ئه‌گه‌ر له مێژووی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی جهان بکۆڵینه‌وه ناوی (کورد و شۆڕشی کوردستان) به‌گشتی و به‌تایبه‌تی پاش رمانی (سیستمی پادشایی ئێراق و دامه‌زراندنی کۆماری) له ماسمێدیای جهان و ماسمێدیای ئێران- تورکییه – سورییه و ئێراق وه‌ک داگیرگهرانی کوردستان به‌تایبه‌تی له ئارادا بووه.

ئێمه‌ی کورد چ وه‌ک (تاک) چ وه‌ک کۆمه‌ڵگا دڵمان به‌وه خۆشکرده که ناوی کورد و شۆڕشی کوردستان له ئارادایه و په‌یتا په‌یتا واین له وتووێژکردن و له ماسمێدیادا باسمان ئه‌کرێ! ئه‌گه‌ر بڵێم وردبینانه بیرمان له‌وه نه‌کردوه‌ته‌وه که له‌و (پروسه‌دا رۆڵ و ده‌ورمان چییه و چیمان به سه‌ر دێت؟) پێموانییه بێئهدهبیم کردبێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بێژم خۆمان (سپارده) به‌و (لافاو- گێژه‌ڵوکه‌ی) که هه‌ڵیکرده تا به‌ره‌و کوێمان ئه‌بات) پێموانییه سه‌رکۆنه‌م بکه‌ی.
هۆکاری ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ڕێته‌و بۆ ئه‌وه: (دڵمان به هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی کاتیی خۆشکرده که له‌و پروسه‌دا ره‌خساوه، ئه‌و دهسکهوتهیش نه‌ک بۆ پێشخستنی کۆمه‌ڵگای کوردی بووبێت، به‌ڵکو بۆ (چه‌ن حیزب و رێکخراوه‌یه‌ک) بووه که رۆڵیان بۆ دیاریکراوه و ئه‌وانیش ئه‌نجامیانداوه! پاش ئه‌وه‌ی پلانی ده‌وڵه‌تان گه‌یشته ئه‌نجام حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان له بازنه‌ی (پلانه‌کان) وه‌ده‌ر نراون، له ئاکامدا کۆمه‌ڵگای کوردی و تاکی کورد دووجاری زیانێکی مه‌زن بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که چه‌ندین جار ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هاتووه و زیانیان بینیوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان هه‌ستیان به‌وه نه‌کرده که کۆمه‌ڵگای کوردی له رووداوه سیاسییه‌کانی پشت په‌رده‌ی پلانه‌کان ئاگادار که‌نه‌وه و ئاکامه‌که‌ی بووه به‌وه که ئه‌مڕۆ ئه‌یبینین کۆمه‌ڵگای کوردی و شۆڕشی کوردستان چی به‌سه‌رهاتووه!
سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆره‌کانی {ئێراقی پاش ساڵی (2003)} له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی (ئه‌مریکا و به‌ریتانیا) و (دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌وڵه‌تی ئێراق) له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، په‌رتووکێکی (540) لاپه‌ڕه‌یی به‌ناوی:
{(My YEAR in IRAQ) – )ساڵه‌که‌م له عێراق) به پێنووسی (L.PAUL BREMER) – )پۆل بریمه‌ر)} که له دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراقدا ده‌وری گێڕاوه، چاپکراوه. له‌م په‌رتووکه = کتێبه‌دا چه‌ن باسێکی پێوه‌ندی به حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستانه‌وه هه‌یه و تا رادیهکی (که‌م) ئاماژه به پشتپه‌رده‌ی پلانه‌کان و ده‌ور و رۆڵی حیزبه‌کانی کوردستان و که‌سایه‌تییه کورده‌کان کراوه.
به‌پێی (ژماره‌ی لاپه‌ره‌کانی کتێبه‌که) ئه‌و چه‌ن باسه‌م ئاماده کرده، به یارمه‌تی سایته کوردییه‌کان ئه‌خه‌مه به‌رده‌ست، ئه‌گه‌ر سوودیان نه‌بێت بۆمان، زیانیان هه‌ر نییه!
دوو تێبینی:
یه‌که‌م – ئه‌و باسانه که له‌و کتێبه وه‌رگیراوه وه‌ک (خۆی به‌بێ ده‌سکاریکردن) به چ رێنووسێ نووسراوه، ئاماده‌کراوه. ئه‌م په‌رتووکه له لایه‌ن به‌ڕیز (محه‌ممه‌د چیا)وه کراوه به کوردی.
دووهه‌م – وه‌ک خوینهرێ له کۆتایی هه‌ر باسێکدا تیبینییهکی کورتی خۆم ئه‌خه‌مه به‌ر ده‌ستان.
(پۆل بریمه‌ر و مه‌حمود عوسمان)
دوای نیوه‌ی شه‌و و کاتژمێر سێی به‌یانی، میزاج هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه له نێوان خۆشی و ئارامیی و هێوری رۆژدا. تێپه‌ڕاندنی ماده‌ی حه‌وت یارمه‌تی داین بۆ سوود وه‌رگرتن له هاندانێکی ده‌روونی به ئاراسته‌ی سه‌رکه‌وتندا. ئاماژه‌کانی سه‌رکه‌وتن به‌دیار که‌وتبوون. رێکه‌وتنه‌کان زیاتر ئاسان بووبوون، به‌خێرایی چووینه پێشه‌وه. موحسین هه‌ستی به که‌نفتی کرد، له کاتژمێر یه‌ک و نیودا داوای له پاچه‌چی کرد سه‌رۆکایه‌تی دانیشتنه‌که بکات، تا ئه‌و که‌مێ پشوو بدات.
له‌کاتژمێر دوو و چاره‌کی به‌یانیدا مه‌حمود عوسمان، که کوردێکی زمان پاراوه، داوای کرد دانیشتنه‌که کۆتایی پێ بهێنریت، سکاڵای ده‌کرد که ماندووه‌و برسیه‌تی و ده‌یه‌وێت بڕواته‌وه بۆ ماڵه‌وه و روژی دواتر بێته‌وه. داوام لهپاچهچی کرد نه‌هێڵێت، چونکه دوو شه‌ممه و سێ شه‌ممه رۆژی پشووی گه‌وره‌یه لای شێعه‌کان و ده‌بێت ئه‌مشه‌و لێ بینه‌وه.)
لاپه‌ڕه (409) (My YEAR in IRAQ) – (ساڵه‌که‌م له عێراق) (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)}.
**
پۆل بریمه‌ر له‌و چه‌ن دێڕه‌دا باسی دوو که‌سایه‌تی ئه‌کات به دوو کاردانه‌وه‌ی جیاوازه‌وه:
1 – (موحسین) هه‌ست به ماندووی ئه‌کات و داوا له (پاچه‌چی) ئه‌کات که سه‌رۆکایه‌تی کۆڕه‌که بکات تا ئه‌و تۆزێ پشوو بدات.
2 – مه‌حمود عوسمان ماندووه و برسییه‌تی ئه‌یه‌وێ بڕواته‌وه بۆ (ماڵ بۆ نان خواردن و روژی دواتر) بێته‌وه، به‌ڵام بریمه‌ر پێشی پێئهگرێ.
باسێ که لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه، ئه‌وه‌یه: (بریمه‌ری ئه‌مریکای) که ئاگای له (ئایینی ئیسلام و مه‌زه‌هه‌بی شێعه) نییه، ئه‌زانێ دوو رۆژی‌تر واته رۆژانی (دووشه‌ممه و سێشه‌ممه) لای شێعه‌کان گرنگه و له‌و رۆژانه‌دا کار ناکه‌ن و نایه‌نه‌وه بۆ کۆبوونه‌وه، به‌ڵام (مه‌حمود عوسمان) که له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی (ئایینی ئیسلام به هه‌موو لق و پۆپه‌کانی شێعه و سونییه‌وه ژیاوه) ئاگای له رۆژانه نییه؟!
ئه‌م باسه له به‌شه‌کانی دیکه‌دا به‌پێی توانا شی ئه‌کرێته‌وه.
سه‌عی سه‌قزی
25/6/2018
Sai.saqzi@gmail.com