"an independent online kurdish website

بۆ ئاگاداری من وه‌کوو تاکێکی کورد وکوردیکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌ندام و لایه‌نگری تایبه‌تی هیج یه‌ک له حیزبه‌کانی باشوری کوردستان نیم، به‌ڵکو به گوێره‌ی چالاکیه‌کانیان بۆ خزمه‌تی گه‌لreshid_ahmadi

و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان چۆن تێده‌کۆشن به‌و پێوه‌ڕه وه‌کوو تێگه‌شتنی خۆم هه‌ڵسانگاندنی بۆ ده‌که‌م. ئه‌وه‌ش وه‌کوو کوردێک به مافی خۆمی ئه‌زانم، چونکه سه‌رکه‌وتنوو لاوازی هه‌ر یه‌ک له به‌شه‌کانی کوردستان بێ گومان کارتێکه‌ری هه‌یه له سه‌ر به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. 

ئه‌مه‌وێ به کورتی به‌شێک له ئاڵوگۆڕه‌کانوو سه‌رکه‌وتن و داکه‌‌وتنی هێزه ساسیه‌کانی باشوری کوردستان بێنمه‌ به‌رباس.  له ڕۆژی ٢١مانگی٩ی  ساڵی 2014 له باشوری کوردستان هه‌ڵبژاردن پێک هات بۆ پاڕله‌مان. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به گوێره‌ی سازانێک که له نیوان هێزه‌ سیاسیه‌کاندا پێکهاتبوو توانی وه‌ک هێزی دوهە‌م، دوایی پارتی دیموکراتی کوردستان به چوار وه‌زیرو بیست و چوار پارله‌مانتار و به‌رپرسایه‌تی پۆستی پارله‌مان و ئورگانێگی دیکه به ناوی ده‌سته‌ی وه‌به‌ر هێنان که گۆیا ئه‌و پۆسته‌ش له پله‌ی وه‌زاره‌تدایه چووه‌‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵام به هۆی  ڕێک نه‌که‌وتنی ته‌وایی لایه‌نه‌کان له سه‌ر پۆسته‌کان چه‌ند مانگی خایاند تا کوو حکومه‌ت پێک ‌هات.

تێبینی: ئه‌م پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنه‌ی گۆڕان که له ماوه‌یه‌کی که‌مدا به ده‌ستی هێنا و بووه هۆی سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی  پاڕله‌ماندا، سه‌رچاوه‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش هه‌ڵبژاردن که پێشتر گۆڕان وه‌کوو ئوپوزیسیون ده‌‌ورێکی باشی بینی بۆ له قاودانی گه‌ندڵی، کاری نائاسایی، نەبوونی خزمه‌تگوزاری بۆ جه‌ما‌وه‌ر، نەبوونی سیسته‌مێکی مه‌ده‌نی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوو که برێتی بوو له پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان.

 ئه‌و ده‌وه‌ر بینینه کاریگه‌ری باشی هه‌بوو له سه‌ر وریا کردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ ناسینی مافه‌کانی خویان. ته‌نانه‌ت کاریگه‌ری باشی دانا له داچڵه‌کێنی ده‌سه‌ڵات بۆ به خۆدا چونه‌وه‌یان. جه‌ماوه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گۆڕانی به خاڵێکی باش هه‌ژماردو و حیسابیان بۆ کرا بۆ دواڕۆژی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات.  

دوای ئه‌م هه‌ڵویستانه‌ی گۆڕان هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێکرد، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانییان هه‌بوو کاتێک گۆڕان گه‌یشته ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنیە‌کانی که به کۆمه‌ڵگای دابوو به جێی بهێنی. وه‌کوو گۆڕانکاری له سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵات، بنبرکردنی گه‌ندەڵکاری له ناو رێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ژیانی شیاو بۆ خه‌‌لک، به‌ڵام ئه‌و چاوه‌ڕوانیه وه‌کوو بینرا نەهاته دیی؟ بۆ نه‌کرا وه‌ڵامه‌که‌ی لای به‌رپرسانی گٶڕانه.

 به‌ڵام من پێم وایه ئه‌و گٶڕانکاریانه شتێک نیه به ساڵێک و چه‌ندین ساڵ بتوانریت له ناو کۆمه‌ڵگادا دابمەزرێنرێت، چونکه خودی کۆمه‌ڵگا توانای وه‌رگرتنی ئه‌و سیسته‌مه پێشکه‌وتوه‌ی تێدا نییه که ساڵه‌هایه سیسته‌مێکی سه‌قه‌ت چۆته قۆڵایی درونیانه‌وه. شێوه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆرانه له جیهاندا هه‌بووه هه‌ریه‌ک له سه‌رده‌می خوێاندا که چۆن ئاڵوگۆر یان پێک هێناوه‌وه‌ و چییان بۆ کردوه تا هاتۆته دیی. 

بۆ نمونه هه‌ر باسی عێراق بکه‌ین، شورشی ١٤ی ته‌موز ئاڵوگۆڕێکی به‌ر چاو و پێشکه‌وتوانه بوو به تایبه‌ت له‌و هه‌لوو مه‌رجه‌ی  ئه‌و کاتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست، به‌ڵام چونکه پێشتر کاری پێویست و ڕونکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ نه‌کرابوو کۆمه‌ڵگاش نه‌گه‌ی بووه ئه‌و حاسته که بتوانێ ئه‌و هه‌لومه‌رجه بقۆزێته‌وه، زۆری پێنه‌چوو سه‌رکرده‌ی شورشه‌که عه‌بدوالکریم قاسم  بایدایه‌وه سه‌ر شێوه سیسته‌مه داپڵوسێنه‌ره‌کانی پێشوو. ئه‌وه‌بوو زۆری پێنه‌چوو یه‌ک له دوای یه‌ک کودتا، داپڵوسێنی کۆمه‌ڵگا، نەمانی ئاسایش و ئه‌منیه‌ت، تێکچونی ژیانی خه‌ڵک، شه‌ر به‌دوای شه‌ر، ئه‌کرێت بڵێن وێران کردنی عێراق به ته‌واوی تاکوو هاتنی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانان بۆ عێراق و نه‌مانی سه‌دام حوسێن و دامه‌زرانی سیسته‌مێکی نویی دێموکراتی پاڕله‌مانی بۆ جاری دوه‌م له‌و وڵاته. باشه لێره‌دا هه‌ر هه‌مان ‌پرسیار‌ی پێشوو دێته ئاراوه ئایا هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو چه ده‌سه‌ڵات چه کۆمه‌لگا نه‌یان توانی ئه‌و سیسته‌مه به‌ڕێوه به‌رنوو دایبه‌به‌زیین له ناوکۆمه‌ڵگادا، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه عێراقی کرده وڵاتێکی شێواو گه‌رانه‌وه بۆ دواوه وه‌کوو زیندوبونه‌وه‌ی خێڵ و عه‌شێره، زیادبوونی ئاینی تازه به فورموو ناوی جۆراجۆر، دورست بوونی چه‌ند تاقم و ده‌سته‌ی دژ به‌یه‌ک له ناو ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌مه وای کردوه که دواڕۆژی عێراق نادیاره‌و مه‌علوم نییه به چه ئاقاڕێکا ئه‌روات.

 که‌وابوو ئه‌م بزوتنه‌وانه له ژێر ناوی ڕاپه‌ڕین، ئاڵۆگۆڕ، دێموکراتی یا هه‌ر ناوێکی دیکه‌ی بۆ دانیێت به گۆێره‌ی ئه‌و نمونانه‌یی که باسمان کرد پێش هه‌موو شتێک کاتی ئه‌وێت تاکوو جه‌ماوه‌رێک بگوڕدرێت و دێموکراتیوو سیسته‌مێکی شارستانی پێشکه‌وتوو له ناو خۆێدا قبوڵ بکات له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانوو ڕۆژانه‌ی ژیانیاندا، هه‌ر ئه‌و قبۆڵ نه کردنه‌یه له جیاتی  به یاسا حکومه‌ت کردن به نا چاری بۆته حکومه‌تی سازان، به‌ڵام  به داخه‌وه ته‌نانه‌ت به هۆی نه‌سازانه‌وه سازانیش له باری خۆێی چوه هه‌ر وه‌ک ئه‌یبینین.

 به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نه‌سازانه‌شدا به بڕوای من هێزه سیاسیه‌کان بۆ ئه‌م هه‌لو مه‌رجه‌ی ئێستای کوردستان ‌ ته‌نها ڕیگا سازانه بۆ به‌ڕیوه‌بردنی وڵات، گه‌یشتن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویستی به ئیراده‌ و باشتر بیر کردنه‌وه‌یه له سازان، تا بگه‌نه ڕێککه‌و‌تن بۆ ئه‌وه‌ی که به‌ته‌واوی کاره‌کان په‌کیان نه‌که‌وێت. له هه‌مان کاتیشدا هه‌وڵ بدرێت بۆ باشترین ڕێگای دروست که ئه‌وێش هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به‌ دێموکراسی که له‌وێدا یاسا ڕه‌چاو به‌‌کرێت و به ته‌واوی گرفته‌کان چاره سه‌ر بکرین. چاره‌ش بۆ ئه‌وه‌ تاکه ڕێگا ده‌ستپێکردن به په‌روه‌رده کردنی جیلی نویی بۆ حاڵی بون له دێموکراتی و ژیانی شارستانی له هه‌موو پله‌کانی خویندن تاکوو دانشگاه، ئه‌و جار رون کردنه‌وه له لایه‌ن نوسه‌ران، ڕۆناکبیران، ئه‌نجومه‌نه مه‌ده‌نیه‌کان، هێزه سیاسیه‌کان، پێویسته ئه‌و ئورگانانه‌ی که باسمان کرد هه‌مولایه‌کیان به دڵسۆزیه‌وه بۆ چسپاندندی ئه‌و سیسته‌مه نوییه هه‌وڵی بۆ بده‌نوو کاری بۆ بکه‌ن. ئه‌م هه‌‌وڵانه سه‌رجه‌م ئه‌توانی له ماوه‌ی جیلێک بۆ جیلی دوایی بگاته ئه‌و قۆناغه‌ی که ئارزوی بۆ ده‌که‌ین.

 جا بۆیه په‌له کردن به شێوه‌ی نادروست بۆ ڕیکخستنی  کاره‌کانی حکومی و کۆمه‌ڵگا دوباره‌ی ئه‌که‌مه‌وه باشترین شێوه بۆ ئێستا دیاڵۆک و سازانه بۆ به‌ڕێوه بردن. ئه‌گه‌ر وانه‌کرێت و بچێته شێوه‌کانی دێکه‌وه توشی زیانی گه‌‌وره‌ ئه‌بین و ئاڵۆزی لێئه‌که‌وێته‌وه هه‌ر وه‌ک ئه‌م ماوه هاته ئاراوه. منیش ئه‌ڵێم چه‌نده خۆشه ئه‌گه‌ر به ده‌نگ هه‌ڵبرین و به‌رده‌ بارانێک کاره‌کان بچنه پێشوو ئه‌نجام بدرێت و گوێچکه‌کان ئه‌وه‌نده کراوه‌بن و گوێی لێ بگیرێت شتێکی باش و سه‌رکه‌وتوه، به‌ڵام ئاره‌زو واقعیه‌ت دوو شتی جیاوازن.    

هه‌ڵه له سه‌ر هه‌ڵه هه‌ر له‌و کاتانه‌دا پارتی دێموکراتی کوردستان که هاو په‌یمانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بوو به کرده‌وه دور که‌وته‌وه له هاوپه‌یمانه‌که‌ی، ئه‌م کاره‌ی پارتی یه‌کیه‌تی ناچار کرد له بزوتنه‌وه‌ی گۆران نزیک بێته‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی زیانی به هاوپه‌‌په‌مانه‌که‌ی پێشوی خۆیی گه‌یاند و هه‌روها به بڕوای من بۆ خۆشی به‌م ره‌فتاره‌ی زه‌ره‌ری کرد. ڕاسته له سیاسه‌تدا دۆستایه‌تی و هاوپه‌ێمانی تا سه‌ر نییه و هه‌ردو لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌ڵده‌‌سه‌نگێنن، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌‌ش کاتی خۆیی هه‌یه. پارتی ئه‌گه‌ر بگه‌ڕایه‌وه بۆ ڕابوردو ئێستاشی پێوه‌بێت ده‌بوو بیری له‌وه بکردایه‌وه که پێویستی به هاوپه‌ێمانی یه‌کییه‌تی هه‌یه له‌م هه‌لوو مه‌رجه‌ی ئێستای وڵات بۆ به‌ڕێوه بردنی ده‌سه‌ڵات له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا.    

زۆری نەخایاند که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاننیش له سیاسه‌تی خۆیاندا توشی هه‌ڵه بوون، چونکه نه‌یان توانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که له زه‌مانی ئوپوزسیون بونیاندا به خه‌ڵکیان دابوو له کاتی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامی بدن. له هه‌مان کاتیشدا نه‌یان توانی هاوپه‌ێمانی خۆیان له گه‌ڵ پارتی وه‌کوو پێویست درێژه‌ی پێبدن. به گشتی ئه‌م هه‌ڵکێشوو داکێشانه و به‌ڵێن شکێنیانه وایان کرد که قه‌ێرانێکی تازه‌تر به قه‌ێرانه‌کانی دیکه‌ له کوردستان و ناو ده‌سه‌ڵاتی باشوردا بێته ئاراوه. لێره‌دا زه‌رمه‌ندی ئه‌سڵی خه‌ڵک بوو که خوینی داو ئه‌نجامیشی تا ئێره به ده‌ست نه‌هێناوه.

 جه‌ماوه‌ر مافی خۆیانه بێنه سه‌ر شه‌قام به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و داوای مافی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام گۆران له‌و کاته‌دا توشی هه‌ڵچون بوو کارگه‌ری خراپی دانا له سه‌ر جه‌ماور که بوه هۆیی چونه سه‌ر باره‌گاکانی پارتی و ته‌قه کردنوو سوتاندنوو ڕژانی خۆین له چه‌ند لایه‌نه‌وه که هێشتا له به‌ر نه‌بونی ڵیکۆڵێنه‌وه‌یه‌کی دروست تاوان باران دیارنییه و هێچ لایه‌نێکیش به قسه‌ی خۆیان تاوان بار نین، به‌ڵام زۆرتر ئه‌و ئاڵوزیانه به گووێره‌ی دوکومینته‌کان چۆته ئه‌ستۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان که  له ڕاستیدا کاتێکی نەشیاو بوو له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا که وڵاتێک پڕاوپڕه له قه‌ێران.

 به‌ڵام له‌و کاته‌دا پارتی دێموکراتی کوردستان هه‌نگاوێکی  دروستی نا که توشی هه‌‌لچوون نەبوو ڕێزی دانا بۆ باره‌گاکانی گۆڕان و هێزه‌ سیاسیه‌کانی هاوپه‌ێمانی گۆڕان له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆێدا، به باوه‌ری من ئه‌م کاره‌ی پارتی کاڕێکی به‌رپرسانه‌و دێموکراتیانه بوو که قورسایی پارتی‌ له بواری سیاسیدا برده سه‌ری.

به دوای ئه‌م ڕوداوانه‌ی که باسمانکرد پارتیش له ڕێگا پێنه‌دان به سه‌رۆکی پارله‌مان و وه‌زیرو پاڕله‌مانتیره‌کانی سه‌‌ر به گۆڕان بۆ سه‌ر کورسیه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌نجامی ئه‌رکه‌کانیان له باری یاسایی و سیاسه‌تی نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ کارێکی نه شیاو نا سیاسیانه بوو. من پێم وایه پارتییش به‌م کاره‌ی دێموکراتی بوونی خۆیی خسته ژێر پرسیاره‌وه‌و توشی هه‌ڵچون بوو، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه وه‌کوو ئه‌و سه‌قه‌ت سیاسه‌ت کردنه که له وڵاتی ئێمه و سه‌رجه‌م ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه ڕاست باوه، پارتی به‌و کاره ده‌سکه‌وتی به ده‌ست هێنا بۆ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر. ئه‌گه‌ر سه‌ێری ئه‌م‌  ڕوداونه به گشتی بکه‌ین هه‌مووی ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ نه بوونی سیسته‌‌مێکی شارستانیوو بڕوا نه بوون به دێموکراتی و پشت بستن به ده‌سه‌ڵات، هه‌ر وڵاتێکیش تاکوو به‌و فه‌رهه‌نگه‌وه بسترابێته‌وه حاڵی له‌وه باشتر نابێت. ده‌شکرێت بڵێن هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانوو کۆمه‌ڵگاش به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌وه له گه‌ڵ یه‌کتری هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر وا نیه‌ ده‌بوو هێزه سیاسیه‌کان و کۆمه‌ڵگا دور بونایه له هه‌ڵچونوو کاریان نه گه‌یاندایه ئه‌م ڕۆژه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م نه‌خۆشیه که باوه‌ر نه بون به سیسته‌می دێموکراتیه له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه ڕاستدا باوه که وڵاتی ئێمه‌ش ئه‌گرێته‌وه.

پێم وایه ئه‌م کرده‌وانه‌ی که له لایه‌ن هێزه سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان له‌م ماوه‌دا هاته ئاراوه وایکردوه که یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکه بگرێنه‌وه بۆ هاوپه‌ێمانیه‌که‌ی پێشویان. هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌وه که هاتۆته پێش وه‌زعه‌که به‌ره‌و ئه‌وه ‌بڕوات که بزوتنه‌وه‌ی گورانیش به‌شێک له ئه‌ندامانو لایه‌گرانی بگڕێنه‌وه لای کۆشی دایک واته یەکیه‌تی نیشتمانی کوردستان. پارتی و یه‌کیه‌تی به‌ و ئه‌زمونانه‌ی که له‌و ماوه‌دا ده‌ستیان که‌وت هاوپه‌ێمانیه‌که‌یان گرمتر ئه‌بێت له‌جاران و ئه‌توانن به یارمه‌تی هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی دیکه به هێندی ئاڵۆگۆڕه‌وه حکومه‌تێکی نویی له هه‌رێمی کوردستان پێک به‌هێنن، چونکه به‌رژه‌وه‌ندێیان وا ئه‌خوازێت.

ئه‌کرێت له گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزیوو توره ‌بوونانه به‌رامبه‌ر به یه‌کتر. به بوونی ئیراده‌ له پێناوی خزمه‌ت به نیشتمان و گه‌ل به ڕۆحی لێبورده‌یی و وازهێنان له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی له پێناوی هاونیشتمانیان و وڵات، هێزه‌ سیاسیه‌کان به گشتی له سه‌ر مێزی وتووێژ دانیشنوو سازان بکه‌نه جێگای هه‌ڵچون. بارێک وه‌دۆزن بۆ ئه‌وه‌ی که کاروباری وڵات به‌ره‌و باشتر به‌ڕێوه به‌رن، به تاێبه‌ت له‌‌م هه‌لو مه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی ئێستای کوردستان که وا ئه‌خوازی هه‌موو هێزه سیاسیه‌کان به تاێبه‌ت پارتی و گۆڕان ڕێکارێک له سیاسه‌تی خۆیاندا بدۆزنه‌وه که هه‌م به قازانجی کۆمه‌ڵانی خه‌لکی کوردستان بێت وهه‌م بۆ خوشیان نه که‌ونه ژێر تانه‌ی کۆمه‌ڵگاو توانیبێتیان واجبی نیشتمانی خۆشیان به جێگا هێنا بێت. پێم وایه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌کدا ئه‌بێت که پارتی پێداگری نه‌کات بۆ گه‌رانه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارله‌مانوو پارله‌مانتێر‌کانوو وه‌زیره‌کانی گۆڕان که بگرێنه‌وه سه‌ر پۆسته‌کانی خۆیان، گۆڕانیش حه‌کیمانه‌تر سیاسه‌ت بکات. به گوێره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که ئێستا له کوردستانه. ئه‌گه‌ر سه‌ربه خویی سیاسی خۆیان بپارێزن و چاو له بارودوخی ئێستای وڵات بکه‌ن جێگای هیوایه که پارتی ڕازی بێت بۆ گه‌رانه‌وه‌ی به‌رپرسانی گۆڕان بۆ شوینه‌کانی خۆیان.

له کوتا قسه‌م دا داواو ته‌مەننا ده‌که‌م له هێزه ‌سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان بیری لێبکه‌نه‌وه که ئه‌م ئاڵۆزیوو قه‌ێرانانه ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی دوژمنه‌کانمادایه. برایه‌تیوو هاوکاریوو دور له هه‌ڵچون له هه‌موو کاتێکدا و به تاێبه‌ت له‌م کاته قه‌ێراویانه‌ه‌دا ئه‌رکێکی نیشتمانیه‌و واجبه له سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان ‌که په‌ێره‌وی لێبکه‌نوو چالاکیه‌کانیان به‌ کار بهێنن له پێناو خزمه‌ت به گه‌لوو نیشتمانه‌که‌مان که بێ گومان له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایکه‌دایه. به دڵنیایه‌وه هاوده‌نگی هه‌مو لایه‌‌‌نه‌کان ئه‌بێته هۆی گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی گه‌له به‌شخوراوه‌که‌مان که بریتیه له ئازادی گه‌لی کوردو سه‌ربه‌خویی خاکی کوردستان.

  ڕه‌شید ئه‌حمه‌دی ٢٠/١٠/٢٠١٥سوئێد


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی