گشتپرسی باشووری كوردستان ، دەكرێ ببێتە خاڵێكی نوێ بۆ گفتوگۆكردنی ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان پێوەبەستراوە و، رۆژ لەدوای رۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ یاری بەكات دەكەن بۆ دواخستنی چارەسەری كێشەی كورد

و ، هێشتنەوەی بندەستی كورد و دڵەڕاوكێی خۆیان . ئێستا ئەوكاتەی كە هەموو بەڕاستگۆیی و كراوەیی قسە لەگەڵ خۆیان و كورد بكەن . ئەو قسەكردنە لەو رۆژگارەدا لەگەڵ كورد بەهەڕەشەكردن وادەكات كە پەرچەكرداری كورد ببێتە راپەڕینێكی سەرتاسەری ، بەڵام بەشێوەی عاقلانە و ئاشتیانە دەكرێ ببێتە مایەی چارەسەرێكی زۆر هێمنانە كە پێشكەوتنی زیاتری ئەو ناوچەیەی بەدوادابێت . عێراق و توركیا و ئێران ، لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە پیلان و پلان دژی كورد دابنێن ، دەبێ بیر لەگفتوگۆكردن لەگەڵ كورد بكەنەوە و پلانی خۆیان بەبێ پێچوپەنا بۆ چارەسەكردنی كێشەی كورد لە وڵاتەكانیاندا بخەنەڕوو.
گشتپرسی باشووری كوردستان ، بندەستی كوردی بەبیر هەموو جیهان هێنایەوەو، مەترسی گەورەی بندەستیی كوردی بۆ دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان دروستكردووە . ئێستا كە هەردوو بەشی باشوور و رۆژئاوای كوردستان لەژێر دەسەڵاتدارێتی داگیركاری رزگاریان بووە ، گشتپرسی باشووری كوردستان قۆناخێكی تازەی لە بزووتنەوەی رزگاری نەتەوەیی كورددا هێناوەتە پێشەوە ، هەروەها سەركردایەتییەكی مێژووییشی بۆ ئەو قۆناخە مێژووییە دروستكردووە . پێشتر زەحمەتبوو بانگەوازێكی راپەڕین بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان لە یەك شوێنەوە دەربكرێت ، بەڵام ئێستا زۆر ئاسانبووە . لەبەرئەوەش تائێستا بەدرێژایی تەمەنی خۆم هەستمنەكردووە كورد ئەوەندەی ئەمڕۆ بەهێزبووبێت .
گشتپرسی باشووری كوردستان لەوانەیە بەلای هەندێ كەسەوە ، پرۆسەیەكی نێوخۆیی خەڵكی باشووری كوردستان بووبێت لەسەر چارەنووسی خۆی لەگەڵ عێراقدا ، بەڵام لە راستیدا ، ئەو پرۆسەیە زیاتر لە باشووری كوردستان ، گیانی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕی و رازینەبوون بە بندەستی لە پارچەكانی دیكەی كوردستاندا دروستكردووە . ئێستا كوردستان لەهەموو كات گەرمتر و ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دووژمنەكانی . ئێستا لەهەموو كات زیاتر پارچەكانی كوردستان بوونەتە قوڵایی ستراتیژی راستەقینەی یەكتر . بەبێ دوودڵی دەتوانم بڵێم ئێستا دەكرێت لە هەموو پارچەكانی كوردستان ”بەهاری كوردی” دەستپێبكات .
ناوەندی ئەو بووژانەوە نەتەوەیی و سیاسییەی كورد، باشووری كوردستانە ، بۆیەش ئێستا پێكەوەكاركردنی پارتە سەرەكییەكانی باشووری كوردستان بەشێوەیەكی رۆژانە پێویستییەكی ژیانی و ستراتیژییە بۆ كورد . زۆر گرنگە ئێستا بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، بەیەك پلە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، بزووتنەوەی گۆڕان ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان نزیكبێت . زۆریش پێویستە ئێستا دانیشتنی زیاتر لەگەڵ توركمان ( بەبەرەی توركمانیشەوە) ، مەسیحییەكان ، عەرەبە نیشتەجێیەكانی كوردستان بكرێن . هەروەها كوردانی ئێزدی دوورنەبن لەهیچ بڕیار و پلانێكی داهاتوو .
گرەوكردن لەسەر سەرنەگرتنی گشتپرسی باشووری كوردستان چەندە لەسەر گوشارە دەرەكییەكان بوو ، ئەوەندەش گرەوی عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەر ، بەتایبەتی ئێران لەسەر سلێمانی بوو . بەشداری سلێمانی مایەپووچی ئەو گرەوكردنەی نیشاندا . بەڵام ئێستا دەبێ زیاتر كار لەسەر بەناوەند گرتنی سلێمانی بكرێت لە هەنگاوە داهاتووەكانی باشووری كوردستاندا . ئێستا لەهەر كوردێكیش بپرسی ، دەڵێ سەركەوتنی كورد لە پاراستنی كەركووك و شنگال و ناوچەكانی دیكەی سنوورییە لە دەست هێرشی میلیشیاكانی شیعە ، لەبەرئەوە بەشداریپێكردنی بەرپرس و كەسایەتییەكانی ئەو ناوچانە لە گفتوگۆ ناوخۆییەكانی داهاتوودا زۆر گرنگە ، بەبێ رەچاوكردنی هەڵوێستەكانیان پێش رۆژی 25/9/2017 .
هەڕەشە ئاشكراكان و پیلان و پلانە نهێنییەكانی عێراق و توركیا و ئێران لە دژی كورد ، تەنیا لەبەرئەوە نییە كە باشووری كوردستان گشتپرسی ئەنجامداوە ، لەبەرئەوەیە چونكە گشتپرسی باشووری كوردستان بووەتە لەدایكبوونەوەیەكی نوێی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی كوردستان و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و راپەڕین لەلای نەتەوەی كورد لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باكووری كوردستانیش . ئەوە چەند ساڵێكە باشووری كوردستان بە كەركووكەوە ئازادە و رۆژئاوای كوردستان بەهەر جۆرێك بێت لەژێر دەسەڵاتی داگیركەری سووریادا نەماوەو كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی كوردەوە ، ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان لەوكاتەدا بۆ هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باكووری كوردستان وەك هەڵكردنەوەی داینامۆی راپەڕینی نەتەوەی كوردە لەو دوو بەشەی كوردستاندا ، كە لەو رۆژانەدا دەتوانێ زۆر بەهێزەوە دەستپێبكات ، بەتایبەتی ئەگەر هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا بەوشێوەیە هێستێریاییەوە بەردەوامبن لە دژایەتیكردنی نەتەوەی كورد لە باشووری كوردستان .
نەتەوەی كورد بە ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری كوردستاندا ، پێناسەیەكی دیكەی نەتەوەی كوردی لەسەردەمی جیهانگیری و پێشكەوتنی میدیایی و سۆشیالمیدیادا دایەوە بە هەموو جیهان ، ئەوە ناساندنەوەیەكی تازەی نەتەوەی كوردە بۆ جیهان . ئەوەش بۆ كورد زۆر گرنگە ، چونكە كورد و نەتەوە بندەستەكانی دیكەش زۆر لەمێژە ئەوە دەزانن كە دەوڵەتان و نەتەوەیەكگرتووەكان ( راستتر بڵێین دەوڵەتە یەكگرتووەكان) ، ئەوانن درێژە بەو نادادپەروەرییە دەدەن كە لە جیهاندا هەیە ، بەڵام لەهەمانكاتدا ئێستا نەتەوەكانی جیهانیش سیاسەت و بڕیارەكان لەجیهاندا دروستدەكەن ، نەك تەنیا دەوڵەتەكان .
تائێستا لەمێژووی نوێدا نەبووە دەوڵەتێك توانیبێتی نەتەوەیەك لەنێوببات ، لە مێژووشدا نەبووە بزووتنەوەی نەتەوەیی و گەلێری نەتەوەیەك لەسەر خاكەكەی سەرنەكەوێت . كورد ئەمڕۆ لەسەر پێیە ، چونكە رۆحی نەتەوەیی تێدا ژیاوەتەوە و دەزانێت بندەستە و دەبێ ئازادببێت . لەهیچ دەقێكی ئایینی و یاساییدا نەهاتووە كە نەتەوەی عەرەب و تورك و فارس دەبێ سەت لەسەت ئازادبن ، بەڵام دەبێ كورد بیست لە سەت ئازادبن ، ئێستا دوای 25ی ئەیلوول هەموو كورد ئەو راستییە چووەتە مێشكییەوە لێینایێتەخوارەوە .
سەرچاوە: روداو