"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان:  کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی 39 ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا، هەزاران جینایەتی دژی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەت خەڵکی کوردستان بەڕێوە بردووە و  هەروا ئیدامەی هەیە.

ئاخوندێک بە فودانەوە داوای راگرتنی دەسەڵاتی دەکا

تا کۆماری ئیسلامی لە سەر دەسەڵات بێ خەڵکی ئێران و کوردستان ژیانێکی ئازاد و دێمۆکراتیکیان نابێ و هەمیشە شەوانە بە ترس دڵەراوکێ سەر دەنێنەوە . لە ئێران هەر کەس بەم نیزامە لەبەیک نەڵێ و چووکترین جیاوازی فکرێ دژی ئەم نیزامە هەبێ لە گەڵ زیندان و ئەشکەنجە بەرەوڕوو دەبێ. کۆماری ئیسلامی زیندانەکانی لە دژبەرانی خۆی ئاخنیوە و تەنیا لەم خۆپێشاندانانەی دوایی دا بە قسەی خۆیان سەرووی 4000 کەس دەست بەسەر کراون و لە کاتێک سەرجەم زیندانەکانی ئێران پڕن.

دەسەڵاتی ئێران بە دەست کۆمەڵێک مەلای شیعەی دڵڕەق و بێسەواد بەڕێوە دەچێ و بۆ بەڕێوەبەری وڵاتیش ئیستفادە لە داهاتی کەڵانی نەوتی ئێران و هێزی سەرکووتکەری سپای پاسداران دەکەن. بۆ ناردنە دەرەوەی ئینقلابی شوومی خۆشیان، قووتی خەڵکی ئێرانیان برێوە و سەرمایەی ئەم خەڵکە مەزلوومە دەدەن بە تێرۆریستانی لایەنگری خۆیان لە وڵاتانی وەک ئێڕاق، یەمەن، لوبنان و سوریە و بەمجۆرە  هێزی پیستر و خەتەرناکتر لە داعشیان لەم وڵاتانە پەرە پێ داوە.

هەتا دێ و کۆماری ئیسلامی لە ناو خۆی دا کڵۆڵتر دەبێ و خەڵک زۆرتر دژی ئەم نیزامە بێزاری خۆیان دەردەبڕن بەڵام بە هۆی ئەوەی هێزەکانی دژبەری رێژیم تا ئێستا نەی توانیوە کەڵکی پێویست لەم بێزاریەی خەڵک وەربگرن و خەڵک لە دەوری خۆیان کۆ کەنەوە، وای کردوە کە ئەم رێزیمە بە زەبری چەک لە جێی خۆی راوەستێ.

بێزاری لە رێژیم و دزی و فەسادی ناو ئیدارەکانی رێژیم گەیشتۆتە جێگایەک کە خۆشیان ناتوانن حاشای لێ بکەن لە رێپێوانی خۆیاندا باسی لێوە دەکەن .

چەند وێنەی خۆپێشاندانی ئەمڕۆ لە سایتە رەسمیەکانی خۆیان وەرگیڕاوە.

خۆیان دەڵێن دزی هەیە

دەی هەوێ بە تەنیا کۆماری ئیسلامی راگرێ

 

ئەمریکا لە ژێر پێ دەنێنن

وێنەی ترامپ

نوێژ بۆ مانەوەی جینایەتی زیادتر

ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی ژانویەی ۲۰۱٨ لە کوردستان

 

ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی ژانویەی ۲۰۱٨ کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە

کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، هەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلك، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .هەروەها ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.

هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.

لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە له‌گەلی رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە

سێدارە

رامین حوسەین پەناهی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەدایەت عەبدوڵاپوور خەڵکی شاری شنۆ بەتۆمەتی هەوڵدان بۆتێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی وئەندامەتی لەحیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دووجار ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا.

۱۲ ی بەفرانبار ۱۳۹٦ی هەتاوی هاووڵاتێیکی کورد لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە درا . بەختیار موحەمەدی کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوژین و منداڵێکی خۆی لە شاری ڕەوانسەر دەستبەسەر کرابوو ، ئەمڕۆ وەک تۆڵە ــ قصاص ـ لە دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە دراوە.

 

گرتوخانە

سێ‌شەممە ۱۲ی بەفرانبار بەندکراوێکی کورد بە ناوی “جەماڵ عەلی‌پوور” بە بیانوی هەڵگرتنی ۳ دانە جگەرە (سیگار) لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە ئەشکەنجە و ئازار درا و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجە تووشی خوێنڕێژی (داخلی) بوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

خوسرەو کوردپور ڕۆژانامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ بانگێهشتی ئیتلاعاتی مهاباد کرا.

خوێندکارێکی کورد بە ناوی نەبیوڵا تەڕدەست لە خۆپشاندانەکانی ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ۱۳۹٦ لە شاری کرماشان دەسبتسەرکڕاوە و لە دوای ۹ ڕۆژ هێشتا چارەنوسی نادیارە .

۱٤ بەفرنباری ۱۳۹٦ هەتاوی ، “دارا مستەوفی ” ڕۆژنامەوان و ڕەخنەگەری سیاسی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز بانگهێشت کرا.

۱۱ی بەفرانباری ۲۷۱۷ی کوردی چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “عەباس کۆچەری” دانیشتوی شاری خوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پاش هێرشی هێزەکانی ئێدارەی ئیتلاعاتە و پشکنینی خانوی ناوبراو دەست بەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دە برێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ۱۹ی بەفرانبار ۱۳۹٦ هەتاوی چالاکێکی مەدەنی بە ناو ” ئیدریس شەریفی” کوڕی عەباس خەڵکی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارەدا دەسبەسەرکرا.

لاوێکی تەمەن ۳۳ ساڵان بەناوی “ئیمان ئەحمەدی” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری کرماشان دەست بەسەر کراوە و رادەستی شوێنێکی نادیار کراوە

۲۷ی سەرماوەزی ۱۳۹٦ی هەتاوی گۆرانێژێکی میلی بەناوی پەیمان میرزادە دانیشتوی گوندی گونکچین سەربە شارستانی ورمێ لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. دادگا حوکمی قورسی بۆ بریوەتەوە.

تەرمی بێ گیانی گەنجێک بە ناوی “سارۆ قارەمانی ” ڕۆژی ۲۲ ی بەفرانباری ۱۳۹٦ی هەتاوی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە .

۲۳ی بەفرانباری ۲۷۱۷ی کوردی هەواڵی گیان لەدەست دانی لاوێکی کوردی دانیشتوی شاری سنە بەناوی “کیانوش زەندی” لە لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەدرێتە بنەماڵەی ناوبراو.

۲٥ی بەفرانباری ۱۳۹٦ی هەتاوی حوسەین باقری بە ناسناوی ” ژاکان باران”لە لایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆڵبەست کراوە .

مامۆستا لوقمان دادار مامۆستای ئایینی و گوتاربێژی شارەدێی نێی سەربەشاری مەریوانی هەڕەشەی گرتن و دەرکردنی لەسەرە

پێنج شەممە ۲۱ی زەفرانباری ۱۳۹۶ی هەتاوی دوو ئەندازیاری کورد بەناوەکانی “ئەمین ئەشرەفی وجەواد ئەشرەفی”لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری هەمەدان ڕفێنراون وگوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەمجەد یوسفی دانیشتوی پیرانشار ،خێزاندار و خاوەنی ۲ منداڵ ڕۆژی شەمە ۲۲ی بەفرانبار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە ڕفێندراوە و چارەنوسی نادیارە .

لە لاێیکی ترەوە جەمیل یارئەحمەدی هاووڵاتێیکی دیکەی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان لە ۲۰ی بەفرانباری ۱۳۹٦دا لە لایەن ئیتلاعاتی شارستانی جوانڕۆ وە قۆڵبەست کراوە و هەناردە شوێنێکی نادیار کراوە .

“نەجیبە ساڵەح زادە” چالاکی مەدەنی شاری سەقز لە لایەن دەزگای ددوەری ئەو شارەوە بە شێوەی پەیوەندی تەلەفونی بانگهێشت کراوە.

غوڵام ڕەزا موحەمەدی گەنج و لاوی شاری کرماشان کە لە ۱۲ی بەفرانباری ۱۳۹٦دا بە بیانوی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار ببو ئەمڕۆ1ی ڕێبەندانی ۱۳۹٦ ی هەتاوی تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

چالاکی مەدەنی “شاهۆ عۆمەری” کوڕی ساڵەح خەڵکی سنە نیزیک شەش مانگ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری “سنە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بێ‌بنەماوە دەسبەسەر دەکرێت

بانگهێشتی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

ئەفشین و رامین حوسەین پەناهی لە بەندیخانە دەستیان داوەتە مان گرتن

دووکەس بەناوەکانی “ئاکۆ یاری”کوڕی فاتێح ،۲۸ساڵ تەمەن وخێزاندار وهەروەها “جەمیل یارئەحمەدی”۲۷ ساڵ تەمەن و سەڵت کە هەردووکیان بۆ ماوەی مانگێکە دەسبەسەرکراون وبێسەروشوێنن ولەم ماوەیەشدا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان تائێستە نەیان توانیووە چاویان پێیان بکەوێ یان زانیاریەکیان لێ وەربگرن.

“نیشتمان ئەسعەدی” ڕۆژنامەوانی ناوەندی هەواڵنێری موکریان لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۲ جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مهاباد کراوە .

محەممەد حسین پناهی باوکی ئەفشین و ڕامین حسین پناهی پاش ئەوی کە کوڕەکانی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە سزای نادادوەرانە دادگای کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مانیان لە خواردن ڕاگەیاند.

کۆڵبەر و کاسبکاران

کۆڵبەرێکی کورد بە ناو و نیشانی “ڕامین عیسمەت” تەمەن ۱۹ساڵ و خەڵکی نازلوو سەربە پارێزگای ورمێ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری “سەروو” بریندار بوو وگوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ وهەنووکە دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە.

لەگوندی “کوڕان”ی سەربە ناوچەی سۆمای ورمێ، ۲کۆڵبەر بەناوەکانی “م.ق” ۲۱ساڵ تەمەن و” ا .ق” ۲۰ساڵ تەمەن لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندار بوون.

هاوکات کۆڵبەرێک بەناونیشانی” هادی ئەمینی” خەڵکی بانە بەهۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی بانە گیانی لەدەست دا.

لەناوچەی هەورامانی مەریوان، خۆی وسەردەشت لانیکەم ۲۰سەر ئەسپی کاسبکاران هاوڕێ لەگەڵ کەلوپەلەکەیان دەستی بەسەرداگیراوە.

دووشەممە ۱۷ی بەفرانباری ۱۳۹۶ی هەتاوی هێزە چەکدارەکانی هەنگی سنووری لە ناوچەی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی کوشتن، تەقە لە پۆلێک کۆڵبەر دەکەن و لەئاکامدا دوو کۆڵبەر بریندار دەبن. بەگوێرەی هەواڵەکە، ناونیشانی ئەم کۆڵبەرانە بەم شێوەیە، “لەتیف شەعبانی” و”شوان مەحموودی” کەلەبەر گرانی برینەکەیان ئێستە لەژێر چاوەدێری پزیشکیدان.

سێشەممە ۱۹ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەکانی شاری زەنجان لەسەرڕێگەی ئەو شارە دەسڕێژ دەکەنە سەر کاسبکارێکی کورد بەناونیشانی” مێهدی جەعفەری” خەڵکی گوندی گەورەدێی سەربەشاری بانە و دەی کوژن.

لە۲۳ ی بەفرانباری ۱۳۹٦ی هەتاوی تەرمی بێگیانی کۆڵبەرێک بە ناوی سولێمان خزری لە بەرزایەکانی پیرانشار دۆزرایەوە . موکریان نیوز لە هەواڵێکدا دەڵێت لە کوێستانی کانی خودای بە هۆی بەفر و سەرما و بۆران ئەو هاووڵاتییە پیرانشارییە گیانی لە دەست داوە

یەک شەممە ۲٤ی بەفرانباری ۲۷۱۷ی کوردی کۆڵبەرێک بە ناوی “فەرهاد دەستوری” بە هۆی بەربونەوە لە تاشەر بەردەوە لە بەرزایەکانی “تەتە”ی سەر بە هەورامان بریندار دەبێت.

دەستەیەک کۆڵبەری کورد بەهۆی هێرشی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی مەریواندا ناچاربوون ڕابکەن و دووان لەوان لە بەرزاییەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە. سەعید پیریی تەمەن ٢٨ ساڵ پاش کەوتنەوە خوارەوە لە لای ملییەوە تووشی ئازار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری سنەدا چارەسەریی پزیشکیی بۆ دەکرێت.فەرهاد دەستووریی تەمەن ٣١ ساڵیش کۆڵبەرە بریندارەکەی دیکەیە، کە لە ناوەندە تەندروستییەکانی مەریوان چارەسەریی پزیشکی بۆ دەکرێت.

۳ ڕێبەندانی ۱۳۹٦ هەتاوی کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارگەی “کیان کورد “لە شاری “مەلایەر -ی” پاڕێزگای لۆڕستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لە کۆی ٦ مانگ مووچەی دوواخراویان دوێنێ ۲ ڕێبەندان مووچەی مانگێکیان وەرگرت ، مخابن بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری و درۆ و بڵێنی ناڕاستی کارفەرمایان بە کرێکاران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمڕۆ کرێکاران بە کۆبوونەوەیەک ناڕەزای و دڵنگەرانی خۆیان پیشاندا .

گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک بە ناوی شۆرش عومەری و کوژرانی ۶ئەسپی کاسبکاران لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە

کاسبکارێکی کورد بەناونیشانی “فەریاد ساڵحپوور”خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە ئامانج و بەگرانی بریندار بووە.

نارەزایەتی، ناعەدالەتی

۱۰ی بەفرانباری ۱۳۹٦ی هەتاوی لە درێژەی ناڕزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە شاری ئیزە ۲ کەس و لە شاری دووروود ۲ کەسیتر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینتزامی و ئاسایش گیانیان لە دەست داوە.

بێ هیوایی لە نێو بومەلەرزە لێدراوانی سەر پێڵ زەهاو.

مەریوان لە پلەی یەکەمی بێکاری دایە لە ئاست پارێزگای سنە.

وەزارەتی فێرکاری وپەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران وانەکوتنە بەزمانێکی جگە لەزمانی فارسی لەقوتابخانەکان بۆقۆناغی سەرەتایی قەدەغە کرا.

گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی کڕیارانى خانۆکانی مێهر لەبەردەم پارێزگاری شاری سنـــە.

دەرئەنجامی بێکاری/خۆکوژی لاوان و گەنجانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گیان لە دەستدانی مناڵێک لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان، بەهۆی سەرماوە.

سەرما ونەبوونی کەرەستەی پێویست گیانی چەندد کەس لەبوولەرزە لێدراوانی کرماشانی وەرگرتۆتەوە.

هێزە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەڵسوکەوتی توند دژ بە دوو برای کوردی دانیشتوی شاری سەقز بە توندی بریندار دەکەن بە شێوازێک کە باری تەندروستی یەکێک لەو دوو کەسە نا جێگیر راگەیەندراوە و لە کۆمادایەو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران لە ژێر چاوەدێری تایبەتدایە.

دوابەدوای بومەلەرزەی ناوچەی کرماشان وسەرپێڵ زەهاو کەبەهۆی ئەو ڕووداوەوە بەسەدان کەس گیانیان لەدەستدا وبەسەدانی دیکەیش برینداربوون،سەرەڕای هەموو لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە کەدەبوا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بچوایەت بەهانای لێقەوماوانەوە بەهەموو دام دەزگاکانییەوە ،کەچی هەرلەدەسپێکەوە خۆی لێ دزیەوە وتەنانەت ڕێگری لەیارمەتییە خێرخوازیەکانی خەڵک دەکرد.

بەکوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی پارێزگای کرماشان،ئەم پارێزگایە لەسۆنگەی پێوەری کەشی کاروئیشەوە لەو ۶پارێزگایەیە کە خراپترین دۆخی هەیە لە وڵاتدا.

کوشتن و خۆکووژی

خۆسووتاندنی ژنێکی گەنج لە بۆکان بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباری ۱۳۹۶ی هەتاوی ژنێکی گەنج بەناونیشانی “ش.ئ” ی تەمەن ۱۹ساڵ وخەڵکی گوندی “ئوچ تەپە”ی سەربەشاری بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی دایە خۆسووتاندن و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

۲۲ی بەفرانباری ۲۷۱۷ی کوردی لە شاری کرماشان ە باخچەی فردۆسی ئەوشارە، لە ئاکامی دەستڕێژی تفەنگ بۆ سەر چوار ئەندامی یەک بنەماڵە کە پێک هاتبون لە دایک و سێ کچ دەبنە قوربانی و گیانیان بەو هۆیەوە لەدەست دەدەن.

روناک رەسوڵی تەمەن ۲۲ ساڵانەی خەڵکی گوندی سەروکانی پیرانشار لە شەوی سێ شەممە ۲۶ی بەفرانبار لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژاوە.

رۆژی ۱۴ی بەفرانبار ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی گۆشتخانی سەر بە سەوڵاوا بە ناسناوی “ش رحیمی ” لە بە هۆی ئەنجامی کاروبانری بانکی لە ماڵ دەڕواتە دەرەوە و دواتر ون دەبێت. و دواتر ون دەبێت.تەرمی ناوبراو پاش دوو حەوتوو لە سەر رێگای سنە بۆ دیواندەڕە دەدۆزرێتەوە.

لە شاری جوانڕۆ سەربەپارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، تازە لاوێک بە ناوی “دیاکۆ” بەهروجە تەمەن ۱۷ ساڵان و قوتابی دواناوەندی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ خۆکوژی کردوە.

ژینگە

مەترسی لە ناوچونی ژینگەی پیرانشار بە هۆی پرۆگرامە ناکارئامەدەکانی بەرپرسان

رۆژئاوی کوردستان

ئەرمەنستان / بەفەرمی کۆمەڵکوژی ئیزەدییەکانی وەک پاکتاو و جینوساید ناساند.

هێرش وپەلاماری چەکداری تورکیا بۆسەر عەفرین وڕۆژئاوای کوردستان مەحکووم دەکەین.

بۆردمانی سنووری کانتۆنی عەفرین لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە.

یەحیا حەمادی /یەکەم منداڵی عەفرین کە بە بۆردمانی ئەرتەشی تورک گیانی لە دەستدا.

هەڵکشانی ڕێژەی کوژراوانی عەفرین بەهۆی بۆردمانی تورکیاوە.

هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بن پێکردنی مافەدیاریکراوەکانی نێونەتەوەییە.

بەیانییەی ۸۹ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردســـــتان و ئێــــــــران لە مەحکووم کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ عەفرین.

خۆپیشاندانی گەلی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان.

دوو‌شەممە ۲ی ڕێبەندانی ۱۳۹٦ هەتاوی یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان لە لێدوانێکدا کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا و بڵاو کراوەتەوە ، پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی عەفرین دەر دەبڕن و بە تۆندی ئیدانەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک دەکەن .

ئەرتەشی تورکیا بەردەوام تۆپ بارانی گوندی خەلیلکا لە عەفرین ئەکات.

لە حەوتوی رابردوودا حکومەتی تورکیا ۶۶۹ جار کانتۆنی عەفرینی کردوەتە ئامانجی هێرشی تۆپحانەکانی و هەروەها ۱۹۱ جار بە شێوەی ئاسمانی و لە رێگای فڕۆکە جەنگیەکانەوە ئەو ناوچانەی کردوەتە ئامانجی هێرشەکانی.

لە حەوتوی رابردودا ۱۳۶ پێکدانی راستەوخۆی سەربازی پێک هاتووە و بەو بۆنەوە تورکیا سەروەری نەتەوەیی رۆژئاوای کوردستانی و یاسا نیو نەتەوەییەکانی پێشێل کردووە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ۴۳ ئەندامی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک گیانی خۆیان لە دەست داوە و ۱۳۴ شارۆمەندی سڤیل بریندار بوون و ۵۹ی دیکەش گیانیان لە دەست داوە.

تورکیا هاووڵاتییانی عەفرین کۆمەڵکوژ دەکات/ تەرمی پێنج کەس لەژێر بینایەکی بۆمبارانکراو دەرهێنران.

کۆمەڵگای خوێندکاران وقوتابیانی ناسراو بە “جاداک”ی شاری کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیانیەیەکی بۆپشتیوانی لەخەڵکی عەفرین وهەروەها مەحکووم کردنی هێرشەکانی تورکیا دەرکردووە.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی کانتۆنی عەفرین ، هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە رووی لە زیاد بوونە و زیاتر لە دەرۆژە کە عەفرین و ناوچەکانی گرێدراوی ئەو شارە لە ژێر هێرش و بۆمبارانی حکومەتی تورکیا دان.

ڕۆژی ۳۱ ی ژانویەی ۲۰۱٨ فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا لە هێرشێیکی ئاسمانیدا گەڕەکی ئەشرەفییە لە شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆردمان کرد. فوڕات نیوز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە کوژرانی ۱۲ کەسی مەدەنی کردوە کە لە ناویاندا ۲ منداڵ و ۲ ژن دەردەکەون .

کۆمەڵی گەشەپێدانی جڤاکی شاری سەقــز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبڵاوکردنەوەی بەیانییەیەکی نووسراو سەرەڕای پشتیوانی لە بەرنگاری وبەرخۆدانی خەڵکی شاری عەفرین،هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆسەر عەفرین مەحکووم کرد.

شوێنەواری مێژویی ئەندارە (عین دارع) کە مێژوەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووهەمی پێش زایین لە میراتی بە جێماوی دەسەڵاتی هەسنی و شارستانیەتی ” هایتی “ە کان بوە .

باشوری کوردستان

ژنێکی تەمەن ٣٦ ساڵ بە ناوی “ناهیدە بابە حەسەن” لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە چەکی کڵاشینکۆف کوژرا و کەسوکارەکەشی دەڵێن خۆی خۆی کوشتووە.

هەروەها شەوی رابردوو، لەگەڕەکی کاوە لە شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، گەنجێک بەگولـلە کوژرا، ئەمەش دووەمین ڕووداوی کوشتن و خۆکوشتنە لەماوەی ئەم هەفتەیە.

باکوری کوردستان

پەنابەرێکی سیاسی کورد بە ناوی “فارۆق شەرێعەتی ” خەڵکی شاری سنە لە ڕۆژهەاتی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەسبەسەر کراوە .

یاریزانی تۆپی پێی یانەی “ئامەدسپۆر”ی باکوری کوردستان “دەنیز ناکی” لە وڵاتی ئاڵمان لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوە وە درواتە بەر دەسڕێژ و لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە.

رۆژنامە نوسی کورد بە ناوی “ئیدریس ئیڵماز” بە تۆمەتی پرو پاگەندە و بڵاوکردنەوەی رێکخستنی قەدەغە لە لایەن پۆلیسەوە لە شاری وان دەست بەسەر کراوەو دراوەتە دادگە.

شەهادەتنامە

شاهۆ کەریمی: هەڕەشەی دەست دڕێژیان لە خۆم و خوشکەکەم کرد/ شایەدنامە

ئیتر

پەنابەر فەرزاد موحەمەد خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی کە داخوازی پەنابەرییەتی لەلایەن وڵاتی سویدەوە ردکراوەتەوە، رۆژی ٤ ژانویەی ساڵی ٢٠١٨ زایینی لەبەردەم ئۆفیسی پەنابەرانی وڵاتی سوید ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو و ئیستا لە نەخۆشخانەیە.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بیرهێنانەوەی “ئیبراهیم لوتفوڵاهی لەســـــــــنە.

دوابەدوای هێرشی پۆلیسی مونشن بۆ سەر ماڵی بێنیامین رۆس دانیشتووی شاری مونشێن ـی ئاڵمان، ناوبراو لە لایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کراو و رەوانەی زیندان کرابوو.

هۆکاری گرتنی بێنیامین رۆس دەگەرایەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاڵای یەپەگە لەسەر فەیسبوک.

ئەو بابەتە لەلایەن پۆلیس وەک کردەوەی دژی یاسا پێناسە کرابوو.

دوایی چوونی پەروەندە بۆ دادگا و وەڵام دانەوەی نابرپا، دادگا بریاری ئازادی بۆ ئەو شارومەندە ئالمانیە دەرکرد و بریاری پۆلیسی پووچەڵ کردەوە.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی