"an independent online kurdish website

بەداخەوە پێشمەرگە و تێکۆشەری خۆشەویستی ناو ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات کاک خالید عەباسی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 8 ـ 11 ـ 2017 بە هۆی وەستانی دڵ لە شاری ئوپسالا بەداخەوە ناتوانرێ گیانی رزگار بکرێ و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان دەکا.

ئەمڕۆ هەینی 2017/11/10 لە گۆرستانی بەرتوگا (Berthåga kyrkogård) لە شاری ئوپسالای سۆئێد لە نێو ئاپۆڕای کوردانی سوید بە خاک سپێردرا.

کاک خالید لە ساڵی 1338 ی هەتاوی لە گوندی گەڵوانی ناوچەی نەغەدە لە دایک بووە و لە ساڵی 1358 ی هەتاوی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و کاک خالید پێشمەرگەیەکی ئازاو تێکۆشەر و خۆشەویست بوو. کاک خالید لە لکی یەکی شەهید سمایل کرمانج و لکی سێی مراد شیرێر  لە هیزی ئەفشین دەستی بە پێشمەرگایەتی کرد و پلەکانی سەرپەل، جێگری کادر و کادری سیاسی لک تێپەڕاند دواتر بوو بە کادری کۆمیتە شارستانی نەغەدە و  دوای کۆمیتە شارستانی نەغەدە  لە بنکەی سنووری شیوەڕەز، بەندیخانەی ناوەندی، فێرگەی سیاسی نیزامی، نەخۆشخانەی گشتی حیزب، بنکەی تداروکاتی گشتی تەقەمەنی و دواتریش سەرپەرەستی نیزامی کۆمیتەی نەغەدە خزمەتی بەرچاوی کردووە .

کاک خالید ماوەیەک وەک پەنابەر لە تورکیە دەبێ و لە ساڵی 2009 دەگاتە وڵاتی سوید لە شاری ئوپسالای سوید درێژە بە ژیان دەدا.

 

روحی کاک خالید شاد بێ و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس کاری ئەم رۆڵە تێکۆشەرەی گەلەکەمان دەکەین.

 

بێرەوەیەکی کاک حامید درودی، لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی وەرگیراوە.

کاکە خالیدی عەبباسیش ماڵئاویی لێ کردین.

کاکە خالید پێشمەرگەی کۆنی هێزی ئەفشین بوو.

بەداخەوە پێرێ دڵی رادەوستێ و ماڵئاوایی لە ژیان دەکا و ئیمڕۆ دوانیوەڕۆش لە گۆڕستانێک لە شاری ئوپسالا بە خاک ئەسپێردرا.

من یەکەم جار لە نەخۆشخانەی حیزب لە قەندیل بینیم. ئەو کات کاک سیاوەشی ئامۆزام لە بەشی ددانسازیدا بوو، ئێمەش لە لای فێری ددان کێشان و ددانپڕکردنەوە دەبووین.

رۆژێک کاک خالید بە ددانێکی ئێشاوەوە هات و من بۆم پڕ کردەوە. ساڵ رۆشت و ساڵ هات، تاکوو لە سمیناریکدا کە بۆ یادی تێروری کاک دوکتور قاسملوو لە “ئالڤیک” گرتبوومان، یەکتریمان بینیەوە. من خەریکی وێنەگرتن بووم. ئەویش لەگەڵ دۆستی دێرینی واتە کاک حامید نەسیریدا بوو. بانگی منی کرد و وتی وەرە کاکە. نزیک بیست ساڵ لەمەوبەر ددانێکت بۆ پڕ کردوومەتەوە ئێستاش تەکانی نەخواردووە و وەک خۆی ماوەتەوە. وەر با وێنەیەکیش بۆ یادگاری بگرین.

کە خەریکی گرتنی ئەم وێنانە بووین وا بزانم کاک ساڵە نەڵۆسی بوو لە تەنیشتەوە وتی ئەوە دیبا لە سەر فەیسبووکەکەی دای دەنێ و دەڵێ ددانی کاک خالیدم پڕ کردووەتەوە. هەموو پێکەوە دەستمان بە پێکەنین کرد. بە داخەوە کە ئەوە قسەکەی کاکە ساڵە هاتە دی و منیش بە بۆنەی کۆچی ناوەختی کاک خالیدەوە وێنەکان دادەنێم.

یادی بەخێر بێ

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی