"an independent online kurdish website

منداڵەکانمان جگەرگۆشەمانن .. بیبیلەی چاوەکانمانن .. هیوا و ئومێدی دواڕۆژمانن .

منداڵە چاوگەشەکانمان بەشێکن لە ئەمڕۆمان .. بەڵام هەموو داهاتووی کوردسـتاننroji-jehani-mnalan

منداڵەکانمان، گرنگترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن .. کە لە سامانی نەوت و زێڕيش زۆر گرنگتر و بەنرخترن .. منداڵەکانمان گەورەترین هیوامانن .. بۆ هێنانەدیی هیـوا و خەونەکانمان .. کوردیلەکانی جوانکیلەکانی ئەمڕۆمانن، کە دەبنە کاریتەکان و کۆڵەکە بەهێزەکانی کۆمەڵگای کوردیمان .. بە هەوڵ و کۆشش و، بە شان و شکۆی ئەماان ژیانيکی خۆشتر و داهاتوویەکی گەشتر بۆ کورد و کوردستان دێنەدی .. هەر ئەم کاکەلە رۆحسووکەکانی ئەمڕۆمانن .. دەبنە پیاوانی مێرخاس و پاڵەوان، هەر ئەم خۆنچە گەشەکانی ئەمڕۆمانن .. دەبنە شەکرەژنان و شێرەژنانی لێهاتووی داهاتووی کوردستان .. دەبنە شۆڕەسوارە بەجەرگ و قارەمانەکانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی .. دەبنە سەرکردەی دلێر و، بە رابەری ژیر و، بە کاربەدەستانی دڵسۆز .. دەسەڵات دەگرنە دەست و.. هەموو کاروبارێکی کوردستانی شیرینمان بەڕێوەدەبەن .

کوردیلە خوێن شیرینەکانی ئەمڕۆمانن، کە چارەنووسی داهاتووی کورد و کوردستان دیاری دەکەن .. بۆیە پێویستە بە هەستی پاکی کوردایەتی .. بە سۆز و خۆشەویستی و بە دڵسۆزی و بە هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانمان، بە راستی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین .. پێویستە تۆوی کوردایەتی و کوردستانپەروەری و، رێـز و، خۆشەویستی و، خۆشک و برایی و، یەکێتی و، یەکڕیزی و، هاوسۆزی و، دڵسۆزی و هاودەنگی و هاوخەباتی و هاوچارەنووسی و …، لە دڵە قنج و پاکەکانیاندا بڕوێنین .. نەک بە کەلتووری سەقەتی پڕ لە رق و کینە و توندوتیژی .. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزە، ئەرکێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازی ئەستۆی هەموو لایەکمانە .. هەر هەموومان لە ئەمڕۆ و .. لە داهاتووی کوردیلەکانمان بەرپرسیارین .

کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ( ١٩٥٤ز ) رایسپارد، کە هەموو وڵاتانی جیهان، رۆژێکی جیهانی بۆ منداڵان دابنێن و، ئاهەنگی تیا بگێڕێن، وا ناوببرێت کە رۆژێکە بۆ برایەتی و لەیەکگەیشتن لەسەر ئاستی جیهانی لە نێوان منداڵاندا. لە پێش و لە دوای ئەم راسپاردەیەش .. چەند رێکەوتننامەیەک لە بارەی مافەکانی منداڵانەوە دەرکران .. لە ( ٢٠ی/ نۆڤەمبەر/ی ١٩٥٩) دا، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵانی راگەیاند کە لە (٥٤) ماددە پێکهاتووە .

رۆژی هەینی ( ٢٠ی / نۆڤەمبەر/ ی ٢٠١٥) .. ( رۆژی جیـهانیی منـداڵان ) ە .. یـادی پەنجا و شەشەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵانە .. کە هاوڕۆژ و هاومانگە لەگەڵ یادی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی بە یاساکردنی مافەکانی منداڵان .. ئەوەبوو کە لە بەرواری رۆژی ( ٢٠ی / نۆڤەمبەر/ی ١٩٨٩) دا، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووبارە چەختی لەسەر مافەکانی منداڵان کردەوە .. رایسپارد کە رێکەوتننامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، لە یاسای نێودەوڵەتیدا ریزبەندی بکرێت و، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە .. دووبارە ئەوەشی راگەیاند، کە پێویستە وڵاتان لەسەر ئاستی جیهانیدا رۆژێک بە ناوی ( رۆژی جیهانیی منداڵان) دیاری بکەن و، لەم رۆژەدا ئاهەنگی تیابگێڕن .. ساڵی (١٩٨٩ز ) کرا بە ( ســاڵی جیــهانی منــداڵان ) .. هەر لەم بەروارەوە ( ٢٠ی/ نۆڤەمبەر/ی ١٩٨٩) ، رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەر) ی هەموو ساڵێک بوو بە ( رۆژی جیهانیی منداڵان ) لە جیهاندا.. رۆژێکە بۆ برایەتی و بۆ لەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵان لە جیهاندا .. رۆژێکە بۆ کارکردنیش لە پێناوی خۆشکردنی خۆشیی منداڵان لە جیهاندا .. گرنگترین مەبەستیش لە یادکردنەوەی ساڵانەی رۆژی جیهانیی منداڵان، وازهێنانە لە توندوتێژی لە دژی منداڵان .. هەروەها بە یادهێنانەوەی حکوومەتەکانی دەوڵەتەکانە، بە پابەندبوونیان بە بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەکان رێکەوتننامەی مافەکان و پێشێل نەکردنیان .

 

لە بەرواری ( ٢ی / سێپتەمبەر/ی ١٩٩٠ ) دا، ( ١٩١) دەوڵەت، واژوویان لەسەر رێکەوتننامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان کرد .. تەنها ئەمریکا و سۆمال واژوویان لەسەر نەکرد .. بەڵام دواتر ئەمریکا واژووی لەسەر کرد .. لە ئێستا ژمارەی دەوڵەتانی واژووکردوو لەسەر ئەو رێکەوتننامەیە .. گەیشتۆتە (١٩٤) دەوڵەت .. تا ئێستا هێچ رێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی تر، بەقەد ئەو ژمارەیەی رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان واژوویان لەسەر نەکردوون .. هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە واژووی رێکەوتننامەکەیان کرد، بەڵێنی پابەندبوون و جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵانیان دا .

لە ( رۆژی جیهانیی منداڵان ) دا، منداڵان جلوبەرگی جـوان لەبەردەکەن و، بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ، لە سەر روومەتە جوان و گەشەکانیان، وێنەی گوڵ یا پەپوولە یا ئاڵای وڵاتەکانیان دەنەخشێنن .. دایکان و باوکانیان، یا قوتابخانەکانیان، یا رێکخراوەکانی منداڵان، پیرۆزبایی لە منداڵەکانیان دەکەن و .. دیاری جوانیان پێشکەش دەکەن .. لە قوتابخانەکانیشدا، لەم رۆژەدا ئاهەنگی خۆشیان بۆ سازدەکەن و، چەندین بەزم و چالاکیی جۆراوجۆر، لە لایەن منداڵانەوە پێشکەش دەکرێن .. مامۆستاکانیش دووبارە باسی مافەکانیان بۆ دەگێڕنەوە .

 

ڕۆژی( ١٩ی/ نۆڤەمبەر ) ی هەموو ساڵێکیش، کە رۆژێک پێش رۆژی جیهانیی منداڵانە .. یادی ( رۆژی پـاراستنی منـداڵان لە خـراپی ) . واتە رۆژی پێنج شەممە

( ١٩ی/ نۆڤەمبەر / ی ٢٠١٥) رۆژێکی جیهانیی تری تایبەتە بە منداڵان لە جیهاندا .

بەڵام بەداخەوە، هەر ئەو دەوڵەتانەی کە واژووی رێکەوتننامەکەیان کرد .. هێشتا مەرەکەبی واژووکردنەوەکەیان وشک نەببۆوە، پێشێلی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکەی مافەکانی منداڵانیان کرد .. بە تایبەتیش داگیرکەرانی کوردستان، کە نەک هەر هێچ مافێ بە منداڵانی کوردمان رەوا نابینن ، بەڵکو زۆر رەگەزپەرستانە و دڵڕەقانە و دڕندانە .. دوور لە پرەنسیپەکانی مافەکانی منداڵان، دوور لە بەها مرۆییەکان و لە رەوشت، دوور لە بەزەیی و لە ویژدانی زیندوو، بە ناڕەوا منداڵانی کوردمان دەچەوسێننەوە .. منداڵانی کوردمان لە باکوور و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە هەموو مافێک بێبەش کراون .. تامەزرۆی خوێندن بە زمانی کوردیمان .. تامەزرۆی یاری وشادی و پێکەنین .. بەڵام لە سایەی داگیرکەرانی رەگەزپەرستدا، تا ئەمڕۆش چێژیان لە خۆشییەکانی تافی منداڵییان وەرنەگرتوون .. بە شێوەیەکی دڕندانە، لە لایەن دەزگا دڕندەکانی ئاسایشی داگیرکەرانی کوردستانەوە، رەفتار لەگەڵ منداڵانی بێتاوانی گەلەکەمان دەکرێ .. هەر لەبەر ئەوەی کە ( کـوردن ) .. تا ئەمڕۆش لە زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا، بە سەدان منداڵ و مێردمنداڵی کوردمان، بێ ئەوەی کە هێچ تاوانێکیان کردووبێ .. تاوانبار کراون لە زینداندان.. رۆژانەش پیسترین ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیان دەدەن و، ساڵانەش بە دەیان کورد لە سێدارە دەدەن کە مێرمنداڵ و کچانیان تێدان .. داگیرکەرانی کوردستان بە هیچ کلۆجێک دەست لە کوشتنی منداڵانی کورد ناپارێزن .. هەندێ لە تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان، بەرانبەر بە منداڵانی کوردمان، لە ئاستی تاوانی نێودەوڵەتیدان .. ئەم تاوانانە، بە رۆژی رووناک و، بە بەرچاوی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوی مافەکانی منداڵان و، بە بەرچاوی( هیومان رایتش ۆوچ ) و ( یۆنیسیڤ) ەوە ئەنجام دەدرێن .. بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی دەوڵەتەکانیان .. وای لێکردوون کە لە ئاستی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە منداڵانی کوردمان دەکرێن ( کوێر و کەڕ و لاڵ ) بن .. ؟! هەر ئەم بێدەنگییەیان، بۆتە هاندەر بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بۆ ئەوەی زیاتر و دڕندانەتر، درێژە بە تاوانەکانیان دەرهەق بە منداڵانی کوردمان بدەن .

بە ناوی سەرجەم ئەندامانی ( کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج ) بە بۆنەی یادی

( رۆژی جیهانیی منداڵان ) ەوە جوانترین پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و لە تێکڕای منداڵانی جیهان دەکەین .. هیوای جێبەجێکردنی مافە رەواکانیان بۆ دەخوازین .

  لە رۆژی جیهانیی منداڵان دا، پەیامێ منـداڵانی کوردسـتان، بە هەموو منداڵانی جیهان دەگەیەنێن .. پەیامی هاوڕێتی و هاوسۆزی و خۆشەویستی و ئاشتی بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن .. ئەی منداڵانی جیهان، با دەنگ و هاوار و داواکانمان یەکبخەین، با پەیامی گلەیی و ناڕەزایی خۆمان، بگەیەنین بە ( کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان )، بە (رێکخراوی یۆنیسیڤ)، بە (رێکخراوی مافەکانی منداڵ)، بە (هیومان رایتش ۆوچ ) و، بە هەموو رێخراوێکی پەیوەند بە داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان و، بە هەموو خاوەن ویژدانێکی زیندوو بگەیەنین .. لێیان دەپرسین : کوا مافەکانمان ..؟ بۆ جێبەجێ ناکرێن .. ؟ کوان یاساکانی پاراستنمان لە شەڕ و لە تاوان .. لە توندوتیژی و سزادان .. ؟ بۆ بە هۆی رەگەز جیاوازییەوە، جیاوزیمان لەگەڵ دەکەن .. ؟ بۆ ناهێڵن بە زمانەکانی خۆمان بخوێنین ..؟ تاکەی منداڵێتیمان بە کوێرەوەری و بەهەژاری و بە کەساسی بەسەربەرین ..؟ بۆ ناتوانین بە ئارەزووی خۆمان، یـاری بکەین و رابـکەین و تـێر پێبکەنین .. ؟ بۆ ئێوە ئەم هەموو پێشێلکارییانە نابینن .. ؟؟ بۆ .. بۆ .. بە سەدان .. بۆی تریش … ؟؟ ئەی منداڵانی جیهان با داوای ئەوە بکەین کە زانیاری و داهێنان و تەکنۆلۆژیا بۆ خۆشی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ بەکاربهێنرێن .. نەک بۆ بۆ لە ناوبردن و وێرانکاری و قڕکردنی مرۆڤ .. با هەوڵەکانمان یەکبخەین و، هەوڵی ئەوە بدەین کە : ئاشتی بەسەر شەڕدا، رووناکی بەسەر تاریکیدا، هاومافی بەسەر رەگەزپەرستیدا، ئاوەدانی بەسەر کاولکردندا زاڵبکەین .. با جیهانێکی سەرانسەر لە خۆشەویستی و لە ئازادی و لە دیموکراتی و لە هاڕێتی و لە یەکسانی و لە دادپەروەری و لە سەقامگیری و لە ئاشتی و لە رێز و لە سازان و پێکەوەژیان دروست بکەین .. با درووشمان ( ئــازادی و ئــاشتی و ژیــان و مافــەکان .. بۆ هەمــووان ) بێت .

ئەی منداڵانی جیهان ، با بە یەکدەنگ و، بە دەنگێکی بەرز، هاواربکەین و نەفرەت لە شەڕ و لە شەڕخوازان بکەین .. با هاواربکەین : بەسە .. بەسە شەڕ .. بەسە کوشتن و بڕین، بەسە دەربەدەری و ئاوارەبوون و کۆچکردن و بە زۆرەملێ دەرکردن لە زید و نیشتمانمان .. بەسە هەژاری و نەخۆشی و برسێتی و کوێرەوەری .. بەسە زۆرداری و ستەمکردن و چەوساندنەوە .. بەسە نادادپەروەری .. چیتر سامانی گەلان بە شەڕ و بە کوشتن و بڕین بەفیڕۆ مەدەن .. هاوڕێکانمان ئەی منداڵانی جیهان، با هەموومان پێکەوە بە دەنگێکی بەرز و زوڵاڵ سروودی ( ئێمە شـەڕمان نـاوێ .. ئاشتیخوازین و ئاشتیمان دەوێ ) بچڕین .. با شەڕەکانمان، لە دژی نەزانین و نەخۆشی و هەژاری بن .. با سامانەکانی وڵاتەکانمان بۆ خۆشگوزەرانی و شادی و بۆ ئاوەدانی و گەشەکردن و پێشکەوتن بەکاربهێنرێن .. بێگومان لە سایەی شەڕ و ئاژاوە و توندوتیژیدا، ئێمەی منداڵان هەرگیز ناحەسێنەوە و، خۆشی نابینین و، ناتوانین بە کامەرانی بژیـن .. بەبی بەرقەرابوونی ئاشتی و ئاسوودەیی و سەقامگیری و کوژانەوەی ئاگری شەڕ لە جیهاندا .. جێبەجێکردنی هیوا و مافەکانمان و، پاراستنمان لە توندوتیژی .. قسەی رووتن و .. بوونیان نییە .. هاوڕێکانمان ئەی منداڵانی جیهان .. لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی کە کە داگیرکەرانی کوردستان بەسەر ئێمەی منداڵانی کوردستانیان هێناون و دەهێنن .. ئێمە گەشبینین .. چوونکە لە ئەنجامدا سەرکەوتن بۆ گەلی کوردمان و هەموو گەلێکی تێکۆشەر و خۆڕاگر و کۆڵنەدەرە دەبێت .. دڵنیاشین کە رۆژی بەزین و رسوابوونی داگیرکەران و زۆرداران و ستەمکاران و شەڕخوازن و لەخۆباییبووان نزیک بۆتەوە .

دووبارە پیرۆزبێت رۆژی جیهانیی منداڵان .. لە منداڵانی کوردستان و هەموو جیهان .

komeley-mnalani-norwej

رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج

نەرویــج : ١٧ی/ نۆڤەمبەر /ی ٢٠١٥

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی