە کراوە و دەکرێ هەر کەسێك لەسەر فۆرمی خۆراکی مالی باوکی دەنگ بدات، بەداخەوە ئەگەر کوردێكیش لە دەرەوە ژیابێت دەبێ هاتبێتەوە کوردستان و فۆرمی خۆراکی دەرکردبێت ئەگەرنا لە دەسەلاتی ئێمە نییە، بۆ زانیاریشت وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیش ە و تەنها بزمانی کوردی نییە. لەگەڵ ڕیزدا ”.
من هیچ ناڵێم، بەڵام ئەو وەڵامانە بە کەسێکی کوردستانیی، کە بە خۆیەوە سێ پشتی دانیشتووی، ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و سوێد یا هەر وڵاتێکی دیکەی هەندەران بێت و بیەوێت دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات، چ دەڵێت! ئەمە بێجگە لە رەشکردن و دزێوکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و دەستبەڕوودانانی کوردستانییانی هەندەران و پاڵپێوەنانیان بۆ بەشدارنەبوون و دەنگنەدان هیچی دیکە دەگەیەنێت؟
من لێرەدا ئەو خاڵە لاوازانەی پەیوەندیدارن بەو بانگەوازە و بەو رێنوێنییانەی کۆمسیۆنەوە، کە بەشێکیم بۆ ئەوانیش نارد، دەخەمە پێش چاوی ئێوەی هێژا:
1 . ئەو دەنگەی رێنوێنییەکان دەخوێنێتەوە هەر زۆر خێرا دەیڵێتەوە و زووزوویش دەبڕێ، واتە: زۆر روون نییە.
2 . تۆ بچیتە سەر هەر کام لەو زمانانە: کوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی، تۆمارە دەنگییەکە هەر هەمان دەنگە و تەنیا بە زمانی کوردی دەیخوێنێتەوە، ئەویش کوردیی خواروو. لەنێو کوردانی هەندەراندا، هەموو جۆرە کوردێک هەن و بە شێوەزاری جیاوازیش قسە دەکەن: کرمانج، هەورامی، کەلهوڕ، فەیلی، سۆران، زازا و.. هیتد کە هی وایان تێدایە لە شێوەزارەکەی خۆی زیاتر، شێوەزارێکی دیکەی کوردی نازانێت. دەبوو ئەو تۆمارە دەنگییە بە کۆمەڵێک شێوەزاری کوردی دانرابا.
3 . باشووری کوردستان تەنیا کوردی لێ ناژی، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئەرمەن و عەرەبیشی لێ دەژین. لەنێو کوردستانییانی هەندەراندا تەواوی ئەو نەتەوانە هەن، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە بەو زمانانەش هەبووایە.
4 . بەشێکی زۆری لاوان و گەنجانی کوردستانییانی دەرێی کوردستان، دەتوانم بڵێم پتر لە 90%یان زمانی کوردی بە باشی نازانن و رەنگە وشە وشەیەک قسەی پێبکەن و زۆریان هەرگیز کوردستانیان نەبینیوە و تێیدا نەژیاون، دەبوو تۆمارە دەنگییەکە، بێجگە لە زمانی کوردی (بە هەموو شێوەزارەکانی)، بە زمانەکانی عەرەبی، تورکمانی، کلدانی، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، فارسی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، رووسی و زۆرێک لە زمانە ئەوروپاییەکانی دیکە هەبووایە، چونکە ئەوان زمانی ئەو وڵاتانەی لە هەندەران تێیدا دەژین، زۆر بە باشی دەزانن و بۆ ئەوان زمانی یەکەمیانە.
5 . زۆرێک لەو کوردستانییانەی دەرێی کوردستان، هیچ جۆرە بەڵگەنامە و ناسنانە و رەگەزنامە و پاسپۆرت و ئەو شتە عیراقییانەیان نییە و لە تەمەنێکیشدان کە مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی هەر هەموویشیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان، زۆر لەوانە نەک هەر خۆیان کە لە هەندەران لەدایک بوون، رەنگە باوک و دایکیشیان لە هەندەران لەدایک بووبن، یا هەیە دایکی یا باوکی بیانییە و یەکێکیان عێراقییە، ئەویش بە رەگەز، کە ئەویش هیچ بەڵگەنامەیەکی نییە. زۆر لە کوردانی فەیلی لە هەندەرانن، ئەوان زۆریان نە کوردی دەزانن و نە کوردی تێدەگەن و نە کوردی دەخوێننەوە، بەڵام لە من و تۆیش کوردترن و سەت لە سەت لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانیشدان، زۆرینەی ئەوانەش هیچ جۆرە رەگەزنامەی عێراقی و ئەوانەیان نییە، چونکە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەمیشە ماڵوێران و دەربەدەر بوون، چۆن دەنگی ئەوانە وەردەگیرێت؟
6 . پڕکردنەوەی فۆرم بە عەرەبی، سەختییەکی گەورەیە بۆ کوردستانییانی دەرێی کوردستان، چونکە هەموو ئەو خەڵکە کیبۆردی عەرەبییان نییە و پێویستیشیان بە کیبۆردی عەرەبی نییە، تەنانەت ئەگەر هەشیان بێت رەنگە عەرەبی هەر نەزانن و نەتوانن فۆرمی عەرەبی پڕبکەنەوە.
7 . ناوی سیانی لەو وڵاتانەی هەندەران کە کوردستانییانی تێدا دەژین، هەرگیز نە هەیە و نە باوی هەیە، چونکە سیستەمی ناو لە هەندەران جۆرێکی دیکەیە. ئەو بۆی هەبی دەنگ بدات، بۆ بە بەڵگەنامە بیانییەکانی خۆیەوە دەنگ نەدات؟ بۆ وەک چۆن دەنگ بۆ هەڵبژاردنێک لە سوێد، دانیمارک، بەریتانیا یا ئەمریکا دەدات، بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش وەک خۆی و بەوجۆرە دەنگ نەدات؟ ئەو ناوی سیانی و سیستەمە کۆنە عێراقییە بۆ کوردستانییانی هەندەران کێشەیەکی گەورەیە.
8 . لە تۆمارە دەنگییەکەدا داوادەکرێت ژمارەی فۆرمی خۆراک لە فۆرمی خۆتۆمارکردنەکەدا بنووسرێت. کوردستانییەکی لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا، ئەفریقا، ئەمەریکای لاتین، چین، هیندوستان، یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئەو دنیایە دەژی، کوا فۆرمی خۆراکی هەیە؟ نەک خۆی کە رەنگە لاوێکی 19 ساڵان بێت نییەتی، باوک و دایک و داپیر و باپیریشی، کە رەنگە دانیشتووی هەندەران بن، هەر نییانە.
9 . لەو ماڵپەڕەی کۆمسیۆندا بێجگە لە تۆمارە دەنگییەکە، هیچ نووسینێک لەمەڕ ئەو گستپرسییەوە نەنووسراوە، کە دەبوو بێجگە لە تۆمارە دەنگییەکە، بە نووسین، بە زمانە گرنگ و سەرەکییە جیاوازەکانی دنیا، رێنوێنییەکان پەخشکرابایەوە و مرۆڤ بیتوانیبا وەک فۆرم لەسەر کاغەز کۆپی کردبا.
10. میدیای کوردی و دەزگاکانی پەیوەندیدار بە گشتپرسییەوە، دەبوو لە باسکردنی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستاندا پتر جەخت و ئاراستەی قسە و میدیا و رێنوێنییەکانیان بۆ کوردستانییان بووایە، نەک تەنیا کورد، بۆ هەموو باشووری کوردستان بووایە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان. تۆ کە باس لە کەرکووک و مەندەلی و شنگال و خورماتوو و زرباتییە و بەدرە دەکەیت، دەبێ دەستەواژەی هەرێم کەمتر و دەستەواژەی باشووری کوردستان پتر بەکاربهێنیت.
11. نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنانی دیکە، حیزب و هێزە کوردستانییەکان، ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆیی و گشتپرسیدان، کە لە دەرێی کوردستان نوێنەراتی و خەڵکیان هەن، رێکخراوە ناحکومەتی و مەدەنی و چالاکوانەکانی کوردستان و بیانییانی دۆستی کوردستان، دەبوو چالاکانە و بەگوێرەی شێوەی ژیان و سیستەمی سیاسی و جڤاکی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی تێیدا دەژین، پرۆسێسی بەشداربوون و گشتپرسییان لە هەندەران ئاسان کردبا. لاوانی کوردستانییانی زمانزان و بە فەرهەنگی ئەوروپایی و ئەمەریکایی و هەندەرانی گەورەبوو و بارهاتوو و پێگەیشتوو، بخستبایەتە گەڕ و ئەوان تەواوی رێکخستن و کارئاسانییەکانیان جێبەجێ کردبا. بێجگە لەوەش دەکرێ بە ئاسانی سوود لە بیانییانی دۆستی کوردستان وەربگیرێت، کە پسپۆری و شارەزاییەکی باشیان لە بواری ئەم جۆرە کارانەدا هەیە. کۆمسیۆنیش دەتوانێت سوود لە تەواوی ئەو وزانە وەربگرێت.
12. باشووری کوردستان کە دەیەوێت لە عێراق داببڕێت و دووربکەوێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دروست بکات، ئەو هەموو عێراقییەت و شتە عیراقییانە چییە لە خەڵک داوادەکرێن! تۆ دەتەوێت وشەی عێراق و عێراقییەت لە خۆت و وڵاتەکەت بکەیتەوە، کەچی گەنجێکی باشووری کوردستان خۆی و دایک باوکی و داپیر و باپیری، لەدایکبووی سوێد، فەرەنسا، توونس، ئەڵمانیا، ئەمریکا و… هیتد بە تۆبزی دەکەنەوە عێراقی و داوای دەیان شتی عێراقییانەی لێدەکەن، ئەمە کەی رەوایە!
13. ئەم گشتپرسییە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و گەلێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەوانە گرنگترە. بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، لە هەندەران ئامادەییەکی پێشوەختەی باش و هەموو کارئاسانییەک بۆ دەنگدەران دەکرا و شایلۆغانی بۆ دەکرا، کەچی ئێستا کە کەمتر لە بیست رۆژی ماوە، نەک هەر هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، تەنانەت نووزەیەکیش نییە و هیچ باسێک و هیچ چالاکییەک و هیچ دەنگەدەنگێک نییە و سەرباری ئەوانەش ئەو هەموو سەختگیرییەی بۆ دەکرێت. هاونیشتمانییەکی یەکجار زۆر لە وڵاتانی جیاوازی هەندەران دەژین، ئەگەر کارەکان بەمجۆرە بەڕێوەبچن و هێندە سەخت بن، هەرگیز لە 1% ی زیاتری ئەو خەڵکەی لە هەندەران ناتوانن دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و 99%ی دەنگی کوردستانییانی هەندەراننشین دەسووتێ و دەفەوتێ و بەفێڕۆ دەڕوات.
رەنگە لەم کاتەدا من ئەم کەلێنانەم بەرچاوکەوتبن، لێ لەوانەیە تۆ زیاترت بینیبن! دەنگی خۆت بڵندبکە و شتەکانی خۆت بڵێ!
سەرچاوە: روداو