دەڵێن: ” ئەگەر لە تاقیکردنەوەی وانەی ماتماتیکدا،هەموو قوتابییەکان نمرەی یەکەم بێن،ئەوە تاقیکردنەوەکە هێجگار سووک بووە” .
جارێکی دیکەش کاتالۆنیا و سەربەخۆیی..
رۆژی ٢٧/٩/٢٠١٥، لە سەردەمی گلۆبالیزم و بچوکبوونەوەی دنیا و گوایە بەسەرچوونی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەڵتەکاندنی سنوورەکان و بەرقەرارکردنی دنیایەکی بێ ناسنامە و فەرهەنگ و تایبەتمەندی نەتەوەکان ،میللەتی سەربەخۆخوازی کاتالۆنیا، بە وورە و ووزەیەکی بەرز و لەبن نەهاتوو و دەنگێکی دلێرەوە، لە نێوەندی دڵی ئەوروپادا،کیشوەرە پێشەنگەکەی شارستانێتی و پێڕەوکەری دیموکراسیی و پێشکەوتن، ئاڵای ویست و داخوازی سەربەخۆیی خۆیان بڵندکردەوە، کاتالۆنیا ،بەم هەڵوێستەی توانی زەنگێکی هۆشیارکەرەوە بۆ جیهان لێبدات سوپرایسێکی گەورە بخاتە بەردەم مێژوونووسان و کۆمەڵناسان.
ئاخر گەلێک کەس هەبوون،لە سێبەری ئیدیۆلۆژیایی جۆراو و جۆر و ئامانجی ناڕەواوە،پێیان وابوو،چیدی لەم دەڤەرەی جوگرافیای زەویدا،جارێکی دیکە ڕەنگ و بۆی پرسی نەتەوەیی، نایەتەوە سەر شانۆی سیاسەت و هەموو گەلانی ئەوروپا گەیشتوو بە دوا فۆڕمی سیستەم و ژیانی ئازادی خۆیان و هەر هەموویان بە ئاڕاستەی خۆ تواندنەوەدا لەیەک بۆتەدا رەوت دەکەن و ناسنامەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە و ناسنامەی گەردوونی جێی دەگرێتەوە. گلۆبالیزم کارێکی کردووە،دنیای هێناوەتەوە یەک. ئەی ئەوە نیییە کەسێک ، لە دەڤەری هەورامانی کوردستان و کالیفۆڕنیای ئەمریکا، لەیەک چرکە و ساتدا، دەتوانن پێکەوە لە رێی ئینتەرنێتەوە چات بکەن.
ئەوەی لەم ئاریشەدا شایانی سەرنج لێدانە، بە هۆکاری کۆمەڵێ بەرژەوەندی تایبەتی و فاکتی دروستکراو لە ئەوروپادا، بایەخی میدیایی گەورە بەم باسە، وەک چاوەڕوان دەکرا نەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا تین و تاوی بڕیار و هەڵوێستەکەی میللەتی کاتالۆنیا، هێندە بە گووژم و کاریگەر و هیوائامێز بوو، توانی دیواری بەربەست بڕوخێنێ و پەردەی بێدەنگی و فەرامۆشکاری، مەبەستداری!! ئەو لایەنە ناحەزانە بدڕێنێ،کە نابەدڵانە، کەوتنە رێگری لە بەردەم ئەم پێشهاتە و لە شێوازێکی رکەبەردا بووبێت یاخود دەیانەوێ ببنە ئاستەنگ.
٢٧/٩ ، هاوپەیمانێتی (پێکەوە بۆ بەڵێ)Just Pel si ، توانی لە دەنگدانێکی ئازاددا،(٦٢)کورسی پەرلەمانی کاتالۆنیا لە کۆی (١٣٢) کورسی بە سوودی پرسی سەربەخۆیی بباتەوە.هاوکات پارتی چەپی CUP،کە توانی (١٠) کورسی بباتەوە،چووە پاڵ هاوپەیمانێتیە ناوبراوەکە و بەم پێیە، رێژەی کورسی سەربەخۆخوازەکان بەرز بۆوە بۆ (٧٢) کورسی…بەمەش بەرەی سەربەخۆخوازان، توانییان باڵانسی هێز لە پەرلەماندا، بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە و هەنگاوێکی گەورە بە ئاڕاستەی سەربەخۆییدا بچنە پێشەوە.
بە پێی نەخشەیەکی (ئارتۆ مارس)ی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە ،بڕیارە لە ساڵ و نێوێکی تردا،(٢٠١٧)دەستبەکاری نەخشەرێگای جیابوونەوە لە مەدرید بن.
(ئۆریۆل یونکوراس)،سەرۆکی چەپی کۆماری لەم میانەدا گووتی: میللەتەکەمان گەیشتە بەردەم دەروازەکانی ئازادی، دەمێک بوو گفتم دابوو بە پایرە گەورەم، رۆژێک هەر دێت بگەین بەم رۆژە.
ئەز لێرەدا لە بایەخی جوگرافیایی و ئابووری و کاتالۆنیا،بە خۆیی و ٧،٥ ملیۆن دانیشتوانەوە و بوونی زێتر لە ٥٨٦ کۆمپانیای زەبەلاح و بوونی کارخانەی جیهانی وەک: مانگۆی رستن و چنین،ناتوراڵی گاز و فۆلکس ڤاگۆنی ئوتومبێلەوە، هیچ نموونەیەک ناهێنمەوە. بەڵکو لە چەند گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجێکی کورت لەم هەنگاوە گرنگە دەگرم،کە مخابن وەک پێویست نەبووە کەرەسەی باس و خوێندنەوەی ڕژد،لە میدیای کوردیدا.بە گشتی رۆشنبیرانی کورد، ئاوڕی پێویستیان لەم پرس و پێشهاتە نەدایەوە.تاوەکو سووت لە هەنگاو و ئەزموونەکەیان وەرگرین.
یەکەم: کاتالۆنییەکان ئەزموونی ساڵی رابووردووی سکۆتلەندییەکانیان لەبەرچاو بوو، باشیش ئاگاداری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی واشنتۆن و برۆکسل و لەندەن و بڕەکیش هێزەکانی ناوخۆ بوون،لێ لەتەک ئەوەشدا،هەروەک ساڵی رابووردوو رایانگەیاند،کەوا کاتالۆنیا،وەک سکۆتلەندە نییە،ئەوە بوو سووربوون لەسەر بڕیار و هەڵوێستی خۆیان و ئیرادەی نەتەوەیی خۆیان خستەکار و تەواوی ئەو هەڕەشانەی مەدرید و شوێنەکانی دیکەیان نەیترساندن و سڵی پێنەکردنەوە و دەنگدانەکەیان ئەنجام دا.
دووەم: ئەم ئاریشەیە، سەلماندییەوە،کەوا پرسی نەتەوایەتی هەردەم زیندووە و دینەمۆی بزوێنەری مێژووشە. سەرهەڵدانی داوای سەربەخۆیی، لەم هەلومەرجەی نەخشەی ئەوروپا و پێکهاتە و سیستەم و چەمکی دیموکراسی،بۆ گەلێ کەس و لایەن وەک سوپرایسێکی گەورەیە وایە . خۆبەرجەستەکردنی کاتالۆنییەکان لەم فۆڕمی باڵای هەست و ناسنامەی نەتەوایەتی و شانازیکردن بە بەنەتەوەبوونیان ، ترۆپکی هەرە باڵای نەخشبوون و چلوورەبەستنی ستاتووی نەتەوەیە.
ئا لەم چرکەساتە مێژووییەدا،کە کاتالۆنییەکان خۆیان بەم چەمک و فۆرمە”نەتەوەبوون” پشت ئەستوور دەکەن،ئەوسا بوێرانە و بێ شەرم و گوێدانە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە،پێداگریی لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان بە شێوازێکی شارستانێتی و دیموکراسی دەکەن.
سێیەم: هاوپەیمانێتی ” پێکەوە بۆ بەڵێ”توانی هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنی،بە سووتی بڕیاری سەربەخۆیی بقۆزێتەوە و چەپەکانیش، لە هەڵوێستێکی گرنگ و چارەنووسسازدا، رۆڵی مێژوویی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان گێڕا. بەم کارەش بارستایی خۆیان خستە تای تەرازووی سەربەخۆخوازانەوە. ئەم کارەش لە رووی مێژوویی و سیاسی و چەندایەتییەوە، سەنگ و بایەخێکی دیکەی ئەرێنی،لە زەمینەی تێکۆشانی گەلاندا، دەبەخشێ بە رەهەندە، دوورەکانی پرسی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و پرسی نەتەوایەتی لە سەرتاسەریی جیهاندا.
شایانی ئاماژە پیدانە، کاتالانەکان، رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و راگوێزان و لەسێدارەدان و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و کوشتاری جۆراوجۆری تر نەبوونەتەوە. کەچی هێندە لەسەر جیابوونەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان سوورن.
پێناس و ناسنامەی تێکۆشەری راستەقینەش ئەو دەم، لەمەیداندا بەراست دەردەکەوێ و دەسەلمێندرێ ، کە هەرساتێ ، نەتەوە و نیشتمان،کەوتە بەردەم دوو ڕیانی چارەنووسساز،پێویستە هەموو حیزب و کۆمەڵ و کەسێ دروشم و ئامانج و بگرە پرنسیپەکانیشی تایبەتییەکانی خۆی ، بپێچێتەوە و ببێتە سەرباز و داکۆکیکار وڵات و خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە.
ئێمەش کتومت ئەمە، لە هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنیا و تێکڕای سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیادا دەبینین و دەخوێنینەوە.
سەربەخۆیی لای پارتە کوردستانییەکان…
وەک پێشەکییەک،تا وێنەیەکی روونمان لە بەرچاو بێت، دەمەوێ ئەم راستییە بکەمە دەروازەی چوونە نێو باسەکەمەوە:
” کورد نەتەوەیەکە، تا ئێستاش نیشتمانی داگیر و دابەشکراوە و رووبەرووی نامرۆڤانەترین سیاسەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەی، لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابووی و رۆشنبیرییەوە بۆتەوە، هەبوون و ئیدەنتیتێتی لەبەردەم ترسناکترین هەڕەشەدایە. لە هیچ یەک لەو دەوڵەتە زۆڵەکانەی کورد و کوردستانی بەسەر دابەشکراوە، خاوەنی چ مافێک نییە و تا هەنووکەش تاکە هێزێکی نەتەوەی سەردەست پەیدا نەبوو،باوەڕی بە مافە رەواکانی کورد هەبێت” .
ئا لەم ساتەوەختەدا،کە باس لە پرسی دەنگدان و داوای سەربەخۆیی کاتالۆنیا دەکەین، بارودۆخ لە تەواوی کوردستاندا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. لەتەک ئەوەشدا ، بە دڕێژایی مێژووی دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و سەپاندنی ناهەقانەی ئەجێندا و نەخشەی، رێکەوتننامەی رووزەردی سایکس ـ پیکۆ، دژ بە کوردستان،هەرگیز دەرفەتی وا زێڕینی بۆ کورد فەراهەم و هەڵنەکەوتووە.
دەوڵەتانی زۆڵەکی عێراق و سووریا،رۆڵ و مانایان نەماوە و لە ناوەندەوە داڕووخا و بێدەسەڵات بوون و ناتوانن بە دروستی پارێزگاریی لە پایتەخەتەکانی خۆیان بکەن. تورکیا،رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە و دۆستەکانی رۆژاوای لێی زیز بوون، و دەیانەوێ سزای بدەن بە دووی ئەلتەرناتیڤێکیدا دەگەڕێن. ئێران دەستی خەڵتانی خوێنی، چەندین کێشەی نێوخۆی وڵاتانی وەک،عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو بووە ،کێشەی گەورەی بۆ خۆی قووتکردۆتەوە و بە سانایی ئەم هەموو دەست تێوەردانەی بۆ ناچێتە سەر.هاوکات ئێران لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێناسێکی نەرێنی بەدەست هێناوە و وێنەیەکی ناشیرینی دەسەڵاتدارێتی نیشان داوە و بە پێی دراوە ناوچەیی ـ قەیرانە نێوخۆییەکانی ـ و جیهانییەکان، ئێران ئاییندەیەکی چەسپاوی نابێت،یان بەو فۆرمەی ئێستا، ناتوانێ بەردەوم بێت.
هەڵتۆقینی رێکخراوی (داعش) لە دواییانەدا، بە خۆیی و کردەوە قێزەونەکانییەوە و داستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە باشوور و شەڕڤانان لە رۆژاوا بەرامبەر بە داعش ، بە تایبەت شا داستانی بەرگریی قارەمانانە و بێوێنە لە شاری (کۆبانی)،وەرچەرخانێکی باشی لە پرسی کورد دا هێنایە کایەوە و ئاسۆیەکی روون و فراوانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ رەخساند.
لێرەدا، بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی دەریاوە(میدیای چەواشەکاری کوردی و ئەقڵێتی سەقەتی حیزبایەتی لە کوردستان دا)، دەمەوێ چەردەیەک لەو راگەیاند و هەڵوێستانەی لایەنە کوردییە پەیوەندارەکان بخەمە روو،کە کەم و زۆر لە خولگەی باسی سەربەخۆییدا خول دەخۆن و پێوەندییان بە چارەنووسمانەوە هەیە. تاوەکو بزانین ، ئەم کۆمەڵە حیزبەی لە کوردستاندا،بانگاشەی نوێنەرایەتی بزاڤی نەتەوەیی دەکەن،و سیفەتی شۆرشگێڕ و خاوەن شۆڕش بە خۆیان رەوا دەبینن، لە چ ئاستێکی بەرپرسیارێتی خۆیاندان و چەند هەڵگری ئەو پەیامەن، کە لە پێناویدا،هەنگاویان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. تا کوێ مافیان هەیە، بانگەواز ئاراستەی جەماوەر بکەن و بە چ مافێک رٶلەکانی نەتەوە دەکەنە قوربانی گەمەیەک،کە گەوهەرەکەی قومارێکی سیاسی رووت و پەتییە و چ مانا و بەهای شۆڕش و خەبات هەڵناگرێ،وەک ئەوەی خۆیان بانگاشەی بۆ دەکەن.
مخابن بە هەر مەبەستێک بێت، ئەم چرکەساتە هەستیار و گرنگانە(راگەیاندنی نابەرپرسانە و بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە سەربەخۆیی و نەبوونی پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەت) زۆر بە خشپەیی و بێدەنگی بەسەر رۆشنیران و چاودێڕانی سیاسیدا تێپەڕی و تاکە دەزگایەکی میدیا و رۆژنامە و ماڵپەڕێک،نەیتوانی/نەیویست !! رووناکی بخاتە سەر . لە کاتێکدا دەزانین،بۆ باسوخواستی دیکە! ماشێنە شڕەکانی میدیای پارتەکان، چۆن خەرەک دەڕێسن و فوو بە کەڕەنای پڕوپووچیدا دەکەن. هەڵبەت ئەوەی حاشاهەڵنەگرە و مێژوو لەبیری ناکات و لە کەسیش خۆش نابیت، ئەوەیە ، هەر جۆرە مامەڵەیەکی نەرێنی لەگەڵ ئەو فەرمانە پێشهاتوو و دیفاکتۆ دروست بووەدابکرێت، دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی خۆڵ کردنە چاوی جەماوەر و دەرکەوتنی دوو روویی رۆشنبیرانی ناپاک ،کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت!!،نەیتوانی رۆڵی مێژوویی خۆیان بلێزن و لەو ئاریشەدا بەشداریی ئەرێنی خۆیان بە قازانجی سەربەخۆیی خاک و نەتەوەدا بکەن.
لەبەر رۆشنایی پەندە کوردییەکەی دەڵێ: ” مشتێ نموونەی خەروارێکە”، وا بە کورتی چەند نموونەیەک لەمەڕ ئەم بابەتە، سەرەتا لە باکوور و رۆژاوا دەخەینە روو:
ـ ئێمە دەوڵەتی نەتەوەییمان ناوێ و ئەو داوا و بۆچوونانەمان خستۆتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە..خەتیب دیجلە.
ـ مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و ئەوە داوی ئێمە نییە…مستەفا قەرەسوو.
ـ ئێمە داوای دەوڵەت ناکەین،دەوڵەت دژی ئازادی و دیموکراتی و تاکە.هەوڵمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک چارەسەری کێشەکەمان دا،لێ ئێستا دەبینین دەوڵەت چارەسەری کێشەکەمان ناکات. ئێمە بۆ “کۆمەڵگەی ئازاد” خەبات دەکەین لە پێناوی هەموو گەلاندا. دەمانەوێ رژێمی دیموکراسی بەرەو پێش بەرین و گەشەی پێبدەین….جەمیل بایک
ـ کۆمەڵێ راگەیاندن و بانگاشە و نامە و داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەر هەمووی جەخت لە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی ئازاد و…. هتد، دەکاتەوە.(هەر هەمووی لە ناو ترکیادا).
هەموو ئەم ناوانە بەرپرسی گەورەترین پارتی باکووری کوردستان (پ ک ک )ن و رەنگڕێژی سیاسەتی گشتی ئەو پارتەن.
ـ ئێمە نامانەوێ لە سوریا جیاببینەوە. ساڵح موسڵح ..هاوسەرۆکی کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستان.
پێم وایە پێویست ناکات، باس لە بۆچوونی نێوەندەکانی بڕیار و کەسایەتی و چاودێرە سیاسییەکانی بێگانە بکەین،لەسەر دابەشبوونی سووریا، چونکە بە هەزاران چاودێر و نووسەر و نێوەندی عەرەبی هەن تا هەنووکە، رۆژانە لە میدیا و رۆژنامەکانیاندا، باس لە کەرتکەرتبوونی سووریا دەکەن. ئەوە تەنیا کوردە نایەوێ و دەڵێ نابێت سووریا هیچی بەسەر بێت، هەر کوردە نایەوێ سووریا پارچە پارچە بێت و لە سووریا جیابێتەوە،لە کاتێکدا هەر خودی کوردیشە، داستانی قارەمانێتی بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانی، وەک داعش تۆمار دەکات و تاکە هێزی کاریگەر و کردەیە، لەسەر گۆڕەپانەکە،کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاندووە. بەڵام نازانێ پاش نەمانی داعش چارەنووسی بە کوێ دەگات و بەپرس و سەکردەکانی ، بەرەو کام ئاقار، کاروانی خەباتەکەی خستۆتەکەیان خستۆتە گەڕ. بێگومان ئەم پەرادۆکسە،مەتەڵ و گرێیەکی تری مێژووی کورد و گووتاری نەتەوەیی دەنەخشێنی و پێویستە گرنگی پێ بدرێ و کورد چاوەڕێی ئاکامی خەباتەکەی بکات و بزانێ لە پێناوی چیدا قوربانی دەدات و رێگە نەدا،چارەنووسی بە نادیاریی بمێنێتەوە و بکەوێتە ژێر پێچکەی بێروحمی گەمە سیاسییەکانەوە.
ئەوەی زۆر سەیر و سەمەرەیە، بەشێکی ئەم بەرپرسانە داوای (کانتۆن)یان بۆ دەڤەرە جیاکانی باشووری کوردستانیش کردووە،وەک شەنگال، سلێمانی و دەیانەوێ مۆدێلی کانتۆن ، لە باشووریش بکەنە دروشمی سەرەکی، وەک ئەوانەی رۆژاوا بیسەپێنن، ئەو مۆدێلەی!! کە چ ناسنامەیەکی پێوە دیار نییە و تێکەڵەیەکە لەسەر بنەمای مێژوویی و نەتەوەیی و جوگرافیایی دانەمەزراوە و لە زەمینەی ئەزموونی میللەتانیشدا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەک سویسرا دا،خراوەتە کار و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.
هاوکات نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ،کەوا ئەو هێزەی باوەڕی بەدەوڵەت نەماوە،کەچی بە سەرسووڕمانەوە دەوڵەتی ترکیای قەبوڵە و تێدەکۆشێ لە پێناوی ئەوەی، زێتر دیموکراسی تێدا بەرقەرار بکات و یەکێتی دەوڵەتەکە پایەدارتر بکات .
تەنیا ئاماژەدان بە بیروڕا و هەڵوێستی، کەسانی وەک (ئیسمائیل بێشکچی و نوام چۆمسکی) و چەندان کەسایەتی تر لەسەر رەوایەتی،دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی،رەنگە وەک وەڵامێک بەس بێت بۆ ناواقعێتی بیروبۆچوونی پارتەکانی ئەو دو بەشيی نیشتمانەکەمان . دەشێ لێرەدا بتوانم لە بری ئەوان، رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم: خۆ گەر لە دیدی سیاسیشەوە بێت، ئەو هێزانە دەتوانن لە راگەیاندنەکانیاندا، وا هێما بۆ پرسەکە بکەن، کەوا کورد لە باکوور ،لە مافی فیدراڵی کەمتر بە هیچی تر رازی نابن و سەردەمی دەوڵەتی نێوەندی هەڵگری بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک دەوڵەت ، لە وڵاتی فرە نەتەوەدا بەسەرچووە. یاخود مافی نێزیک بە ٣٠ ملیۆن کورد، هەر لە دەوڵەتێکی فیدراڵدا بەرقەرار دەبێت. دوای چارەسەریی پرسی نەتەوەیی کورد و گەلانی تر، ئەوسا دەرفەت هەیە گەلانی ترکیا لە قۆناخەدا بتوانن بە ئاشتی و ئارامی و یەکسانی،لە کۆماری/ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاددا پێکەوە بژین.
کوردانی رۆژاواش، دەرفەتیان لەبەردەمدایە، وەڵامی پێشهاتەکان بەوە بدەنەوە،بڵێن: ساتێ سووریا داشبەشکرا،وا ئێمەی کورد بەشە کوردستانی خۆمان بە خوێنی شەڕڤانەکانمان ئازاد و نەخشاندووە و بەرگریی لێ دەکەین و دەیپارێزین، رێگە نادەین بە دەسەڵاتی ناوەندی جارێکی دیکە لەم دەڤەرەدا باڵادەستی هەبێت. بە هەموو واتا و توانایەکمانەوە، سوورین لەسەر داوا نەتەوەیی و دیموکراسییەکانمان. ئێمەش وەک برا کوردەکانمان ،لەم قۆناخەدا، لە باکوور و باشووری وڵاتەکەمان،داوای مافی فیدڕاڵی دەکەین.
ئەم جۆرە تاکتیک و ستراتیژە سیاسییە، لە ئاستی نێوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بارستایی خۆی هەیە و شیاوی هێنانە دیشە. کاریگەرێتی نەرێنیشی لەسەر وونکردنی ناسنامە و گەوهەری پرسی نەتەوەیەک بە خەسلەت و بنەما تایبەتمەندییەکانییەوە ناکات و سەروەرییەکی مێژوویش تۆمار دەکرێ.
ئەم ئاوڕە خێرایە لەسەر ئەم پرسە و پێداگریی و سووربوونی ئەو هێزانە لەسەر ئەم دروشمانە،پێناسی ئەو لۆژیکە چەوت و بزاڤ و شۆڕشە چەواشەیەی ئەو حیزبانەمان لای روون دەکاتەوە،کە چەند دەستەوسانن لە ئاست ویستی نەتەوە و چەند دیماگۆگن لە سیاسەتکردن بە جەماوەری ماندوو و قوربانیدەری خۆیانەوە. بەواتایەکی تر، چەند کار لەسەر بەلارێدابردنی،پرسی رەوای نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەن و تا چەند بێ ئیرادە و بڕیار بەدەست نین، لەمەیدانی داوا رەوا نەتەوەییەکانی کورددا.
خوێندنەوەی پرسی سەربەخۆیی لای کاتالان و کورد،وەک نموونەیەکی هەنووکەیی،هەڵگری چەند ئاماژە و پرسیارگەلی ئالۆز و بێ وەرامە. هەر نیگایەکی سەرپێی ئەم هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاردانە،رەنگبێ بەشی ئەوە بکات، لە هۆکارەکانی، سەرتاپای مێژوویی بندەستی خۆمان تێبگەین.
پرسی سەربەخۆیی، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێشتا نەبۆتە جێی باس و چ پرۆژە و بەرنامەیەک،لەمەڕ ئەم پرسە گرنگە، کە لەو بەشەدا پەیوەستە بە چارەنووسی، هەر نەبێت زێتر لە ١٤ ملیۆن کوردەوە. پارتەکانی رۆژهەڵات، جیا لەوەی بەردەوام پارچەپارچە و لاواز بوون، هاوڕاش پێداگرییەکی سەرسەختانە لەسەر ئێرانچێتی دەکەن و بەشێکی زۆریشیان دوای گلاسنۆس و پێرۆسترۆیکاش، هێشتا شەوارەی ئێدیۆلۆژی و دەقی کتێبە ئەستوورەکان بەری نەداون.
رەنگە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە نێوان ئەو پارتانەدا و بڵندکردنەوەی داوای هەرە دامێنی فیدڕاڵی، تاکە وەرامێکی پۆزەتیڤ بێت،دەرهەق بە حاڵوباری کورد لەو بەشەدا.
بارودۆخ لە باشووری وڵات، پێی ناوەتە قۆناخێکی ترەوە. لەم بەشەدا لەتەک ئەو واقیعەی هەیە و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، کەچی هێشتا وەک پرۆژە و بەرنامەیەکی ئامادەکراو و کار بۆ کراو،چ ئاماژەیەک بۆ پرس و داوای سەربەخۆیی بە کارایی بەرچاو ناکەوێ.
پارتی،زێتر لە لایەنەکانی دیکە لە رێی میدیا و راگەیاندنی کادێرەکانییەوە،ئەم باسە دەورووژێنێ.چەند جارێ، سەرۆکی هەرێم لە راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا ئاماژەی بەم داوا رەوایەی کورد داوە. دیسان ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن،ئەم هەوڵانە،پتر وەک کارتێکی گووشار و بۆ ترساندن و لابردنی تابووی سەر ئەو پرسە بەکار هاتووە، نەک وەک داوایەکیگەڵاڵەبووی بەرجەستەی باوەڕپێکراو…هاوڕاش بە کردەوەکانیان سیما و رەنگێکی بنەماڵەیی و تێڕوانینی بەرژەوەندی تەسکییان بەخشیوە بە رەهەندی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت..
جگە لەوەش ئەوەی نایبینین و جێی سەرنج و پرسیارە، شاندێ/دەستەیەکی دیبلۆماتکاریی کورد، بە فایلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و داوای دامەزراندنی دەوڵەتەوە. بە پەنهانی و ئاشکرایی، لە نێوەندەکانی بڕیاردان ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرتاسەریی جیهاندا،چالاکانە کار بۆ ئەم دروشم و داوا رەوایە بکات… لە میدیاکانی جیهانیدا، وتاری چوار نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان، و نووسەر و کەسانی سیاسی سەر بەو پارتانەی بارستاییەکیان لەسەر ئاستی کوردستان هەیە، پروپاگەندە و پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن… لە نێو کەناڵ و میدیا جیهگانییەکاندا،مێزگردێک نابینین، کورد ئامادەی کرد بێت، یان بەشدار بێت تێیدا و ئەم پرس و باسانە بڵاوبکاتەوە و بە لۆژیک و دیکۆمێنت و زمانێکی دبلۆماسی هاوچەرخ بانگاشە بۆ پرسی سەربەخۆیی بکات… لۆبییەکی کوردی سازکرابێ و کار لەسەر ئەم پرسە بکات. دەیان سەدان جۆر چالاکی تری دبلۆماسی و راگەیاندنی و تەنانەت ئامادەکاری و رازیکردنی خەڵکانێک، کۆمپانیاگەلێک، تا رادەیەی کڕینی کەسایەتییە جیهانییەکان،تەماحیان وەربەر بنرێ و سۆزیان بۆ لای کورد راکێشرێ و بەرژەوەندییان بۆ بخوڵقێندرێ .بۆ داکۆکی لە پرسی رەوای نەتەوەیەک ،کە ئەنفال کراوە و شەنگالی لێ زەوتکراوە و هەمیشە تەپکە و تەڵە بۆ بوون و هەبوونی لە لایەن داگیرکەرانەوە دەچنرێت…
لە هەمووش سەیرو پارادۆکستری دەسەڵاتی ئەم پارتانە و حکومەتەکەمان،ئەوەیە چ لایەک رێگە نادەن ،بە هێز و کەسانی نەتەوەیی هەڵگری باويری سەربەخۆیی و ئاڵای دامەزراندنی دەوڵەت ،لە کوردستان ،لەسەر زەمینەیەکی باويری کوردایەتی و دوور لە گرژیی و وەکارهێنان بوک داردەست بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هاوبیرانی بیری کوردایەتی، شانبەشانی هێزەکانی دیکە کار بکەن و ئەو بۆشاییە گەورە فکریی و سیاسیی و نەتەوەییە پڕ بکەنەوە… هەرچی هەیە دەبێت بەدەستی خۆیان بێت و خۆیان مامانی بن و هەرچۆنیان ویست،وای هەڵسووڕێنن . ئاخر ئەمانە باوەڕیان بە هاوخوێنی و هاوسەنگەریی و هاوستراتیژی و هاوپەیمانی نییە و لە دووی شێرەبەفرینە و قەرەقۆ و کوری رۆژ و کەڵەکباز و بێعار وێڵن. وەک ئەوەشی کە رێگە نادەن، خۆشییان ئەوە نیین کە پێویستەهەبن و خۆنمایشت بکەن!.
ئەوەیشی پارتەکانی دیکەی باشوور کاری لەسەر دەکەن، مخابن کەرتکەرتکردنی ئەو ناسنامە نەتەوەییە،کە هەوڵی دروستبوونی دەدرێ و لە میانەی پرۆسەیەکی ئاسایی و بێ خەرجیدا،بۆ خۆی بەرەو دروستبوون دەچێت و چلوورەە دەبەستێ.
گووتاری یەکێتی، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ناررون و تەمومژاوییە و هەر خەریکی رازیکردنی دەوڵەتانی داگیرکەرن ئۆکەی بە کورد بدەن دەوڵەت دروست بکات !!. سەرەککۆماری عێراق، د. فوئاد مەعسووم تاکە کەسە لەسەرتاسەری جیهاندا،دەڵێ: ئێمە رێگە نادەین عێراق دابەش بێت.
گٶرانیش، کار لەسەر ناسنامەی دەڤەری تاکە شارێکی کوردستان ،سلێمانی دەکات و گەرەکێتی پشت ئەستوور بە دەستووری عێراق!!، هەرێمێکی سەربەخۆ و ناناوەندی لە بەرامبەر هەولێردا بەدەست بهێنێ. لە کاتێکدا لە دەستووری کوردستان دا،ئاماژە بەوە کراوە،کە رێگە بە دامەوزراندنی چ هەرێمی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا نادرێ.
ئەمانە و هێزە ئیخوانییەکان،یەکبینە کار بۆ کاڵکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پچڕپچڕکردنی هەستی کوردستانی و شێواندنی گوتاری نەتەوەیی و باوەڕی تاکی کورد بە خۆیی و مەسەلە رەواکەی دەکەن.
هەموو لایەنەکان،بە خۆیان میدیاکانی سێبەریانەوە و لەشکری رۆشنبیرانی هەلپەرست و بەرژەوەندی خۆیانەوە، لە هەوڵ و تەقەلای مەحاڵکردنی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدان و هەوڵیش هەیە لە پشت ئەوەوەی ئەم باسە وەک بڤە و تابوویان لێ بێت.لە ئالییەکی دیکەوە بە هەموو شیوە و شیوازێکی ناشرین و رووقایمی و نەیارانە،دژ بەم چەمک و داخوازییانە دەوەستنەوە و لە بەها و گرنگییان کەم دەکەنەوە سووکایەتی بە باسکردنی دەکەن..ئەوەتا لەسایەی ئەم کەمپینی و رٶلێ نەرێنی میدیا شڕ و گوماناوییەکاندا، خەڵکانێکی سەرلێشێواو و گەوج بوو،بە رەفتار و گوفتاری نابەجێ و دوور لە خۆشەویستی نیشتمان و خوێنی گیانبەختکردووان و ئەو هەموو کارەسات و قوربانییانەی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و ملیۆنەها کارەساتگەلی دیکە، دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ و لەبەر ئەوەی ((معاشەکەی جوان نییە))…!! یان بە بڕوبیانووی پوچەڵ و نەزۆک و بێ ماناوە،خۆیان لەم داوا رەوایە دەدزنەوە و پێیان وایە ،هەلومەرجی سەربەخۆیی لەبار نییە و وڵاتانی درواسێمان،رازی نین.
رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و وەرچەرخان و هەڵکەوتنی گرنگی کوردستان و ئەو دیفاکتۆ خوڵقاوەی بە بۆنەی شەڕی داعشەوە،سەری هەڵداوە،فاکتەرگەلێگی گەورە و کاریگەرن،رۆژ بە رۆژ کوردستان بە هەموو رەهەندەکانییەوە تێهەڵکێشی هاوکێشە و نەخشەی ئامادەکراوی پآس سایکس پیکۆ دەبێتەوە.کورد دەبێت بزانێ چۆن لەم گۆڕەپانەدا یاری دەکات. بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەین و براوە بین،پێویستە وەک یەک تیمی نەتەوەیی بچینە مەیدانەوە.ئاخر تاکە چەکی دەستی کورد هەر یەکێتی و یەکێتی دەبێت .
بە کورتی هەڵمەت و کەمپینی سەربەخۆیی دەکرا و دەکرێ لەچەندین قۆڵ و کەناڵەوە کاری بۆ بکرێ..نەک وەک ئەوەی خەڵکانێ بە ئومێدی ئەوە بن، هەر بە پەیمانێکی بلفۆڕئاسا،بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بۆ بخرێتە سەر سینی زێڕین و پێشکەشیان بکرێ…
رووداو و پێشهاتەکان بە پەلە دێنە پێشيوە و دەگۆڕدرێن و گەلێ جار بە چاوترووکانێک ،وەرچەرخانی گەورەی چاوەڕوان نەکراو،دێتە سەر شانۆی سیاسەت و دەبێت پلانت بۆی هەبیت و رووبەرووی بیتەوە…بە نموونە هاتنە پێشەوەی رووسیا لە پشتیوانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سوریا و پەیمانی چوارقۆڵی رووسیا، ئێران، سووریا و عێراق ق کلک و پێوەندەکانیان.
بۆیە،لەم هەلومەرجە ناسک و گرنگەدا، لەدەستدانی هەر چرکەساتێ،بۆ کورد،مانای کەمتەرخەمییە لە ئاست سەدەیەک کات و روودا و چارەنووسی ملیۆنەها مرۆی کورددا..
دوای ئەم بە پەلە ، خوێندنەوەی بارودۆخی سەربەخۆیی،لە دیدی کوردایەتییەوە، لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان، تێدەگەین،لە تاقیکردنەوەی کوردایەتیدا،پارتە کوردستانییەکان،گەرچی پرسیارەکانیش سووک و سانا و روون و ئاشکرایە،کەچی لە ژێڕ سفرەوە دێنن و لە هەنووکەدا چاوەڕوانی دەرچوونیان لێ ناکرێت.
هەڵبەت ئەم راستیتانە،نابێ شتێکی دیکەشمان لە یاد بەرێتەوە، ناکۆکی و ناتەبایی و رێکنەکەوتن لەسەر ویستە باڵاکانی نەتەوەکەمان… ئاخر گەر ناتەبا و بێ بەرنامە نەبووینایە، کەسێکی وەک ئەیاد عەللاوی نەیدەگووت: من وەک پرنیسپ باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە، لێ کام دەوڵەتی،دەوڵەتی هەولێر،سلێمانی یان قامیشلۆ…بێگومان کەسی هۆشیار،دەزانێ ئەم رستەیە هەڵگری چەند رک و کینە و شۆڤێنیزم و ناحەزایەتییە،بەڵام بە دیوێکی تریشدا نێزیکە لە راستییەکی تاڵەوە.
١٠/١٠/٢٠١٥
بۆ زانیاری زێتر لەسەر کاتالۆنیا،بڕوانە ئەم بابەتەی بەندە،لەم لینکەی خوارەوەدا.