"an independent online kurdish website

کورد بۆ دەبێت پرسبکات کە ڕیفراندۆم ئەنجامدەدات،خۆ ئەگەر وڵاتەکەی دابەشکرا و پاشان داگیرکرا، ڕاوێژ بەکورد نەکراوە. ڕیفراندۆم کە وابڕیارە لە ٢٥ ی ئەم مانگەدا لە باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت،

muhamad-suleimani

گەڕاندنەوەی ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی گەلی کوردە کە لە ڕابردوودا غەدری گەورەی مێژووی لێکراوە و لە ئێستاشدا کورد هەوڵدەدات بە ڕێگای ئاشتی و دێمۆکراسیدا ئەو مافە بۆ خۆی بگێڕێتەوە و سەربەخۆی ڕابگەیەنێت. باشە ئەو کاتەی وڵاتی کوردان دابەشکرا و چارەنووسی گەلێكی چەندین میلیۆنی بەو جۆرەی بەسەرهات هیچ کەس  و ناوەندێکی بەدەسەڵاتی گێتی ڕاوێژی بە کورد نەکرد، خێرە ئەمڕۆ کورد دەبێت پرس بە دوژمنی خاك و خوێنی  و وڵاتەکەی بکات! بەڕاستی ئەوە کەی ڕەوایی هەقە.  نیگەرانیەکانی ئێران و تورکیە و ئێراق و سووریە سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، وڵاتە زلهێز و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هێنایەسەرخەت  و بە خێرایی نوێنەری ئەمریکا و هاوقۆڵەکانی نیگەرانیەکانیان سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی  لە گەڵاڵەیەکیدا بە سەرۆك بارزانی گەیاند کە تێیدا داوای وەپاشخستنی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی باشووری کوردستانی لە خۆی گرتبوو .

 بەڵام سەرکردایەتی سیاسی و لەسەرەوایی هەمووشیاندا مرۆڤی سیاسی و نەتەوەی ڕێزدار ” بارزانی” بەڕاشکاوی بە نوێنەری وڵاتان و کۆمەڵگای جیهانی گوتووە کە ئەگەر بەدیلێك لەوەی ڕیفراندۆم باشتر هەبێت بۆ کورد ئەوە ڕیفراندۆم دوادەخەن، ئەگەر نا ئەوە لە کاتی خۆیدا ئەنجامیدەدەین و هیوایەکمان بە حکوومەتی عێراق نەماوە و هاوبەشی سیاسی و نیشتیمانی دەمێکە لێك بڵاوبووە و ئەوەی لە ئێستادا ئێراق بەڕێوەدەبات هێزێکی فاشل و هەزهەبی و تایفییەوە کە هەوڵدەدەن هەموو دەسەڵاتەکان خۆیان بەڕێوەی بەرن. زۆر جێگای داخە زلهێزەکان و کۆمەڵگای نێو نەتەوەی بییانهەوێت لە گەڵ یەکێك لە چالاکترین هاوپەیمانەکانیان کە خەڵکی کوردستانە بێوەفابن و هەوڵی غەدرێکی تازەیان بەرانبەر بە کورد هەبێت. کورد بە مافی خۆی دەزانێت لەو پەیوەندیەدا زۆر وشیار و دەقیق بیربکاتەوە و بڕیار بدات، چوونکی وەختێك زلهێزەکان و وڵاتانی داگیرکاری کوردستان ئەو غەدرەیان لە کورد کرد کەس نەبوو بڵێت کاتەکەی گونجاو نیە یان ئەوەتا ناوچەکە بەرەو نائارامی زۆرتر دەچێت. گەلی کورد وەك نەتەوەیەکی گەورە و بێ وڵات کە نیشتیمانەکەی بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و بە زۆریش ئەو کارەیان بەدژیکردوە. ئاخۆ دەبێت کەی کۆمەڵگای جیهانی ئەو مافە بۆ کورد بەڕەوا بزانێت و  ڕێگری نەکا و لە بەرژەوەندی چەند وڵاتێکی دیاریکراوی  ناوچەکەدا قەرار دەرنەکات و زیان بەدەسکەوتەکانی کورد نەگەیەنێت. ئێران و تورکیە پاش شەری چالدران کە لە ساڵی ١٥١٤ دا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا روویدا بەشکەستی فارسەکان کۆتای هات. دەبوو پاش ئەو شەرە سنوورەکانیان لە گەڵ یەکدیدا لێك جیابکەنەوە بۆ ئەوەی تووشی کێشەی تر نەبنەوە و بۆ ئەو بەمەبەستە  خاکی کوردستانیان بەکردەوە  بەسەر خۆیاندا دابەشکرد و بەدوای لێك هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانیشدا بەداخەوە دیسان نیشتیمانی کوردان دابەشبوونی زیاتری بەخۆیەوە بینیوو و بەوجۆرە بەسەر ئەو چوار وڵاتەدا لێکیندرا کە ئەمڕۆ دژایەتی پرسی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەکەن.

  ئەو کات کە کوردستان داگیرکرا و گەلەکەی کەوتەژێرستەمی سیاسی و نەتەوایەتیەوە، لە هیچ بوارێکدا هەتا ئەو پرس و بابەتانەیش کە پەیوەندیان بە کوردەوە هەبوو پرس و ڕاوێژ بەو گەلە گەورەیە نەکرا و بەڵکوو زلهێزەکان و کۆمەڵگای نێو نەتەوەی پشتیان لە مافی سیاسی گەلێكی گەورە و چەندین میلیۆنی وەك کورد کرد و تورکیە و ئێرانیش  بە هێز لە ناکۆکیە نێوخۆیەکانی کورد کەڵکیانوەرگرتوو و زیانی زۆر گەورەشیان بە جووڵانەوەکانی کورد گەیاندوە.. بەڵام لە ئێستادا ڕیزدار بارزانی سەرکردەی دیار و نەتەوەیی زۆر بە هێمنی و وشیاری سیاسی و دیپڵۆماسی هەوڵدەدات بە پشتیوانی و کۆدەنگی نیشتیمانی ریفراندۆم وەك مافێکی نەتەوەی و بەمەبەستی یەكلایکردنەوەی کێشە و ناکۆکیەکانی لە گەڵ حکوومەتی ناوەنددا یەكلایبکاتەوە. دڵەڕاوکەی ئێران و تورکیە زۆرتر لە بەر کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە، کە بەوجۆرە دژایەتی دەکەن و لەو بارەشەوە بۆیەکدی لەبۆسەدان و هەرلایەك هەوڵدەدات ئەوتریان لە شەرێکی تازە بگلێنێت.

بەڵام هەردوو وڵات زۆر بە وریا و بێ ئەوەی بیان هەوێت هێز بەکار بێنن دەیان هەوێت پرۆسەکە بوەستێ.  یەكریزی و هاوپشتی و کۆدەنگی سیاسی و نیشتیمانی کورد  زامنی دەستەبەردکردنی سەرجەمی ئەو ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوایەتیانەنن کە دەمێکە خەباتی لە پێناودا دەکرێت. تەنیا سەربەخۆی دەتوانێت لە ئاستی قوربانی و کارەساتە مێژوویەکانی کورد بێت. دیسان دەڵێم بەڵی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی.

محمد سلێمانی

21.09.2017

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی