نەورۆز هێمای سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و مەزڵووم بەسەر زاڵم دایە.
ئەوە نەورۆزێکی دیکەش لە مێژووی نەتەوەی کورد تێپەڕ دەکەین و زستانێکی دیکە دەڕوا و بەهارێکی نوێ دەست پێدەکاتەوە. ئەو هێما پیرۆزەی نەتەوەی کورد کە سەرەتای دەست پێکردنی فەسڵی بەهار و کۆتایی هاتنە بە فەسڵی سەرما و سۆڵە، لە هەمانکاتیش دا سەرەتای زیادبوونی ساڵێکی دیکەیە لە تەمەنی نەتەوەیەکی دێرین و کەڤناری کۆمەڵگای بەشەری لە ناوچەیەکی پڕلە کێشە و دیکتاتۆر لێدراوی جیهان.
ئەمساڵ لە کاتێک دا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین کە دۆخی نەتەوەکەمان لەوپەڕی ئێش و ئازار دایە و تەنیا ٤٨ کاتژمێر ماوە بۆ ئەوەی ساڵی ٢٧١٨ بە هەموو تاڵی و شیرینییەکانیەوە بەڕێبکەین ، بەداخەوە بەشێک لە نیشتیمانی کورد لە ژێر ئاگری مۆدێڕنترین چەکی سەردەمدایە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و بەکرێگیراوانی شاری هەمیشە کوردستانیی عەفرین غەڵتانی خوێن کردووە و داگیرکارییەکی دیکە دەست پێدەکاتەوە و ئۆرگانە نێونەتەوەییەکانیش چاویان بەستووە و قڕکاری نابینن و نابیستن.
لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان سەرەڕای هەموو سەرکوتکاری و بەکار هێنانی هێزێکی دژی گەلیی وەک سوپای پاسداران ڕۆژانە دەرحەق نەتەوەکەمان جینایەت دەخوڵقێنێ، بەڵام ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و بە داگیرکار دەڵێن:
ئەمڕۆژی ساڵێ تازەیە نەورۆزە هاتەوە ، جێژنێکی کۆنی کوردە و بەخۆشی و بەهاتەوە.
ئێمەش وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان لەگەل ئەوەی غەمبارین کە شاری عەفرین نەورۆزەکەی فرمێسکی خوناوییە، پیرۆزبایی بە هەموو ڕۆڵە نەبەزیوەکانی نەتەوەی کورد دەڵێین و هیوامان ساڵێکی پڕ لە خەبات لە پێناو ئازادییە بۆ نەتەوەی کورد و یەکڕیزی و تەبایی ببێتەوە دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی.
نەورۆزتان پیرۆز و شادی و کامەڕانی میوانتان بێ ،
رێز و حورمەتیش بۆ هەموو ئەو دۆستانەی بە شێوەی جۆراوجۆر پیرۆزبایی نەورۆزیان لێ کردووین و داوای لێبوردن دەکەین کە ناتوانین تاک تاک وڵامی پیرۆزباییەکان بدەینەوە.
بەڕیوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان
نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی