"an independent online kurdish website

بە بۆنەی (رۆژی جیهانی منـداڵان) بە ناوی (کۆمەڵەی منـداڵانی کورد ـ لە نەرویـج)
جوانـترین پـیرۆزبایی لە منـداڵانی کوردستان و لە سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین.


کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٥٤) دا، رایسپارد کە پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان رۆژێک بۆ منداڵان دابنێن، لەم رۆژەدا ئاهەنگی تێدابگێڕن، وا ناوببرێت کە رۆژێکە بۆ برایـەتی و لە یەکگەیشتن لە نێوان مـنداڵان لەسەر ئاستی جیـهانیدا.

لە رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەر/١٩٥٩) دا، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵانی راگەیاند، کە لە (٥٤) مادە و لە چەند پرۆتۆکۆڵێکی زیادکراو پێکهاتووە.

لە رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەری/ ١٩٨٩) دا، لەسەر رۆشنایی راسپاردە و بڕیارەکانی ساڵی (١٩٥٤) نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمین جار بڕیاریان دا کە رۆژێک بە ناوی (رۆژی جیهانی منداڵان) دیاری بکرێت، وەکو جەژنێک منداڵان لەم رۆژەدا گوزارشت لە خۆشی و شادی خۆیان بکەن و چالاکی هـونەری جۆراوجۆریش پێشکەش بکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی بە رۆژێکی دیاریکراوی یەکگرتووەوە پابەند نەکردن، بۆیە وڵاتـان سەرپشک بوون کە کـام رۆژ لە وڵاتەکـانیاندا بکەن بە رۆژی جیهانی منداڵان، هەندێ لە وڵاتان ئەم رۆژەیان گرێداون بە بۆنەیەکی منداڵانی وڵاتەکانیانەوە.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، مانگـڕۆژی دەرچوونی جاڕنامەی مافەکانی منـداڵانیان هەڵبژاردوون، واتا رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەر) ی هەموو ساڵێکیان کـردوون بە (رۆژی جهیانی منداڵان) لە وڵاتەکانیاندا.
نزیکەی پەنجا وڵاتیش رۆژی (١ی/ یـۆنی) ی هەموو ساڵێکیان کـردوون بە (رۆژی جیهانی منداڵان) لەم رۆژەدا مـنداڵان ئاهەنگ و چالاکی دەگێڕن، لەوانەش رووسیا و وڵاتـانی بلۆکی یەکێتی سۆڤێتی کۆن و رۆمانیا وپۆڵەندا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی.

لە ئەلمانیا رۆژی (٢٠ی/ سێپتەمەبەر) لە یابان و لە کۆریای باکوور رۆژی (٥ی/مەی) لە ئێران رۆژی (٨ی/ ئۆکـتۆبەر) لە تورکیا ( ٢٣ی/ ئاپـریل) ی هەموو ساڵێک کراون بە (رۆژی جیهانی منـداڵان).
لە باشووری کوردستانیشدا، لە هـەردوو رۆژانی (٢٠ی/ نۆڤـەمبەر) و (١ی/ یۆنـی)ی هەموو ساڵێکدا، منداڵانی کوردمان یادی رۆژی جیهانی منداڵان دەکەنەوە و گوزارشت لە خۆشییان دەکەن و چالاکی هـونەری جوراوجۆریش پێشکەش دەکەن.

لە وڵاتانی (سویـد) و (نەرویـج) دا، رۆژێکی دیاریکراو نییە بە ناوی (رۆژی جیهانی منداڵان) بەڵام لە هەندێ لە شارەکانی ئەم دوو وڵاتەشدا لە رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەر) و (١ی/ یۆنی) دا، ئاهەنگ و چالاکی دەگێڕن.. لە راستیشدا لەم وڵاتـانەدا منـداڵان لەبەر دڵانن و مافەکانیان پارێـزراون و لە پێشەوەی مافەکـان دان و هیچ پێشێلکارییەکی ئەوتۆش بەرانبەر بە منداڵان  و بە مافەکانیان ناکرێن. ئەوان منداڵان بۆ داهـاتوویەکی باشتر گۆش و پەروەردە دەکەن. بۆ خۆشی و چێژوەرگرتنیش لە تـافی منداڵییان، درێغی ناکەن، خـێزان و قوتابخـانە و کۆمەڵگا و حکومەت، لە گۆشکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵاندا هاوکارن، هەموو پێـویستی و پێداویستییەکـانی گەشەکردن و پێشکـەوتنیان بۆ منداڵانیان دابین دەکەن و لە هەموو بوارێکیشدا گرنگییەکی زۆریان پێدەدەن.

بەڵام بە داخەوە، کە هێشتا مەرەکەبی واژۆکـردنی دەوڵەتان لەسەر جاڕنامەی مافەکانی منداڵان وشک نەببوونەوە.. بە تایبەتیش وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە و بێویژدانانە و بێبەزەییانە کەوتنە کوشتن و چەوساندنەوەی منداڵانی کورد لە کوردستان دا. تا ئەمڕۆش درێـژە بەم تاوانانەیان دەدەن و بە ملیۆنان منداڵانی کوردمان بوونەتە قوربانی ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستییەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان.. بە زۆر و زۆرداری و بە تۆبزی زمانێک و کولتوورێکیان بەسەر منداڵانی کوردمان سەپانـدوون، کە نامـۆن لە زمانی دایکمان و لە کولتـووری رەسەنی جیاوازی گەلەکەمانەوە.

لە ئەمڕۆشدا، منـداڵانی کوردمان لە سەراسەری کوردستان دا، بوونەتە قـوربانی شەڕێکی سەپێنراوی نەخۆزراو و بە ململانێ بەرژەوەنـدی دەوڵاتانی نـاوچەیی و دەوڵەتە زلهێزەکـان.. بوونە بە قوربانی ململانێ و ناکۆکییەکانی حـیزبە سیاسییەکانی کوردستان و قەیرانی ئابووری و بێ مووچەیی.. بەشێکی زۆر لە منداڵانی کوردستان، بە هۆی هەژاری و کوێرەوەری و نەداراییەوە، بە هۆی سەختی ژیان و نابـژێوییەوە، وازیان لە خوێندن هێناون، شاگردی و کاری قورس دەکەن، یا رۆژ تا ئێوارە عەلاگە و کلێنکس و بنێشت دەفرۆشن یا پێڵاو بۆیەدەکەن، کە لەگەڵ تەمەن و جەستەی ناسکیاندا ناگـونجین. لە هەمو چێژ و خۆشییەکانی منداڵیشیان بێبەش بوونە، تەنانەت زۆربەشیان ئاگـایان لە (رۆژی جیـهانی منـداڵان) نییە.

شەرمەزاریشە بۆ حکوومەتی کوردستان، کە منـداڵانی کورد، وا بێناز و هەناسەساردبن و تامەزرۆی نان و ئازادی و خۆشییەکانی ژیان بن.. تا ئەمڕۆش وەک پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە. ئەوەیان لەبەرچاو نەگرتوون کە منداڵانی ئەمڕۆمان هیـوای داهاتووی کوردستانن.. لە سایەی ئەماندا، ئاینـدەیەکی باشتر بۆ کـورد و کوردسـتان دێتەدی.

لە ئەمڕۆشدا وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بە بەرچـاوی نەتەوە یەکگـرتووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی منداڵان و مرۆڤ و هیومان رایتش ۆوچ، بە رۆژی رووناک و بە ئاشکرا و بە زەقـی و بێ شەرمانە، دوور لە یاسا و لە رەوشت، پێشێلی مافەکـانی منداڵانی کوردستان دەکەن.. رۆژ نییە لە تورکیای زیندانـستانی ئۆردوگـانی تۆرانـی رەگەزپەرستدا، چەندین منداڵی کـوردمان لە لایەن سوپای دڕندەی تورکیاوە نەکوژرێن.. تا ئیستا بە هـەزاران منداڵی ساوای کوردمان، کە تەمەنیان لە شەش ساڵ کەمترن، لە گەڵ دایکانیاندا لە زیندانەکانی تورکیادا زیندانی کـراون، کە منداڵی شیرخـۆریان تێدان. رۆژیش نییە کە لە کۆماری سـێدارەی ئێرانی ئاخوندەکـان، مێردمنداڵێکی کوردی تەمەن ژێـر هەژدە ساڵان، بە بوختان و بە تومەتی هەڵبەستراوی بێ بنەما لە سێدارە نەدرێت. لە ئێستادا بە هـەزاران منـداڵ و مێردمنـداڵی کوردی بێتاوانمان، لە زیندانە ترسناکەکانی تورکیای فاشتی و ئێرانی شیعەپەرستدا، رۆژانە پیسترین ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی و جەستەییان دەدرێن.. لە ئاستی ئەم تاوانە قـێزەوەنانەی کە لە منداڵانی کـورد دەکرێن، ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ ویـژدانی جیهانی و بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ هەموو رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان، وەکو چـۆن لە ئاستی تاونەکانی کیمیاباران و هێڕشەکانی ئەنفالی بەدناوی باشووری کوردستان بێدەنگ و ویـژدان مردوو و بێ هەڵویست بوون.. لە ئەمڕۆشدا لە ئاستی تاوانەکـانی رژێمە رەگەزپەرستەکانی تورکیا و ئێران و عێراقدا، چاو و گوێ و زمانیان خۆیان گرتوون.. لە ئاستی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەبەرچاویانەوە، لە کەرکوک و خورماتوو و عەفـرین و شەنگال کران، تەزووی بەزەیی بە ویژدانییاندا نەهـات و هەستی مرۆڤایەتییان نەبـزوا..؟ وڵاتە زلهـێزکان بەرژەوەندیان لە مرۆڤایەتی و لە ویـژدان و لە مافەکانی گەلانی چەوساوەی نیشتمان داگیرکراو لە پێشترن دەزانن.. بۆیە گەلی کـوردمان متمانەی پێیان نەماوە.

بۆ دەبێت منداڵانی دڵپاک و بێتاوانی کورد، ببنە قـوربانی و باجـی شـەڕ و ئـاژاوە و ململانێ و ناکۆکی و قەیرانەکان بدەنەوە..؟؟ بۆ هـەندێ لە حیزبەکان و لە لایەنەکان بۆ بەرژەوەنـدی و مەبەستی تایبەتی خۆیان، دڵپاکی و بێـتاوانی منـداڵان دەقـۆزنەوە، لە خۆپیشاندانەکانیاندا بەرانبەر بە دەسەڵات، دار و بەرد و ئاگـر دەدەنە دەستی منـداڵانی کورد و فـێری رق و کینە و توندوتیژی و دوژمنایەتی و وێرانکارییان دەکەن.. ئەمەش پێشێلکاری و تاوانێکی تـرە بەرانبەر بە منداڵانی گەلەکەمان.

مەبەست لە یادکردنەوەی (رۆژی جیهانی منداڵان) ئەوەیە کە وڵاتان رێز لە واژۆکانیان بگرن و پاندبوونیان بە بەڵێـنی جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵانیان دووپات بکەنەوە. رێ لە منداڵەكانیان نەگرن. با بە ئەوپەڕی ئازادیییەوە گـوزارشت لە خۆشی و لە شادییان بکەن.. دوور لە توندوتیژی.. دوور لە جیـاوازی رەگـەزی و نەتەوەیی و تـایفی و لە رەنگی پێستت و لە ئایدۆلـۆژیای سیاسی.

با بە پـرەنسپی هـیواخوازی و گەشبینی و سازان و یەکسانی و دادپـەروەری و ئاشتی و رێزگـرتن و ئـازادی و خۆشەویستی و دڵسۆزی و نیشتـمان پەروەری و پێکەوەژیـان و مرۆڤایەتی بە بەهـا بەرز و پیرۆزەکـان، جگەرگۆشەکانمان گـۆش و پەروەردە بکەین.

داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵـەتی و لە ڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش و لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە بە جـدی هەوڵ بدەن بۆ رزگارکردنی نزیکەی چـوار هـەزار منداڵ و مێردمنداڵی کچ و کوڕی کوردی ئێزیدیمان، کە لە لایەن داعشی دڕندە و تیرۆریستی بەدڕەوشتەوە گـیران و تا ئێستا چـارەنووسیان نادیارە.

ژیانێکی باشـتر بۆ منـداڵان.. داهـاتووییەکی گەشتریش بۆ کـورد و کوردسـتان

رەزا شوان

سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد/ لە نەرویج

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی