"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک سەعید کوێستانی، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەبەری ناخۆشی کۆچی دوایی هاوڕێمان کاک سەعید کوێستانیم بیست و دڵگران بووم، هەرچەند من دوای دەستپێکردنەوەی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام خەبەری شەهیدبوونی سەربەرزانەی پێشمەرگە خۆشەویست و بە ورەکانی حیزبەکەمان لە بەربەرەکانێیەکی قارەمانانەی سەختدا کە بۆ ئازادی گەلەکەیان گیان دەبەخشن دەبیستم، کە زۆر پڕ ئێش و ئازارن. مەرگی هاوڕێیەکی دێرینی ڕێبازی دێموکرات  وەک کاک سەعیدیش بۆ من ئازاری خۆی هەیە.

 ناسیاریی من لەگەڵ کاک سەعید لە ڕۆژانی ژیانم لە شاری نەغەدە دەست پێ دەکات، ئەو کاتانەی کاک سەعید ڕۆژانە لە دووکانە چکۆلە وێنەگرییەکەی کاری دەکرد، بە ڕواڵەت ئەوەندە ئارام و لەسەرخۆ بوو کە بۆ کەسێکی کە نەیانسیبا نەیدەزانی لە ژێر ئەو ڕواڵەتە ئارامە و لە دەروونیدا چۆن هەستی نیشتمانپەروەری ئازادی نەتەوەکەی شەپۆل دەدات، قسەکانی کە ئیلهامی ئەو شەپۆلانە بوون کاری تێ دەکردی، باسی ئەشکەنجە و زیندانیبوونی لە زیندانەکانی ڕێژیمی پەهلەوی، دەرد و مەینەتییەکانی لە ئاوارەیی بە هۆی خەباتکردنی لە ڕیزی حیزبی دێموکراتدا و نەبوونی و دەستکورتی لە هەمان کاتدا، هیوادار و بە ورە هەموو شایانی لێ فێربوون بوو. هەر ئەو هیوا و ورە بەرزییەی بوو بە هۆی ئەوەی دوای کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی پەهلەوی لە درێژەدانی ڕێگاکەی خۆی، لە ڕێگای حیزبی دێموکراتدا بەردەوام بوو، لە ئاکامدا جارێکی دیکە  ئاوارە و دووریی لە نیشتمانی لێ کەوتەوە، بەڵام لە هەموو زیندان و سەختی خەبات و لە هەموو ئەو ڕووداو و کۆسپانە کە هاتنە سەر ڕێگای خۆی و حیزبەکەی، بۆ یەکجاریش گومانی تێدا پێك نەهات و  لە ڕێبازی دێموکرات لای نەدا. لە دەستدانی ئەو هاوڕێیانە زۆر سەختە، بەڵام ئەوانە بەهای ئازادین.

بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو هاوڕێ و  هاوخەباتەمان سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی و دۆست و هاوڕێیانی دەکەم و هیوادارم کە ئاواتی کاک سەعید و هەزاران ڕۆڵەی کورد کە بۆ ئازادی گیانی خۆیان بەخت کردووە بە زووی بێتە دی، ڕۆحی شادبێت.

دەنگ 

بابەتی پەیوەندی دار

وێنە: بە خاک سپاردنی هاوڕێ کاک سەعید کوێستانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی