Hoppa till innehåll
Hem » حەوت دەیە داکۆکی و تێکۆشان لە پێناو ژنان و مافەکانیان. نیشتیمان ڕووحانی

حەوت دەیە داکۆکی و تێکۆشان لە پێناو ژنان و مافەکانیان. نیشتیمان ڕووحانی

حەوت دەیە پێش ئێستا کە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی ستەمی پاشایەتی، نیزامی دەرەبەگایەتی، کۆمەڵگای نەریتی و کولتووری پیاو سالاری دەیناڵاند، nishtiman_ruhani
یەکەم رێخکراوی سیاسی خاوەن بەرنامە و دیسیپیلین دادەمەزێ کە ئامانجی سەرەکی دابین بوونی مافی نەتەوایەتی، ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردی بوو، کە توانی ببێتە دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردستان. دامەزرانی حزبی دێموکرات بوو بە سەرەتایەک بۆ یەکەم قۆناغی بەشداری ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی لە بواری سیاسی.

لەو سەردەمەدا کە بە پێ تایبەتمەندی کۆمەڵگای کوردی ژنان لە کەمترین مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەش بوون، و پیاوسالاری لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو سەردەمە بوو، بەرێوەبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، لە سەرووی هەموویانە پێشەوا قازی محەممەد هەستی بەو کەلێنە کرد کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ گەشە و پێشکەوتن بەخۆوە ببینێ بە بێ بەشداری سەرجەم تاکەکانی کۆمەلگا بەتایبەتی ئەگەر گرنگی بە هێز و توانای نیوەی کۆمەڵگا نەدرێ، چەمکەکانی وەک ” دێموکراسی، ئازادی و یەکسانی” هەروەها بەرەوپێش بردن و گەشەی کۆمەڵگا بێ دابین کردنی مافی ژنان و بەبێ بەشداری کردنی نیوەکەی کۆمەڵگا و بێبەری بوون لە هێز و تواناکانی ئەوان دەستەبەر نابێت.

لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکان ژن بوون هیچ مافێکی نەبوو و تەنها ئەرکی بەخێوکردن و ماڵداری بوو، تەنانەت لە زۆریک لە وڵاتانی پێشکەوتووش ژنان مافی دەنگدانیان نەبوو، ژنان بۆ یەکەم جار بە هەوڵ و پشتیوانی حیزبی دێموکرات رێگەیان پێدرا ژنانە بەشداری کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بن، تا بتوانن لە پاڵ داواکاری بۆ مافە نەتەوەییەکان، خوازیاری بەدەستهێنانی خواست و مافەکانی ژنانی چەوساوەی کۆمەڵگای نەریتیی و پیاوسالاری ئەو کاتی کۆمەڵگای کوردی بن. پێشەوا قازی محەممد بۆ هاندانی ژنان لە چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و بۆ رزگار کردنی ژنان لە دواکەوتووی و نەخوێندەواری لەو سەردەمە، لە بنەماڵەی خۆی دەست پێدەکات.

دامەزرانی رێکخراویکی تایبەت بە ژنان لە ژێر ناوێ ” یەکیەتی یایان” بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆمار هەژمار دەکرێ و ئەمەش بوو بە دەستپێکێک بۆ بزوتنەوەی ژنانی کورد کە تا ئەو کات جوڵانەوە شۆرشگێرییەکان بەو شیوەیە گرنگیان بە پرسی ژنان و هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی مافی ژنان و بەشداری پێکردنیان لە جوڵانەوە رزگاریخوازەکان نەدابوو. ئەمەش سەرەتا و گرنگترین قۆناغ بوو لە بزووتنەوەی یەکسانی خوازی ژنانی کورد و بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە رێرەوی خەباتی نەتەوایەتی حزبی دێموکرات دادەنرێ.

بە کۆتایی هاتنی تەمەنی کومار کە دیسان دەسەڵاتی پاشایەتی باڵی بەسەر کوردستان کێشایەوە هەر جۆرە چالاکیەک سەرکوت و رێگری لێ دەکرا، بە هۆی فەزای ئەو کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکیەکانی ژنانیش وەک چالاکیەکانی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان دابرانی بەخۆوە بینی، تا سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکان و بەرپا بوونی شۆرشی گەلانی ئێران.

لە سەروبەندی شۆرشی گەلانی ئێران، ژنانی کورد جارێکی دیکە لە کونجی ماڵەکان هاتنەدەر و بەشدارییان لە شۆڕش کرد دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا بەردەوام بن لە خەبات بۆ مافەکانی ژنان و بە رێژەیەکی بەرچاو وەکوو پێشمەرگە یا ئەندام بەشدارییان لە ریزەکانی حیزبە سیاسیەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات دەکرد بەتایبەتی ژنان لە حیزب ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخسا کە بتوانن چالاکانەتر بەشداری لە سیاسەت بکەن، لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموکرات ژنانیش هاتنە نێو بەرێوەبەری و بوە هۆی چالاکانەتر بەشداری کردنی ژنان لە سیاسەت و بەرێوەبەری، هەوڵی گەیاندن وگرێدانی دەنگی خۆیان بە بزووتنەوەی سەرانسەری ژنانی جیهان و کۆمەڵگای جیهانی دەدا. بۆیە پشکێکی بەرچاویان لە قوربانیدان لە پێناو دابین بوونی مافە نەتەوایەتی و ئینسانیەکانیان بەرکەوت، کە نموونەی زۆریان لە قارەمانەتی و گیان فیدایی ژنان لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا تۆمار کردوە.

ژنانێکی زۆر بە هۆی پێوەندییان بە حیزبی دێموکرات تووشی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بوونەتەوە و تەنانەت زۆر کەسیان بە هۆی ئەوەی کە تەسلیمی خواست و ستەمکارییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبوون لە ژێر ئەشکەنجە یا بە ئیعدام گیانیان پێشکەش بە ئازادی کوردستان کردوە. شەهیدان ” ئامینە ئەحەدی بە هۆی ئەشکەنجە، شاەزنان باجەڵانی، خەدیجە ئیبراهیم پوور،کولسوم حوسێنی، سەعدیە خالیدی ناسراو بە لەیلا، ئیحترام مینبەری و چەندها شەهیدی دیکە لە دوای دەستبەسەر کرانیان و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئیعدام کراون ئەوان نموونەی بەرزی نەمری و قارەمانیەتی لە مێژووی حیزبی دێموکراتن. یا ژنانی ئازا و شۆرشگێڕی وەک ” تەورێز رەحمانی ناسراو بە چنوور، سوریا نگەدار ناسراو بە ئاسۆ، پەروین روحی، ئامینە مستەفایی، مریەم ئیبراهیمی، سەعدە عەبدوڵاهی، عەزیمە عوسمانی، خورشید مەحموودی، سەبری محەممەدی و دەیان ژنی دیکە لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان هاوشان لە گەڵ پیاوان تا دوا ساتەکانی ژیانیان قارەمانانە شەریان کردوە.

حیزبی دێموکرات باوەری بەوە بوو کە پێویستە ژنان زیاتر بەشداری لە سیاسەت بکەن، ولە ناوەندەکانی بریاردان بن، بیر و هزر ژنانی بە گرنگ دەزانی لەو خەباتە رزگاریخوازانەیە. لە دوای شۆرشی گەلان ئێران و ئەو دۆخەی هاتبوە ئاراوە ژنانی کۆردیش هەستیان بە گرنگی بەشداری کردنی خۆیان کرد و بە پێویستیان دەزانی هەربۆیە لە کۆنگرەی ٤ی حیزب بەولا ژنانیش دێنە نێو رێبەرایەتی حیزب، هەروەها لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات لە هەر جێگە و بە هەر ئاستێک پێیان کرابێت چالاکانە هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان داوە، تەنانەت ئەو کاتەی کە حیزب شەری نەخوازراوی بە سەردا سەپا وبە ناچاری بنکەکانی بۆ شاخەکانی کوردستان گواستەوە لە قەندیل ژنان بۆ یەکەم جار رێورەسمی هەشتی مارسیان بەرێوە برد. کە لەگەڵ پیشوازێکی بەرچاو بەرەو روو بوو تا ئەوەی کە، دوکتور قاسملوو خۆی وێرای بەشداری کردنی، ئەو رێورەسمەی زۆر بە گرنگەوە وەسف کرد و جەختی کردەوە کە پێوەیستە و حیزبی دێموکراتیش هەموو کات خەبات بۆ دەستەبەر بوونی مافی ژنانی لە پاڵ خەباتی نەتەوایەتی زانیوە و دەبێ هاوتەریب بن لە گەڵ یەکتر، و بە بێ دابین بوونی ئازادی و دێموکراسی بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا ئەوا ناتوانرێ کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد هەبێ.

یەکیەتی ژنان وەک دەستکەوتێکی کۆماری کوردستان بەردەوام لە لایەن حیزبەوە پشتیوانی لێکراوە تا ئەوەی کە توانیویانە ببنە ئەندامی رێکخراوی جیهانی ئەنترناسیونال سوسیالیستی ژنان. ئەو ژنانەش کە نەیانتوانیوە وەک پێشمەرگە بن لە ریکخراوی ژنان چالاکیان کردوە و خۆیان پەیوەست کردوە بەو بزووتنەوە ئازادیخوازییە، هەروەها زۆرێک لە کچان و ژنان لە رێکخراوی لاوان رۆڵی و پێگەیەکی بەرچاوەیان هەبوە، و بەتایبەتی لە بواری خوێندن و خۆپێگەیاندن توانیویانە بە شێوەیەکی بەرچاو دەربکەون و ئاستێکی باش لە ناوەندە باڵاکانی خوێندن بۆ خۆیان تۆمار بکەن و چەکی قەڵەم و زانست لە پاڵ چەکی شانیان بگرنە دەست و خۆیان پێ بگەیەنن و داکۆکی لە مافە نەتەوەیی و ئینسانیەکانیان بکەن. کە بێ گومان لە هەموو بارودۆخێکدا حیزبی دێموکرات پشتیوان و هاندەریان بوە. هەروەها لە ماوەی دووبارە دەستپێکردنەوەی چالاکی چەکدارییەکانی حیزب دا، ژنان بە بێ جیاوازی لە شاخەکانی کوردستان ئامادە بوون و وەک پێشمەرگەیەک تا ئەو پەری توانای خۆیان ئەرک و بەرپرسایەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن.