"an independent online kurdish website

باشم لەبیرە و زۆربەشیان ئەناسم، ئەوانەی من وەک ناوچەگەرا لە حیزبی دیمۆکراتی یەکڕیز و دابەش بوو دا دیتوومن و ناسیونم و ئەیانناسم،


 ھەر ھەموو لە بواری رێبەری، سیاسەت دا لاواز بوون و بۆ قەرەبووی ئەوەی لە بەڕێوەبەری و سیاسەتدا نەیانبوو، پەنایان بەر ناوچەگەرایی ئەبرد.

زۆرێ ھەبوون کە بە ناوچەگەرا ناویان چووە بەس راست نەبووە، تەنیا ناسناوەکەیان پێوە لکاندوون. بەڵام ئەوانەی ناوچەگەرای واقێعین، بۆ زۆربەی کادر و پێشمەرگەکان ناسراون، بەداخەوە ئێستا زۆر بە دەسەڵاتن و پارچەبوون و ئینشعابی حیزبیش بەرھەمی بەرژەوەندیخوازیی کەسی و گروپی ئەوان بوو. ئەوان پێش ئێنشعاب و لەکاتی ئینشعابیشا لە ناوەندی بڕیارسازیی حیزبا بوون و ئێستەش ھەروا، بۆیە قازانجی ئەوان لە یەکڕیزیی حیزبا نیە و بەو ھۆیەشەوە تا ئەوان لە ناوەندی بڕیارسازی و بڕیارداندا بن، حیزبی دیمۆکرات ھەروا پارچەپارچە و لاواز دەبێ.

 

بڕبڕەی پشتی خەباتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، نەتەوە و نیشتمان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانن. بۆیەش رێبەرانی گەورەی حیزبی دیمۆکرات ئارەزوویان بوو، ھیوایان ئەخواست و دەروەستانە کاریان بۆ ئەکرد کە رۆژێ دابێ کرماشانیش وەک مھاباد خاوەنێتی لە حیزبی دیمۆکرات بکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەیان کادری بەوەج و دەیان رۆڵەی لەخۆبردووی ئەو نیشتمانەیان لە شارو مەڵبەندەکانی دیکەوە بۆ ئەو ناوچانە راسپارد کە ھێشتا حیزبی دیمۆکرات ریشەی تێیدا دانەکوتاون. لەم رێگایەشدا باشترین کادری تەشکیلاتی نھێنیی حیزب، گیانیان بەختی ئامانجەکانیان کرد.

 

ئەو رێبەرانەی کە خاوەن توانای رێبەری بوون، ئەو رێبەرانەی کە لە بواری سیاسی و پەروەردەییەوە بەو ئاستە گەییشتبوون کە دەرکی قازانجی نەتەوەیی و ئامانجی باڵا بکەن، ئیدی پێویستییان بە ئامرازی دژەنیشتمانی و نەتەوەیی ناوچەگەرایی نەبوو کە تێیدا کۆمەڵێ مرۆڤی لاواز، دۆڕاو و فڕێدراوی بنەماڵە و کۆمەڵگا بێننە ژێر باڵی خۆیان و باند و گرووپی ناوچەگەرایان لێ ساز بکەن و بۆ مودێڕن نیشاندانیشی، ناوی جەناح و جەناحبازیی لێ بنێن.

 

بەو کارە کە تەنیا پیشەی مرۆڤە لاوازەکانە و تەنیا لەو کادر و پێشمەرگە نوێ و کۆنانە دەوەشێتەوە کە بە درێژایی تەمەنیان لە حیزب و حیزبایەتییا بە جێی ئەوەی ھەوڵ بدەن خۆیان پێبگەیێنن، تواناییەکانی خۆیەن پەروەردە بکەن و گەشە پێ بدەن، ھەوڵیان داوە رێگای دزێوی ناوچەگەرایی و باند و گروپ بازی بگرنەبەر و خۆیان بە فاکتۆرە ناوچەیی و خێڵەکی و شار و گوند و زاراوەکانا ھەڵواسن و سەرئەنجامیش بەرژەۆەندییە کەسییەکان قیبلەی ئامانجەکانیانە نەک ئامانج و بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.

 

بە وردبوونەوە لە رابردووی خەباتی حیزبەکان، بە سانایی ئەکرێ بەو ئەنجامە بگەین کە ناوچەگەرایی و عەشیرە و خێڵ و خزم و زاراوەگەرایی تەنیا لەوانە وەشاوەتەوە و ئەوەشێتەوە کە لاوازیی رێبەری، سیاسی، فیکری، باوڕی، ئێرادەییان ھەیە و لای ئەوان ھێشتا ئامانجی باڵا ھەر قازانجی خۆیان و بنەماڵەکانیانە نەک نەتەوە و نیشتمانەکەیان.

 ئاسۆی دووری ئەو جۆرە رێبەری و سیاسەتەش، لە خۆشترین حاڵەت و باشترین بەخت دا، دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و حیزب و حکومەت و بەرپرسان ۆ خەڵک و کۆمەڵگاکەیەتی.

 

ئەگەر بە ویژدانەوە لێی رامێنین، ئەخلاقی شۆڕشگێڕیمان بکەینە شایەت و بنەماکانی خەباتی حیزبی دیمۆکرات و رێبەران ۆ فەرماندە و کادر و پێشمەرگە شەھیدەکانی بکەینە بنەمای بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندن و حەزی گەندەڵی کەتمان زنجیر بکەین، چاوی واقێعبینی و شۆڕشگێڕانەی راستەقینەمان ئەکرێتەوە و دەبینین کە ئەوەی ئێستای حیزبی دیمۆکرات و لایەنەکانی دیکەش بەدەستیەوە ئەناڵێنن ، لادانە لە تەوەری بەرژەوەندی و ئامانجی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و ھەوڵدانە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی و ئامانجی تاک و کەس و گروپ و ناوچە کە سەرئەنجامەکەشی ھەر بە بەرژەوەندیی کەسی و بنەماڵەیی کۆتایی دێ.

 

حیزبی دیمۆکرات و بنەمای تێکۆشانەکانی ھەمیشە جێگای شانازیی نەتەوەکەی بوون تەنانەت لە پارچەکانی دیکەش. بەڵام ئەگەر وریا نەبین ھەمان خاوەنانی ئەو حەز و وزەی کە حیزبی کردە دوو بەشەوە، ھەوڵی ئەوە ئەدەن کە مۆدێلی حیزبەکانی باشوور  لە حیزبەکانیانا بێننەگۆڕێ. واتە ئەو حەزە لە ھەندێ لە رێبەرایەتیی لایەنەکانا ئەبینی کە وردە وردە ھەوڵ ئەدەن و خۆزگایانە کە ئەو پلەو پێگە و بەرژەوەندییانەی ھەیانە، بۆ دەھاتووی مناڵەکانیانی دەستەبەر بکەن.

 

ھەڵبەتە ئەمەش تایبەت نیە تەنیا بە حیزبەکانی ئێمە، سروشتی زۆربەی شۆڕشەکانی جیھان وابوون. شۆڕشگێڕان سەرەتا وانیشان ئەدەن کە ھەموو بوونیان بەختی رزگاریی ئەکەن و گەل ئەکەنە خاوەن بڕیار و بژار. بەڵام کە ئەگەنە توانە و دەسەڵات، تازە بەو قەناعەتە ئەگەن کە ئەوەی ھەیە بەرھەمی فیدکاریی ئەوانە، ئەوەی ھەیە لە سایەی بوونی ئەوانە، ئەوەی ھەیە و بەبێ ئەوان ھیچ لەمانە نامێنێ و ئەبێ ئەوان بمێننەوە لە لوتکەی دەسەڵاتا، تاکوو ئەوەی بەدەست ھاتووە بپارێزرێ.

 

ھەڵبەت ئەو باوڕە راست ھەمان ئەو قەناعەتەیە کە گەمژەیەکی ناوچەگەرا ھەڵدەفریوێنێ و ئەیخاتە ژێر رکیفی خۆیەوە و پێی ئەقەبوڵێنێ کە ئەوە بە قازانجی نەتەوە و نیشتمانە و مێشکی بەجێگای خزمەت بە ئامانجەکانی نەتەوە و نیشتمان، وەک رۆباتێ بۆ ئامانجە کەسی و بنەماڵەییەکانی خۆی بەکار دێنێ و گەمژەی ناوچەگەراش گەورەترین شانازیی ئەوە دەبێ کە پیاوی فڵان و فیسارە.

بەکورتییەکەی، لە وانەی (ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە)ی فێرگەی سیەسی نیزامی حیزبا خاڵێک ھەیە کە وەمیشە شانازیم پێۆە ئەکرد و داینەمۆی باوڕمە. ئەو خاڵە ئێژێ: “شۆڕشگێڕ قازانجی گەل و نیشتمانەکەی لە سەروی ھەموو قازانج ۆ بەرژەوەندییەکانی دیکەوە دائەنێ.” بابەتەکە بە پرسیارێ کۆتایی پێ دێنم:

بە پێی ئەو خاڵەی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە، ئایا ئێستا شۆڕشگێڕی وامان ھەیە؟!

تێبینی: (ئەمە رای خۆمە)

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی