"an independent online kurdish website

بەناوی خوای بێهاوتا

بۆ باسکردن لە بەتاڵی فتوای جیهادی خومەینی بەدژی گەلی کورد بەو ئایەتە لە سوڕەی ئەنفال بە ژمارەی ٧٤ دەست پێدەکەمmela_biraym1

کە دەفەرموێی:{ئەوانەی خاوەن باوەڕنو لە وڵاتەکەیان ئاوارەو دەرکراون، لەڕای خوادا تێکۆشاون و ئەوانەش کە پەنایان داونو کۆمەگیان کردون ، خاوەن باوەڕی ڕاستە قینەنو خوا لێیان خۆش دەبێو بژیوی باشیش هەر بۆ ئەوانە.}

ئەگەر بەکورتی مانای ئەو ئایەتە لێکدەمەوە دەڵێم: خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بەتەواوی شەرعیو ڕەوایەو بە‌هیچ کلۆجەیەک حوکمی کافری بەسەردا ناسەپێی . گەلێکی خاوەن باوەڕەو لەسەر داوایەکی ڕەوا ناچار بە پەڕیوەیی هەندەران کراوە، یان هەروالەژێر زۆڵمو زۆری داگیر کەراندا قەتیس ماوە . بۆ ڕزگاری لەوتەنگژەو نەهامەتیە بەردەوام خەباتی کردوەو تێکۆشاوە. لەو ڕێبازەدا بەهەزاران شەهیدو قوربانیداوە. بۆ ئەو هەوڵو تێکۆشانەش نە پشتی بەکەس بەستوەو نە خۆی بەهیچ سیاسەتو ڕیبازێکی بێگانەوە گرێداوە. ڕاست وەک خوائەرکی بۆ دیاریکردوە، بۆ دابینکردنو پاراستنی مافی خۆی هەرلـەسەر ئەوبنەمایە تێکۆشاوە.هێرشی بۆزێدیکەس نەکردوەومافی کەسی ژێر پێی نەناوە. بەردەوام لە ماڵی خۆیدا هەڵیان کوتاوەتە سەروگەمارۆیان داوە. کەوابـوخەبـاتی گەلەکەمان بە پێوەری ئیسلامی ڕەواو ئیزن دراوە. لە بەرانبەردا ئەوە کۆماری ئیسلامی ئاخوندیە نیشتمانی داگیرکردوینو مافە خواییەکانمان لەلای ئەوڕا پێشێل کراوە. هەزاران رۆلەی شەهیدو زیندانی کردوینوشۆڕشگێڕانی گەلی لە زێدی خۆیان وەدەرناوە. داخوائەو بەرەنگاریو قوربانیدانەی گەلی کورد جیهادە ، یان ئەو قەتڵوعامو داگیرکاریو بەندکردنوئاوارەکردنی ئێمەی کورد لەلایەن کۆماری خوێنو مەرگ، جیهادە ؟؟!! بێگومان هـەرکەس لـە ئیسلام تێگەیشتبێو خۆی نەدۆڕاندبێی دەزانێ ڕاستو ڕەواولەسەرهەق کامە لایە. دەزانێ قەڵاچۆ کردنی گەلێک بە ئیدعایەکی بەتەواوی لەڕاستی دوروو ناڕەوا جیهاد نیەو جینایەتە. ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی ئەو ڕۆژەیە کە لەسەر هەقبونی کوردو نـاهەقـیو زاڵمـبونو داگیرکاری کۆماری ئـاخوندی دەسەلمێنێ . حاشا لەوەناکرێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی گرینگی کوردستانی دابەش کراوی داگیر کراوە ، کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراوە . مێژوش سەلماندویەتی دەسەڵاتدارانی حاکم بـەسەر ئـێـراندا لـەژێـر نـاوی کۆمـاری ئیسلامیو هەر ناوێکیتر خەونی ئیمپڕاتۆری کۆنی ئیران بۆیەکتر دەگێڕنەوە ، کورد بە تاکە بەرهەڵستو دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن ، هەربۆیەش لە ئیراندا هەرکەس دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبێی قەڵاچۆ کردنو تواندنەوەی کورد خاڵی یەکەمی بەرنامەی کاری بوەو، ئەوەش بەمیرات لە شاوە بۆخومەینی بەجێماوە . بروانە خۆمەینی چۆن وڵامی داوا ڕەواکانی کـورد دەداتەوەو لـە فتوایـەکـدا دەڵـێـی: { اشداء علی الکفاررحماء بینکم} واتە دەگەڵ کافران زۆر توندو بێبەزەیی بـنو دەگەڵ خۆشتان بەڕوحمو بەزەیی بن. ئەوانە کافرو ئاژاوەگێڕن لەزەویوعاسمانو دەریاوە هێرش بکەنە کوردستانو بەزوترین کات ئەو ئاگرە دامرکێنن لەناویان بەرن.ئەوانە وابەستە بە ئەمریکاوبەعسی عێڕاقوداردەستەی شان! لەسەربناغەی ئەو فتوا نارەوایە کورد گیانو ماڵو ژنومنداڵو زیدیان لەخۆیان حەرامەو بۆئەوان حەڵاڵە !! لەسەردەمی خومەینیڕا تائەوکاتەی کە ڕوحانی سەرکۆماری ئـێـرانە هەردەنگێکی کاربەدەستانی حکومەتو تەنانەت غەیرە حکومیە کانیش ئەگەرلە قسەی سەرزارەکیان سەبارەت بەکورد نەرمیەکی پـێوە دیاربـوبێ ، دەیـان نەخشەوپیلانی دژە کوردیان لە پشتەوە کێشراوە . ئەوەش من ناڵێم بەڵکو مێژو بەزەقی نیشانیداوە ، کە پیلانی تـڕۆڕی ڕێبەری شەهیدمان قاسملو نـمونەی بـەرچاویەتی. سوپای داگیرکەر هـێـرشی کردۆتە سەر کوردستان ، بـەتـەرحـو بەرنامەی کاربەدەستانو فتوای ئایەتوڵایەکان لەو پەڕی بێبەزەییانە کوردبەکۆمەڵ کوژراوەو مـاڵو حاڵی وێـرانـو سوتـاوە. ئـیـمام مـستەفا چەمڕانی ئـەنجامدەری جینایەتی (تەلزەعتەر)ی فەلەستینی بۆکورد کوشتن هـێـنابوو. هـاوکات دەگەڵ ئەوهێرشە وەحشیانەوهەمەلایەنەلـەدەنگوڕەنگی ئێرانـو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکانو لەمینبەری مزگەوتوحوسەینیەکانولە حەوزەکانی عیلمیە پڕوپاگەندەیەکی ژاراوی دورلە ڕاستیو هەڵبەستراو بەدژی کوردان وەڕێخستو بە کافرو دژە شۆڕشی لە قەڵەمدان . کلیلی بەهەشتی بۆلاوە هەڵخەڵەتاوو مێشک شۆراوەو گوێلەمستەکـانی دروستکردو لەملی کردنو لە گیانو ماڵی کوردانی بـەردان. پـاسداری لەشەڕدا گیراوم دیوە بە( گەرگولی سەرێی) کە لە مهاباد دور نیە، دەکوت ئێرە ئێڕاقەو ئێوەش بـەعسین ! خۆشی ئەفغانی بـوو !! جیا لـەوەش ( خەڵخاڵی )جەلادی کردبوە نوێنەری خۆیو حاکمی شەرع، بەبێ لێپرسینو بـەڵگەی تـاوان بەکوتنی (مفسد فی الارض ومحارب باخدا) حوکمی ئیعدامی بەکۆمەڵی کوردانی دەر دەکردو بـەڵـگەشی ئـەوە بـوو: تـەوجیهی بـۆجینایەتـەکەی دەکـردو دەیـکـوت: لێپرسینیان ناوێی، ئەگەر تاوانباربن سەزای خۆیان دیوەو ، ئەگەر بێتاوانیشبن دەچنە بـەهەشت !! ئـەوانەی ئێعدام دەکران تەنیا تاوانیان کوردبونو داوای مافی رەوایان بوو. شاراوە نیە داوای مافی ئینسانی کەشەرعیش پشت ڕاستیدەکاتەوە، لەڕوانەگەی ئاخوندەکان فەسادو ئاژاوەگێڕیەو بێقسەیی ئیمامیش شەڕ دەگەڵ خوایە. ئەوانەش کەئەو داوایە دەکەن سەزایان نەمانە . لەسەر ئەوبنەما بەتاڵەو لەودەسپێکەڕا جینایەتەکانی قاڕنێو قەڵاتان ، هـەڵگیرساندنی شەڕی نـەغەدەو کوشتاری ئیندرقاشو خـەلیفەلیانو چەقەڵ مستەفاو کانی مام سەیدەو سەرچنارو قەرەگۆلو سەوزیو دەیانیتریشان خوڵقاند . بەباوەڕی مـن خەونی گێڕانەوەی ئیمپڕاتۆری ئێرانی ئەوجارەیان لەژێر ناوی دینـو بەدروشمی ڕێگەی قودس بە کەربەلا دایەو ناردنی شۆڕش بۆدەرەوە دەست یپێکردو شەڕی ئێرانو عێڕاقی هەربەو خەیاڵە لێکەوتەوە،کە سەر ئەنجامەکەی بە پاشە کشەی ئیمام تەواوبوو ئاگربەسی قبوڵکردو بـەخواردنەوەی پـیـاڵەی ژاری نـاوبـردوو بـوبـەهۆی مەرگیشی. ڕێبوارانی ڕێگای ئیمام بـە ئاشکرا لـە لوبنانوسوریەو ئێڕاقو یەمەن، بەدزیش لەسەرجەم وڵاتانی خەڵک موسوڵمان سەرقاڵی دابەزاندنی ئیمپڕاتۆری شیعەن،بەڵام بەئاکام نەگەیشتوەو ناگەن .چونکە سەردەمی ئەوچەشنە دەسەڵاتەلە مێژە نەماوە. لە بەرانبەرئەو بەناو جیهادیەی ئیمام گەلیکورد قارەمانانە ڕاوەستاو کۆڵینەداو سەرئەنجام بەچۆکیان داهێناو ناچاریانکردلە ٢٦ی خەزەڵوەر فەرمانی ئاگر بەس دەربکا،بەڵام ئەوە بەمانای دوایی هاتنی مەسەلەکە نەبو، چونکە لە ماهیەتو بەرنامەی وڵایەتی فەقیه دا نەگەل بونی هەیەو نەمافێک بەکەس دراوە ! تەنیا وەلی نوێنەری خوایەو خەڵکیش هەمو ئۆمەتن!! کەوابو چاوەڕوانی ناسینی گەلو مافەکانی لەوڕێژیمە خۆفریودانەوبیرێکی هەلەوناڕەوایە.دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانو ڕمانی کۆشکی پاشایەتی هەرچەند ئەزمونی خەباتەکە کەمبو، خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارو دەرکی راستەقینەی ئازادی کاڵو کرچ بون، دەگەڵ ئەوەش لەزۆربەی شارو گوندەکان شۆڕای خەڵکی دامەزراوکارو بارەکان بەڕێوە دەچون.لەکوردستان لەزۆربەی شارەکان پادگانو بنکەنیزامیەکان کەوتبونە ژێردەستی شۆڕشگێڕانو خەڵکێکی زۆر چەکیان لە دەست دابوئەگەر [ جافرتێی نـەڕیابا !! ] کورد گەیشتبوە حاندێک کە بتوانێی خۆی ڕێکبخاو دەسەڵاتی خۆ بـەڕێوەبەری بـگرێتە دەستو خۆی لـە ژێر دەستەیی ڕزگار بـکا. هەستی ناسیونالیستی بەرچاوتەنگی فارس بەسەرباری شیعەگەریەوەو هەڵەو پەڵەکانی ناوخۆی کوردستانو پـڕوپاگەندەی ژاراویو هەڵبەستراوی دامو دەزگا سیاسیو مەزهەبیەکان وایان نیشان دەدا ئەگەر کورد سەرکەوێو دەسەڵات بە دەستەوە بگرێیو خاوەن هێزبێ وەک (ئاجوجو ماجوج) وایەهەرچی غەیرەکوردە لەناویان دەبا! ئەگەر ئێرانیەکان وەخۆ نەکەونو بەرگری لەخۆیان نەکەنو کورد سەرکوت نەکەن ئێرانوئیسلام لە مەترسیدانو واوەیلایە!! لە دنیاو قیامەت هیچیان دەسناکەوێو ڕەنج بەخەسارن!! بەو ڕێگە خۆشکردنەو بەو بزواندنی ئەو هەستە شومە حوکمی جیهادی دژی کورد وەک فەرمانی خوا دەردەکرێو گیانو ماڵو ناموسی کورد لەخۆی حەرامو بۆ ئەوان حەڵاڵ دەکرێی. لەسەر ڕەواییوناڕەوایی ئەو فتوایە زۆر کوتراوەو نوسراوەو پێویستی بەدرێژ کردنەوە نیە .هەرکەس خۆی بەموسوڵمان بزانێو ئوسولی ئیسلامی بەتیگەیشتنەوە قبوڵکردبێی دەزانێی ئەو فتوایە دەگەڵ دەقەکانی قورئان بەتەواوی ناتەبایە ، تەنیا بڕیارێکی سیاسی فاشیستیانەیە بۆ فریودانو هەتڵەکردنو بزواندنی هەستی دەمارگرژی ئایینی جلو بەرگی مەزهەبیان دەبەر کردوەوخەڵکیان پێی لە خشتە بردوە. ئوسولەن وشەی جیهاد بەمانای تێکۆشانە ، جا بۆ مەبەستێکی ئایینی، کۆمەڵایەتی ، یان سیاسی بێی . بەدڵنیایەوە ئەو شێوە تێکۆشانە لە ناوەرۆکدا هەموی بـۆ خزمەتی مـرۆڤو دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەرەانەو خوڵقاندنی کەشو هەوایەکی ئارامـو زیدێکی ئاوەدانەو دەبنە تـەواو کەری یەکو ئـامانجەکە وەدی دێنن . هـەربیرو بـۆچونـو ئیدەو ئایینک ئەگەربەپێچەوانەی ئەو مەبەستانەی سەرەوە کاربکا بۆقبوڵکردنو ڕێز لێگرتن نابێی. لەڕاستیدا کردەوەی مرۆڤ بەگشتی ئیماندار بەتایبەتی ئەگەر لەڕێگای وەدیهێنانو پاراستنی قازانجو بەرژەوەندی خۆیو گەلدا کاری پێکرابێی ئەوە جیهادە. جیهادی بەمانای شەڕ بۆسەردەمیکی دیاریکراو بـووەو ئێستا کە سەردەمی عیلمو زانستەو ئـامـرازی گەیاندنو تیگەیاندن لە لـوتـکەی بەرزی خۆیدایە، گۆڕەپانەکە دەبێی زمانـوقەڵەمو مەنتیقوتێگەیشتن ڕمبازێنی تێدا بکەن نەک تانگو تۆپو بـۆمبو شتی لەوبابەتانە . ( وجادلهم بالتی هی احسن )جێگەی کوشتنو بەندکردنو سوتاندنو شیمیا باران بگرێتەوە. خۆ کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکا کە بەرەنگاری زاڵمو داگیرکەرو دابەزاندنی عەداڵەتو دادپەروەری ئەرکی سەرجەم مرۆڤەکانە بە ئایینیوغەیرە ئایینی . ئەوەنیە دنیای ئیسلاموغەیرە ئیسلام بە دژی داعش کەبە ناڕەواخۆی بەئیسلام دەزانێ،ڕاپەریونو لەزەویو عاسمانەوە بەگژیان دادەچنەوە. لەکورتیدا کوشتنو قەڵاچو کردنو پێشێل کردنی مافی گەلان کردەوەیەکی دژی ئیسلامەو لە نیهایەتدا شەڕ دەگەڵ خوایە، خوا ئەو گەلانەی دروست کردونو مافیشی پێداون. ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەرهەقی گەلەکەمان کردویەتیو دەیکا بە دڵنیایەوە فڕی بەدینەوە نیەو، گەلی کورد ئەگەر کافریش بێی کەنیە، مافەکەی ڕەوایەو داواکەی لە جێدایە. ئەوە زانایانی شارەزاو بوێرو لەخۆ بردون کەدەتوانن بەدژی ئەو فتواو پڕوپاگەندە دژە ئیسلامیانە بەجیدی هەڵوێست بگرنوتابەتاڵ کردنەوەی فتواکە ڕانەوەستنو لە بیرخۆیانی نەبەنەوەونەوەی نوێش لەوەئاگاداربکەن کەبڕیارێکی ئەوتۆیان لەسەر دەرکراوە، بەتوندی بەر پەرچیان بدەنەوە.

فتوای جیهادی دژبەکوردی خومەینی هەر چەند وانیشاندەدرێی کە گۆیا کاری پێناکرێی، بەڵام بەباوەڕی من بەهێزەوە بەردەوامەوشێوەو چۆنیەتیەکەی گٶڕاوە، چونکە لە دەست بەکاربونی کۆماری بەناوئیسلامی تائەوڕۆش هیچ کام لە بەڵێنیە هەڵخەڵەتێنەرەکانی بەجێی نەهێناوە . کەس نیە ئەو غیرەتەی هەبێ جارێک لە ڕێبەرانی ئەوکۆمارە بپرسێ : ئەرێی فتوای جیهادی دژی کورد بەتاڵکراوە یان هەروەک خۆی ماوە ؟؟ خەڵکی کورد دەبێی بزانێ لە حکومەتی ویلایەتی فەقیهیدا بڕیاری ئیمام فەرمانی خوایە جێبەجێکردنی بێی ئەملاو ئەولایە . لادان لەو فەرمانە کوفرەو سەزای مەرگی بۆ دیاریکراوە. بۆیە ئەو قسە سەرزارەکیانە هیچ بایخێکی بڕێوەبردنیان نیەو بەپێی هەلو مەرجو کاتو پێداویستی دەکوترێنو دەگۆڕێن. بەتایبەتی لە مەزهەبی شیعەدا ئەسڵی تەقیە بەردەوام کاری پێدەکرێی، واتە ئەگەردەستیان نەڕۆیشت نەرمی دەکێشنو ئەگەردەستیان ڕۆیشت دەیپسێنن. دوایین قسە ئەوەیە : ئەگەر تەسلیم نەبون بـۆزالمانو زۆردارانـو ڕاوەستان لەبەرانبەر بڕیاری ناڕەوای ئیمامێک فتوای جیهادی پێی ڕەوابێی ، ئەدی پێشێل کردنی فەرمانی خواو گوێنەدان بەهەقو عەداڵەتی خواییو فەرمانی قەتڵو عامی گەلێکی بێتاوان دەبێی چ حوکمێکی بۆ بدرێێ ؟؟!!

 

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی