"an independent online kurdish website

بە هیوای ئازادی و ڕزگاری نیشتیمان چەکمان کردە شان لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتدا، تا دەهات رێگە هەر درێژ و درێژتر دەبۆوە، رێگەمان کەوتە باشووری کوردستان، تەمەنی گەنجیمان بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچوو،penaberan-hatn-eu

دەستی ڕەشی تێرۆر هەموو باشووری کوردستانی داگرتبوو و لەو دەڤەرە جێگەیەکی ئەمن بۆ ژیان بەدی نەدەکرا.

خەیاڵی بەهەشتی ئەمنی ئوروپا ئێمەی بەرەو کەناری دەریای ئارام دەکێشا،رۆژ بە رۆژ ئەو کاراوانە لە زیاد بون دابوو. بۆ گەیستن بە بەهەشتی ئارام رێگەیەکی دوور و درێژ و پڕ مەترسیمان لە بەر بوو،گەرانەوە بۆ دواوە سەخت بوو.

دوای نائومێدی لەو بەشەی نیشتیمان سواری ئەو قەتارە بووین کە دەمێک بوو بەرەو تورکیە کەوتبۆ رێگا، هەموو رۆژێ هەواڵی ناخۆش، دیپۆرت کردنەوە، بێ سەر و شوێن بوون، پۆلیس و ژاندارمەی توورک، دەریای ئیجە، قاچاخچی ناڕەسەن ئەو وشەو دەستەواژانە بوون کە  بەر گوێمان دەکەوتن بەڵام ئەو قەتارە هەر بەرەو پێش دەچوو.

ئەوەی هەمان بوو فرۆشتمان،ئەوەی نەمانبوو قەرزمان کرد و دامانە دەستی قاچاخچی. کاکی قاچاخچی خۆی لێکردبووینە فریشتەی نەجات و هەموو رۆژێ مزگێنی بەهەشتی پێدەداین . ئەوەی هەمان بوو کردمانە دەستی قاچاخچی و خۆمان دایە دەست قەزا و قەدەر. ئێوارەیەکی نێوەراستی زستان کاروانەکەی ئێمە لە هەولێرەوە بەرەو تورکیە کەوتە ڕێ. قاچاخچی گوتی تەنیا بیست خولەک بە پێ دەرۆن و رێگا ئەمن و ئارامە،ئێمەش هەموو شتێکمان باوەڕ دەکرد چونکە هیچ رێگە و هیوایەکی دیکەمان نەبوو. لە هەولێرە بەرەو سنووری باکووری کوردستان کەوتینە ڕێ، بەشێک بە ترومبێل و بەشێک بە پێ تا گەیشتینە سنووری باکووری کوردستان و ئێوارە لە رووبارێک پەڕینەوە و بە پەلە پەل سواری توێتایەکیان کردین و چادرێکیان بە سەر داداین. رێگە بەفر و سەهۆڵ بوو و ماشێن سەرنەکەوت،بەشێکمان دابەزین و ماشینمان پاڵ دا و دوایی لە بەرزاییەک بە پەلەپەل دایانبەزاندین و بە نیو بەفر و لێڕەواردا تێپەڕیین. گوتیان ئێمە  چەند خولەکیکیتر لە خوارەوە هەڵتان دەگرین، هەموومان سڕ بووین هەر کەس بەدوامان دا نەهات، تۆمەز ئەوان ئێمەیان نەدیتبۆوە کە لە دۆڵێک دا خۆمان حەشار دابوو تا نەکەوینە دەست ژاندارمەی تورک. ئەو جار هاتن و بردیانینە گوندێک گوتیان سبەی شەو بەڕێتان دەکەین. ئێوارە لە بەر ئەوەی کە بەفرێکی زۆر باریبوو گوتیان ژن و مناڵ لەو کوێستان و بەفرە دەرناچێ، پیاوەکان بە پی برۆن و ژن و مناڵەکە بە ماشێن دەبەین، من قبووڵم نەکرد و گوتم پێویستە دوو سێ کەسمان لە گەڵ ژن و مناڵەکانمان بچین. قاچاخچی گوتی ئەوان بە پێ ناڕۆن، تەنیا 20 خولەک بە پێ دەڕۆن بەڵام قبووڵمان نەکرد. من و برادەرێکی دیکە لە گەڵ ژن و مناڵەکان بە ماشێن رۆیشتین. باوەڕ کەن جادەکە شاخ و کێوێکی گەلێک سەخت و حەستەم بوو، هەمووی بەفر و سەهۆڵ بوو، تەنیا یەک تەگەر زنجیری هەبوو بەڵام ئەو شۆفیرە بە شێوەیەک دەڕۆیشت کە ئەگەر تەنیا یەک چرکە تووشی رووداوێک بایە ئەوە هەموومان هەپروون بە هەپروون دەبووین. بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەو قاچاخچیە بە بێ دەورە دەتوانێ یەکسەر ببێتە فرۆکەوانی فڕۆکەی شەڕکەر. لە پەنا شەمزینان گوتیان دابەزن و لەو چیایە سەر کەون، بەفر و چەو بوو، هەر دەچووینە سەر و دەهاتینەوە خوار،من مناڵی یەکێک لە هاوڕێکانم لە کۆڵ کردبوو تا سەرکەوتین. قاچاخچی پیاوێکی بە تەمەنی لە گەڵ ئێمە ناردبوو، شەمزینانمان لێ دیار بوو کە لە دۆڵێک دا بوو، کابرا پیرە گوتی دەبێ لەو سەرەو ژێرە بچینە خوار بەڵام ناتوانین بە پێ بڕۆین چونکە ” قەرەقۆڵ” دەمانبینێ. گوتی دانیشن و بە خلیسکین بەم دۆڵە شاخاویەدا دەڕۆین. کابرا دانیشت و وەک مووشەک بەو شاخ و دۆڵەدا ڕۆیشت. منیش مناڵی هاوڕێکەم لە کۆڵ کرد و بە دوای ئەودا ڕۆیشتم، تورمز نەبوو، ئەوبەر ئەوبەری دۆڵەکە شاخ و خەتەر بوو. لە نیوەی رێگاکە مناڵەکە ترسا و گوتی”دەتوانی هێواشی کەیەوە”؟ گوتم بە داخەوە تورمزم نیە. چووینە بەر ماڵان و سەگەکانی “قەرەقۆڵ” هەستیان پێکردین. بە پەلە بە نێو ماڵاندا ڕەد بووین، قاچاخچی دوو کەسی سواری ماشێن کرد و پۆلیس گەیشتە سەرمان،خۆمان مات کرد و نەیان دیتین، دووبارە ماشێن هاتەوە، سوار بووین و ماشینی پۆلیس بە دواماندا بەڵام قاچاخچی ئەوەندە تووند بوو کە ماشینی پۆلیس لەو بەفر و سەهۆڵەدا هەر تۆزیشی نەشکاند. لە هەورازێک سەر کەوتین و بە هۆی بەفری زۆر ڕنوو هات و لە نێوەڕاست جاددە دا ماینەوە. بە هەر جۆرێک بێ نزیک بە دوو سەعات ماشینمان لە بەفر دەرباز کرد بەڵام لە سەرمان ڕەق هەڵاتین. کەمێکیتر رۆیشتین و دووبارە ڕنووی نامەرد رێگای پێگرتین. ئەو جار بە پی بە دۆڵێکی چۆل و ترسناکدا وەڕی کەوتین، من زۆر دەترسام لەو چۆلەوانیە ڕەوەی گورگ پەلامارمان دا بەڵام نەدەکرا ئەو ترسە باس بکەم. رێگایەکی دوور و درێژمان بڕی و گەیشتینە ئەو گوندە کە مەبەستمان بوو. ئەو بیست خولەکەی کە قاچاخچی باسی دەکرد بە چەند سەعات و بە دەردی سەری تێپەڕمان کرد. هاوڕێکانمان بەیانی گەیشتن، ئەوانیش وەک ئێمە شەکەت و ماندوو بەڵام خۆشحاڵ بووین کە نەگیراوین. لە ماڵێکی چووکە و سارددا ماینەوە، بە هۆی بەفری زۆر و گیرانی رێگا و بان ماوەی دوو رۆژ لەو شوینە ماینەوە و دواتر دیسان بە هەمان شێوە بە ماشێن و پیادە،بە ترس و لەرز، دووبارە هەڵبڕان، شەو و رۆژێک لە تەویلە و ئاغەڵدا ماینەوە و دواتر خستیانینە سەر لۆریەک کە بەزەحمەت دەچوویە ژێر ئەو نایلۆنە کە کرابۆ جێسازی. هیچی تێدا نەبوو، دەبوو دەنگ و هەستمان نەهاتبا، لە سەرمان رەق بووینەوە، بە شێوەیەک سڕ ببووین کە لاقەکانمان کاریان نەدەکرد. ماوەی هەشت سەعات لەو وەزعە نادیار و نالەبارەدا بووین. کاتێک گەیشتینە شاری ” وان” کابرای ساحەب ماڵ گوتی” کەسیان نەمردووە”؟ بە زەحمەت توانیمان دابەزین. سبەی دۆستانمان بە دوامان داهاتن و خۆمان گەیاندەوە بەر دەرگای ئەو کۆمیساریایە کە ساڵانێکە خەڵک بە دەستیەوە گرفتارە.

 

لە گەڵ ڕێزم    ” دێهاتی ”

 

تێبینێ: ناوی ئەسلی نووسەر لای ماڵپەڕی پێشمەرگەکان پارێزراوە ، بەڵام ئەمە بەسەرهاتی واقعی یە .

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی