"an independent online kurdish website

 لە بەر ئەوەی ئێمە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان نشتە جێین وئەویش لـەلایـەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، هەمو چەشنە ئازادی و مافێـکی لە ژێر ناوی دیـن لێ غەسب کراوە ،


هەمـو داوایەکی بـۆ وەرگرتـنـەوەی مافە ڕەواکانی بە کوفر و لادان و نۆکەری بێگانە لە قەڵەم دراوە و لەو ڕاستایەدا حوکمی جیهاد و قەڵاچۆکردن و کوشتن و بەندی بەسەردا سەپاوە ، بۆیە دەمەوێ بڵێم: تۆ بڵێی داوای گەلی کورد کوفرو ناڕەوایی بێ ؟! لەو پیوەندیەدا دەمەوێ لە ڕوانگەی ئایینەوە باس لەو هەڵویست و هەڵسو کەوتەی کۆماری ئیسلامی ئیران دەرهەق بەکورد و کوردستانیان بکەم و بە هەمو مامۆستایانی ئـایینی و مرۆڤە خاوەن ئایینەکانی کوردستان بڵێم : داخوا ئەو گشتە تاوانەی ئەو کۆمارە دەگەڵ گەلەکەمانو دانیشتوانی کوردستان بەگشتی ئەنجامی داوە ، لـەلایـەن شەرع و دین ئێزن پێدراوە ؟! یان فتوایەکی دورە مەنتیقو دەمارگرژانـەیـە دەرهـەق بەگەلێک بەناڕەوا دەرکراوە ؟! ئەگەر وای نابینن بۆچی وا قڕوقەپ دانیشتونـو قفڵێکیان لە زمانیان داوەو ملیان بۆ ئەو هەمو تاوانـو بـوختانو درۆو دەلـەسانـە ڕاکێشاوە ؟! بٶ مەگەر لەبیریان چوە کە خوا فەرمانی بەرەنگاری زاڵمانی داوە.

وەک دەزانن کورد گەلێکی ئازادی خوازو هۆگری هەقو عەداڵەتو دادپەروەریو پێکەوە ژیانی بەتەبایی بوەو هەیە ، بەردەوام دژی زاڵم و زۆردارانی داگیر کەر ڕاوەستاوە . لەو پێناوەدا بەناهەق دەریایەک خوێنی لـێچۆڕاوە. بـەڵام هـەرگیز ملکەچی زاڵمانی داگیر کەر نەبوەو لەکاتو ساتی گونجاودا بەرەنگاریان بۆتەوەو زەبری قورسێشی وەشاندوەو لێشی دراوە. خۆ ئەگەردەقەکانی قورئان نەگۆڕێن ئەودژایەتیوبەرەنگاریەی زاڵمان لەخواوە وەک واجبی شەرعی فەرمانی پێدراوە وەک ئەرکی بڕوادارانی ڕاستەقینە دیاریکراوە .

با ئەوەش بڵێم : کۆماری ئیسلامی ئێران بەفریودان وکەڵک وەرگرتن لەهەستی ئایینی خەڵکی ساکار یان ترسنۆکو تەماعکار کراسی دینی دەبەرئەوهەموغەدرو جینایەتانە کردوەو کەسانێکیشی پێی بە هەڵە بردوەو لە ڕێی لاداوە ، ئەگینا خەباتی ڕەوای کورد نەبەدژی دینەو خەبـاتی گەلێکە بـۆ ئازادیـو سەربەخۆیی و ڕزگاری نیشتمان و پاراستنی گیانی کوردستانیان و هیچ پێوەدنیەکی بەدینەوە نیە ، بەڵکو لەڕوانگەی دینیشەوە ڕەواو ڕێگە پێدراوە. خوالە سوڕەی بەقەڕە ئایەتی ٢٤٤ دەفەرموێی { شەڕ بکەن لەڕێێ خوا بزانن خوا زاناو بینایە .}یان لە سوڕەی حەج دا ئایەتی ٧٨ فەرمویە : { لە ڕای خوادا تێبکۆشن وەک چـۆن هەقی خۆیەتی.} خۆکورد هەرگیز شەڕی نەکردوەو هەرلە گۆڕەپانی بەرپەرچ دانەوەدا ڕاوەستاوە.ئەو ئایەتانە پێمان دەڵێن :ئێوەمافی خۆتانە بـۆ پاراستنی بەشە خوا پێیداوەکانتان بەرەنگاری هەر دەست درێژیکەرێک ببنەوە ، ئەوە تێکۆشانە لـە ڕای خوادا.فی سبیل اللە یانی هەرچەشنە تێکۆشانێک لە ڕێگای بـەرەنگاری زوڵم و زاڵمانو سەرخستن وپاراستنی هەقوعەداڵەت ودادپەروەریدا بێی، ڕێگەو فەرمانی خوایە. خەباتی ئێمە جگە لەوە دەست هـێنانەوەی مـافـە داگیرکراوو پێشێلکراوەکانمان کە برێتین لە نیشتمانێکی ئازادو دابینکردن و پـاراستنی هەقە ڕەواکانمان و شەڕەفو کەڕامەتی گەلەکەمان، بۆ شتێکیتر نیە. ئێمە لە زیدو ماڵی خۆمان دا گەمارۆ دراوو دەست بەسەرین ، یـان ڕاو نـراویـن و دەربـەدەرین . پڕۆسەی ژیانمان داگیرکەر بۆمان دادەڕێژیو بەزۆر پێمان دادەبەزێنێ . لە ڕوانەگەی ئیسلامەوە تێکۆشان و بەرەنگاری تا لەناو بردنی زوڵم و زۆرداری، دابـەزاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایـەتی ، دەرکردنی داگیر کەران دەبێی نەوەستێو بەردەوام بێی . ئێمە ئەرکی ئینسانی ، ویژدانی ، ئایینی و ئەخلاقیمانە ، نەچینە ژێر باری زوڵم و نادادپەروەری و لە پاراستنی مافی خۆمان نەوەستین و کۆڵ نەدەین وبەرپەرچی هەرچەشنە ناڕەواییەک ئەگەر بەناوی دینیش بێی بدەینەوە، ئەگینا بەرانبەربە خەڵک وخوا بەر پرسیارین . خوا بە مرۆڤ دەڵێی :{ هەرچی لەو زەویوعاسمانانە دایە بۆ ئێوەم چێکردوە} کەوایە بە پێی ئەوەی خوا فەرمویە { مرۆڤەکان ئێوەم لە نێرومێیەک خەلق کردوەو کردومن بەگەلوهۆزی جیاواز } ئێمەش هەم مرۆڤین و هەم گەلێکین و وەک هەمو گەلانیتری ئەم جیهانە بەشی خۆمان پێبڕاوەو ناویشی لێنراوە کوردستان. پێمخۆشە ئەوانەی حاشا لەومافە دەکەن پێمان بڵێن : لەکام ئایەتی قورئانداهاتوە کورد مافی ئازادی و سەربەخۆیی نیە وبەکام دەق لێی ئەستێندراوە؟! بەکورتی کوردانە لەهەرچی دەسکری خوایە بەشمان هەیە ومخابن هەر ئێستاش هەربەناوی کوردستانەو لێمان داگیر کراوە . ئەوداگیر کاریە زوڵمێکی زەقـو بـەرچاوە ، بەرەنگاری زاڵمانیش لەخواوە ئیزن پێدراوە .

ڕوو دەکەمە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتیو مامۆستایانی ئایینی بەتایبەتی دەڵێم : باچیتر نەبینە داردەستی داگیرکەران ، باچیتر زاڵـمی داگیرکەر نـەکەینە وەلی ئەمروسەروەر، باچیترسواری ئیحساساتێکی کوێرانە نەبینولەڕقی یەکێک هەموان نـەسوتێنین ، مەسەلـەکان زانستیانـە لێکدەینەوەو هـەڵیان سەنـگێنین ، راستیە حاشا هەلنەگرەکان بەقیلو قال و ڕاو بۆچونی دوورلەڕاستی نەڕەنگێنین. مامۆستایانی ئایینی لەوتارەکانیان داخەڵک لەلێپرسینەوەی خوا دەترسێنن ، داخوا خۆشیان ناکەونە ژێر ئەو لێپێچانەوەیە ؟! بەدڵنیایەوە مەسئولی کردەوەو ڕێنوێنە غەڵەتەکانیانن. حاشاهەڵنەگرە کورد گەلێکی خاوەن مێژویـەکی کۆنی سەدان ساڵەیەو ڕوباری خوێنی لەپێناوی مافی ڕەوادا، بەدەستی زاڵمانی داگیرکەرهەمو چیاو دۆڵو دەشتی کوردستانی پێی ڕەنگاوە . کورد دەستی بۆ خاکومافی کەس درێژنەکردوەولە سەرزەویوماڵی خۆیدالەسەر داوای مافی ڕەوای ئەو خوێنانەی لـێڕژاوە.

دەبا وشیار بینەوەو چیتر فریوی ئەوانە نـەخۆین کەبەناهەق دینیان لـە ڕێگای ئەسڵی خۆی لاداوەو بەدژایەتی دەگەڵ گەلانی هەقخواز دەکاریـان هێناوە . بـا چیتر بە ئەنجامدانی ئەو گشتە جینایەتانەو ئەو بێدەنگی یان پشتگرەیە دوور لە ڕاستیانە دینی ئیسلام ناحەزو بێی ئیعتیبار نەکەین. باچیتر بەناوی تیئۆری بۆ ئەم لاو ئەولا نەڕۆین و نەبینە کڵاو سوری پێش لەشکرێک کە بۆ نابودی ئێمەو مافەکانمان ڕاهێندراوو سازمان دراون.

تەقەلای من بۆئەوەیە تێبگەین وبزانین چیمان دەوێی،چۆنمان دەوێی، کێی دۆستو کێی دوژمنمانە وکامە ڕێگا بۆگەیشتن بەئامانجی گەل نیزیکترینیانە.

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور – ٢ بەفرانباری ٢٧١٨ ی کوردی

  ٢٣ / ١٢ / ٢٠١٨ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی