Hoppa till innehåll
Hem » هێرش بۆ سەر جەماڵ پوورکەریم و نیشانەکانی نوقم بوونی ڕژیمی ئێران لە تاڵاوی ڕووخان, شلێر دەروێشی

هێرش بۆ سەر جەماڵ پوورکەریم و نیشانەکانی نوقم بوونی ڕژیمی ئێران لە تاڵاوی ڕووخان, شلێر دەروێشی

تیرۆر، ترس و تۆقاندن نامانترسێنێ و شێلگیرترمان دەکا لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی.

ئەوە نە یەکەم کردەوی تیرۆریستانەی ڕژیمی ئێرانە و نە دواهەمینیشی دەبێ ، نە خەباتی گەلی کورد بە تیرۆر و تۆقاندن لە بار چووە و نە ڕژیمی ئێرانیش بە ئامانجەکانی گەیشتووە و لە ڕاستیدا وەڵامەکەی پێچەوانە بووە ، خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پەرەسەندن و گەشە کردن دابووە و مانگرتنی سەراسەریی ڕۆژهەڵات سەلمێنەری ئەو ڕاستییە.

هێرشی تیرۆریستی و ترسنۆکانەی ڕژیمی ئێران لە ڕێگەی مووشەکی دوور هاوێژ بۆ سەر بنکە و مەقەڕ و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستانی باشوور و هاوکات لە سێدارە دانی سێ ڕۆڵەی نیشتمان(ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مرادی) و هەروها مانگرتنی گشتی و یەکگرتووانەی کوردستان و وەڵامی ئەرێنی بە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و لە لایەکی ترەوە دەستپێکردنەوەی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران کە نوێترینیان هێرشێکی دڕندانە بوو بۆ سەر جەماڵ پوورکەریم ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی کورد، هەر هەموویان دەرخەری ئەو حەقیقەتەن کە تەمەنی پڕ لە خوێن و جینایەتی ڕژیمی ئێران لە هەلدێر و لێواری ڕووخان دایە.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە پڕۆژەکانی لە عێڕاق و سووریە و یەمەن و … سەرەڕای تێچوویەکی زۆر شکستیان خواردووە ، دەیهەوێ بە ترس و تیرۆر و هێرش بۆ سەر دوژمنیڕاستەقینەی خۆی واتە گەلی کورد، قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە و چەند ڕۆژێک تەمەنی مانەوەی درێژ بکاتەوە.

ئێمەی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکەمان هیچ کات تیرۆرمان بە تیرۆر وەڵام نەداوەتەوە و پەنامان بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ترسنۆکانە نەبردووە،بەڵکوو بە درێژە پێدانی ڕێگەی شەهیدەکانمان و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەکانی خەباتی مەشرووع و ڕێگە پێدراو هەوڵی گەیشتن بە سەربەستیمان داوە.

هێرش بۆ سەر جەماڵ پوورکەریم نەک لە درێژەدان بە بەرخودان ساردمان ناکاتەوە بەڵکوو دڵگەرمترمان دەکا و ئەیندارانە ڕێگەی شۆڕش و خەبات تا گەیشتن بە ئاسۆی ڕوونی ئازادی دەگرینە بەر ،بێشک تەمەنی نگریسی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەو کۆتایە و سەرکەوتن

چاوەڕوانمانە

سپاسی هەموو ئێوەی ئازیز دەکەم و هەموو هاورێ و هاوسەنگەرانی جەمال پوورکەریم ئاگادار دەکەمەوە حالی زۆر باشە و جارێکی دیکە سپاس بۆ هەموو لایەکتان

پێویست بە ئاماژە پێکردنە کە ڕۆژی یەکشەممە ۱٦ی سیێپتامبری ۲٠۱۸ی زایینی چەند کەسێک کە بە زمانی فارسی قسەیان دەکرد ، لە پاریسی پایتەختی فەڕانسە هێرشیان کردە سەر جەماڵ پوورکەریم چالاکی سیاسیی کورد و بە توندی برینداریان کرد، پۆلیس بۆ ماوەیەکی کاتی سێ کەسی گومانلێکروی ئێرانی دەستبەسەر کرد، چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین

شلێر دەروێشی

2018/09/17

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی شلێر دەروێشی

….

پاش ئەوەی لە پاریس لە لایەن چەند کەسێکی ئێرانیەوە هێرشم کرایە سەر، زۆریەک لە دۆستان و هاوڕێیان بە خەم مەسەلەکەوە بوون و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە پێوەندییان گرتووە و هاو سۆزی و بە پەرۆش بوونی خۆیان دەربڕیوە.

سپاسی هەموو لایەک دەکەم و داوای لێبوردنیشم هەیە بە هۆی ئەوەی لە نەخۆشخانە بووم و تەلەفۆنم لە لا نەبوو نەمتوانی وەڵامی سەرجەم دۆستان بدەمەوە

ڕەوشی تەندروستیم باشە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا بەشێک لە بەڵگەکانی پۆلیسی فەڕانسە و وردەکاریەکان، بڵاو دەکەمەوە.

لە گەڵ سپاس و ڕێز، جەماڵ پوورکەریم

2018/09/21