دەمەوێت چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو بۆ سەردانەکەی بارزانی بۆ شانەشینی سعوودییە. 
بارزانی ماوەی یاسایی تەواو بووە، بە زەبری پۆستالی میلیشیایش ڕێگری لە نوێنەری شەرعیی نێو میلیۆن کورد دەکا بچێتە پایتەخت، نکۆڵیم لەوە کردووە؟ بگرە کێ هێندەی من ڕەخنەی لەو نیمچە کودەتایەی پارتی گرتووە؟ ئێستا کە دڵم خۆشە بەو پێشوازیە شاهانەیەی لە بارزانی کراوە چۆن حەق بەخۆت دەدەیت تۆمەتی بێتامم بۆ هەڵبەستی؟
کاکە ئێوە سیاسەت بە شەرەگەڕەک تێگەیشتوون یان چی؟ وادەزانن سعودییە لە ڕقی ڕابوون مەعرووف و برزۆ مەجید دێت و لایەکی مەملەکەتەکەی دەباتە خزمەت بارزانی و بە چەشنێک بەخێرهاتنی دەکەن سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکان وایان بۆ نەکراوە!
ناشێ بڵێن سعوودییە ئیشی بە بارزانیە نەوتی پێ بدا؟ یان بانکە زەخمەکانی کوردستان قەرز بدەن بە سعوودییە بۆیە وا فەرشی سووریان بۆ ڕاخستووە؟
سعوودییە کاری بەسەر ناوخۆی کوردستانەوە نیە، ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە هەژموونی ئێران هەموو عێراقی داپۆشیوە ، ئەو ناوچەیەی لێ دەرچێ کە بارزانی حاکمی ڕەهایە تێی دا..
سعوودییە لە لایەن بنەماڵەیەکەوە فەرانڕەوایی دەکرێ، شتێک نیە بەناوی یەکسانی و شەفافیەت و دێموکراسی لە سعوودییە، کەس گووتوویەتی فریشتەیە؟
ئەی باشە من بۆ هێندە خۆشحاڵم بەو پێشوازییە گەرمەی شا سەلمان لە بارزانی کرد؟
ئێمە سنووری دێموگرافیمان لەگەڵ عەرەبی سوننەیە لە عێراق، دۆستایەتیی سعوودییە زامنی چارەسەری کێشەکانمانە لەگەڵ سوننەی عێراقی، میلیشیاکانی ئێران دەتوانن چیت بۆ بکەن لە کەرکوک وحەمرین جگە لە کوردکوژی؟
سعوودییە و ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە کە ئێرانە، هەبوونی پاڵپشتی سعوودییە بۆچی خراپە؟ سعوودییە هاوپەیمانی ژمارە یەکی ئەمریکایە، قورسایی ئابووری بێ هاوتای ناوچەکەیە، لۆبیکارانی لە ئەمریکا بە ئەرزشترینن.
تەنانەت ئۆباما لە 7 ساڵی سەرۆکایەتیەکەی دا تەنها بۆ شا سەلمان پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتیی شکاندووە. چەندین بنکەی سەربازی ئەمریکا هەن لە سعوودییە، بە خەستی شەڕی تیرۆر دەکا و لەو پێناوەش قوربانی زۆریداوە، بیرتانە قاعیدە خۆکۆژەکەی ناردە ناو وەزارەتی بەرگری سعوودییە و چەندان بەرپرسی سعوودی کوژران؟ پشت لە سعوودییە کردن پشت کردنە لە ئەمریکا و تەسلیم بوونە بە بەرەی ئەسپی تۆپیو! بەرەی ئێران و ڕوسیا و کۆریای باکوور و بەشار ئەسەد و مالیکی و حەشدی تێرۆریست!
ئێمە دەبێ کۆڵێ مەمنوون بین زلهێزێکی وەک سعوودییە، برا گەورەی یەک ملیار موسوڵمانی سوننی مەزهەب، هاوڕێ دێرینەکەی ئەمریکا بەو چەشنە ڕێزمان بگرێ. خۆشیمان بێ و ترشیمان بێ بارزانی واتا کوردستان لە سعوودییە، لە ناوخۆ ئەوە ڕای ترمان هەیە و ئەوەی دوو دێر نووسینی منی خوێندبێتەوە دەزانێ دیدگام چلۆنە بۆ پارتی و سەرۆکەکەی .
نیزیکەی تەواوی وەزیرانی حکوومەتی سعوودی، زیاتر لە 20 شازادەی پلەدار، سەرۆک ئەرکانی جەیش و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و تەواوی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە پێشوازی بارزانی دا بوون، دەست گرتنەکەی بارزانی لە کلتوری ڕۆژهەڵاتی دا واتادۆستایەتی و متمانە و پاڵپشتی، پێش ئەوەی لێکدانەوەی سەیر و سەمەرەی بۆ بکەن ، بڕۆن تۆزێ دەربارەی زمانی جەستە بخوێننەوە.
ئەگەریش رقتان زۆر لە سعویدییەیە چاوێک بخشێنن بە عێراق و لوبنان و سووریە و یەمەن، ئێرانەکەتان جوانە! دووزخورماتووتان لێ دیارە؟
لەو ناوچەیە دەبێ دۆستی لایەکیان بیت، ناکرێ بەلای کەسدا نەشکێیتەوە خۆ تۆ وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی نیت تا هەژموونی هیچ لات لەسەر نەبێ ، تۆ هەرێمێکی چەند شاریت ، پیویستە لەو وەهمە بينه دەرێ.
پێشمەرگەکان: بەڕیز قادر عەزیز لە سیاسەتوانانی ناسراو و دێرینی کوردستان و دامەزرێنەری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێستاش سکرتێری حیزبی ئایندەی کوردستانە. ئەوەی خوارەوەش لینکی ڵاپەرەیەکەیتی لە فەیسبۆک.