ئەم کردەیەش پێویستە ئاوڕێکی لێبدەینەوە و هێندێکی لەسەر بدوێین، چوونکە من وەک خۆم و زۆر کەسی دیکەشم دیوە، کە بەرەو ڕووی ئەم پرسیار گەلانە بۆتەوە،
کە داخوا چەندە ئەم پرسە ئایینیە، یان بۆتە کولتووری خەڵکانێک و چەندەش پێویستە؟ یان ئەگەر ئەم کارە نەکرێت بەهەر هۆیەکەوە، تا چەندە زیان بە مردوو یان زیندووەکان دەگەێنێت؟ یان ئەگەر ئەم کارە کرا چ سوودێکی بۆ کۆچ کردوو هەیە؟ هەروەها چۆن بکرێ و چیش بوترێت، ئەویش جێگەی لێدوانە. من بەکورتی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دەنووسم و ئیتر خوێنەریش با خۆی بڕیار بدات.
هەر کردار و هەڵس و کەوتێک، کە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئەنجام دەدرێت، شۆڕاوە و لەبەرهەڵگرتنەوەی ـ کوپی ـ جۆری کردارەکانی بەرەکانی پێش خۆیانە، بە هێندێک ئاڵ و گۆڕەوە. جا ئەو کردارە بۆتە باوی ناو خەڵکان و پاشان مۆری ئایینیشی بەسەردا نرابێت، یان لەسەر بڕوای بڕواداران ڕاستەوخۆ شتێکی ئایینی و خوایی بێت.
بابەتی بە وتەی ئەوانەی، کە وا فێر کراون ”تەڵقین”ی، مردووش، بە هەمان شێوە. واتا، شتێکی کولتووریە و لە دێر زەمانەوە بووە و هاتۆتە ناو کۆمەڵگەکانی پێڕەوانی ئایینە یەک خوا پەرەستییەکانەوە، کە یەکێک لەوانە، پێڕەوانی ئایینی ئیسلامە. هەر لەو سەردەمانەوە دەسا و دەسی پێکراوە و ئێمەی کوردیشی گرتۆتەوە. جا بوو بە بەشێک لە کولتووری ئێمەش. لەبەر ئەوەی ناوی ئاینیشی هاتە سەر، لەلایەن خەڵکانی پێڕەوی ئەم ئایینەوە، بە کردەیەکی پیرۆز چاوی لێکرا و بەردەوام ئەم کردەیە ئەنجام دەدرێت.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لێرەدا وتەیەی پەیامبەری ئیسلام ”موحەممەد” (دخ) بە نموونە دێنمەوە، کە گۆیا ئێژێ ”لقنوا موتاکم لا إله إلا الله” واتە، لەکاتی سەرەمەرگدا بە کەسەکانتان ـ مردووەکان ـ بێژن لا إله إلا الله. ئەڵبەت بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، کە ئەم وتەیە بۆ کاتی سەرەمەرگە، ئەگەر کرا، ئەگەریش نەکرا، ئەوە هیچ، زانایانی شەرعی ئێژن، نابێ بە گوشار پێ هێنان ئەم وشانە بخەیە سەر زاری و پێی بێژیت، نەکا نەێژێتی.
کەوایە، پێ وتنی ئەم ڕستەیە لەبەر ئەوەیە، ئەو کەسە بە ئیمانەوە کۆچی دوایی بکات. هیچ دوور نییە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسە لە دۆخێکی زۆر دژواردایە و لەبەر ئێش و ئازار و ناڕەحەتی لەشی، بەهەرچی دڵ خۆش بێ و ئاسوودەیی بۆ بێنێ، ئەو کەسانەی بەدیاریەوەن، با بە هەرشتێک ئەو کەسە دڵ خۆش و ئاسوودە دەبێت، وای پێ بێژن، یان بە گوێیدا بچرپێنن. یەکێک لەوانە، کە باوەڕداری ئایینی دڵ و مێشکی پێ ئاسوودە دەبێت، ئەوەیە سورەتێک لە قورئان، ڕەستەی لا إله ألا الله،ی، بخەیە سەر زار. یان هۆرەیەکی جافی، حەیرانی دەشتی هەولێر، مەقامێک یان … هتد، بە گوێیا بخوێنی تا بە ئاسوودەی بمرێت. لەهەر دۆخدا، ئەگەر مەبەست کەسەکەیە، کە لە دۆخێکی دژواردایە، کەوایە دبێ جۆرێک هەڵس و کەوتی لەگەڵ بکرێت، کە ئەوی پێ دڵخۆش بکرێت. بە واتایەکی دیکە، ناخی کەسەکە بخوێنیەوە و لێی تێبگەی. ئەگەریش مەبەست خێر و سەوابە بۆ کۆچ کردوو، ئەوە خۆ ئەو هیچی بە نسیو نابێت.
کەوایە، با دان بەوەدا بنێین، کە ئەو تەڵقینە خەڵکی پێی فێر کراوە، مەبەست باس و دڵدانەوە و هاودەردی لەگەڵ کردنی زیندووەکانە، نەک مردوو. ئەگەریش سەوابێکی هەبێت وەبەر زیندووەکان دەکەوێت، نەک کۆچ کردوو. چوونکە ئەوە بنەماڵەی کۆچ کردوو و ئەو خەڵکانەیە لە کاتی بەخاکسپاری و سەرەخۆشیدا بۆ ئازیزەکەیان دڵیان بریندارە. دەبێ یەکتر بەسەر بکەنەوە. کۆچ کردوو ڕێگەی خۆی گرت و چووە بەر دلۆڤانی خودا. هەرچیشی لەدونیادا کردبێت چ چاکە یان خراپە، لەگەڵ خۆی بردی. ئیتر ئێمە زیندووەکان هەرچیشیان بۆ بکەین بە دادی ئەواندا ناگا. نە سوودی بۆ ئەوانە و نە بە ئەنجام نەدانی تەڵقینیش هیچ زیانێکیان پێدەگات. ئەو وتنانەش، کە لەسەر گۆڕی کۆچ کردوو دەوترێت، هەمووی بۆ بەگوێ گەیاندنی ئامادە بووانە، کە لەسەر ئەو باوەڕە ئایینی بڕۆن. ـ بوونی خوا، مردن، زیندەوە بوونی پاش مەرگ، هاتنی فریشتە، پرسیار و وڵام، پەیامبەران، ڕۆژی دوایی، پەرتووکە ئاسمانیەکان و … .ـ مەگەر ئەوە نییە یەزدانی مەزنیش لە قورئاندا وا ئێژێ ”لەو بژێوەش، کە ئێمە پێمان داون، لەڕای خودا بەخت بکەن، بەرلەوەی یەکێ لە ئێوە مردن” المنافقون، ٩.
لەلایەکی دیکەشەوە دەبی و زۆریش پێویستە وتەی مامۆستایانی ئایینی، کە ئەرکی بەڕێوەبەری وتنەکانی سەرخاک و کاتی ناشتنی مردوو و سەرەخۆشییەکانیان پێ دەسپێرن، باسی پێکەوە ژیانی بەتەبایی خەڵک، بە هاناوەچوونی یەکتر، یەک دەنگی و یەک ڕیزی، خەمخۆری گەل و نیشتمان و … تاد، بکەن بۆ ئەو خەڵکانەی لەو ڕۆژانەدا لەدەوری یەکتر بۆ ئەو بۆنانە کۆ دەبنەوە. نەک وتنەوەی هەزارانجار دووپاتە بووەوەی، ترسی قەبر و ئازار و ئەشکەنجە و مار و دوو پشک و ئاگری دۆزەخ و … ، ئەوانە. دەبێ لەو فرسەتانەدا کەڵکی باش وەرگرن و لە کاتەکە بە سوودی خەڵک کەڵک وەرگرن. زۆر پێویستە باسی گرفت و چارەسەریەکانی ڕۆژیان بۆ بکەن.
شایانی باسە:
ئەوەی پێویستە بۆ مردووەکان بکرێت، شۆردن، کفن، ناشتن و ئەگەریش بڕ بکا، دۆعای خێر بۆیان، تا بەهەشتیان بەنسیو بێت و بەر بەزەیی خوا بکەون. ئەمانە لە دۆخێکی ئاساییدا دەگونجێن.
لەکۆتایی نووسینی ئەم بابەتەدا دەبێ بێژم، من دژی وتەنەکانی سەر گۆر، تەڵقین، قورئان خوێندن بەسەر نەخۆشدا، گۆرانی و سۆز و هۆرە و موسیقا و … ، نیم، بەڵکوو لەگەڵ چەندایەتی و چلۆنایەتیەکەدام. من پێم وایە، ئەو شتانە دەبێ گۆڕانکاریان بەسەردا بێت بەو شێوەیە، کە باسم کردووە.
مەجید پاڵانی، نۆروێژ