"an independent online kurdish website

 کشانەوەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و پشتکردنە کورد لە بارودۆخێکی هەستیاری  تۆدا، بێگوومان دەرئەنجامی ڕوانینی هەڵەیی سیاسەتی دەرەوەیی” دۆناڵد ترامپ ”


 سەرکۆماری ئەو وڵاتە لە هەمبەر کۆی رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی  گێتی و هەرێمیدا و بەتایبەتیش کێشە و ئاڵۆزیەکانی سووریە دەگەیەنیت   و بەوجۆرەش ناتوانی  لالوتبوونی حکوومەتی تورکیە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قازانجی خۆیان بگۆڕێت و ساردی بخاتە نێوان مسکۆ و ئانکارایە.

  هیچکام لە وڵاتانی زلهێزەیی جیهان لە بەر خاتری کورد و بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی سیاسی خەڵکی کوردستان ڕوویان لە باشوور و  ڕۆژئاوای کوردستان نەکردوە، بەڵکوو هەر یەك لەلایەنەکان بەدوایی پەرەپێدان بە نفووز  و دەسەڵاتی خۆیاندان و هەوڵیانداوە  لە ژێرناوی شەڕی دژی تیرۆر و داعشدا، پارێزگاری لە قازانج  و بەرژەوەندییەکانیان بکەن و هێزەکوردیەکانیشیان بۆ ئەو مەبەستە بەکار هێناوە و بەداخەوە گەلێك جار زیانی زۆریان بە دۆخی سیاسی کورد گەیاندوە و بەجدی لە گەڵ چارەسەرکردنی پرسی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورستان دانین و وەك گەمەیەکی سیاسی دەستپێکراو ڕۆڵیان لە ناوچەکەدا بینیووە.

 

ئەو رووداوانەی بەدوایی بڕیارە لە ناکاوەکەی دۆناڵد تڕامپدا دێنە ئاراوە،  زیاتر ناوەرۆکی ئەو خاڵە روون دەکاتەوە، کە کورد بەداخەوە تەنیا دۆستێکی دیار و بەوەفای  کە هەیەتی خەڵک و چیاکانی کوردستانن. پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد بەگشتی بە باروودۆخێکی گەلێك هەستیار و مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و  نیگەرانیەکان زۆر لەوەیی بەرفراوانترن و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا ڕٶژێك بڕیاری کشانەوەی لە عێراقیشدا بدات و لەوێشدا هێزەکانی بەرەو وڵاتەکەی پاشەکشەپێبکات و کورد بە تەنیا جێ بهیڵێ .

 

 باشە ئەو کات باروودۆخی کوردچی بەسەردێ و بەرەوکوێ دەچێت و ئایا بیر لە هاوپەیمانێکی نوێ کراوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە؟

سەرکردایەتی سیاسی کورد لازمە لە باشووردا بەدوایی هاوپەیمانی نوێدا بگرێ و متمانەی خۆی نەکاتە سەر ئیدارەی ترامپ و سەرینی دڵنیایەی نەخاتە ژێر سەریەوە، چوونکی ها لەناکاو بە تەنیایی جێهێشتن و ئەو وڵاتەش بخاتە ژێر دەسەڵاتی ئێران و هێزە شیعەکانەوە!!

 بەو بڕیارە لەناکا و جیاوازەیی ئیدارەی ئەمریکا،  کاردانەوەیی جۆر بەجۆری لە نێوخۆی ئەمریکادا بەدوایخۆیدا هێناو و  وەزیری بەرگری و نیردەیی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بۆ شەری داعش لە عێراق و سووریەدا، وەك ناڕەزایەتی دەربڕین دەستیان لە پۆستەکانیان هەڵگرتووە و بە نیگەرانیەوە دەڕواننیە داهاتووی سیاسەتی دەرەوەیی وڵاتەکەیان لە هەمبەر دۆستاکانیاندا.

 

 هەرلەو پەیوەندیەشدا و بە نیشانەی ئیدانەکردنی بڕیارە کت و پڕی سەرکۆماری وڵاتەکەیان ، کۆمەڵێكی تر لە  کەسایەتی سیاسی و ئاکامیدی و ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی دیار و بەئەزموونی نێو نەتەوەییش  دژی ئەو کردارەی ترامپ  هەڵوێستیان ڕاگەیاندوە و بە خۆدزینەوە و پشتکردنە هاوپەیمانەکانی لێکدانەوە لەسەر ئەو بڕیارەدەکەن  و هەتا وەزیری بەرگری ئەمریکا زۆر بە جدی  و دیاریکراوی ئەو بابەتەی وەك خەیانەت بە کورد ناوبردووە و بەهەڵەیەکی گەورەی مێژووی دەزانێت.

 

 ئەمریکا بەو بڕیارە تازەیەیی زیانێکی گەورەی  بە ئیعتبار و پڕستیژی سیاسی و دیپلۆماسی خۆیی گەیاند و دەرکەتووە کە ئەو وڵاتە تەنانەت لە وەختی تەنگانێدا هاوپەیمان و دۆستەکانی لە مەیدانی ململانەی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازیدا بەتەنیا بە جێدێڵێت و بێگوێدانە ئەنجامی رووداوەکان، سیاسەتی خۆیان دەگۆڕن و لەسەر ڕێڕەوێکی تر و بەتەواوی پێچەوانەدا دەڕۆنە بەرەوە. کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی بە ئەمریکاشەوە هەرگیز نەدەبوو بەو ڕادەیە بێلوتفیان دەرهەقی کوردی ڕۆژئاوا بکردایە و چاویان لە ئاستی قوربانی و فیداکارییەکانین بنووقێنن و گڵۆپی سەوز بۆ ئانکارا هەڵبکەن بۆ ئەوەی چی پێیانخۆش بێت لە دژی کوردی ڕۆژئاوا بیکا!

 تڕامپ پێیووایە لەو ڕێگایەوە دەتوانێت پێش بە لێك نزیکبوونەوەی زیاتری مسکۆ و ئانکارا بگرێ و لانیکەم بە چوونەدەریان لە سووریە و دەرفەت ڕەخساندن بۆ تورکیە کە هەژمونی خۆی بەسەر رووداوەکانی سووریەدا بسەپێنێت، تورکیە سیاسەتی خۆی دەگۆڕێ و  رووی لە  رووسیە لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوادا وەردەگێڕێت و کۆی ڕێککەوتنەکان هەڵدەوەشێنێتەوە لە گەڵ مسکۆدا.

ئەو گۆڕانکارییە بەو خێرایە و بە سەرنجدان بە کۆی ناکۆکی و لێك هەڵبەزین و دابەزینەوەیی واشنگتۆن و ئانکارا جارێ مەجالی روودانی گەلێك لاوازە و تورکیە وەك لایەنێکی کاریگەر و بەهێزی ناوچەیی هەڵسووکەوت دەکا و ئەگەر ئەمریکا بەژیری و وشیاری نە جووڵێتەوە و هەڵەکانی خۆی ڕاست نەکاتەوە، پێگەی زۆر زیاتر لە سەر ئاستی گێتی و ناوچەیدا لاواز دەبێت و بەشێك لە هاوپەیمان و دۆستەکانی ئەمریکاش دۆستایەتی لە گەڵ مسکۆ دا هەڵدەبژێرن.

چوونکی رووداوەکانی ئەو چەند ساڵەی دەریانخستووە کە رووسیە لە هیچکات و بارگرژییەکی سیاسی و سەربازیدا پشتی حکوومەتی سووریەی بەرنەدا و هەتا ئەمڕۆش بەتەواوی دەیپارێزێت. کەوابوو سیاسەتی عرووسەکان لانیکەم ڕەچاوی بەرژەوەندی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان دەکەن و لە نیوە ڕێگادا روویان لێوەرناگێڕن و بەتەنیا نایان هێڵنەوە!!

 

 بە زۆر هۆکار تورکیە  پەرەپێدانی دۆستایەتی لە گەڵ حکوومەتی رووسیەدا وەك هێڵێکی جەوگەری و گرینگ لە ساسەتی دەرەوەیدا سەیردەکات، چوونکی لە زۆر بواردا لە سەر ئاستی ناوچەیشدا لە گەڵ عرووسەکان سنوور و هەرێمی  هاوبەشی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و سەربازییان پێکەوە هەیە و خۆیان زیاتر بایخ بەو خاڵەی پەیوەندیەکانیان دەدەن. دیارە ئەو بابەتەش هۆکاری گەورەی پێکەوە گرێدانی مسکۆ و ئانکارایە و لە گەڵ ئەمریکادا ئەو ستڕاتیژییە سیاسی و جوگڕافییان پێکەوە نیە و هەوڵێش لەلایەن ئانکارایەوە نیە بۆ ئەوەی بۆ جارێکیتر باوەڕ بە ئەمریکا بکەنەوە و بۆ باوەشی یان بگەڕێنەوە.

سیاسەتی تورکیە زۆر روونە و بە دیاریکراوی خۆیان خزاندۆتە بەرەیی رووسیە و ئێران و دیداری نێوان حەسەن ڕوحانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆخان کە بەیەکەوەبوویان،  دەرکەوت کە وەك دوولایەنی نزیك و هاوبەشی سیاسی و بارزگانی ناوچەیی لە سەر کۆمەڵێك خاڵ گفتی پێکەوەکارکردن و هاوکارییەکان بۆ یەکدی ڕاگەیاندوە و لە سەر زۆربابەتی گرینگ بیرو ڕایان بەتەواوی وێکچوونی هەیە.

 کەوابوو ئەوەش بە نۆبەی خۆی ئەو سیگناڵە دەگەیەنێتە کاربەدەستانی کۆشکی سپی کە چی تر ئانکارا خۆی بە منەتبار و شەریکی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نازانێت!

 

 ئەمریکا ساسەتێکی روون و جێگیرکراوی لە ساسەتی دەرەوەدا نیە و هەرکاتێك بیهەوێت خۆی لە کێشە و ئاڵۆزیەکان دەدزێتەوە و زۆربەی کات دۆستەکانی بەتەنیا لە مەیداندا  بە پاساوی ناروون و لێڵی سیاسی و بازرگانی و سەربازی، بەجێدەهێڵێت.

 ئیدارەی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر ویستبایی و کەیفی لێبووایە، دەمێكبوو دەیتوانی بەقەولی خۆیان دۆست و هاوپیەمانەکانیان لە شەڕ بەدژی داعشدا بەیەك بهەیەنێت. بۆ نەموونە ئەمریکا خۆی بە دۆست و هاوپەیمانی توکیە و پەیەدە دەزانی و کە ئەو دوو لایەنەش بەتەواوی دژی یەکبوونە و هەردەم چاوەڕوانی بەریەكکەوتن و شەڕ و ئاڵۆزیی هەبووە، بەڵام سەیرە بۆ حکوومەتی ئەمریکا لە ڕابروو و بە ئێستایشەوە ڕۆڵی نێوبژیوانیان لەو بارەوە نەگێڕاوە و هەرکاتێك کەیفیان لێبووبێت، کوردیان وەك کارتێکی فشار بۆ سەر حکوومەتی ئانکارا بە کار هێناوە.

ئەو خاڵە بێگوومان لایەنێکی گرینگی جەوهەری سیاسی و سەربازی هەیە و ئەگەر وڵاتێك قەراربێت دۆستایەتی دوولایەنی دژبەیەك بکا، لانیکەم ئەگەر لە بەرخاتری قازانج وبە سوودی خۆیشی بووایە دەبوو کوردەکانی ڕۆژئاوای لە گەڵ حکوومەتی تورکیە بەیەك گەیاندبا و کۆتایی بە کێشەو ناکۆکیە کان هێنابایە و هەر سێ لایەن لە بەرەیەكی بەهێزتردا یەکیانگرتبایە.

حکوومەتی ئەمریکا ئەگەر بەتەواوی رووی خۆی لە کورد وەربگێڕێ و ڕوانینێکی دروست و بەجێ بۆ داهاتووی سیاسەتەکانی دەرەوەیی لە هەمبەر  رووداوەکانی سووریە و عێراقدا نەکا و هەر بەوجۆرە درێژە بە هەڵسووکەوتی خۆیبدات، بۆ هەمیشە لاواز دەبێ و رووسیە و هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەرێمەکەدا دەسەپێنن و ئەمریکاش تەنانەت لە دوورەوەش ناتوانێت چاوەدێری بەسەر بارودۆخەکەدا بکا.

دۆناڵد ترامپ زیاتر وەك مرۆڤێکی بازرگان و سوودخواز دەڕوانێتە باروودۆخە سیاسی و ناوچەیەکان و ئەوەی ئەمریکایەکان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان بۆداوە و بەدەستیان هێناوە، لە دەستی بدات و  سەرکۆماری نوێ بە هێوری و ئارامی خەریکە گەورەترین زیان بە پێگە و نفووزی سیاسی و ئابووری و سەربازی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت

 بەڵام لەبەرچی ئەمریکایەکان ئەو کارەیاننەکردوە، ڕەنگە ئەوەیش ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ڕوانینی کرچووکاڵی  سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا بۆ پرسی کورد و کۆی ئالۆزییە هەرێمیەکان بێت!

 

 ئەو وڵاتە لەلایەك هاوپەیمانی تورکیایە و لەولایش دۆست و هاوپەیانی کوردەکانە لە ڕۆژئاوایی کوردستان. بەڵام چۆن بوو وڵاتێکی بە نفووز و بە هێزی وەك ئەمریکا نەیوانیووە یان نەیوویستووە ئەو دوو هاوپیمانە دژ بەیەکەی لێک نزیک بکاتەوە و ڕۆڵی نیوبژیوان بگێڕێت؟

 کەوابوو ئەو وڵاتە بەجدی هەوڵی چارەسەرکردنی هیچکام لە کێشە و ناکۆکیەکان نادات، ئەگەر کەمێك سەیری باروودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی حکوومەتی عێراقیش بکەین، دەبینین بارودۆخی ئەو وڵاتەش زۆر لە سووریە باشتر نیە و هەتا ئێستا لایەنە ناکۆکەکان لەسەر ئەساسی لێك تێگەیشتنێکی گشتی چارەسەری پرس و بابەتە جێ ناکۆکەکانی خۆیان نەکردەوە و ئەمریکاش زیاتر ڕۆڵی تەماشی چی و خۆی لە چارەسەری ڕیشەی پرسەکان بە دوورگرتووە.

ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا کە ئامانج لە بەرخۆدان و تێکۆشانی سیاسی ڕزگاری نەتەوەییە، لازمە بە شێوەیەکی زۆر جدی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی داهاتووی سیاسی و جێگٶڕکەی زلهێزەکان لە سەر ئاستی ناوچەیدا بکەن و بەدوایی هاوپەیمانێكدا بگەڕین کە دۆستێکی ستڕاتیژی و پاڵەپشتی خەباتی گەلی کورد بکات لە پێناوی دابینکدنی مافی سیاسیدا.

 

 باروودۆخی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بە ئاڕاستەیەكدا دەڕوات کە چاوەڕواندەکرێت کۆمەڵێك فاکتەر و میکانیزمی نوێی سەرهەڵبدەن و کوردیش یەکێك بێت لەو بکەرانەی کە ڕٶلی خۆی پێبدرێت لە داهاتووی سیاسی  سووریەدا.

محمد سلێمانی

23.12.2018

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی