"an independent online kurdish website

سەرەتا با بڵێم نامهەوێت زۆر بنووسم چونکە دیتنی ئەم گرتە ڤیدیۆییە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە و وەک دەڵێن قسەکردن و نووسین جێگەی دیتن ناگرێتەوە و خۆتان بڕیار بدەن لەمبارەیەوە.koyledari

تکایە تا کۆتایی بیبینن!

ئەوەتی مرۆڤ لە سەر زەوی هەیە و بە تایبەت لە کاتی داگیرکاری و سەردەمی ئیستعمارەوە، سیستەمی کۆیلەداری و بە کۆیلەکردنیش بوونی هەیە، کەواتە مێژووی هەبوونی کۆیلە و بە کۆیلەکردن و عەبدایەتی بە درێژایی مێژووی بوونی  مرۆڤەکانە لە سەر ئەم دونیایە.

کاتێک باسی سیستەمی کۆیلەداری لە لایەن زلهێزەکانەوە دەکرێت ئیستعماری بەریتانیا و زۆربەی وەڵاتانی ڕۆژئاوایی ناویان زەق دەبێتەوە، بەڵام هاوکات ناوی “ئابراهام لینکۆڵن” وەک شازدەیەمین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بۆ یەکەمین جار فەرمانی هەڵوەشانەوەی ” کۆیلەداری” لە ئەمریکا دەرکردووە بەرچاو دەکەوێت.

لەمڕۆدا و لە زۆر وەڵاتی دیکەی ئەم جیهانەدا هێشتا پاش ئەو هەموو ململانێ گەورەیەی کە لە نێوان عەقڵیەتی کۆیلەداری و ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و پەسەند کردنی زۆر یاسا و بڕگە و بابەتی گشتگیر و جیهانی هاتۆتە ئاراوە، مخابن هێشتا نەتواندراوە ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە بن بڕ بکرێت.

لە باشووری کوردستان و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتداری نیمچە سەربەخۆی کورد کە بە دەیان و بگرە سەدان ڕێکخراوی داکۆکیکار لە ماڤی مرۆڤ بوونیان هەیە و ڕیکلام بۆ دادپەروەری لە سەرجەم بوارەکان دا دەکرێت، بە پێچەوانەوە سیستەمی کۆیلەداری و بە کۆیلە کردن و عەبدایەتی مرۆڤ سات و سەودای پێوە دەکرێت.

ئەگەر لە کۆمەڵگەی عەڕەبی و بە قەولی خۆیان دواکەوتوو ئەمە حاڵەتە بوونی هەیە، ئەوە دەڵێن عرووبەیە و ئەوان ڕاست ناکرێنەوە، کەچی خۆیان بەشێکن لەم عەقڵیەتە قێزەونە کە وێڕای پێشێل کردنی سەرەتایی ترین ماڤی مرۆڤ کە ئازادی تاکە، بەداخەوە خۆشیان بازرگانی بە مرۆڤ و بە تایبەت کچان و ژنانەوە دەکەن.

لەوەها کات و ساتێکدا کە پۆل پۆل چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجان لەمەڕ نەبوونی بژیوی ژیان و خزمەتگوزاری گشتی وەک ئاو و کارەبا و هەست کردن بە مەترسی لە سەر داهاتوویان خۆیان کوردستان جێ دەهێڵن، کەچی ماڵی بەرپرس و دەوڵەمەند هەیە کە کارەکەر یان باشتر بڵێین کەسی دەسکورت و هەژار بە ناوی کۆیلە لە فەلیپین و ئەریتریا و ئیتیوپیا و نیپاڵ دەکڕن و چەندین کۆمپانیاش لە باشووری کوردستان هەستاون بەم کارە ناشیاوە و نامرۆڤانەیە.!!!

ئەگەر دادپەروەری لە کوردستان بوونی هەبوایە نە تاکی کورد دەبووە مامەڵەچی بەم دیاردە دژە مرۆڤانەیە و نە گەنج و لاوی ئەم وەڵاتەش هەڵدەهاتن بۆ هەندەران و خۆیان بە ئاو و ئاگردا دەدا.

بەداخەوە نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو خۆی لە لایەن چەوسێنەران و داگیرکەرانی کوردستانەوە چەوساوەتەوە و حیسابی کۆیلەی بۆ کراوە، لەمڕۆدا حازرە بۆ بەرژەوەندی و بوونی ئیسڕاحەت و حەسانەوە لە ماڵی خۆیدا،  سەرەتایی ترین مافی کەسانی دیکەی ئەم جیهانە پێشێل بکات.

لە ئێستادا خەمخۆرانی مافی مرۆڤ نە تەنیا ئاوڕێک لەم دیاردە دزێو و نامرۆڤانەیە نادەنەوە، بەڵکوو بوونەتە بەشێک لە واژۆ کەرانی وەها تراژێدیایەک و یانیش لەمبارەیەوە نوقەیان لێوە نایەت.!!!!

ڤیدیۆ


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی