"an independent online kurdish website

ئێران ھەمیشە ھاوکاری رێکخراوە توند ھاژۆیە ئیسلامییەکانی حزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، رژێمی بەشار لە سوریا و ھاوپەیمانەکانی دیکەی لە عێراق دەکات, لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران, دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕەخسێنێت.muhemed_saleh_qadri

بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەتی ئێران و رۆڵی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان, شیکردنەوەی چەند تەوەرێکی تایبەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی, چرکە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز محمد سالح قادری “بەرپرسی پێوەندیەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران” سازکرد.

چرکە: بەگشتی بۆ رەوشی ئێستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خوێندنەوەتان چییە؟
محمد سالح قادری :وەک دەزانین بنەما و فەلسەفەی دامەزران و مانەوەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەک ھەر ھیچ گۆڕانێکی بەرەو دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ دەوربەری بەسەردا نەھاتووە، بگرە بەردەوام ھەولی داوە ئەو مۆدیلە لە دەسەڵاتی ئایینی و ئایدولۆژیای ویلایەتی فەقیھی، بەدەر لە بە رەسمی ناسینی جوگرافیای سیاسی وڵاتان، ھەناردەی وڵاتانی ناوچە و جیھان بکات و کۆپی ئەو ئایدیولۆژیایە لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکە و جیھاندا بکاتە سیستەمی حوکمڕانی. وەک خۆیان دەڵێن ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکخستنی تایبەتیان دامەزراندووە و لە ژێر سێبەری ئەو دامەزراوانەدا بەردەوام ھەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکاندا و دامەزراندنی گرووپ گەلی تیرۆریستی سەر بە خۆیان و بەکارھێنانیان بۆ ئامانجە سیاسی و ئایینییەکانی ئەو رژێمە درێژەی ھەیە. کەوایە تا رژێمی کۆماری ئیسلامی مابێت، ئاژاوەگێڕی، پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستەکان و ھەلایسانی شەڕ لەنێوان پێکھاتە جیاجیاکان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی گشتی دەرھەق بە کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا ھەمان سیاسەتە کە لە دژی کوردی رۆژھەڵات بە کاری دەھێنێت، ھەرچەند لە تاکتیکدا جیاوازی ھەیە، بەڵام لە ئیستراتیژیدا وەک یەکە. ئەو رژێمە دژی مرۆییە زیاتر لە سێ دەیەیە بە شێوازی سیستەماتیک لە ھەموو چەشنە ئامرازێکی سەرکوتکردن و سڕینەوە و تیرۆریزمی دەوڵەتی دژ بە گەلی کورد کەڵک وەردەگرێت، تاکو ئیرادەی ئەوان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و خاوەن دەرکەوتنیان لە ناسنامە نیشتمانییەکەیان سست بکات، بەو حاڵەش گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان وەک مەکۆی خاوەن ئیرادەی خۆڕاگری بە میتۆدی بەرگری ڕەوا لە ھەمبەر پیلانێکی رژێمدا بەپێی ئیمکان و دەرەتان درێژە بە خەباتی داوە.
چرکە: سیاسەتەکانی ئێران لەناوخۆی عێراقدا چەندە کاریگەری لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەیە؟
محمد سالح قادری :سیاسەتی ئەو رژێمە دژ بە گەلی کورد لەسەر بنەمای پەرتە و زاڵبە، ھەروا درێژەی ھەیە و لە ساڵانی تەمەنی ئەو رژێمەدا دەبینین چەندەی پێکراوە ھەوڵی داوە لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەر کام لە بەشەکانی کوردستاندا دووبەرەکی، ئاژاوە و پشێوی دروست بکات. جا لە نێوان ھەرکام لە بەشەکانی کوردستان دووبەرەکی و جەمسەربەندی دروست دەکات، کێشە و دووبەرەکی لە نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان سازبکات بۆ ئەوەی بە ڕێگەی ناکۆکی و کێشە نانەوە ڕێگە نەدات کوردستان و ناوچەکە رووی سەقامگیری بە خۆیانەوە ببینن. لە لایەکی دیکەوە بە سیاسەتێکی فریودەرانە وادەنوێنێ کە ئەگەر بتانەوێت رووی سەقامگیری بە خۆتانەوە ببینن پێویستە گوێڕایەڵی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بن تاکو لە نیعمەتی خێر و خۆشی بێبەش نەبن. بەتایبەتی سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان کە ئێستا وەکو مەرجەعێکی سیاسی و ھێمایەکی نەتەوەیی تەعبیر لە ئیرادە و سەروەری خەڵکی کوردستان دەکات و ئەزموونی پێکەوەژیانی بە ئاشتی و دیموکراسی لەگەڵ پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دانیشتووی کوردستان تاقی دەکاتەوە و بەرەبەرە گەشانەوەی ئابووری و سیاسی بە خۆیەوە دەبینێت، ھەر کاتێک سەرکردایەتی کورد لەو بەشەی کوردستاندا بیەوێت ھەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی سیاسی ھەڵبگرێت، پێش لە بەغدا ، ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەسەر خەتە و لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی و دیپلۆماسیەکانیەوە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات، تاکو لەو ھەنگاوەی پاشگەزبێتەوە. بەمەش ڕاناوەستێت و بەردەوام بە دەستێوەردانی لە ژیانی خەڵکی ھەرێم و لایەنە سیاسی و دامودەزگا حکومیەکانی ھەرێم، ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و کێشە و ناسەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەدات، تاکو بە ھەر شێوەیەک بێت ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموونە بگرێت و نەھێڵێت ئەو دەسکەوتە نەتەوەییە سەقامگیربێت.

چرکە: خوێندنەوەت بۆ رەوشی ئێستای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چۆنە؟
محمد سالح قادری : وەک دەزانین لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و دامەزرانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھێزە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش لە پێناو بەرپرسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بە مەبەستی یارمەتیدان بە خەڵکی باشووری کوردستان و پاراستنی دەستکەوەتە نەتەوەییەکەیان، بەشێک لە خەباتی خۆیان دژی رژێمی ئێران ڕاگرت، تاکو بە بیانووی ئەوان رژێمی ئێران دەستکەوتە ساوایەکەی خەڵکی باشوور لەناو نەبات. کەچی بینیمان رژێمی ئێران بەمەش نەوەستا و سەرەڕای نانەوەی کێشە و شەڕی براکوژی لەنێوان ھێزەکانی باشوور لەگەڵ یەکتر و دواتریش دەستیکرد بە تیرۆری سەدان تێکۆشەری دیموکرات و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی رۆژھەڵات و ھێنانەوەی ھێزی پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی دیموکرات و موشەک باران و بۆمب بارانی ھەوایی بارەگاکانمان و دانانەوەی بۆمبی تەوقیت کراو لە سەر رێی ھاتووچۆی پێشمەرگەکان و ژەھراویکردنی ئاوی خواردنەوەیان و دەیان پیلانی دیکە ھەوڵی بەربەستکردنی خەباتی ئێمەی داوە، بەڵام بەھۆی خۆڕاگری تێکۆشەرانی رۆژھەڵات پیلانەکانی رژێم شکستیان ھێناوە و خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر دژی ئەو رژێمە ئامادەی خەباتن.
چرکە: بۆچی کار و چالاکییەکانی حزبەکانی رۆژ ھەڵات کەم بووەتەوە؟
محمد سالح قادری :وەک لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێدا حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دوای ساڵانێکی درێژ لە ھاوکاریکردنیان بۆ بارودۆخی باشووری کوردستان و ژیانی تاراوگەیی و دوورکەوتنەوە لە مەیدانی خەباتیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵام ئێستا بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و بەرەو سەقامگیری چوونی ھەرێمی کورستان، ئیتر حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەوڵی ئەوەدان بە پێی ئیمکان و دەرەتان لە ماف و رۆڵی خۆیان بۆ خەباتی مافخوازی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان خاوەن دەرکەوتنن و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی خۆیان پەیوەندی بگرن و بە رێکخستنی خەڵک و پشتیوانیکردنیان لە خەباتی مەدەنی و جەماوەریدا بە تەنیایان نەھێڵن.
چرکە: ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ھەردوو حزبی دیموکرات بە کوێ گەیشتووە؟ ئایە بەو ھەوڵانە گەشبینن؟
محمد سالح قادری :وەک ئاگادارن کێشەکە چەندین ساڵە درێژەی ھەیە و بۆ پڕ کردنی ئەو کەلێنە تەشکیلاتی و سیاسییە و ھەڵگرتنی کۆسپەکانی سەر رێگەی یەکگرتنەوە پێویستیمان بە ئیرادەیەکی بەھێزی دوولایەنە ھەیە، کە بتوانێت بە گیانێکی لێبوردەیی و بە میکانیزمێکی دیموکراتی و متمانە و گرنگی یەکگرتن بکاتە ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی بۆ تێکڕای تێکۆشەرانی دیموکرات، بۆیە ھەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی لەگەڵ ھاوڕێیانی پێشوومان و کۆتایی ھێنان بە دیاردەی دووبەرەکی و لێکترازان خراوەتە بواری جێبەجێبوونەوە. لەو راستییەدا لە لایەن رێبەرایەتی ھەردوولاوە تا ئێستا چەندین چاوپێککەوتن و وتووێژ لە ئاستی بەرزدا ئەنجامدراون و ھەوڵدراوە بە رەخساندنی کەشێکی لە بار و برایانە بۆ لێکتێگەیشتن و پێکەوە تاوتوێکردنی کێشەکان و دەستنیشانکردنی لەمپەرە تەشکیلاتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی یەکگرتنەوە و چۆنیەتی ھێنانەدی تەبایی و یەکگرتن.
لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەو ھاورێیانەمان جیاوازییەکی ئیدئولۆژیکی یان سیاسی ئەوتۆمان لە پەیوەندی کردن لەگەڵ ستراتیژی جوولانەوە و ئامانجەکانی دا نییە و ناکرێ بە ناوی دوو دیموکراتی خاوەن یەک مێژوو و بە ھێماکانی ھاوچەشن و رێبەرانی شەھید و یادەوەری ھاوبەشەوە بوونمان ھەبێت. کەوایە ئەمە نە لەگەڵ لۆژیکی سەردەم و نە لەگەڵ ویستی گەلەکەمان کە یەکریزیی و یەکبوونی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان دەوێ یەک ناگرێتەوە. ھەروەھا ئەزموونی چەندجار جیابوونەکانی پێشووتری نێو حزبی دیموکراتیش ئەو راستیەی سەلماندووە کە دیاردەی دوو حزبی دیموکراتی ھاوچەشن، بەیەک ناو نە لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا و نە لە جیھانی مۆدێرندا عەمەلی نییە و باوی نەماوە. کە وایە مەبەست لە دیالۆگ و دانیشتن لەگەڵ ھاوڕێیانی پێشوومان بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردەی دووبەرەکی خولقێنەیە کە ساڵەھایە میللەتەکەمانی تووشی بێزاری و نیگەرانی کردووە و لە بەرانبەریشدا ناحەزان و دوژمنان شایی دەگێرن.
چرکە: ئایە حزبەکانی باشووری کوردستان کاریگەرییان لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵات چۆن بووە؟ چۆن پەیوەندیەکانتان بەرەو پێشتر دەچێت؟
محمد سالح قادری :کاریگەری خەڵک و حزبەکانی باشووری کوردستان بۆ خەباتی رۆژھەڵاتی کوردستان بە پێی قۆناغ جیاوازی ھەبووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەبینین مەلا مستەفای بارزانی و ھێزەکانی دژی رژێمی شای باوک لە ئێران تا دواسات بەرگرییەکی جێگای شانازیان لە کۆماری کوردستان کردووە. کەچی لە کۆتایی شەستەکاندا لە ژێر پاڵەپەستۆی شای کوڕ و ئەمریکادا ھەڵسوکەوتی نەشیاویان دەرھەق بە تێکۆشەرانی رۆژھەڵات کردووە. ھەروەھا لە سەرەتای ھەشتاکاندا پیلانی دەرھێنانی تەرمی بارزانی نەمر بە ھۆی دەزگا سیخورییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی و لکاندنی بە حزبی دیموکرات، کە بەداخەوە بووە ھۆی ھاندانی ھەستی بارزانیەکان و دروستبوونی شەری قیادەی موەقەت لەگەڵ حزبی دیموکرات. دواتر لە سەردەمی شەڕی بەرگری دژی فەتوای رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرھەق بە کوردی رۆژھەڵات دەبینین ھێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان بە ھانای حزبی دیموکراتەوە دێن و لە سەنگەری خەبات دا چەندین پێشمەرگە و فەرماندەیان شەھید بوون. لە ھەمان کاتدا قۆناغی دیکەش ھەن کە بە پیلانی رژێمی ئێران بە داخەوە ھێزەکانی باشوور دژ بە ھێزەکانی رۆژھەڵات رۆڵی نێگەتیڤ و دوور لە گیانی برایەتی و بەرژەوەندی نەتەوەییان ھەبووە. ھەر لە تیرۆری تێکۆشەرانمانەوە بگرە تاکو داخستنی رادیۆی دەنگی کوردستان و ھێنانی ھەزاران پاسدار بۆ سەر بارەگاکانمان لە ناوچەی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبوڵای شۆرشگێر و ھتد…، ھیوادارین ئەو ڕابردووە ببێتە خەرمانێک لە ئەزموونی بە نرخ تاکو لەمەوبەدوا ھەموومان لە پێناو ئامانجە نەتەوەییەکانماندا لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستاندا پشت و پەنای یەکتری بێن، نەک لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی یان ھەر پاساوێکی دیکە دژ بە تەبایی و یەکریزی نیشتیمانی، بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەویتە ژێر کاریگەری پیلانی نەیارانی گەلەکەمان.
چرکە: ئایا پەکەکە بە پاسەوانی سەرسنووری ئێران دەزانن؟ خوێندنەوەت بۆ پەژاک چیە ؟ پێتان وانیە بۆ بێھێزکردنی حزبەکانی دیکەی رۆژھەڵات دروست کراوە؟
محمد سالح قادری :بوونی پەیوەندی PKK لەگەڵ رژێمی ئێران یان پەیوەندی ھەر ھێزێکی بەشێکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتێکی زاڵ بەسەر بەشێکی کوردستان تا ئەو جێگایە بە نۆرماڵ دەبینین کە لەسەر حیسابی بزووتنەوەی کورد و ھێزە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان نەبێت و زەرەر لە خەباتی ئەوان بۆ وەدیھێنانی مافەکانیان نەگەیەنێت. بەڵام ئەگەر لەپێناو پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ ھەر دەوڵەتێک زەڕبە و زیان بە جوڵانەوەی ئەو بەشەی لە خەڵکی کورد بگێنێت یان لە بەردەم خەباتی ئەوان کۆسپ دروستبکرێت، ئەوکات ئەو پەیوەندییە نە خزمەت بەو حزبە دەکات و نە دەتوانێ تەبایی و ھاوکاری نێوان ھێزە سیاسیەکانی کوردستان مسۆگەربکات. کەوایە ئەگەر بمانەوێت پێوەندییەکی تەندروست لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرانبەر، دەستێوەرنەدان لە کارووباری یەکتر و ھاوکاریکردنمان بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان ھەبێت، ئەوکات دروستکردنی رێکخراوی سێبەر و پاشکۆ بۆ ھیچ ھێزێک ناتوانێت خزمەت بەو ئامانجە بکات و دوورە لە پرنسیبی تەبایی و پەیوەندییەکی تەندروستی سیاسی نێوان تەڤگەری بەشە جیاجیاکانی کوردستان. ھەر بۆیە ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیوەندی خۆمان لەگەڵ ھەر لایەک نەک لە سەر حیسابی لاوازکردنی ھیچ ھێزێکی کوردی یان بەشێکی کوردستان نیە، بگرە زۆر جار ئەگەر پەیوەندیەکمان لەگەڵ دەوڵەتێکی زاڵ بە سەر بەشێکی کوردستان بووبێت، ئامادەنەبووین لە پێناو بەرژەوەندی کاتیدا بەرژەوەندی نەتەوەیی لە ژێر پێدابنێین. بە دڵنیاییەوە ھەر ھێزێکی دیکە ئەگەر سیاسەتێکی جیا لەو پرەنسیپە پەیڕەوبکات، ھەم بۆخۆی زەرەر دەکات و ھەم زەڕبە لە یەکێتی نەتەوەیی دەدات. وەک ئەوەی ئێستا بەداخەوە لە ھەرکام لە بەشەکانی باکوور و باشوور و رۆژھەڵات و رۆژئاوادا شاھێدی رێکخراوی سێبەری وەھا ھەن کە ناتوانن خاوەنی سەربەخۆیی سیاسی خۆیانبن، بە ھەمان ئەندازەش ناتوانن خاوەنی ڕۆڵ و کاریگەری خەباتکاری بۆ خزمەت بە خەڵک بن.

چرکە: خوێندنەوەتان بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکانی نێوان وڵاتانی ٥+١ و کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟ ئایا زیان بە بەرژەوەندیکاری سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت؟
محمد سالح قادری :وەک دەزانین رژێمی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی باڵادەستی سەربازی خۆی لەو ناوچەدا ساڵانێکی درێژە وێڕای سەرفکردنی بە سەدان ملیار دۆلار دارایی وڵات و ھەژارکردنی خەڵکی خۆی، ھەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی داوە. ھەر بۆیە دوایی بینیمان ئەو گەمارۆیە ئابووری و پەراوێز خستنە سیاسیەی کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوایی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خرابوونە سەر رژێمی ئێران، ئەو رژێمە بەرگەی ئەو گەمارۆ ئابووریە و پەراوێز خستنەی نەگرت و بە ناچاری بە پێچەوانەی سیاسەتی پاوانخوازانەی میلیدا بە رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ تاکو لە بەرانبەر بەربەستکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گەمارۆ ئابووریەکانی رۆژ ئاواییەکان لە سەری ھەڵگیرێن و خۆی لە قەیرانی ئابووری رزگار بکات. بە نەزەری ئێمە ھەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی دەستی ئەو رژێمە ئاواڵەتر دەکات تاکو سەر لەنوێ ھێزە ئەمنی و سیخوڕییەکانی لە نێوخۆیدا بەھێز بکات و زەبر و زەنگ و سەرکوت لە دژی جیابیران و دژبەرانی لە ناوخۆی وڵاتدا پەرەپێبدات. لە لایەکی دیکەدا بە یارمەتیدانی ھاوپەیمانانی لە ناوچەدا وەک: رێکخراوە توند ھاژۆیە ئیسلامییەکانی حزبوڵای لوبنان، حوسیەکانی یەمەن، رژێمی بەشار لە سووریا و ھاوپەیمانەکانی دیکەی لە عێراق بەھێز دەکات، تاکو بۆ ئامانجە سیاسی و ئەمنییەکانی بە کاریان بێنێت، بۆ پیلان و ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانە، وڵاتانی ناوچە ناسەقامگیری زیاتر ببات. ھەر بۆیە شوێندانەری ئەو رێککەوتنە رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا بتوانێت دەرگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ڕووی ئێراندا بکاتەوە. بەڵام بەو ڕادەیەش ھەوڵدەدات لە نێوخۆیی ئێراندا ھەوڵی بێدەنگکردنی ئازادیخوازان بداتەوە. بەوحاڵەش ئەزموونی خەباتی ئێمەی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان لەمێژە ئەو تابۆیەی شکاندووە، کە رژێمی ئێران بتوانێ بەسەر ئیرادەی خەباتکاریاندا زاڵبێت، جا چ پێش ڕێککەوتنەکە و چ دوای رێککەوتنەکە، تا بەدیھێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان لە خەبات بەردەوام دەبین و پێمان وانیە کە رژێمی ئێران بتوانێت تاسەر پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت. چونکە ئەو رژێمە لە باری فکرییەوە دەیەوێت لە ھەر دەرفەتێک خۆی بە سەر وڵاتانی ناوچەدا زاڵبکات. کەواتە کێشەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی نەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یان وڵاتانی ١+٥ یان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵکو کێشە سەرەکیەکەی کێشەی نەبوونی دیموکراسیە، ئازادییە مەدەنیەکان و کێشەی مافی پێکھاتە نەتەوەیی و کەمینە ئاینیەکانی ناو جوگرافیای ئێرانە. کەواتە کێشەی سەرەکی ئەو رژێمە ئەوەیە کە جیا لە ئاشتبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ١+٥ بتوانێت لەگەڵ خەڵکی خۆی ئاشتببێتەوە و ئەوان لە نەھامەتی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕزگاربکات.

چرکە: خوێندنەوەتان بۆ ھەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان چیە؟
محمد سالح قادری :بابەتی سەربەخۆیی و سەروەری خەڵکی کوردستان مافێکی ڕەوا و بەرھەقی خەڵکی کوردستانە و سەرەڕای ئەو زوڵمە مێژووییەی کە بە ھۆی وڵاتە زلھێزەکانی جیھان و نەتەوە باڵا دەستەکانی ھەرێمی دەرھەق بە کورد و کوردستان کراون و ڕێگای گەیشتن بە سەروەی و بەختەوەریان لێ ئاستەنگ کردوون و بە دەیان تراژیدیا، کارەساتی مرۆڤی، ئەنفال، کیمایی باران، تیرۆری رێبەران و کارەساتی شەنگالیان دەرھەق بە کورد ئەنجامداون، بەو حاڵەش دەبینین گەلی کورد بە خەبات و قوربانیدانی بەحەقانیەتی رێباز و مافە ڕەواکانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لە دوا قۆناغی ئامانجەکانی نزیکدەبێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستاندا شاھێدین جێگای پێزانین و شانازییەکی نەتەوەییە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای کۆسپەکانی سەر رێی بتوانێ بەرھەمی چەند جیل خەبات و ئەو رووبارە خوێنەی کە بۆ ئازادی و سەروەری گەلەکەمان رژاوە، بگێنێتە لووتکەی سەرکەوتن و پشت ئەستوور بە ئیرادەی گەلەکەمان و کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی ھەستیاری ناوچە و بە پشتیوانی وڵاتانی دیموکراسیخواز بتوانێت ئەو ئاواتە لە مێژینەیە بەدیبێنێت. بە دڵنیاییەوە وەھا ھەنگاوێک و پشتگیری ھەموو کوردێکی نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێرێکی جێگای دڵخۆشی و ئازادیخوازە.
چرکە: سیاسەتی ئێران لە شەری دژ بە داعش لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی چۆنە؟
محمد سالح قادری :بە قەناعەتی تەواو تاکو رژێمی ئێران ھەبێت داعش و داعشەکان لە عێراق و ناوچەکاندا ھەر دەمێنن، ھۆیەکەش ئەوەیە کە رژێمی ئێران بۆ خۆی رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە پاڵپشتی و ئاڕاستەدان بەو گروپە گەلە تیرۆرستانە. بۆیە بە پێچەوانەی ڕواڵەتی ئەوە کە رژێمی ئێران ڕای گشتی بەوە فریوداوە کە شەڕی داعش دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە رژێمی ئێران توانی ئاڕاستەی داعش بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆی لە عێراقدا بەکاربێنێت. لە لایەک داعشی بەردایە گیانی عەرەبە سوننەکان و ھەرچی کەسایەتی و ڕیش سپییە بە نفوزەکانیان بوون کوشتنی و خاک و ئاسەوارە دێرینەکانیانی خاپوور کرد و لە ناووی برد، لە لایەکی دیکەشەوە بە بیانووی رزگارکردنی ناوچە سوننەکانی عێراق حەشدی شەعبی بەردایە گیانیان و ئەوەی لە داعش بەجێ مابوو ئەوان دژی عەرەبە سوننەکان بەجێ گەیاند و بەو شێوەیە ئێَران تۆڵەی شەڕی ئێران و عێراقی لە سوننەکانی عێراق کردەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بینیمان دوای لێدوانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕاپرسی لەسەر بابەتی سەربەخۆیی کوردستان و ھۆشداری بەرپرسانی ئێرانی بە سەرکردایەتی کورد بینیمان لە ماوەیەکی کورتدا ئاڕاستەی ھێرشی ھێزەکانی داعشی بەرەو کوردستان گواستەوە و ئەو ھەموو شەھید و قوربانیدان و ماڵوێرانییەی تووشی ھەرێمی کوردستان کرد.
چرکە: تائێستا بیرتان لەوە کردۆتەوە کە مافی ئەوپێشمەرگە شەھیدانەتان وەرگرنەوە کە لەلایەن حزبەکانی باشووری کوردستانەوە شەھیدکراون؟
محمد سالح قادری :بەداخەوە ھەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو تاوانانەی کە لە ھەرێمی کوردستان بە پیلانی رژێمی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانی دەرھەق بە تێکۆشەرانی رۆژھەڵات ئەنجامدراون مایەی شەرمەزاریە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەو تاوانانە فایلێکی حقوقین، لە ھەمان کاتدا ھەستیارییەکی سیاسی و ئەمنیان ھەیە و بە داخەوە تا ئێستا بەھۆی ئەو ھەستیاریە نەمانتوانیوە بەدواداچوونی ئەو کەیسانە لە دادگاییەکی بێ لایەن و خاوەن دەسەڵات بخەینە دۆزگەریەکی یاساییەوە. ئەوە فایلێکی حقوقیە و لە کاتی گونجاودا وەک پەروەندەی تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە دۆزگەری تاوانی تیرۆرەوە و بکەرانی ئەو تاوانانەش شەرمەزار و سزا دەدرێن.
چرکە: للەئێستادا كۆماری ئیسلامی ئیران سنوری پارێزگای سلێمانی بە نفوزی خۆی دەزانێت و بنكەگەلێكی زۆری ئیتڵاعاتی تێدا كردوەتەوە, ئایە ئێوە چۆن لە هاوكارو حزب و دەستوپێوەندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەروانن كە هەژموونی ئێران لەهەریم زیاد دەكەن؟؟
كۆماری ئیسلامی ئێران نەك تەنیا سنووری پارێزگای سلێمانیە بەڵكوو بە هۆی بنەما فكریەكانی كە پابەندی یاسا نێونەتەوەییەكانی پێوەندیدار بە سەروەری وڵاتان وهەرێمی سیاسی و جوغرافیای وڵاتەكان نیه‌، دەبینین نەك هەر سنووری پارێزگای سلێمانیە بەڵكوو هه‌ول ده‌دا هه‌مو هه‌رێمی کوردستان و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچە وەك: عێراق – سوریە – لوبنان و یەمەن بە قولایی ستراتیژێكی خۆی، یان ناوچەی نفووز و بەرژەوەندی سیاسی – ئاینی و ئابووری خۆی دەزانێ و بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستانیشی خستوتە ژێر پالە پەستۆی پیلانەكانی و دەیهەوێ بە ڕێگای جۆراجۆر دەستە مۆ و ملكەچی خۆی بكات. مه‌ترسیدارتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ لایه‌نه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌ر هۆ و له‌ ژێر هه‌ر ناوێک بێت مه‌یدانیان بۆ ده‌زگا سیخۆریه‌کانی ئێران ئاواله‌ کردووه‌ و بگره‌ له‌ سه‌ر فه‌رشی سوور پێشوازی له‌ قاتلانی رێبه‌ری شه‌هیدمان دکتور قاسملۆ ده‌که‌ن و چاره‌نووسی پرسه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم به‌ قاسمی سولێمانی و کۆنسولی رێژیم له‌ هه‌ولێڕده‌سپێرن. له‌ لایه‌کی دیکه‌ کاربه‌ده‌ستانی حیزبه‌کانی باشوور و نوێنه‌رانی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم له‌ ئێران به‌رده‌وام په‌سنی ئه‌و رێژیمه‌ ده‌ده‌ن و فه‌زلی ئه‌و رێژیمه‌ به‌ سه‌ر خه‌لکی باشوور و رۆژهه‌لات ده‌فرۆش، له‌ حالێکدا خه‌لکی رۆژهه‌لات رۆژانه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌و ریژیمه‌ چه‌نده‌ها سته‌میان تووش ده‌بێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ که‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانیان ئیدانه‌ی جینایه‌ته‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ بکه‌ن، بێده‌نگی ده‌نوێنن و له‌و لاشه‌وه‌ هه‌لسووکه‌وتێک ده‌که‌ن که‌ شعووری میلیۆنان کوردی رۆژهه‌لات پێ بریندار ده‌که‌ن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی