ئەم هۆنراوەیە تەنها دەربڕینی دڵتەنگیی تاکێک نییە، بەڵکو نامەیەکی ڕەخنەییە بۆ ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییە کوردانەی لە ماوەی مێژوودا، بە نرخی خوێنی شەهیدان و قوربانییانی زۆر، بانگەشەی ماف و خواستی نەتەوەیی کوردیان کردووە.

ڕەخنەکە لەوەدایە کە لە هەندێک هەڵوێست و بەشداریی سیاسیی نوێدا، ئەو خواستە نەتەوەییە — لە دیدی منەوە — لە ئاستی پرسی نەتەوەییەوە بۆ ئاستی پرسێکی ئیتنیکی دابەزیوە؛ ئەوەش پرسیارێکی قووڵ لەبەردەم ئەو کەسانە دادەنێت کە مێژووی تێکۆشان و قوربانییەکانیان لە پشتە.
ئەم دەربڕینە حوکمێکی کۆتایی نییە، بەڵکو پرسیارێکە؛ پرسیارێک لە ڕێگاکە، لە کەشتیوانەکە و لە چارەنووسی پاپۆڕێک کە ناوی نیشتمانە! “کۆچەری هیوایەکی بزر” لە ڕاستیدا گەڕانە بەدوای هیوایەکدا، بۆ ئەوەی هێشتا بتوانین ڕێگاکە بدۆزینەوە.
کۆچەری هیوایەکی بزر
هەرچەندە تەکام، بێ هزر و خەیاڵ،
تێبگەم لەم چەرخ و لەم ئەوزاع و حاڵ.
کتوپڕ خۆم دیت، بێزار و بێهۆش،
لە گۆماوی غەم، لە کەمینی ماڵ.
وێڵ و سەرگەردان، بێ مەی سەرخۆشم،
هیوام ون بووە، ژینم بووە چاڵ.
درەنگ پێم زانی، دۆڵ پڕ لە داوە،
هزر بووە پەتا، عەقڵیش بووە تاڵ.
نیشتمان غەرقە لە نێو تەم و مژ،
بۆتە نادیار، چارەنووسی کاڵ.
مێژووی ئەم خاکە پڕ بوو لە گریان،
داهاتووش لێڵە، ئاسۆ پڕ لە داڵ.
ڕوانیم لە زەریای باووبۆراندا،
بێ کەشتیوانە، ئەم پاپۆڕە شاڵ.
گەشی نابینم ڕێگای کۆمەڵگا،
هاوردەی نامۆ، بەختی لە زەواڵ!
ڕەحیم نزهتزادە
٢٧/٠٩/٢٠٢٦
