بۆ ماوەیەك دەبێت حدکا بە شێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو لە لایەن ژمارەیەکی زۆر کەم لە کوردە ماستاوچی و بەرژەوەندخوازەکانەوە کە دەرکەوتووە،
بەداخەوە پیاو و ڕاسپێردراوی هێزە ئەمنی و سیخۆڕیەکانی سەر بەحکوومەتی ئاخوندی ئیرانن، ئەرکیان هێرشکردنە سەر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و ناشیرکردنی مێژووی پڕشەنگدار و سەربەرزانەی ئەو حیزبەیە لە ئەمڕۆدا. یان ئەوەتا بەناڕاستی تۆمەتی ناڕەواو بێ جێی دەخەنە پاڵ، کە ئامانج لە کارداری بکەرەکان بۆ هەموو لایەك روونە. بەو قسە و گۆتار و هەڵوێستە ناشیا و نادروستانەیان بەنزین بەئاگری ناکۆکیە نێوخۆیەکاندا دەکەن و دەیان هەوێت هەر نەبێت حیزبی دێمۆکرات و پەکەکە بەگژیەکدیدا بکەن. بەڵام با دوژمنانی یەکڕێزی و یەکگرتووی نەتەوەیی ئەوەبزانن،ئەو دوو هێزە زۆر دوورن لە بەگژیەکداچوون و نابێت ڕێگا بدرێت ئاواتی نەیارانی کورد بەدی بێت. زۆر بەداخەوە کە هێندێك مرۆڤ کە خۆشیان بەکورد دادەنێن ڕۆژ و شەویان کردوە بەسەریەکدا هەتا بووختان و قسەی ناشیرین بە هێزە کوردیەکان بڵێن. بەئامانج گرتنی هەردووك دێمۆکرات کە بە دۆستی دوژمن ناویان دەبن و یان بیرکردنەوەکەیەن بەمجۆرە یە کە گوایە هێزی ڕێبەری کردنی چووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیان تێدا نەماوە و دەبێت زمان فەلسەفیەکان بێن ئەو ئەرکە بگرنەئەستۆیان. هەرلەو پەیوەندەیشدا هەتا روحم بە مێژووی زەڵاڵ و سەربەرزانەیشیان ناکرێت و لە زاویەی دەسەڵاتی تاراندا، هەڵسەنگاندن لەسەر حیزب و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حکوومەتی کوردستانیشەوە دەکرێ .
حیزبی دێمۆکرات هەروەك لە بەرنامە و خەتە گشتیە سیاسیەکانی ڕادیارە ، هێزێکی بەتەواوی نەتەوەیی و دێمۆکراسیخوازە و وێڕای ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز و تێڕوانینی جودا سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی و ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی ئەو حیزبە، سەبارەت بە رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەشەکانی تری کوردستان، وەك هێزێکی دیار و نەتەوەیی بەدەر بووە لە دەست تێوەردان و لایەنگری حیزبێکی کوردستان بەدژی هێزێکی تری کوردی کردبێت. بەلای حدکا وە لادان لە بنەما فیکری و نەتەوەیەکان بە هێڵی سوور دانراوە و لە رەوتی خەبات و تێکۆشانیدا بەئێستایشەوە، بەردەوام داکۆکی لە خەباتی ڕەوای بەشەکانی تری کوردستان کردوە و سەرکەوتن و بەئامانج گەیشتنی هەر پارچەیەکی کوردستانی بەسەرەتای دەست پێکی قۆناخێکی گرینگ و نوێ لە مێژووی سیاسی گەلی کورددا تەماشاکردوە و بەرویەکەی تریدا بە پشتیووانێکی نەتەوەیی زانیووە. ئەو زمان فەلسەفی و بەناو نەتەوەیانەش کە بە زمانی زبرو ناشیاو دەمیان بەرانبەر بەحیزب و ڕێبەری و دەسکەوتەکانی کردۆتەوە، بێگوومان جێگای گلەی و گازندەنین، چوونکی پێشوەختە نوقرەی ئاڵتوونی سەرشۆڕیان لە ئەربابەکانی قوم و تاران بۆ ئەو مەبەسەت قێزەونیە وەرگرتووە و نابێت لێان بگرین. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە تۆ بەنوێنەرایەتی دەزگای سیخوری و بکووژانی قاسملوو و شەڕەفکەندی دەربکەویت و لەولایشەوە بەردی دڵسۆزی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا لێبدەیت! مرۆڤ ئەگەر هات و زەلیلی ناشیاوی بیرکردنەوەیخۆی هات، دوور نیە لەوەی خراپتری بەسەرنەیەت. نام هەوێت یەك بەیەك ناوی ئەو کەسانەی زۆر قین لە دڵانە سەنگەریان لەحیزب و ڕابردووی گرتووە بێنم، چوونکی سیما و روخساری ناپاکی و دژی گەلیان بۆ هەموو لایەك دەرکەتووە و ئەوان هەر بەدژایەتی حیزب نەوەستاون و مێژووی سەروەریەکانی بنەماڵەی بارزانیش بەئامانج دەگرن. هێزێکی تێکۆشەر و نەتەوەیی وەك حیزبی دێمۆکڕات کە لە ڕێبازی ڕاستەقینەی هەرگیز لاینەداوە، دەکرێتە ئامانج و هەوڵی ناشیرینکردنی مێژووی سیاسی و پەیوەندیە نەتەوەیەکانی لە گەڵ بەشەکانی تری کوردستان دەدرێت.
مرۆڤ سەیری بەڕابردووی ئەو کەسانە دێت کە ئەمرۆ دژی حیزب دەدوێن و ڤیدۆ و لایڤ دەکەنەوە و دەڵێن حیزب دژی هێزەکوردیەکانی ڕۆژئاوایە و چاوی بە پەکەکەیش هەڵنایەت! وەختێك ڕێبەرانی حیزب پەیوەندیان لە گەڵ هێزەکوردیەکانی بەشەکانی تری کوردستان دادەمەزراند، زۆر لەو بەڕێزانە ئەوەندەی خەمی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریای وڵاتانی تریان دەخوارد و فرمێسکیان بۆ کرێکارانی نەجەف و قۆم و تاران و بەسرە دەڕشت، هەر نەشیان دەزانی خەباتی نەتەوایەتی چیە و بۆ دەستی پێکردوە، یان پێان شەرم بوو بڵێن کوردین. هەربۆیە هەرگیز بەقسە و زمان زبری ئەو ئەنگەلانەی کۆمەڵگا بێزارنابم. ئەو کەسانە سەرەتا دەبێت خۆیان بدۆزنەوە و چاوێك بەئاکارو کردەوەکانیاندا بگێڕن و هەڵەکانیان ڕاست بکەنەوە. مێژووی رووداوە سیاسیەکانی کوردستان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە حیزبی دێمۆکرات لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانیدا، هاوکار و پشتیووانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردوە و بۆ خۆش خزمەتی بە داگیرکەرانی کوردستان، هەرگیز نە چۆتە نێو سەنگەری دوژمنانی گەل و سێرەی لە براکانی نەگرتووە. وەك ئەو بەڕێزانەی ڕۆژ هەتا ئێوارێ لە جێگا و شوێنی پاك و ئەمیندا قسەی ناشیرین و جنێو فرۆشی بە جووڵانەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەلێن. زۆر بە جێیە لەو بەڕێزانە بپرسین بە چۆن وێژدانێکەوە مێژوو و سەروەریەکانی حیزبی قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی بۆ مەبەستی تایبەتی بەئامانج دەگرن ! گەلی کورد و هێزە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی کوردستان زۆر باش لەو ڕاستیە گەیشتوون کە شۆڕشی نەتەوەیی لە سەر بناخە و مۆدێرنی نەتەوەیدا، بەرهەمی فیکر و بیرمەندی پێشەوا قازی محمەد و هاوڕێ کانیەتی. ئەوەی دەگوترێت کە گووایە حیزب ناتوانێت ڕێبەری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد بکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تەنیا قسەیەکە و ئاوازێکە کە هەر لەسەرەتای دەست پێکردنی خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران گوێ بیسی ئەو قەوانەین و دوژمن دەڵی خۆی بە جۆرە دەداتەوە. وەختێك ڕێژیمی خومێنی بەهەموو هێز و دەسەڵاتی خۆی هێرشی دگیرکارانەی بۆسەر رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و نزیك بە سێ ساڵ زیاتری برد هەتا ڕێژێم شارەکانی دەست بەسەرداگرتووە. ئەو کات فرۆکەی هاوپەیمانان و چەك و جبەخانەی ناتۆ بەدەستی هێزی پێشمەرگەی حدکادا نەبووە، چەکی قورسیان دۆشکە و ئارپی جی و بیکەیسی بوو! کەوابوو کوردی ڕۆژهەڵات و هێزە تێکۆشەرەکانی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی فیداکاری زۆریان کردوە و هەرگیز وەك منەت بە خەڵکی تری نافرۆشنەوە.
سڵاو لە یەکڕیزی سیاسی و نەتەوەیی
محمد سلێمانی