"an independent online kurdish website

ئەگەر لە هەر پیرێکی ٨٠،٩٠ ساڵەی دەڤەری مەڕگەوەر بپرسێ محمد برینجکار کێ بوو ، دەست بەجێ دەڵێ: کادرێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ئێستا بە حەسرەتی گەڕانەوەی باوەشی خەڵک و زێدی خۆی لەو دیوی سنوور دەژی .

لە هەر گەنجێکی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵ بپرسی محمد برینجکار کێ بوو،دەست بەجێ دەڵێ :دایک و باوک و گەورەکانی ماڵەوە بۆیان باس کردووم کە خەباتکارێکی خەڵکی و خاکی و زەحمەتکێش بوو لە نیو هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات دا.

لێرەدا با ئەگەر چی بە کورتییش بێ یادێک لەو ئینسانە گەورەیە، لەو کادرە سادق و تێکۆشەرەی سەردەمی خەباتی شاخ، خەباتی بەربەرەکانی لەگەل دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی گەل و نیشتیمان بکەینەوە. خەباتکارێک کە شیاوی ئەوەیە هەم ڕێزی لێ بگرین و هەمیش بە ئەمانەتەوە گەورەیی و پاکیی ئەو بیگەیەنین بە جیلی ئێستا.

محمد برینجکار خەڵکی ئاوایی گێسیانی دەڤەری مەڕگەوەرە کە هەر بە دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب ئەو حیزبەی وەک سەنگەری هەرە قایم و پتەوی ئازادی و مافخوازی هەڵبژاردووە و ساڵانێکی دوور و درێژ لەو سەنگەرە دا یەکێک لەو خەباتکارانەی دەڤەرەکە بوو کە ببووە ناسنامەی حیزب لە نێو خەڵک دا. ئەو بە حوکمی ئەوەی کە تەمەنی لاویەتیی تێپەڕاندبوو، زۆر زوو توانیبووی خۆی لەگەل خەڵکی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەری ناوچە ڕێک بخا و ببێتەوە جێێ متمانەیان. خەڵک کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی دەهێنایە لای ئەو و ئەویش بەوپەڕی سەداقەت و پاکی یەوە لە چوارچێوەی دادپەروەری کە بەشێکە لە سیاسەت و ڕێبازی حیزب، چارەسەر دەکرد . بە نەرم و نیانی و ڕەچاو کردنی بواری پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە، بە جۆرێك لەگەل خەڵک هەڵس و کەوتی دەکرد کە کەس غەدری لێ نەکرێ و مافی هیچکەس نەفەوتێ.

مام محمد برینجکار کەسێکی مەجلیس خۆش، خەڵکی، بێ غەرەز، بێ ئیدیعا و دڵسۆز بوو. من هەرکات بیر لە شەهید کاک حەسەن بازووکە دەکەمەوە، وێنەی مام محمد دێتەوە بەرچاوم کە کاتێک ئەو دوانە و کاک عوسمان عەدۆ دەگەیشتنە لای یەک مەحفەلەکەیان چۆن دەڕازاندەوە. ئەو هەموو بەسەرهاتە خۆشە ، ئەو هەموو پەندی پێشنیان و گەپی شادی هێنەریان باس دەکرد.

لە هەر هەلو مەرجێک دا مام محمد برینجکار دەور وبەری بە قسەی خۆش بە شاد ڕادەگرت و هاوڕێکانی دەهێنایە قسە. کەسێکی بە ئەزموون و بە بیروو باوەڕ. لە هەموو ساڵانی دوای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب، مام محمد هەمیشە حیزبی هەڵبژاردووە بۆ خەبات و قەت لەو ڕێبازە دوور نەکەوتۆتەوە.

مام محمد دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لە خەباتی شاخ، بەهۆی چوونە سەری تەمەنەوە لە یەکێک لە شارەکانی باکووری کوردستان دادەنیشێ و وەک سەفیری پاکی و سەداقەتی کادرێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە نێو خەڵک دا جێی ڕیز وحورمەتی هەموو نیشتیمانپەروەرێکە. دەوروبەری ڕێزی لێدەگرن و چێش لە مەجلیسە گەرم و پڕ لە شادییەکانی دەبەن. لاوان لە ئەزموونی فێر دەبن، دەرس لە ڕابردووی پڕ لە شانازیی ئەو وەردەگرن. بە ساڵاچووان و هاوتەمەنانی مام محمدیش هەست بە مەجلیسە گەرمەکەیان بە بوونی ئەو دەکەن.

مام محمد ئێستا لەگەل خێزانی بە وەفا و دڵسۆزی و مناڵەکانی ژیانێکی نۆرماڵ یان هەیە و خۆیان لەگەل ئەوەی کە ئارەزووی ڕۆژێک دەکەن کە بگەڕێنەوە گوندەکەیان ، بەڵام ڕازین بە ژیانی سەربەرزانەیان کە لە هەمبەر دوژمن دا کۆتا نەهاتن و بەڵێ یان بە داگیر کەر نەگوت. ئەوان ڕازی بوون لە ئاوارەیی و دەربەدەری دا بژین، لێ ئامادە نەبوون سەری تەسلیم بۆ دوژمن دانەوێنن.

من ساڵی ١٣٦٤ یەکەم جار لە گەلی بێنار کە کۆبوونەوەی ناوەندی ئاگری لەگەل هەرکام لە هێزەکانی شەهید سەروان حاتەم، شەهید سەرگورد عەبباسی و شەهید نەحۆ کە سەربە ناوەندی ئاگری بوون دا، و کاتێک کە مام محمد هات و لەگەل کاک حەسەن بازووکەی فەرماندەری هێزی شەهید حاتەم بە قسە خۆش و بیرەوەرییەکانیان هەموومانیان شاد کرد، بە خزمەتی گەیشتم و ناسیم. ئەوەبوو ئیدی لە ساڵانی دواتریش دازیاتر بە کەسایەتی و پاکی و دڵسۆزیی ئەو ئینسانە گەورەیە ئاشنا بووم. خۆزگە تەوانیبام و لە توانام دابایە شتێک بنووسم کە هەم

شیاوی گەورەیی ئەو مرۆڤە خەباتکارە بوایە .ئەوکات هەم من ویژدانم ئاسوودە دەبوو و هەمیش خوێنەر زانیاریی زیاتری لە سەر کەسایەتیی مام محمد وەدەست دەهێنا.

ماوەیەک پێش هاوڕێم کاک ئەحمەد پیری کادری پێشووی حیزب سەردانێکی باکووری کوردستانی کردبوو و لە سەفەرەکەی دا هاوڕێ دێرینەکانی لە بیر نەکردبوو و سەرددانی کردوون، کە ئەو کارەی کاک ئەحمەد جێی ڕێز و پێزانینە .

هەر لێرەوە ڕوو دەکەمە بەشی ڕاگەیاندن و ئارشیوی حیزب کە  ئەو گەنجینەیەی چەندین بڕگە لە مێژووی پڕ لە خەباتی حیزبە لە بیر مەکەن و کامێرا بنێرنەوە خزمەتی تا ئەو مێژووە لە زمان خۆیەوە بگوترێ و تۆمار بکرێ. سینگی مام محمد  گەنجینەی سەدان راز و داستانی نەگوتراوە و نەبیستراوەن کە نرخ و بایەغیان لە داهاتوو دا پتر دەردەکەوێ.

منیش لیرە ڕا سڵاو دەنێرم بۆ خزمەت مام محمد برینجکار و خیزانی بەڕیزی و مناڵەکانی. هیوادارم منیش ڕۆژێک بە خزمەتیان بگەم و لانی کەم جارێک دەستیان ڕامووسم و لە هەمبەر ڕابردووی پڕ لە خەباتیان دا کرنۆش بەرم. هیوای تەمەن درێژی بۆ مام محمد و خێزانی بەڕیزی و مناڵەکانیان.

ئێوەی خوێنەریش هەر شاد بن

 

کاووس عەزیزی.دانمارک ٢٦ ی سێپتامبری ٢٠١٥

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی