"an independent online kurdish website

منداڵ بووم، تەمەنم پێنج ساڵ بوو، ماڵمان لە دێی “گۆگجە” بوو، کە لە ناوچەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوکە.

لە ناوەڕاستی دێیەکەماندا، خڕێکی وشک هەیە کە تەنها لە کاتی باران باریندا، ئاوی پێدادەڕوات.. لە ناوەڕاستی دێیەکەماندا، لە لای راستی خڕەکەدا، زبڵخانێکی گەورەی لێبوو. وەرزی بەهـار بوو، سەگێکی دەڵی سوورخن، لە قەد پاڵی زبڵخانەکەدا، لەو دیوەی کە بەسەر خڕەکەدا دەیڕوانی، کونێکی هەڵدڕیبوو، سێ تووتکی ببوو، تەمەنی تووتکەکەکان نزیکەی مانگێک دەبوون. هەموو رۆژێ لەگەڵ چەند منداڵێکی هاوتەمەنی خۆمدا، دەچووینە نزیکی ئەو کونەی سەگەکە و سەیری دیمەنی سەگەکەمان دەکرد کە چۆن شیری بە تووتکەکانی دەدا و یاری لەگەڵ دەکردن. پارچە نانمان بۆ سەگەکە هەڵدەدا و دەیخوارد. سەگەکە لە دڵپاکی و بێوەیی ئێمە دڵنیابوو، دەیزانی گەر دووریش بکەوێتەوە، ئەزێتی تووتکەکانی نادەین و هەراسانیان ناکەین، وەکو هاوڕێی لە ئێمەی دەڕوانی.

رۆژێکی ئەو بەهارە، خۆرەتاوێکی خۆشبوو، هیچ پەڵە هەورێک بە ئاسمانی گۆگجەوە نەبوو، دوای نیوەڕۆ بوو. سەگەکە چوو لە قەدپاڵی گردەکەی دەستەڕاستی دێیەکەمان، کونێکی قووڵی هەڵدڕی، ئینجا هاتەوە و تووتکەکانی دوای خۆی خستن و بردنی بۆ ئەو کونەی قەدپاڵی گردەکە. ئەم دیمەنەی سەگەکە سەرنجی هەموومانی راکێشا و تووشی دامان و رامانی کردین، لەوەش دڵنیابووین، کە کەسمان ئازاری تووتکەکانیمان نەداوە و تەنگمان پێهەڵنەچنیون، ئەی بۆ سەگەکە ئەم کونە نزیکەی بەجێهشت و چوو ئەو کونە تازەیەی هەڵدڕی و تووتکەکانی بۆ ئەوێ گواستنەوە؟! هێچ وەڵامێکمان بۆ ئەم پرسیارەمان نەبوو، گومانمان هەبوو کە هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی سەگەکە ئەم کارە بکات، بەڵام پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو.

بەر لە نیوەشەوی ئەو رۆژەدا، بایەکی بەهێز هەڵیکرد و هەورێکی تاریک و رەش، ئاسمانی دێی گۆگجەی پۆشی. چەخماخە و گرمە گرمی هەورەکە، ترسی زۆری خستە دڵمانەوە، بارانێکی زۆر بە تاو باری، لافاو هەڵسا، ئاو چووە چەند ماڵێکەوە و داوای یارمەتیان کرد. ژووری نووستنی خانووەکەی ئێمەش، دەستی بە تکەکردن کرد و لیفە و رایەخەکانمان تەڕبوون.. بارانەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند. ئینجا لێی کردەوە.

بەیانی کە لەخەو هەستاین، خۆر گەش بە ئاسمانەوە بوو، هەور بە ئاسمانەوە نەبوو. لافاوەکەی شەو خڕکەی پڕکردبوو لە ئاو، زبڵخانەکەشی بە کونەکەی سەگەکەشەوە لافاو رای ماڵیبوو. تەنانەت شوێنەواری کونەکەش بەدی نەدەکرا.

ئەوسا لەو کارەی سەگەکە تێگەیشتین، کە بۆچی ئەو کونە تازەیەی لە قەد گردەکە هەڵدڕی و تووتکەکانی بۆ ئەوێ گواستنەوە. خۆ ئەگەر ئەو شەوە لە کونی قەدپاڵی زبڵخانەکەدا بمانایەتنەوە، لافاو سەگەکە و تووتکەکانیشی راپێچی مەرگ دەکردن.

هەمووشمان لە زیرەکی و هەست و پێشبینی سەگە سورخونەکە سەرمان سوڕما. کە چۆن پێشتر هەستی بەو باران بارینە کرد، ئەو راستییەشمان زانی کە لە ناو ئاژەڵ و باڵندە و گیانلەبەرەکانی تریشدا، زیرەکی هەیە.

نەرویج: ٢٠١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی