"an independent online kurdish website

 بۆچی پەیکەری (تابلۆی ئەنفال)ی ھادی زیائەدینی، (10) ساڵە لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پشتگوێ خراوە؟


بۆ رای گشتیی کوردستان، بەتایبەت بنەماڵەی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان. بۆ کەس و لایەنە گەل دۆست و نیشتمان پەروەرەکان!

ویڕای سڵاو و رێز ، بە پێویستم زانی ئەم بابەتە لە مێدیاکان بخرێتە بەردەم رای گشتی.

نزیکەی (10) دە ساڵ پێش ئێستا، چەند بەرپرسێکی پێوەندیداری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەوانە خاتوو چنار سەعد عەبدوڵا وەک وەزیری ئەو کاتی ئەو وەزارەتە پێوەندیدارە، پاش بیروڕا گۆڕینەوە و راوێژێکی چڕوپڕ، ھونەرمەندی پەیکەرتاشی گەورەی کورد، بەڕێز مامۆستا (ھادی زیائەدینی)یان راسپاردبوو، بۆ ئەوەی تابلۆی ئەنفال لە پەیکەرێکدا ئامادە بکات.

ئەو لە گەڵ چەند ھاوکاری دیکەی، بۆ ماوەی (1)یەک ساڵ لە کارگەیەکی فەرش چنین لە شاری سنە، بە زەحمەت و ماندوو بوون و شەونخونی، بە ئەشقی نیشتمانەوە خەریکی ئەو کارە دەبن. بەڵام دواتر ئەو بەرپرسە پێوەندیدارانە بە ھۆی گۆڕانکاریی حیزبی و حکومەتییەوە بەڵێنەکانیان پشتگوێ ئەخەن و کاری پەیکەرەکە کە (18m) ھەژدە میترە و دابەشی (3) سێ پارچەی (6m)شەش میتری بووە ، پاش رەنج و زەحمەتییەکی زۆر تەواو دەبێ، بەڵام کەس خۆی لێ بە خاوەن ناکات و ئەوە دە ساڵە ھەروا بێ لێپرسینەوە لە شوێنی درووستکردنەکەی ماوەتەوە و تەپوتۆزی کەمتەرخەمی و نادڵسۆزی و نابەرپرسیاریی بەرپرسانی پێوەندیداری ئەو دۆسیەیەی لەسەر نیشتووە.

بەم بۆنەیەشەوە لەم رۆژانەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبۆک، گلەیی و گازندەی کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری رۆژھەڵاتی کوردستان، بەناوی کاک (جەمال گوڵابی)(Jamal Golabi)م بینی و دیسانەوە برینم کولایەوە. ئەو برینەی کە ناسۆری ئازار و مەینەتییەکانی نەتەوە و نیشتمانە بەشمەینەتەکەمە. کاک جەمال لە نزیکەوە پێوەندیی بە مامۆستا ھادیەوە ھەیە و ئاگاشی لە وردەکاریی ئەو بابەتەیە.

بەکورتیەکەی ئەویش گلەیی لە ھەمان بابەت کردبوو و وتبووی کە کاک ھادی زیائەدینی بۆ ئەو تابلۆیە رەنج و زەحمەت و کوێرەوەرییەکی زۆری کێشاوە، کارێکی جوان و شیاوی بەئەنجام گەیاندووە، بڕیار بووە ئەو تابلۆیە لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، وەک مۆنیمێنتێک، وەک سێمبۆلی کارەساتی ئەنفالی نەتەوەی کورد لە شوێنێکی گشتی وەک پارکی شەھید سامی عەبدولڕەحمان دابنرێ، بەڵام تا ئیستاش ھەروا پشتگوێ خراوە.

 

کاک جەمال بە حسرەت و خەم و تەمی نیشتمانەوە، بە دڵسۆزییەکی نیشتمانپەروەرانەوە ئەو گلەییەی ئاراستەی کۆمەڵێ بەرپرس و کەسایەتیی حیزبی و حکومەتیی دەسەڵاتدار لە ھەرێم کردووە، کەچی من ئەزانم ئەو بەرپرسانە لەوانەیە قەت ئەو گەلەییە نەبینن و نەبیستن و ئەگەر بشیبینن زەحمەتە مویانی پێ بلەرێتەوە!

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رۆژانە دەبینین سروەت و سامانی نەتەوە و نیشتمان چۆن لە بابەتی بێ مانا و بێ سوود حەیف و مەیل ئەکرێ.

ھەر بۆیە بەو دەردەدڵ و گلەییە پاک و بێ خەوشانەی کاک جەمال گوڵابی لە ناخەوە دڵم ئێشا و وتم بەشکوو لە کاناڵی میدیایاکانەوە بگاتە شوێن و لایەنی پێوەندیدار.

تێبینی: ھەر پرسیارێ لە سەر ئەو بابەتە ھەبێ، لە خزمەتتاندام و ئەشتوانن قسە لەگەڵ خودی مامۆستا ھادی و کاک جەمالیش بکەن.

دەستی ھاوکاریی دڵسۆزانەی ھەر خەمخۆرێ، نیشتمان پەروەرێ لەو پێوەندییەدا ئەگوشین.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی