لە جیھاندا ٥٠٠٠ بۆ ٧٠٠٠ زمان بوونی ھەیە، کە لە ناویاندا تەنھا ٢٠ زمان رێژەی لە ١%ی ھاووڵاتیانی جیھان قسەی پێدەکەن کە ٦٧ ملیۆنە، ھاوکات تەنھا ١٩٣ وڵات بوونی ھەیە بۆ لە خۆگرتنی ئەو ھەموو زمانە،

بەشێک لە زمانەکان چەندین وڵاتیان ھەیە وەک عەرەب ٢٢ وڵاتی ھەیە،ھەر یەکە لە ئینگلیز ، ئیسپانی، پورتوگالی، فەرەنسی و تورکی و فارسی و چینی و …. چەندین وڵاتیان ھەیە، ھاوکات بەشێک لەو وڵاتانە لەسەر بنچینەی ئاینی دابەش کراوە نەک نەتەوایەتی وەک سرب و بۆسنە، جیاوازی ئاینی و مەزھەبیش رۆڵی ھەیە لە زیادکردنی دابەشکارییەکان.
گەلان بە دوای وڵاتی یەک نەتەوەو یەک ئاین تەنانەت یەک مەزھەبەوەن، ھاوکات جیاوازی داھات و داب و نەرێت و جاری وا ھەیە مەزھەب و لقی مەزھەب و شێوە زاراوەی ھەمان زمانیش کێشە بۆ دەوڵەتی ھاونەتەوە و ھاوئاینەکان دروست دەکات، ئەوەتە ئیتاڵییەکانی باکورو کالیفۆرنیا داوای جیابونەوە دەکەن بەھۆی دەوڵەمەندییەکەیانەوە، بۆیە مرۆڤایەتی زۆری ماوە تێر بێت لەو بوارەو ساڵ لە دوای ساڵ لیستی ئەو گەلانەی داوای ئازادی و پێک ھێنانی دەولەتی سەربەخۆی خۆیان دەکەن زیاد دەکات، زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیھان ، لە چەند نەتەوەو ئاین پێک ھاتووە، تەنھا کەمتر لە ١٠%ی وڵاتان ھاوچەشنن لە جیھاندا و کێشەیان نییە لەو بوارەداو دەتوانین بڵێین سەقامگیرن، دەوڵەتی نەتەوایەتی ئەلتەرناتیفی دەوڵەتی شێوازی ئیپراتۆری رابردووە، کە فرە نەتەوەو ئاینە، وەلێ ئایا جیھان شوێنی ئەم ھەموو دەوڵەتەی تێدا دەبێتەوە؟ ئەم ھەوڵانە بۆ بوون بە خاوەند دەوڵەت تا کوێ دەڕوات؟ کەی مرۆڤایەتی دەگاتە قۆناغی تێر بوون بە دەوڵەت و دیموکراسیەتی راستەقینە؟ وێڕای جیھانگیری و گەورە بوونەوەی بازاڕەکان وەلێ تا دێت ھەوڵی بچوکردنەوەی وڵاتە نیشتمانیەکان دەدرێت، لە لایەن ئەو گەل و نەتەوەو ناوچانەی خەونیان ھەیە،خەونی رزگاربوونی نەتەوەیی و رزگاربوون لە ستەمی ئاینی و مەزھەبی و پاراستنی کلتورو رزگار بوون لە ئاپارتاید و تەنانەت خەونی ئابوریش وەک ئاماژەمان پێدا لە کالیفۆرنیاو باکوری ئیتاڵیا.
لە ئەوروپا لە ئێستادا ١٠٧ بزوتنەوەی جودا خوازی ھەیەو داوای سەربەخۆیی دەکەن، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە، کە لە دورەوە وا دەزانین بەھەشتی گەلانە و سفر کێشەیە، چەند وڵاتێکی وەک لۆکسمبۆرگ و نەرویج و سویدی لێ دەرچێت لە زۆرینەی وڵاتانی دی ھەن بە سویسراو دانمارک و ھۆڵەنداشەوە،ھەرچەندە لە ئەوروپا لە زووەکەوە کێشەی فرە زمان و ئاین و کلتور چارەسەر کراوە، وەلێ نەیتوانیوە کێشەی ھەوڵ بۆ پێک ھێنانی دەوڵەتی تایبەتی کۆتایی پێ بێنێت، لە خودی ئیسپانیا کە کەتەلۆنیا بەشێکە لێی و بابەتی نووسینەکەمانە ١٦ بزوتنەوەی جودا خوازی تێدا ھەیە کە داوای جیابونەوە دەکەن لە ئیسپانیا ئەوانیش کە بریتین لە Andalusia، Aragon، Asturias، Balearic Islands، Basque Country، Canary Islands، Cantabria، Catalonia، Castile، Galicia، León، Navarre، Valencia، Extremadura، Murcia، Aran Valley، ئەمە لە وڵاتانێک بوونیان ھەیە بە پێوەری ئەوروپی دیموکراسییە و بەشێکن لە یەکێتی ئەوروپا و شنگن کە سنورەکانیان داخراو نین.
لە ئێستادا چەند بزووتنەوەی بەرفراوان و ناسراو بۆ سەربەخۆیی لە ئەوروپا و ئیسپانیا ھەیە لەوانە ” کۆرسیکا، سکۆتلەندا، فلامان،دورگەی فارۆ، باسک، کالدیۆنیای نوێ و ێربی بۆسنە”.
زۆر جار خەونە نەتەوەییەکان ئەوەندە گەورەن ئەو گەلانەی داوای سەربەخۆیی دەکەن زیانی ئابووری دەکەن ، نموونە ئەرمینیا ٢،٥ جار زیاتری بەدەست دەھینا لەسەردەمی سۆڤییەت ، جۆرجییەکان ٣،٥ جار زیاتریان خەرجە کرد لەوەی خۆیان بەدەستیان دەھێنا لە سەردەمی سۆڤییەت، ئەستۆنی ٣ جار زیاتریان خەرج دەکرد وەک لەوەی بەرھەمیان دەھێنا، بۆرتریکۆ لە ئەمەریکا داوای سەربەخۆیی دەکات لە کاتێک جیا بێتەوە لە روی ئابورییەوە زیان دەکات.
سەربەخۆیی کەتەلۆنیا و پەرچەکرداری دیکتاتۆریانەی ئیسپانیا
چەندین ساڵە باسک و کەتەلۆنی و ئەندەلوسی و غالسکی و …. ئەوانی دی، داوای مافی چارەنوس دەکەن لە رێگای ریفراندۆمەوە، لە لایەن ئیسپانیاوە رێگایان پێ نادرێت، دەستور و دادگای باڵای ئیسپانی بونەتە مۆتەکە بۆیان، لە کاتێکدا ریفراندۆم پایەیەکی دیموکراسییە و را وەرگرتنی ھاووڵاتیانە بۆ دۆسیەیەک پەیوەندی بە ژیانیانەوە ھەیە، مەرجیش نییە سەرکەوتوو بن لەو خواستەیان، لە کۆی ٦٠٠ ریفراندۆم کە تا ھەنووکە لە سویسرا کراوە تەنھا ١٠%ی سەرکەوتو بووە و بە بەڵێ براوە بووە، نموونە لە کەتەلۆنیا ھەوڵی پێشتریان لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەربەخۆیی لە رێگای ریفراندۆمەوە شکستی ھێنا بەھۆی بەشداری کەمی ھاووڵاتیان ٣٧،١% لە راپرسییەکەدا، کە کەمتر بوو لە لانی کەمی پێویست، ئەمجارە راپرسیەکان دەریدەخەن رێژەی بەشداری لە راپرسییەکەی ١ی ئۆکتۆبەر دەگاتە ئاستی ٧٠%، وەلێ لایەنگرانی سەربەخۆیی نزیک ٤١،١% ن و ٤٩،٤% دژن، کەتەلۆنییەکان بە لایەنگرو دژەوە ریفراندۆم بە مافی خۆیان دەزانن بۆ یەکلا کردنەوەی پرسێکی گرنگی ئاوا، وێڕای ئەوەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی مەدریدەوە بە حکومەت و کۆشکی پاشایەتییەوە، رێگا بە ریفراندۆمەکە نادرێت ئەنجام بدرێت.
ئیسپانییەکان وەک رۆژنامەی نیورۆک تایمز ئاماژەی پێ دا، باشترین رێگا بیگرنە بەر ئەوەیە وەک سکۆتلەندا و کیبک رێگا بدرێت راپرسییەکە ئەنجام بدرێت، کەچی حکومەتی ئیسپانیا تەنانەت رێگا نادات ھیچ گفتوگۆیەک لە بارەی ریفراندۆمەوە ھەر بکرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی گەلان، ئێستا لە کەتەلۆنیا و پێشتر باسک، دەرکەوت دیموکراتیەتی ئیسپانیا ئەو بەھایانە پێشێل دەکات کە دیموکراسیەتی ئەوروپی لەسەر بنیات نراوە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، وەک بەریتانیا و کەنەدا ھەڵوێست وەرناگرێت لە ھەمبەر مافی راپرسی ئەو گەلانەی دەیانەوێت جیا ببنەوە لێی وەک کیبک و سکۆتلەندا،ئیتای باسکی راستتیکرد کە رایگەیاند ”ئیسپانیا زیندانی گەلانە”، راستگەرا دەسەڵاتدرەکانی ئیسپانیاش پێیان وایە ریفراندۆمی کەتەلۆنیا گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر وڵات لە دوای ھەوڵی کودەتای ٢٣-٢-١٩٨١ ەوە.
لە ٦ی ێەپتەمبەر پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڕیاری پەسەند کردنی یاسای رێکخستنی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیای پەسەند کرد بە زۆرینەی ٧٢ لە گەڵ و ١١کەس دەنگیان نەدا و ٥٢ش بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
بڕیاری پەسەند کردنی یاسای ریفراندۆم لە لایەن پەرلەمانی کەتەلۆنیاوە، وڵاتی بردە ناو قەیرانێکی دەستورییەوە، حکومەتی ئیسپانی ھانای بۆ دادگا و دەستوری ساڵی ١٩٧٨ی ئیسپانیا برد، کە پێش ٣٩ ساڵە دەرچووەو لەو کاتەوە زۆر شت لە بۆچونە سیاسییەکان و داب و نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان و بارو دۆخی ئابوری فەرھەنگی گۆڕاوە.
بە دوای بڕیاری پەرلەمانی کەتەلۆنیا حکومەت ھانای بۆ دادگای باڵای ئیسپانی برد، کە لە ١٢ دادوەر پێک ھاتووە، ١٠یان پارێزگاری راستگەران راخۆی سەرەک وەزیران بۆ خۆی دایانی ناوە.
ھاوکات داواکاری گشتی خۆسیە مانۆیل رایگەیاند لێکۆڵینەوە لە گەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا دەکەم ، ئەوان ریگایان خۆش کرد بۆ دەرچونی یاسای رێکخستنی ریفراندۆم و سزا دەدرێن .
لای خۆیەوە جەنەراڵ فرناندیز جەنەراڵی خانەنشین سەرۆکی دەزگای دژ بە سیخوڕی فرانکۆ ی دکتاتۆر رایگەیاند ” ئەمەی لە کەتەلۆنیا دەگوزەرێت خیانەتە، پێویستە یاساکانی شەڕ جێبەجێبکرێت” و ھەموو سەرکردەکانیان دەستگیر بکرێن.
دوای ئەم بڕیارانە، ئەو کاردانەوەیەی بینیمان لە فلیمی ھۆلیود دەچوو، حکومەتی ئیسپانیا لە رێگای دادوەرەکانی خۆیەوە، یاسای بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار ھێنا، ئیسپانیا دەتوت لەو رۆژگارەدا دەژێت کە جەنەراڵ فرانکۆ دەسەڵاتدار بوو، ھەرچەندە زۆر نییە رۆیشتووە، حکومەتی راستگەرا شمشێری ھەڕەشەی لە کێلان دەرھێنا و کەوتە وێزەی ریفرادۆم خوازانی کەتەلۆنیا.
حکومەتی ئیسپانیا پەلاماری بەناوی یاساو بەکارھێنانی سامانی گشتی دەست پێکرد، پەلاماری دەزگاکانی راگەیاندنی دا و ٥٧ پێگەی پشتیوانی لە ریفراندۆمی داخست ، بڕیاری لێکۆڵینەوەی دا لە گەڵ ٧١٢ سەرۆک شارەوانی لە کۆی ٩٤٨ سەرۆک شارەوانی ھەرێمەکە کە زەمینەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە خۆشە کەن ، پەلاماردانی رۆژنامەی فالینکی داو دایخست، پەلاماردانی پارتی کوپ ی چەپگەرا بە بێ ئاگادارردنەوەی پێشوەخت و گەمارۆددانی، داوای زیندانیکردنی سەرۆک وەزیرانی کەتەلۆنیا کارلیس بۆیجیدیۆنت دەکات،ھەڕەشە لەکۆکردنەوەی سەرجەم ئەوانەی بەشداری ریفراندۆمەکە دەکەن، ١٤ کەسی بەرپرسیاری لە حکومەتی کەتەلۆنی دەستگیر کرد، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئیسپانی ئەو رۆژنامەیەی داخست کە کە بانگەوازەکەی بۆیجیدۆمێنت سەرۆک وەزیرانی کەتەلۆنیای بڵاو کردەوە بۆ ریفراندۆم، ھاوکات پەڵاماری بەرپرسانی کارگێڕی ھەرێمەکەیان داو کەلوپەلی چاپکردنەکانیان تێک شکاند و دەستیان بەسەر ١٠ ملیۆن کارتی ھەڵبژاردندا گرت،ھاوکات بۆ دوبارە پێنج شەمە ٢٨ی سەپتەمبەر پۆلیسی ئیسپانی دەستیان بەسەر ٢،٥ ملیۆن کارتی دەنگدان و ١٠٠ سندوقی دەنگدانا گرت.
وەزیری دارایی مۆنتۆرۆ ھەوڵی لەبار بردنی پرۆژەی حکومەتی کەتەلۆنی لە خزمەتی ھەژارانی دا کە داواکاری کوپ (پارتی یەکێتی گەلی چەپگەرا) بوو بۆ پشتیوانی لە پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەتەلۆنیا لە رێگای دەستگرتن بەسەر وەزارەتی داراییدا،ناردنی ٤٠٠٠ پۆلیسی حکومەتی ناوەند بۆ رێگاگرتن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم،ھەڕەشە کردن لە کارمەندانی کەرتی گشتی و دەرکردنیان لە کاتی بەشداریکردن لە راپرسییەکە و دادگاییکردنی بەرپرسانی ریفراندۆمەکە…….. سەرباری ھەموو ئەمانەو زۆری تریش کەتەلۆنییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە لە یەک شەمە ١ی ئۆکتۆبەر، ھەرچەندە راخۆی رایگەیاند رۆژی راپرسی کارتی دەنگدان و کەسەکان و ناوەندی ھەڵبژاردن نابێت، وەلێ کەتەلۆنییەکان بەشێوەی پارتیزانانە راپرسیەکە ئەنجامە دەن و سنودقی دەنگدان و کارتی راپرسیان شاردۆتەوە، تەنانەت ماڵپەِرە ئەلەکترۆنییەکانی دەنگدانیش، سەربەخۆ خوازان کە لە لادێکان پشتیوانی زۆریان ھەیە، لە ئێستاوە تراکتۆری جوتیارەکان ناوەندی شارەکان داگیرە کەن و رێگا لە ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس دەگرن.
کەتەلۆنییەکان بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەکەیان ئامادەی ھەموو قوربانی و سزایەکن، ٧١٤ سەرۆکی شارەوانی ئامادەن واز لە پلەو پۆستەکانیان بھێنن لە پێناو سەرخستنی ریفراندۆم، یانەی بەرشەلۆنەش ئامادەی دەست بەردار بوونە لە یارییەکانی خولی ئیسپانی لە پێناو سەرخستنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بڕیاری دا بچێتە پشت داواکارییەکە، بەمەش ئیلتزاماتی مێژویی خۆی بۆ پشتیوانی لەسەربەخۆیی دەربڕی ،تەنانەت کرێکارانی بەندەری بەرشەلۆنە بەرەو روی ھاتنی ٤٠٠٠ پۆلیسەکە بونەوەو نەیانھێشت کەشتییەکەیان راوەستێت.
کێن ئەوانەی بەرەو روی مافی راپرسی کەتەلۆنییەکان بونەتەوە
حکومەتی ئێستای ئیسپانیا پارتی گەل – راستی پارێزگار پێکی ھێناوە، ١٣٧ کورسی لە پەرلەمان ھەیە، بە پشتیوانی پارتی سۆسیالستی کرێکاری ئیسپانی –چەپی ناوەند کە خاوەند ٨٥ کورسی پەرلەمانە پێک ھاتووە، لە دەرەوەی حکومەتەوە پشتیوانی دەکات، بە ھەردوکیانە ٢٢٢ کورسی پەرلەمانیان ھەیە لە کۆی ٣٥٠ کورسی پەرلەمانی وڵات،پارتی گەل بە بنکەو سەرکردایەتی بەرەو روی کەتەلۆنییەکان بۆتەوە، وەلێ سۆسیالستەکان لە ئاستی باڵاو بەشێک لە بنکە، نموونە نیوەی ئەندامانیان لە کەتەلۆنیا لە ریفراندۆم بەشداری دەکەن، ھاوکات پارتی سیودانۆس”ھاووڵاتی” نیو لیبراڵی راستگەرا زۆر بە توندی دژ بە ریفراندۆم سەربەخۆیی کەتەلۆنیایە کە خاوەند ٣٢ کورسییەو لە ھەرێمی کەتەلۆنیا پێگەیەکی بەھێزی پەیدا کردووە بەھۆی ئەم ھەڵوێستەیەوە.
ئەم ٣ پارتە کۆی گشتی ٢٥٤ کورسییان لە کۆی ٣٥٠ کورسی پەرلەمانی ئیسپانیا ھەیە، بۆیە کەتەلۆنییەکان ھیچ ھیوایەکیان بە پەرلەمانی ناوەند و دانیشتنەکانی نەماوە بۆ بڕیاردانی خێر، ھەرچەندە جار جارە نەک قسەی خێر بگرە شەڕی خێریشیان لەسەرە کرێت لە ھۆڵی پەرلەمان، وەلێ پارسەنگی ھێزەکان لە ئاستی قسەی خێرە نەک بڕیاری خێر.
لە بەرامبەر ھێزە راست و نیولیبراڵ و پارێزگار و سۆسیال دیموکراتەکان، چەپەکان پشتیوانی دەکەن لە بەشێکی دۆزەکەیان کە ئەنجامدانی ریفراندۆمە، ئەوان لە گەڵیان تا کۆتایی بەشی یەکەمی پرۆسەکە دەڕۆن، وەک ئەنجامدانی راپرسی وەک مافی ھاووڵاتی، وەلێ لە ناو خودی پرۆسەکە ئەوان دژ بە جیابونەوەن، پۆدیمۆس کە گەورەترین پارتی چەپی ئیسپانییە، پێی وایە سستەمی سیاسی ئیستا باش نییە و ئیسپانیا پێویستی بە گۆڕانی دەستور و سستەمی سیاسی ھەیە، داوای قەبوڵکردنی راپرسییەکە دەکات، وە ئەم داواکارییە رێگر بوو لە پێک ھێنانی حکومەتی سۆسیالست- پۆدیمۆسی چەپ، وەلێ لە گەڵ جیابونەوەی کەتەلۆنیا نییە، ھاوکات ئەدا کۆلۆ سەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی بەرشەلۆنە کە نزیکە لە پۆدیمۆسەوە داوای داکۆکی لە دەزگاکانی کەتەلۆنیا کرد لە بەرامبەر پەلاماری حکومەتی ناوەندی، وە حکومەتی بەرشەلۆنەی خستە خزمەت راپرسییەوە، . ئەو ھەرچەندە لە گەڵ جیا بونەوەی کەتەلۆنیا نییە، وەلێ ئیدانەی ھەنگاوەکانی راخۆی کرد و بە نا دیموکراسی ناوی برد.
ھەرچی حیزبی شیوعی ئیسپانی یە رایگەیاند حکومەتی راستگەرا قەیرانەکە دەقۆزێتەوە بۆ پیادە کردنی دکتاتۆریەت لە وڵات ، پێیان وایە رێگا گرتن لە راپرسی، رێگا گرتنە لە مافی رادەربڕین، ھەرچەندە ھەردوو حیزب شیوعی و سۆسیالستی یەکگرتو لە کەتەلۆنیا لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشیاندا، سەبەخۆیی کەتەلۆنیا رەتدە کەنەوە، ئەمەش دژ بە پرنسیبەکانی لینیزمە کە دان بە مافی چارەنوسی گەلاندا بێ قەیدو شەرت دەنێت.
بەڵام بەرەی چەپ رایگەیاند، پێویستە رازی بن بە ئەنجامدانی راپرسی، لێ ئێمە ھانی کەس نادەین بۆ بەشداری لە ریفراندۆمەکە، وەلێ رێز لەوانەش دەگرین لە ریزەکانمانن بەشداری دەکەن و سزایان نادەین، بەم شێوەیە دەبینین پارتە چەپگەراکان تا کۆتایی سەفەرەکە لە گەڵ کەتەلۆنییەکان ناڕۆن، کە مەبەستی کۆتاییە .
ھەرچی پارتی یەکێتی گەلە کە پارتێکی چەپی کەتەلۆنییە و لەسەر بنچینەی دیموکراسی راستەوخۆ دامەزراوە، کە ریفراندۆم پایەی سەرەکی سستەمی دیموکراسی راستەوخۆیە،لە لایەن چەپەکانەوە تاوانبار کرا بەوەی کوپ بووە بە سەربازی حیزبە بۆرژوازییە کەتەلۆنیەکان، کوپ ھەرچەندە لە دەرەوەی حکومەتی خۆجێی کەتەلۆنیایە و رەتی کردەوە بەشداری تێدا بکات، بەڵام زۆر بە توندی داکۆکی لە ریفراندۆم دەکات و چالاکانە ھەوڵ بۆ سەرخستنی دەدات، بۆیەش یەکەم پارتی کەتەلۆنی بوو کەوتە بەر پەلاماری ئیسپانییەکان، لە زۆر ویست و داخوازی خۆی ھاتۆتە خوارەوە لە خزمەت سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا .
تا کۆتایی ریفراندۆم
کەتەلۆنییەکان پەیگیرانە بەرەو یەکشەمەی مەزن دەڕۆن، گوێ بە بڕیاری دادگای ئیسپانی و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ نادەن کە دژ بە ریفراندۆمەکەیان و سەربەخۆیی کەتەلۆنیا ھەڵوێستیان وەرەگرتووە، لە دوا ھەنگاودا ترامپیشی ھاتە سەر کە لە گەڵ یەکێتی خاکی ئیسپانیای عەزیمدایە، ئەم ھەڵوێستەی ترامپ دژ بە رێبازی سیاسی سەرۆکی ئەمەریکی ولسونە کە لە ساڵی ١٩١٨ خستییە بەردەم کاری وڵاتان .
وەزیری دارایی ئیسپانیا رایگەیاند ” کەتەلۆنیا ئۆتۆنۆمی بەرفراوانی ھەیە، ئامادەشین سستەمی تەمویل بگۆڕین کە پێشتر ئەم داوایەی کەتەلۆنیەکانیان رەتکردبوەوە ” بەڵام کەتەلۆنییەکان وەڵامی دەم چەورکردنەکەیان نەدایەوە، پارتیزانانە لە ناو شارەوە بەرەو راپرسیەکەیان دەڕۆن، لیژنەی پارێزگاری لە راپرسیان پێک ھێناوەو زۆریان لە پاڵ سندوقەکانی راپرسی شەویان بردە سەر بۆ پارێزگاری لەو ٢٣١٥ سندوقەی دەنگدان، کە بڕیار وایە ١ی ئۆکتۆبەری کارتی ھیواو ئامانجی چەند سەدەی خۆیانی تێ فڕێ بدەن .
کەتەلۆنیا خۆی رادەگرێت
کەتەلۆنیا وڵاتێکی دەوڵەمەندو پێشکەوتووە ، تەنانەت نیوەی داھاتی کەتەلۆنیا بۆ ئیسپانیایە، بە تەنھا ١٨،٩%ی کۆی بەرھەمی نەتەوەیی ئیسپانیا بەرھەم دەھێنێت،
پیسەسازی بەھێزی ھەیە ناسراوە (بە کارخانەی ئیسپانیا)، کەرتی خزمەتگوزاری بەھێز، پێگەی بەھێزی لە بواری گەشت و گوزار ھەیە، کەرتی پێشەسازی کەتەلۆنیا ١٦،٧%ی ئابوری وڵاتە، کەچی لە ئیسپانیا ١٣،٤% یە، خاوەند ئابووریەکی بەھێزە زێدەی بودجەی بە رێژەی ١١،٥% ە، خاوەند ئابووری ژمارە ١٣ ەیە لە کۆی ٢٩ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا.
دیموکراسیەت خەونی گەلان ژێر دەست بەدی دەھێنێت
ئیسپانیا بەشێکە لە یەکێتی ئەوروپا، پابەندە بە پرنسیبە ئەوروپییەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت، کەچی بووە بە بەلقانێکی دی لە رۆژئاوای ئەوروپا بۆ گەلەکانی، زۆرینەی وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی ھەمان کێشەیان ھەیە، وەلێ وەک سکۆتلەند و کیبک ھەڵوێست وەرناگرن، وڵاتانی دیکەی جیھان زۆریان ماوە بگەن بەم کەمە دیموکراسییەی رۆژئاوا، بۆیە ئەفسانەی دیموکراسیەت بۆ وڵاتان و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی و ئاینی و مەزھەبی و …. لەو وڵاتانە بەتاڵ دەبێتەوە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی دەسەڵات لەسەر بنچینەی پیرۆزییەکان بەڕێوە دەچێت.
ھەرچەندە لیف لۆفین پرۆفیسۆری زانستی سیاسی سوویدی دەڵێت ساڵی ٢١١٩ ساڵی چەسپاندنی دیموکراسیەتە لە ھەموو جیھان، ئەگەر پاش ئەم ١٠٢ ساڵە ئەم خەونە گەورەیە بێتە دی، دیموکراسیەتی راستەقینەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری بەدی بێت، ئەوا لە ئێستاوە با سەمای بۆ بکەین.
دەنگدانی کەتەلۆنیەکان و بڕیاریان بۆ سەربەخۆیی ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێگەی دیموکراسیەت و بەرەو روبونەوەی زوڵم و زۆرداری بەتاڵ کردنەوەی خەونی دیموکراسیەتی درۆینە، با بزانین دوای ریفراندۆم کەتەلۆنییەکان چۆن بەرەو سەربەخۆیی دەرۆین بە دوایاندا مل بنێین، گەلێکی ھوشیارن رێگای بەردەمیان رۆشنە ناکەوینە تەڵەوە.
سەرچاوە خەندان