نیشتمانێکم ئەنجن ئەنجن کراو بە قەمەکانی دەستی ئێوە ھەتا ئەوڕوش خوێن لە لەشی پیر و جوانی من ئەتکێ چۆن باوەڕتان پێ دەکەم.

بومەتە مەیدانی ڕمبازێنی ئەم و ئەوتان کە چۆن بێن قوڕگی کۆرپەکانم بە خەردەلان بگرن و بخنکێنن چۆن باوەڕتان پێ دەکەم.
ئێوە دەڵێم ئێوە کە سەدان ساڵە بە یەخسیر و دیل و کۆیلەتان گرتووم ڕۆڵەکانم ئێوە بێ سەروشوێنتان کردن.
ئێوە بوون ئێوە ھەر دۆینێ بوو پێنج ھەزار، مرۆڤ پێنج ھەزار باڵندە، پێنج ھەزار نەمام ، پێنج ھەزار گوڵ و ئەوین و ژیان بە چرکەیەک لێ کوشتم و ژاراویتان کردم.
ئێوە بوون ئێوە ھەر سامانی منی کوردستانتان بە تاڵان بردو و بە تانگ و تۆپ و تەیاران ھاتنە سەرم و ئەوە یاری مناڵان بوو بە دیاری باب و دایکی مناڵانی منی کوردستانتان پێ کوشت و ماڵ و لانەتان لە کۆرپەکانم پێ سەراوژور و وێران ئەکرد .
چیتر بۆ ئەم دنیایە باس بکەم
زمانی نەتەوە ی منتان بڕی. ناسنامەتان شێواندم ، مێژووی منتان قەڵەمی ڕەش بەسەر دا ھێنا و ھەر چی درۆ بوو وێتان ھەڵاوەسی. کلتور و نەریتی نەتەوەی منتان کەلەپچە کرد.
ئاخر چیتان بەسەر ئەم خاک و نەتەوەی کوردستانا نەھێنا، چۆن بڕواتان پێ ئەکەم.
ھەر بۆیە ھەم بە ئیوە و دنیاش دەڵێم کەرامەت و نرخی مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێگەی دێمۆکراسی و ڕیفراندۆم بە حەققێکی ڕەوای دەزانم و بە ئیرادەی نەتەوەکەم لە ھیچ سەختییەک ناکشێمەوە و لەم ڕۆژە دا دەنگی بڵێی بۆ ئەدەم.
حەمە حەریری
23.09.2717