Hoppa till innehåll
Hem » ڕێفیراندوم چی بۆ دەرخستین؟ دکتۆر جەبار قادر

ڕێفیراندوم چی بۆ دەرخستین؟ دکتۆر جەبار قادر

ڕیفیراندومی کوردستان وەك ڕووداوێکی گرنگ قسە و باسی زۆری لە سەر کرا. لێکدانەوەکان لە بارەی لێکەوتە و کاردانەکانێوە بۆ دەمێكی تریش بەردەوام دەبن.

سەرباری ئاڵۆزی بارودۆخەەکە، هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی دڵڕەش و شۆڤینی گەلانی سەردەست و نیگەرانی گەلی کورد، ئەو ڕاستییە لە مێژوودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە کە گەلی باشوری کوردستان هەنگاوێکی گرنگی هەڵهێنا و زیاتر لە ٩٢٪ دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا. ئەمە لایەنێکی هەرە گرنگی ئەم پڕۆسە مێژووییەیە و دونیا ناچار دەبێت لە داهاتوویەکی نزیک یا دووردا مامەڵەی پێویستی لە گەڵدا بکات. ڕەنگبێ ئەمڕۆ بە هۆی بارودۆخی ئاڵۆز و پڕ لە قەیران و نیگەرانی خەڵکەوە ئەم لایەنە سەرنجی زۆر کەس ڕانەکێشێ، بەڵام گومانم نیە لەوەی کە لە داهاتوودا هەموومان، بەوانەشەوە کە لە بەر توڕەیی لە دەسەڵاتداران نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان، سوپاس گوزاری ئەم گەلە فیداکارە دەبن، کە سەرباری هەموو ناخۆشییەکانی ژیانی و هەڕەشە و گوڕەشەکانی دوژمنانی کۆڵینەدا و بە بەڵێیەکی زۆر بەهێز دەنگی بۆ سەربەخۆیی ولاتەکەی دا.

ئەنجامێکی دیکەی ڕیفیراندەم لەوەدا دەبینم کە پەردەی لە لەسەر کۆمەڵێ سیناریۆ و پیلانی ترسناک لادا کە لە چەند ساڵی داهاتودا چاوەڕوانیان دەکردین، لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم:

ئەم هەموو بڕیارەی کاربەدەستانی عیراق بەو پەلە پەلە و لەو ماوە کورتە دەریانکرد، ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی شیعە دەمێکە پلانی داگیرکردنەوەی کوردستانیان لە مێشکدایە. ئەو یارییەشی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە گەڵ کوردا کردوویانە لە جۆرێك لە تەقیە بەولاوە هیچ نەبووە. لە دوای ئەوەی بە پشتیوانی ئێران توانیان پشتی سوننە لە عیراق بشکێنن و ناوچەکانیان وێرانبکەن، پێویستیان بە کات بوو بۆ ئەوەی خۆیان بۆ شەڕێکی دژوار تر لە دژی کورد ئامادە بکەن. چاوەڕوانی ئەوە بوون شەڕی داعش ببڕێتەوە و هاوپەیمانان ئەو ناوە چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان، ئەوجا بکەونە گیان کورد. ئەو دەمە کورد دەنگی بەکەس نەدەگەیشت و بە هاوکاری ئێران و تورکیا کوردستانیان دەکرد بە گۆڕەپانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر و کورد قڕان دەستیپێدەکردووە و سەروەتی و سامانی کوردستان تاڵان دەکرا. لێرەوە پێموایە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفیراندەم لەم کاتەدا، لە گەڵ هەموو تێبییەکاندا لە بارەی کات و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنێوە، بووە هۆی پەردە لادان لە سەر پلان و پیلانەکانی دەسەڵاتی مەزەبی عیراق. بۆ خۆم ئێستاش پێموایە و لە کاتی خۆیشدا لە زۆر چاوپێکەوتندا ئاماژەم پێکردووە، ئەگەر شەش مانگی تر بکرابایە ڕەنگبێ زۆر لە هەڵوێست و کاردانەوەکان بە شیوەیەکی تر بوونایە. ئەو دەمە کارتی شەڕی تیڕۆڕ بە دەستی زۆر لە وڵاتانەوە نەدەما و حەشدی شەعبیش غەڕا دەبوو و گێچەڵی بە کورد دەکرد، ئاو لەو چرکە ساتەدا ڕەنگبێ دونیا لە مەترسی و نیگەرانییەکانی کورد باشتر تێگەیشتبا و کاردانەوەکانی جیاواز بوونایە.

دەبێت ئێستا بۆ هەموو لایەك دەرکەوتبێت کە هاوپەیمانێتی کورد لە گەڵ هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا دوای لە ناوچوونی ڕژێمی بەعس هەڵەیەکی کوشندە و کارێکی تا بڵێی نابەجێ بوو. ئەمەش لە ڕاستیدا کورتبینی و کۆڵەواریی سیاسی ڕابەرانی کورد دەردەخات. لە هەڵپەیاندا بۆ وەدەستهێنانی پلە و پایە و دەسکەوتی مادی هەستیان بە ترسناکیی ئەم هێزە تاریکانە نەدەکرد و هەمیشە خەریکی هۆنینەوە و گێڕانەوەی چیرۆکی هەڵبەستراو بوون لە بارەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی ڕابەرانی مەزەبی شیعەوە لە بەرامبەر کورد. ئا لەو کاتەدا کاربەدەستانی شێعە زۆر بە وردی و بیندرێژی خەریکی جێبەجێ کردنی پلان و ستراتیژی خۆیان بوون. لە ڕێگەی هەندێ کاربەدەست و پاڕلەمەنتاری دەم شڕ و وێژدان فرۆشی کوردەوە دونیایەك زانیاری وردیان لە سەر یەك بە یەکی سەرکردە سیاسی و پارتە کوردییەکان و کێشە هەستیارییە نێوخۆییەکانی کورد کۆکردەوە و هەموو خاڵە لاوازەکانیان دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەکاریان بێنن. ژمارەیەکی کاربەدەستی کوردیش کە لە دەریای گەندەڵیدا نغرۆ بووبوون ئاگایان لە دونیا نەمابوو و سەدان بەڵگەیان خستە بەردەستی نەیارانی گەلی کورد لە بەغدا و ئەمڕۆ هەموو لایەک باجەکەی دەدەنەوە. مالیکی زۆر جار دەیوت لە سەر هەموو یەکێک لە سیاسییەکان دۆسێیەکم هەیە و لە کاتی پێویستدا دەیانخەمە ڕوو و پەردەیان لە سەر لادەدەم.

پێموایە کاتی ئەوە هاتووە هەموو لەو ڕاستییە تێبگەین کە پەردە لادان لە سەر پلان و پیلانەکانی کاربەدەستانی شیعە لە ئەمڕۆدا زۆر باشترە تا دوو ساڵ پاش ئێستا. هێشتا ئەوەندە بە هێز و باڵادەست نین بتوانن زیانی زۆر گەورە بە کورد بگەیەنن. ئەمەش خاڵێکی تری ئەرینی ئەنجامدانی ڕیفیراندەمە.

 

سەرچاوە: هەڵوێست