Hoppa till innehåll
Hem » پیرۆزبایی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

پیرۆزبایی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

خوێنەران و ئۆگرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ، دڵسۆزانی دۆزی نەتەوەیی کورد، و میدیاکارانی خۆشەویست ، ئەوە ساڵێکی دیکەش لە تەمەنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زیادبوو و ڵاپەڕەیەکی تری مێژووش بە هەموو ڕووداوەکانیەوە تۆمار کرا . بێگومان میدیای کوردیش بە هەموو کەم و کۆڕی یەکانییەوە پێ بە پێی کۆمەڵگای مدیاکارانی جیهانەوە دەڕواتە پێش و ڕۆڵ وکاریگەریی خۆی دەگێڕێ. sali_nwe16

ماڵپەڕی پێشمەرگەکان لەتەمەنی نەوجەوانی دایە و هەنگاوەکان دەبڕێ و هەوڵ دەدات کەلێنەکان لە میدیای کوردی دا بە پێی توانا پڕ بکاتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێێن ماڵپەڕەکەمان یەکێک لە دەرگاکانە بۆ نووسەران و خوێنەرانی کورد بۆ دەوڵەمەند کردنی میدیا و پەروەردەکردنی جیلی داهاتوو و خزمەت بە هەمووان. هەر وەک پێشمەرگەش بە درێژایی تەمەنی پارێزەری مرۆڤایەتی و ئازادی بووە.

ئێمە بە بۆنەی سەری ساڵی ٢٠١٦ی زائینی یەوە وێڕای پیرۆزبایی لە ئێوە ئازیزان، ئاواتە خوازین ژیانێکی بەختەوەرانە تان هەبێ وساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بێ بۆ نەتەوەی کورد ، بەڵێن دەدەین درێژە بە ئەرکی پیرۆزی ڕاگەیاندنمان لە پەنجەرەی پێشمەرگەکانەوە بدەین و هەنگاوەکان بە خێرایی هەڵبگرین تا مەیدانی خەباتی نەتەوەییمان زیاتر بەرین بکەینەوە.

ساڵی تازەتان پیرۆز با بە هەموومان و پێکەوە ساڵی ٢٠١٦ کە ١٠٠ ساڵ بە سەر پەیمانێکی شوومی نێو دەوڵەتی(سایکس/پیکۆ) بە نیسبەت چارەنووسی نەتەوە و نیشتیمانی کورد دا تێدەپەڕێ، هەوڵی زیاتر بۆ چەسپاندنی یەکڕیزی و یەکیەتی بدەین. درزەکان نەیەڵین، خەباتی خۆمان و هێزی خۆمان یەکخەین تا هەنگاوەکانمان بۆ گەیشتن بە سەربەستی بەهێزتر و جیدی تر بن.

با بۆ ڕیسوا کردنی پەیمانی شوومی سایکس/ پیکۆ   ساڵی ٢٠١٦ بکەینەوە ساڵی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانەوە دەست پێ بکەین.

دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

ساڵە نەڵۆسی

ڕەشید ڕەحمانی

کاووس عەزیزی