پێتان دانێنە سەرچاوم ڕۆڵەکانی ئەحمەدی خانی و با تاوێک ھێور بێتەوە دڵی بە پەلە کوتانم . ڕاستە غەدر دیسانەوە بۆ قڕ کردنی مناڵ و وێران کردنی شار ودێی کوردستان بە تانک و تۆپ و باڵە فڕە بۆمب ھاوێژەکانیان

و ھێزی زەبەلاح و ئیمامە جیھاد دەرەکانیان و نەوە سوڵتانیەکانیان، بە بەر چاوی ئەم دنیا قوتدەرانەوە بەڕۆژی ڕوون لەشکری زراو چویان ناردۆتە سەر گەل ونیشتیمانە بێ پیشتیوانەکەم.
بەڵام ھەتا کوردستان و کورد ڕۆڵەی بە ئەمەگ وئازا وبوێر وچاو نەترسی وەک ئێوەی ھەبی . دڵنیام کوردستان تا سەر بەخۆ و سەربەست نەکەن وچان نادەن و ناھێڵن دوژمن ئەم خاکە پیرۆزەمان داگیر بکا.
عەفەرین ئەی دەستە خوشک و براکەی کۆبانی و کەرکوک و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سنە و گشت کوردستانەکەم، من دەڵێم ھەر کوردێکی بەو ویژدان و مرۆڤ دۆست بە مانای ڕاستی و پاکی خۆی لە ھەر کۆیەکی ئەم دنیایە بێ لە لایەک لە ناخەوە بۆت ئەسوتێ و ئاواتە خوازە ڕۆڵە قارەمانەکانی نێو سەنگەر وبەرگری لە تۆ و گەل و ھۆزم ھیچ زەربەیەک کاریان لێ نەکا و ھەر وا سەربەرزو دوژمن تەزێن و داگیرکەر بەزێن بن و لەلایەکی تریش بە ھەموو بوونییەوە ناڕەحەت و توڕە و بێزاری خۆی بەرانبەر بە دنیای دەرەوە بە تایبەتی زلھێزە پاوان خواز وچەند ڕوویەکانی ئەم گۆی زەوییە دەردەبڕێ.
سەر ھەلدان ژیانە بەر خۆدان ژییانە
حەمە حەریری
25.01.2718ی کوردی