کورد قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێ ” سەرتاش کە بی ئیش بوون، سەری یەکتر دەتاشن”. بەڕاستی ئەو مەسەلەیە رێک لەو بەڕێزانە رووی داوە.

کەسیان دەست نەکەوتوە دەگەڵی پێک بێن، بۆ خۆیان وەک بەشێک لە نوێنەرانی نەتەوە بێ مافەکان کۆبونەوە و بەڵێنیان بە یەکتری داوە و واژۆی ئەو بەڵگەنامەیەیان کردوە کە لە قۆناغی دوای رووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن!
ئەوە کارەساتە، چونکە لە ۱۰۰ ساڵی رابروودا ئەوەی لە نێو وڵاتی ئێراندا مافی مرۆڤی پێشێل کردووە نەتەوەی باڵادەست واتە فارس بووە کە هەموو شتێکی بۆ خۆی قۆڕغ کردووە و زمانی فارسی بەزۆر بە سەر زمانەکانی دیکەدا سەپاندووە و قەڵاچۆی سەر و ماڵ و کولتوور و ئایین و هەموو شتێکی نەتەوەکانی دیکەی کردووە، کەوابوو ئەوەی کە دەبێ شەرم بکات و بەڵێن بدات کە لە قۆناغێ داهاتوودا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێ نەتەوەی فارسە نەک نەتەوەیەکی دیکە، جگە لەوەش خۆ ناکرێ هەموو کەم وکووڕیەکانی خۆمان بخەینە ئەستۆی نەیارەکانمان و پێویستە رەخنە لە خۆشمان بگرین کە بەرنامە و ستراتیژی خۆمان بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد چ بووە و ئێستا چیە؟ کارەسات داوای ماف کردنە! داوای ماف کردن یانی چی؟ داوای ماف لە کێ دەکەن؟ لە چ شوێنێکی سەرگۆی زەوی جگە لە کورد، گەلێک بووە کە داوای مافی لە گەلێکی دیکە کردووە؟ ئەو قسە پڕ و پووچە ئیدی سواوە و مانای نیە کە دەیانگوت ماف نادرێ بەڵکە دەئەستێندرێ، نەخێر ماف نە دەدرێ و نە دەشئەستێندرێ بەڵکە ماف دیاری دەکرێ و دەسەپێندرێ ئەوەش تەنیا بەهێز دەکرێ.
ئەوە دروشم نیە، بەڵکە مێژووی گەلانی ژیر و پێشکەوتووخوازی جیهانە کە بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆیان نە پرسیان بە کەس کردووە ونە ئیزنیشیان لە کەس خواستووە.
جووەکان داوای مافیان لە کەس نەکرد، خۆیان رێکخست و کۆچیان کردەوە بۆ خاکی باب و باپیرانیان بۆ ئەو شوێنەی کە کتێبە پیرۆزەکەیان وادەی پێدابوون و شەڕی هەموو نەیارەکانی خۆیان کرد و دەوڵەتی ئیسرائیلیان بۆ گەلی جوو درووست کرد کە ئێستاش یەکێکە لە بەهێزترین وڵاتانی جیهان.
ئێستا ئێوەی بەنێو سەرکردە و دەمڕاستەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەهەمان بازنەدا دەخولێنەوە کە کورد لە باشوور و رۆژئاوا پێیدا تێپەڕین.
دوای رووخانی سەدام، ئێراق بە مانای وشە وێرانەیەک بوو کەچی کورد کون بەکون هەموو دنیا گەرا هەتا شیعەکانی دۆزیەوە وبە خەرج وموخاریجی خۆی هێنانیەوە بۆ بەغدا و بەقەولی ماموستا شێرکۆ بێکەس بە دەستی خۆی سێدارەکانی بۆ چەقاندنەوە، ئەوساکە ئێراق نە هێزی هەبوو، نە چەکی هەبوو نە سەرکردە، لە بەرانبەریشدا کورد خاوەنی دەیان ساڵ خەبات وخوێن و قوربانی و زیاتر لە ۱۰ ساڵیش حوکومڕانی بوو بەڵام هەمدیسان بۆوە بە داواکار و هەتا ئێستاش داوای مافەکانی خۆی لەو کەسانە دەکات کە لە بەشێکیان هەتا پێش رۆخانی حوکوومەتی بەعس لە کوردستان و لە سەر خوانی کورد نانیان دەخوارد و ملیان ئەستوور دەکرد.
ئەحمەد شەرع لە سووریا چی بوو؟ نە حیزبی هەبوو و نە دەیان ساڵ ئەزموونی خەبات و حوکمڕانی ونە رابردوویەکی پاک کەچی رێک وەکوو کورد لە باشوور، کوردی رۆژئاوا به دەیان ساڵ ئەزموونی خەبات و خوێن، ۱۰ ساڵیش زیاتر ئەزموونی حوکومڕانییەوە کە هەموو دنیا دانیان پێدانابوو و بە ئیقراری زۆر سەرکردەی وڵاتان و خودی ئەمریکا، کورد دەیتوانی ببێتە خاوەنی سووریا وئەوە بێت کە بەرەی نووسرە و ئەحمەد شەرع ئەمڕۆکە هەن بەڵام مێژووی دووپات کردەوە و چوونەوە بەر دەرگای داعیشەکانی دوێنی و دەستیان پان کردەوە داوای مافیان لێکردن.
ئێوەی بەناو نوێنەری رۆژهەڵاتیش بەدڵ موشتاقن و هەر لە ئێستاوە لیستی بەناو داواکاریەکانتان ئامادە کردووە کە لە سبەینێی ئێراندا کەسێک یان لایەنێک بێت و ئێوە داوای مافی لێبکەن. کەس نازانێ بۆچی و لەبەرچی؟ ئەوە فەلسەفە نیە کە زۆر کەس نەیزانێ، ئەوە حەقیقەتە کە هەرکات داوای شتێک لە کەسێک یان لایەنێک بکەی واتە ئەو لە تۆ گەورەترە، لە تۆ سەرترە و ئەتۆ پلەیەک لەو نزمتری، ئەوە یانی ئەتۆ دان بەوە دادەنێی کە بەرانبەرەکەت لە تۆ بەهێزترە و بۆی هەیە بۆ تۆ دیاری بکات چۆن بژی و دەسەڵات و هەموو شتێکی تۆ لای ئەوە و ئەو چارەنووس بۆ تۆ دیاری دەکات.
بەڵام واژۆ کردنی پەیمانی مافەکانی مرۆڤ بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی یانی چی؟ ئەو کەس و لایەنانە کێن کە وەها بەڵێنێک دەدن؟ بە چ زەمانەتێکەوە؟ کەسێک کە دەسەڵاتی توورێکی نیە چ وادە و بەڵێنێک دەدات؟ راستی مەگەر دەوڵەتی ئێران جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی واژۆ نەکردوە؟ ئەدی ئەو هەمۆ کۆشت و بڕینە لە ماوەی ئەم ۱۰۰ ساڵە لەو وڵاتە دایە مانای چیە؟
مەگەر خومەینی سەرەتای شۆڕش بەڵێنی نەدا بچێتەوە نێو مزگەوت و دینداری بکات؟ مەگەر بەڵێنی نەدا هەموو کەس ئازاد دەبێ و هەموو شتێک بە بێ بەرانبەر دەبێ؟ دەی ئەو چەندین ساڵە لە ئێراندا جگە لە خوێن و گیانی مرۆڤەکان چ شتێک ماوە کەهەزار هێندە گران نەبوو بێت؟ کەوابوو نرخی واژۆیەک چیە و چەندە کە ئێوە خەرکین بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و چاوەڕێن گەلی کورد شایی ولۆغانی بۆ بکات؟
ئێوە له دنیای خەیاڵاتدا دەژین و بڕواتان بەو حەقیقەتە نیە کە هەموو شتێک لە سەر عەرزی واقێع جێ بە جێ دەکرێ!
ئێوە لە بری باڵ باڵێن وهەڵبەز دابەزی ئەو بەراوبەر و لە جیاتی ئینکاری و لێدانی ئەوانەی وەک ئێوە بیر ناکەنەوە، باشترە هەوڵ بدەن نێو ماڵی کورد رێکخەن و لە ئەگەری هەر بۆشاییەک لە ئێراندا، دەسەڵاتێکی کوردی دامەزرێنن کە نە مافی کەس پێشێل بکات ونە رێگاش بدات کەس مافی کورد پێشێل بکات؟ ئێوە ناتانهەوێ ئەو راستیە بزانن کە رێز بەرانبەرە بە هێز.
ئێوە دەگەڵ دار و بەرد دادەنیشن و پەیتا پەیتا پەیماننامە واژۆ دەکەن کەچی ٥۰ ساڵە نەتانتوانیوە پێکەوە و بو بەرژەوەندی کورد نەک بەرەیەک بەڵکە کۆدەنگێکی مانادار پێک بێنن و ببن بە هێزێک کە یار و نەیار حیسێبی بۆبکات. ئێوە دەگەڵ هەموو کەس پێک دێن جگە لە خۆتان.
دەگەڵ دەیان تاکە کەس و لایەنی نەناسراوی وادا کۆدەبنەوە کە نێویان دەکوولەکەی تەڕیشدا نیە و هیچ سنوورێکیشتان بۆ دانیشتن و واژۆکردن دەگەڵیان نیە بەڵام دەگەڵ کورد هەزار بڕو بیانوو دێننەوە. مەبەستیش دژایەتی کردنی پێکەوە دانیشتن و وتووێژ و هاوکاری دەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نیە، مەبەست ئەوەیە هەموو شتێک سنوورێکی هەیە و پێویستە بپارێزرێت. بێهیوایی و نەبوونی بڕوا بە خۆ بوون بینەقاقای سەرکرایەتی کوردی گرتووە و لێی بۆتە مۆتەکە کە پێویستە لێی دەرباز بێت و بەر لە هەموو شتێک وهەموو لایەنێک بە هێز و پۆتانسێلی نەتەوەی خۆی پشت ئەستوور بێت.
ئـــــەنجام!
واژۆ کردنی پەیماننامە بەبێ هێز تەنیا مەرەکەبە لەسەر کاغەز. ڕێژیمێک جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردوە کەچی سەد ساڵە کوشتار دەکات؛ کەواتە واژۆ کردنی ئەو پەیمانە و هەزار بەڵگە و پەیمانی دیکە لە سبەینێی دوای کۆماری ئیسلامیدا هیچ کەس ناچار ناکات ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی کورد بەتایبەتی بگرێت.
ماف نە بە داواکاری وەدی دێت و نە بە پەیمان و بەڵێن واژۆ کردن، بەڵکو بە هێز دەسەپێندرێت. کەوابوو یان ماڵی خۆتان ڕێکبخەن و کۆدەنگییەکی ڕاستەقینە پێکبهێنن و ببن بە هێزێک کە یار و نەیار حیسابی بۆ بکات، یان واز لە فرۆشتنی خەون بە گەل بهێنن چونکە ڕێز بەرانبەرە بە هێز نەک بە واژۆ.
بابەتی پەیوەندی دار
