"an independent online kurdish website

دوای هەڕەشەیەکی زۆر و بەردەوام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژی ۲۰ی ژانوییەی ۲۰۱۸، هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە و  بەکرێگیراوەکانی سەر بە ئەرتەشی ئازادی سورییە،


 هێرشێکی بەربڵاویان بۆ سەر عەفرین دەست پێکرد. دوای بەربەرەکانییەکی زۆر لە لایان هێزەکانی ی پ گ ەوە ئەو شارە کەوتە دەست ئەرتەشی تورکیە.

بە دوای دەست بە سەرداگرتنی عەفرین، خەڵکێکی زۆری عەفرین و دەورووبەری ئاوارە بوون. وەک عادەتی باو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاڵان و بڕۆی خەڵک  لە لایان هەم ئەرتەشی تورکیە و هەم چەکدارە سورییەکان دەستی پێکرد. لەوەش خراپتر جێگیرکردنی ئاوارە سوریەکان، بە تایبەت کەسو کاری چەکدارەکانی سەر بە ڕێکخراوە ترۆریستیەکانی هاوکاری ئەرتەشی تورکیە لە شوێنی خەڵکی خۆ جێیی عەفرین بوو.  

پیلانی داگیرکردنی عەفرین بۆ تورکیە چۆتە سەر و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چاوی لە ئاست ئەو داگیرکارییە نوقاندووە. تورکیە هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی چۆمی فراتیش دەکات و بە قسەی خۆی ناتوانێ هەرێمێکی کوردی لەو ناوچەیەدا قەبوڵ ناکات.

تورکیە تا پێش کودەتا بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەی دۆستی نیزیکی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو، بەڵام ئاشکراکردنی بە ڕوالەت ئەو کودەتایە لە لایان پۆتین و ئاگادارکردنەوەی ئەردوغان لێی، وایکرد تورکیە بەرەو لای ڕوسیە بکشێت و پێوەندییەکانی، سەرەڕای گلەیی و گازەندەی ئەمریکا، بەرەو باشتر ببات. ڕەجەب تەیب ئەردوغان، لە سەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەی سۆخۆی ڕوسی، زۆر بە سانایی داوای لێبوردنی لە پۆتین  کرد.

هەر ئەو نیزیکبوونەوەیەش وایکرد، کە ڕووسیە چاوپۆشی لە پێوەندییەکانی لە گەڵ بەرەی کورد لە عەفرین بکات و ڕێگە بدات تورکیە دەست بە سەرعەفریندا بگرێت.

تورکیە، تا ئێرە زۆر زیرەکانە توانیویەتی لە ناکۆکیەکانی نێوان بەرەی ڕۆژئاوا و ڕوسیە  بە قازانجی بەرەو پێش بردنی پیلانەکانی خۆی کەڵک وەرگرێت. هەر کە داوایەک لە ئەمریکا دەکات و وڵامی نادرێتەوە، هەڕەشەی نیزیکبوونەوەی زیاتر لە ڕوسیە  و ئێڕان دەکات. نە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێ تورکیە هێندە لەوان دوور بکەوێتەوە، بە یەکجاری بچێتە بەرەی ڕوسیە و ئێرانەوە، نە ڕوسیە و ئێرانیش دەیانەوێ لە خۆیانی دوور بکەنەوە کە بگەڕێتەوە شوێنی جارانی و ببێتەوە هاوکاری ڕاستەقینەی جێبەجێکردنی سزا ئابورییەکانی ڕۆژئاوا لە سەر ئەو دوو وڵاتە. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی تورکیە واز لە هاوپەیمانێتی خۆی لە گەڵ کورد لە سورییە دێنێ؟ یان تورکیە بەو قەناعەتە دەگات کە هێورکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی دیکە لە گەڵ ڕۆژئاوای کوردستان، هاوشێوەی باشوری کوردستان زۆر بە قازانجی تورکیە دەبێت تا هێرشی نیزامی و داگیر کردن؟!!!

لێرەدا، بۆ تورکیە جیاوازییەک لە نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە. لە ماوەی شەڕی نێو خۆی سورییەدا، تورکیە پشت و پەنای زۆرێک لەو ڕێکخراوە توندڕەوانە بووە کە بە دژی هێزەکانی حکومەتی سورییە شەڕیان کردووە. زۆرجاریش ئەو پشتیوانیە ئاشکرا بووە. یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکی داعشیش بووە و هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوون.  لە ماوەی چەند ساڵ شەڕی نێو خۆی سورییەش د، ئۆپۆزیسیۆنی سوریە هزەکانی ی.پ.گ یان بە هاوپەیمانی حکومەتی سوریە و سەر بە پ.ک.ک لە قەڵەم داوە و شەڕکردن لە گەڵ ئەوانیان وەک شەڕکردن لە گەڵ هێزەکانی سوریە و حیزبوڵڵای لوبنان لە قەڵەم داوە.

ئێستا کە بە پێی ڕێککەوتن زۆر شوێنی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوانە چۆل دەکرێن و دەدرێنەوە دەستی ئەرتەشی سورییە، ئەو چەکدارانە و ماڵ منداڵەکەیان پێویستیان بە ڕاگواستن بۆ شوێنێک هەیە، کە تورکیە پێیوایە و دەیەوێ وا پێشان بدا لە بەرامبەر ئەواندا هەست بە بەرپرسایەتی دەکات. نایەوێت ئەوان بباتە نێو تورکیەوە، بەڵام شوێنی باشتری بۆ ئەوان دیوەتەوە، ڕۆژئاوای کوردستان. لە لایەک سنورەکانی خۆی لە دەستڕاگەیشتنی کوردەکان بە باکوری کوردستان دەپارێزێت و پێوەندییە ناهێڵێت. لە لایەکی دیکەشەوە پێگەی خۆی لە نێو ئەو ڕێکخراوە توند ڕەوانەدا بە بە هێزی دەهەڵێتەوە. بەمجۆرە ئەو پشتێنە ئەمنیەی لە مێژە داوای دەکات و بە قسەی ناکرێ جێدەگرێت. بێتو هەڕەشەکانی توڕکیە لە مەڕ هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی چۆمی فورات بە کردەیی بکرێت، دەبێ چاوەوانی قۆناغێکی دیکەی بە عەرەب کردنی ڕۆژئاوای کوردستان بین.

ڕووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە شکان یان بەردەوامبوونی چالاکی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانە بە هەردوو بارەکەیدا لە بەرژەوەندی تورکیە دایە. بە پێی هێندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو زیاتر لە سێ هەزارشارۆمەندی تورکیە تەنیا لە ڕێزی داعشدا شەڕیان کردووە. ئەوە سەرەڕای ژمارەیەکی زۆری دیکە کە لە ڕیزی تاقمە و گروپە چەکدارەکانی دیکەدا شەریان کردووە. ئەوە جیا  لەو ڕێکخراوە توندڕەوانەیە کە بە هاوکاری تورکیە  شەڕیان لە  گەڵ ئەرتەشی سوریە کردووە و لە کاتی پێویست دا هاوکاری تورکیە دەکەن.

 لە لایەک، گەڕانەوەی چەکدارانی شارۆمەندی تورکیە، بۆ نێو خۆی وڵات، دەرفەتی باش بۆ تورکیە دەخوڵقێنێ تا لە باکوری کوردستان بە دژی هێزەکانی پ.ک.ک بە کاریان بێنێ. هەر کام لەوان بکوژرێت بە قازانجی تورکیە تەواو دەبێت. لە لایەکی دیکەوە مانەوەی ئەوان لە سوریە و لە گەڵ هاوڕێ سوریەکانیان دەتوانێ ببێتە بەرگرییەکی باش بۆ پاراستنی سنورکانی نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەمجۆرە و بێ ئەوەی گیانی سەربازانی خۆی بخاتە مەترسیەوە، شەڕی پ ی د لە ڕۆژئاوا و پ. ک. ک لە باکوری کوردستان دەکات.

وڵاتانی عەڕەبی بە ناڕاستەوخۆ پێشوازی لە هەنگاوەکانی تورکیە بۆ بردنە پێشی ئەو پیلانەی دەکەن.

بەشێک لە هۆکاری ئەو هەڕەشانەی تورکیە دەکرێ بڵێین هێزەکانی پ.ی.د بۆ خۆیان بوون. لە ماوەی چەند ساڵەی شەڕی نێوخۆیی سوریەدا، هێزەکانی پ.ی.د بە هەزاران کەسیان چەکدار کردووە و ڕاهێنانیان پێکردوون. زۆر شەڕی گەورەیان کردووەو ژمارەیەکی زۆریش شەهیدیان داوە. شەڕی بەرگری لە کۆبانی و پێ چێشتنی تامی تاڵی شکانێکی سەرشۆڕانە بە داعش وەک نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو قارەمانەتیە بێ وێنە بووە. دیارە ئەو سەڕکەوتنە بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان و هێزی هاوپەیمانان بوو، بەڵام بۆ هەتا هەتایێ لە میژووی گەلی کورددا یادی دەکرێتەوە.

 بە بڕوای من هێرش بۆ سەر مەنبج یەکەم هەڵە و بۆ سەر ڕەققە پێتەختی داعش، دووهەم هەڵەی هێزەکانی سوریای دێموکڕات، هەسەدە، بوون. بە هێرش بۆ مەنبەج تورکیە ترسی ئەوەی هەبوو کە هەسەدە هەوڵی بە یەکەوە گرێدانەوەی کانتۆنی عەفرین و کانتۆنەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانی هەبێت و دواتر بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست بکشێن و مەیلی ڕاگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆیان هەبێت. تورکیە لەوە دەترسا کە  ئەوە ببێتە هۆی پەڕاوێزخستنی ئەو وڵاتە لە ڕێڕەوی وزەی ناوچەکە بە تایبەتی  نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. ئەوەش دەبووە هۆی دابەزینی ڕۆڵی تورکیە لە ناوچەکەودا، بە تایبەت کە سەودای زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی تا ئێستاش لە لایان دەسەڵاتدارانی تورکیە هەستی پێدکرێت. هێرشکردن بۆ ڕەققە و ئازادکردنی جگە لە زەرەر قازانجێکی بۆ هێزە کوردییەکان نەبووە. ڕاستە بەشێکی هەسەدە عەڕەبن، بەڵام زۆرترین بەشی ئەو هێزانە لە پ.ی.د پێکهاتوون و هەر بۆیەش زۆرتری شەهیدەکان کوردن. مانەوەی ڕەققە لە ژێر دەستی داعش دا دەبووە هۆی مانەوەی زیاتری هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژئاوای کوردستان و دوورکەوتنەوەی هەڕەشەی هێرشی تورکیە. هەڵەی سێهەم هێرش بۆ سەر دێرەزوور بوو. لەو ناوچەیەدا ژمارەیەکی زۆر چەکداری هێزەکانی داعش و چەند تاقمێکی دیکەی لێیە. بە ئازادکردنی ئەوێ لە ڵایان هەسەدە وە ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارانە وێدەچێ پەنا ببەنە بەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیە و هاوپەیمانەکانی. لە ئەگەری هەر ڕێکەوتنێکیش لە شێوەی ئەوەی “گوتەی ڕۆژهەڵات” و ” دەرعا” ئەو چەکدارانە  بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەرتەسی تورکیە دێن. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێکی زۆر لەو چەکدارانە لە عەفرین و دەورووبەری جێگیر کراون. هیچ دوور نیە ئەوە لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

لە ئەگەری هێرشی تورکیەدا، ئەرتەشی ئارادی سوریە ئامادەیی دەربڕیوە بە پازدە هەزار کە بەشداری لەو هێرشەدا بکات. ئەو بەشداریکردنەش بێ چاوەوانی نابێت.

هەڵەکانی دیکەی هەسەدە؟!

هێزەکانی پ.ی.د هەموو کات ڕایانگەیاندووە کە ئەوان سەر بە پ.ک.ک نین، بەڵام لە کاتی ئازادکڕدنی ڕەققەدا وێنەیەکی گەورەی “عەبدوڵا ئۆجەلان” سەرۆکی زبەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بەرز کردەوە، کە دژکردەوەی زۆری لە ڕادەی نێو نەتەوەییدا بە دوای خۆیدا هێنا.

بەشداری پێنەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و قۆرخکردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڵایان پ.ی.د  ەوە هەڵەیەکی دیکە بوو.،کە ڕەنگە کاریگەری لە سەر هەڵوێستی تورکیەش هەبایە و تورکیە نەیتوانیبایە وا بە ئاشکرا ئەو ناوچەیەی بە شوێنی نیشتەجێبوونی پ.ک.ک لە قەڵەم بدابایە. بە جێگای ئابلوقە دانی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەوڵی وەدەست هێنانی بازاڕێکی باشی بۆ وردکردنەوەی بەرهەمی شیرکەتە تورکیەکان، لە شێوەی باشوری کوردستان بڕەخساندبایە. لە نەبوونی شیرکەتەکانی وڵاتانی دیکە تورکیا دەبووە لایەنی سەرەکی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نە تەنیا لە گەڵ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە گەڵ بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتەش. ئابووری تورکیە هەر لە دوای کودەتاوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داتەپین دەچێت. لەوەها هەل و مەرجێک دا کۆمپانیا تورکیەکان زیاتر لە هەموو کات پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی بێ کێبەرکێی وەک ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پ.ی.د لە سوریا لە هێمنترین بەشی سورییەن.

هەڕەشەکانی تورکیە سەرەڕای سەرقاڵکردنی گەلانی تورکیە بە بوونی دوژمنانی دەرەوە و ڕاکردن لە بەرپرسیارەتی لە هەمبەر کێشە ئابورییەکان، خۆ قورتارکردن لە بوونی ژمارەیەکی زۆری پەنابەری سوری لە تورکیە و جێگیڕ کردنیان  لە ڕۆژئاوای کوردستانە. ئەوە سەرەدای دیتنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو چەکدارانەشە کە لەو ناوچانەڕا، کە بە پێی ڕێککەوتن یان بە شەڕ دەکەونەوە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریە و هاوپەیمانەکانی. بەمجۆرە تورکیە قۆناغێکی دیکە لە تەعریب کردنی ڕۆژئاوای کوردستان، کە سوریە تا ئێستا پێڕانەگەیشتووە، جێبەجێ دەکات.

ئێستا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە سوریەی داوە، تورکیە زیاتر لە هەموو کەس شایی لە دڵدا دەگەڕێ کە خەونی ئەوان، لە مەڕ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا و وەرگرتنی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە لە لایان تورکیەوە هاتۆتە دی و بە کەیفی خۆیان بڕیارەکانی خۆیان دەخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە و بۆ ماوەیەکی دیکەش گەلی کورد لە ژێر دەستەییدا دەهێڵنەوە.

 هێشتا ڕوون نێیە کشانەوەی ئەمریکا بە تەواوی دەبێت یان نا، بەڵام وادیارە بەرژەوەندی وڵاتان ئەمجارەش لە پێش بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا  بووە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی