Hoppa till innehåll
Hem » پەیامی هاوخەمی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی ڕووداوی شاری سنە

پەیامی هاوخەمی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی ڕووداوی شاری سنە

بەداخەوە سەعات ٢ی سەرلەبەیانی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەری ١٣٩٧، لە ڕووداوێكی دڵتەزێنی پێكدادانی تانکرێکی بارهەڵگری سووتەمەنی لەگەڵ ئوتووبوسێكی موسافیری و كەوتنەوەی ئاگر ٢٧ هاووڵاتی كورد گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی بەرچاویش بریندارن.


ئەوە یەكەمجار نییە ڕووداوی هاوشێوەی لەم چەشنە كارەساتبارە لە جاددە و ڕێگاوبانەكانی كوردستان ڕوو دەدا و تا ئێستاش چەندین جار ناڕەزایەتی بەرین لەو پێوەندییەدا لە لایەن خەڵكەوە پیشان دراوە كە بەداخەوە هیچ پێراگەیشنێكی پێنەكراوە و ئەو جۆرە ڕووداوانە هەروا گیانی خەڵکی بێ تاوان دەستێنێ‌.

ئەوەی جێگەی داخە بە جێگەی ئەوەی هێزەكانی ڕێژیم خەمی خەڵک كەم كەنەوە و زیانی زیاتری ئەو ڕووداوە كۆنترۆڵ بكەن بە ماشێنی دژە شۆڕش هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لەگەڵ خەڵكی زامدار تووشی دەرگیری دەبن و بەو هۆیەوە كۆمەلێک خەڵک بریندار و دەستبەسەر كراون.

بەپێی زانیارییەكان ئەو بارهەلگرە باری سووتەمەنی قاچاغی پێ بووە و یەك لەو هەزاران بارهەڵگرەیە كە لە ژێر سەرپەرەستیی سپای پاسدارانەوە هاوردە دەكرێ‌ و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی تر.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەس و كاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزینە و هیوای باشبوونەوەی خێرا بۆ برینداران ، تاوانی سەرەكی ڕوودانی ئەوجۆرە كارەساتانە دەخاتە پاڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دیاریكراویش سپای پاسداران كە بەشی سەرەكی كەرتی ئابووریی ڕژیمی لەدەستە و مافیای قاچاخ لە وڵاتی ئێرانە.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧