بابەت: مێژووی کوردستان ، زمان: کوردی
مێژووی نەتەوەکان تەنیا لە مەیدانەکانی شەڕ و ملمڵانێی چەکداریدا دروست نابێت؛

بەڵکو زۆرجار بە قەڵەم و وشە لە بەرەیەکی فراوانتر و گشتگیرترەوە دەست پێ دەکات، گەشە دەکات و دەبێتە هێز و پاڵنەرێک بۆ خەبات لە پێناوی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی ئاوات و ئامانجە مێژووییەکان.
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی نەتەوەی کورددا، لاپەڕەی زۆر هەن کە بە هۆی جۆراوجۆرەوە بۆ نەوەی ئەمڕۆ نەناسراو و شاراوە ماونەتەوە؛ لاپەڕەیەک کە، سەرەڕای گرنگییان لە ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازیی، بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێشکەوتنە فکری و کۆمەڵایەتییەکان، هەتا ئێستا لە پەراوێزی توێژینەوە مێژوویی و کولتوورییەکاندا ماونەتەوە و ئەو گرنگییەی شایانیانە، پێیان نەدراوە.
یەکێک لەو لاپەڕانەی کەمتر ناسراوه و مخابن سەرنجی پێ نەدراوە، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی “کوردستان”ە کە لە نێوان ساڵانی ١٣٢٦ تا ١٣٤٠ هەتاوی(١٩٤٧تا١٩٦١) لە باکۆ، پایتەختی کۆماری سۆسیالیستی ئازەربایجانی سۆڤیەتی، لەلایەن ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، لە دوورەوڵات بڵاو کراوەتەوە؛ تا ببێتە ئاوێنەیەک بۆ خۆڕاگری و پاڵنەرێک بۆ خەباتی گەلی کورد لە ساڵە تاریک و هەستیارەکانی دوای سەرکوتکردنی کۆماری کوردستان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ (دیسامبری ١٩٤٦).
کتێبی “ڕۆژنامەی کوردستان چاپی باکۆ”بە بۆنەی ٨٠ ساڵ تەمەنی ڕۆژنامەی “کوردستان”، ئۆرگانی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئامادە کراوە و تایبەتە بە شیکردنەوە و خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە چاپی باکۆی ئەم ڕۆژنامەیە و شوێن و پێگەی لە ڕەوتی گۆڕانکاریی ڕۆژنامەوانی کوردیدا. بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە پێویستە و دەبێت وەک بەشێکی گرنگ لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردی لە سەدەی بیستەمدا پێناسە بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕۆژنامەیە بۆ ماوەی چواردە ساڵ و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەفتانە دوو ژمارەی لێ بڵاو دەکرایەوە، هەتا ئێستا توێژینەوەیەکی سەربەخۆ دەربارەی مێژووی ئەم ڕۆژنامەیە، شێوازی چاپ و بڵاوکردنەوە، پێکهاتەی دەستەی نووسەران، نووسەران و بەرپرسانی، ناوەڕۆکی بابەتەکان و هەوراز و نشێوەکانی ئەم ڕۆژنامەیە ئەنجام نەدراوە. بەداخەوە، لەلایەن بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی ڕۆژنامەکەوە، هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوون، هیچ نووسینێکی گشتگیر دەربارەی چواردە ساڵ چالاکی و قۆناغە جیاوازەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان” بەجێ نەماوە.
ئەو زانیارییانەی هەتا ئێستا لە هەندێک بیبلیۆگرافی و سەرچاوەی پێوەندیدار بە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردی سەبارەت بەم ڕۆژنامەیە کۆکراونەتەوە، بە گشتی لە چەند پاراگرافێک تێناپەڕن؛ ئەویش لە کاتێکدا کە “کوردستان” بۆ ماوەی ١٤ ساڵ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە گشتی ١٣٣٧ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرجەمی ئەم ڕۆژنامەیە نەک تەنیا سەرچاوەیەکی بایەخداره بۆ خوێندنەوەی مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردی، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی گرنگیشە بۆ لێکدانەوەی گۆڕانکارییە سیاسی، کولتووری و فکرییەکانی کورد لە یەکێک لە پڕئاڵۆزیترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخدا.
لە ماوەی ئەو چواردە ساڵەدا، ژمارەیەک لە کەسایەتییە کولتووری و سیاسییەکانی کورد، بە کەم و زۆر، لەگەڵ “کوردستان” هاوکارییان کرد. لەوانە دەتوانرێت ناوی کەسانێک وەک عەلی گڵاویژ، ڕەحیم قازی، کەریم ئەیوبی، موراد ڕەزماوەر، عەبدوڵڵا ڕەزماوەر، حەسەن حیسامی، ڕەحمان گەرمیانی، مستەفا شەڵماشی، عەزیز شەمزینی، محەممەد سولتان وەتەمیشی و قادر مەحموودزادە بهێنرێت. ئەم کەسانە لە ماوەی مانەوەیان لە یەکیەتی سۆڤیەتدا بە خوێندنی باڵا و پلە زانستییەکان گەیشتن و لە بوارە جۆراوجۆرە زانستی، کولتووری و سیاسییەکاندا چالاکییان کرد.
لە نێوان ئەم کەسانەدا، ڕەحیم قازی و عەلی گڵاویژ هەتا کۆتایی نووسەر و کاربەدەستی سەرەکیی ڕۆژنامەکە بوون و ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەردەوامبوونی چالاکییەکانی گێڕا. بەڵام مێژووی ژیان، چالاکی سیاسی و کولتووریی؛ پێوەندیی نێوان ئەندامانی دەستەی نووسەران، جیاوازیی بۆچوون و شێوازی هاوکاریی و پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دامەزراوە سیاسی و کولتوورییەکانی ئەو سەردەمە، هەر یەکەیان بابەتێکی سەربەخۆ و شایانی توێژینەوەیەکی تایبەتن. لەم کتێبەدا، بە پشتبەستن بە زانیاری و بەڵگە بەردەستەکان، تا ڕادەیەک باس لەم بابەتانە کراوە؛ بەڵام بێگومان بۆ گەیشتن بە وێنەیەکی تەواوتر، پێویستی بە توێژینەوەی بەڵگەنامەیی و مێژوویی زیاتر هەیە.
چارەنووسی ئەندامانی دەستەی نووسەران و هاوکارانی “کوردستان” خۆی بەشێکە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەم بڵاوکراوەیە. عەلی گڵاویژ، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی نووسەران، لە کارەساتەکەی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ لە زیندانی ئێوینی تاران گیانی لەسەر ئامانجەکانی خۆی دانا. عەزیز شەمزینی لە ساڵی ١٣٧٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، لە ورمێ بە شێوەیەکی گومانلێکراو لە حەوشەی ماڵەکەی خۆی کوژرا. هاوکار و کاربەدەستانی دیکەی ئەم بڵاوکراوەیەش هەر یەکەیان چارەنووسێکی جیاوازیان هەبوو و، بێجگە لە قادر مەحموودزادە، ئەوانی دیکە دوور لە نیشتمان و لە تاراوگە و وڵاتی جۆراوجۆر کۆچی دواییان کرد.
بەم شێوەیە، مێژووی “کوردستان” تەنیا مێژووی ڕۆژنامەیەک نییە؛ بەڵکو بە ژیان، چارەنووس، هیواکان، خەبات و ئازارەکانی نەوەیەک لە ڕووناکبیر و چالاکانی کوردەوە گرێدراوە.
لەبەر ئەوەش، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەی تەواوی ژمارەکانی”کوردستان” گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەر ژمارەیەکی ئەم ڕۆژنامەیە دەتوانێت بەشێک لە بیرەوەری مێژوویی قۆناغێک لە خۆیدا بپارێزێت؛ لە زمان و ئەدەبیاتی کوردییەوە بگرە تا هەواڵ و ڕووداوە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها بۆچوونە فکری و سیاسییەکانی نووسەرانی ئەو سەردەمە.
هیوادارین سەرجەمی ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، دوای کۆکردنەوە و لێکدانەوەی زانستی، ڕۆژێک بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بڵاو بکرێتەوە. بڵاوکردنەوەی سەرجەمی ئەم ڕۆژنامەیە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی بەشێک لە میراتی نووسراوی کورد و خۆشکردنی ڕێگا بۆ توێژینەوەی نوێ دەربارەی مێژووی ڕۆژنامەوانی، بیرکردنەوەی سیاسی و ژیانی کولتووریی کورد و به تایبەتی ئەندام و کادرەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەیە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم.
کتێبی “ڕۆژنامەی کوردستان لە باکۆ (١٩٦١–١٩٤٧)” ئێستا لە ڕێگەی کتێبفرۆشی “آیدا” لە ئەڵمان بەردەستە:
https://www.aidabook.de/node/5098
هەروەها لە ڕێگەی ماڵپەڕی Lulu ـەوە بڵاودەکرێتەوە:
https://www.lulu.com/shop/kamran-aminave/kurdistan-newspaper-published-in-baku-19471961/paperback/product-e72wy6e.html
