"an independent online kurdish website

 ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩.سپتامبری ٢٠١٨ و لە سەر بانگێشتنی کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێک بۆ ناساندنی کتێبی „کشتار بی پایان“ و بە بەشداری ژمارەیەک لە کوردەکانی دانیشتووی ئوتریش لە شاری ویەن پێک هات .


لە سەرەتادا کاک حوسەین خاڵخاڵ بە ناوی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەخێرهاتن و سوپاسی بەشدارانی سمینارەکەی کرد و بە کورتی ئاماژەی بە مەبەست لە پێک هێنانی سمینارەکە کرد. پاشان سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا و ئامادەبوان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە ڕێکەوتی ٨ی سپتامبری ٢٠١٨ خۆلەکێک بە بێدەنگی لە سەر پێ ڕاوەستان.

بە دوای خولەکە بێ دەنگیەکەدا  نووسەری کتێبی کشتار بی پایان کاک دوکتور جەواد   دانش‌پەژو   باسەکەی خۆی سەبارەت بە مەبەست لە نووسینی کتێبەکە و هەروەها ناوەرۆکی کتێبەکە دەست پێ کرد. کاک جەواد پاش سوپاسی ئەو کەسانەی کە لە نوسین و ئامادەکردنی کتێبەکەدا هاوکاریان کردوە بە وردی لە سەر هەریەک لە بەشە جیاوازەکانی کتێبەکە دوا و روونکردنەوەی دا، ناوەرۆکی کتێبی کشتار بی پایان بریتیە  لە سەرەتایەک، پێشوتارێک ، مێژوویەکی کورتی سەرکوتیی جووڵانەوەکانی کوردستان ، ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی ١٣٥٧ لە کوردستان ، لێکدانەوەی ئیعدامەکان بە پێی ئامار، تیرۆر، قەتڵە گوماناویەکان ، کۆچی دوایی حەسەن قزڵجی، جیل کوژی و هەروەها چەند لیستەیەک وەک لیستەی هەموو ئیعدام و تیرۆرەکان، لیستێکی جیاواز لە هەموو ئیعدامەکان، لیستی ناوی بریندارەکان، لیستی کۆمەڵ کوژی  دێهاتەکان، لیستی دێهاتە وێرانکراوەکان لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیەوە و لە کۆتاییدا لیستی ئەو دێهاتانەی کە هێزەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵ کوژییان تێدا کردوون.

پاش باسەکەی کاک جەواد مۆڵەت بە ئامادەبوانی سمینارەکە درا کە سرنجەکانی خۆیان لە سەر کتێبەکە باس بکەن و پرسیارەکانیان لە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە ئاراستەی نووسەری کتێبەکە بکەن. دوای پرسیارلە سەر ناوەرۆکی کتیبەکە  کاک جەواد وڵامی پرسیارەکانی دایەوە و سمینارەکە پاش ٢ سەعات کۆتایی پێ هات.

شایانی باسە لە ساڵۆنی سمینارەکەدا وێنەی ڕێبەرانی تیرۆرکراوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک  دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانیان هەڵواسرابوو.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

٢٩.٩.٢٠١٨

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی