٣١ی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ ٤٠ ساڵ به‌سه‌ر پیلانێك‌دا رابرد كه بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی خوێناوی له نه‌غه‌ده‌و، ڕووداوێكی زۆر تاڵی له پێوه‌ندیی برایانه‌ی نێوان ڕۆڵه‌كانی دوو گه‌لی كورد‌و ئازه‌ری زمان له‌و شارەی دا لـێ‌كه‌وته‌وه.
له ٣١ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٥٨دا میتینگی سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له ستادیۆمی وه‌رزشیی شاری نه‌غه‌ده كه به مه‌به‌ستی پێداگرتنه‌وه له‌سه‌ر پێوه‌ندیی برایانه‌ی نێوان دوو گه‌لی كورد‌و ئازه‌ربایجانی‌و پێویستیی پته‌وكردنی ئه‌و پێوه‌ندی‌یه پیرۆز‌و له‌مێژینه‌یه‌و، به‌به‌شداریی دانیشتووانی كورد‌و ئازه‌ریی ئه‌و شاره‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پێك هاتبوو، له‌چه‌ند لاوه كه‌وته به‌رده‌سڕێژ. ته‌قه‌كردن له‌و میتینگه كه به پێی به‌رنامه‌ی له‌پێش‌دا دارێژراو‌و له‌لایه‌ن چه‌ند مۆره‌یه‌كی به‌دناوی حكوومه‌تی پاشایه‌تی‌و ده‌مڕاستی رێژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له‌و شاره ڕێك خرابوو، بوو به هۆی داسه‌پانی شه‌ڕێكی نه‌خوازراو به‌سه‌ر ڕۆڵه‌كانی دوو گه‌لی برا‌و هاوزنجیری ئازه‌ربایجانی‌و كورددا، كه هه‌تا رۆژی ٣ی بانه‌مه‌ڕ درێژه‌ی هه‌بوو. له ئاكامی ئه‌و شه‌ڕه چه‌په‌ڵه‌دا سه‌دان كه‌س ژن‌و منداڵ‌و پیر‌و په‌ككه‌وته‌ی كورد به ده‌ستی پاشماوه‌كانی رێژیمی پێشوو‌و به‌كرێگیراوانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی كوژران‌و بریندار بوون. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانی كوردی نه‌غه‌ده له شاری خۆیان هه‌ڵقه‌ندران‌و ئاواره‌ی شار‌و گونده‌كانی ده‌روروبه‌ر بوون. چه‌ندین كه‌سی بێ‌تاوان له دانیشتووانی ئازه‌ری زمانی ئه‌و شاره‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریش پڕیشكی ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌یان گه‌یشتێ‌و كوژران‌و بریندار بوون. له‌مانه‌ش ناخۆشتر زیانێكی گه‌وره به پێوه‌ندیی برایانه‌و له‌مێژینه‌ی رۆڵه‌كانی دوو گه‌لی كورد‌و ئازه‌ری له‌و ناوچه‌یه گه‌یشت. ده‌مڕاسته‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی كه بۆخۆیان نه‌خشێكی بنه‌ڕه‌تییان له هه‌ڵگیرساندن‌و قووڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا هه‌بوو، له ئاكامه زیانباره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌و كه‌لێنی پێكهاتوو له به‌ینی رۆڵه‌كانی كورد‌و ئازه‌ری‌دا به قازانجی مه‌به‌سته چه‌په‌ڵه‌كانی خۆیان كه‌ڵكیان وه‌رگرت. ئه‌وان به دنه‌دانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینیی ئازه‌ری زمانه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌و ناوچه‌كانی دیكه‌دا كه له مێژ ساڵ بوو پێكه‌وه به ته‌بایی‌و برایه‌تی ده‌ژیان، هێزێكی زۆریان بۆ سه‌ركوت‌و په‌لاماربردنه سه‌ر كورده‌كان‌و بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی ئه‌وان كۆ كرده‌وه‌و له ژێر پشتیوانیی ئه‌رته‌ش‌و هێزه چه‌كداره تازه پێكهاتووه‌كان‌دا، سه‌دان كه‌س له دانیشتووانی گونده‌كانی كوردستانیان له سندووس، لاجان، شاروێران، شامات، ناوچه‌كانی مه‌هاباد، میاندواو، تیكاب‌و بۆكان، به ده‌ستی ئازه‌ری زمانه‌كان قه‌ڵاچۆكرد.
شه‌ڕی خوێناویی ٣١ی خاكه‌لێوه‌ی نه‌غه‌ده، به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی ٤٠ساڵ به‌سه‌ری‌دا، ره‌نگه له‌بیر زۆركه‌س چووبێته‌وه‌و كه‌لێنێكیش كه له سۆنگه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا له به‌ینی رۆڵه‌كانی دوو گه‌لی كورد‌و ئازه‌ربایجانی‌دا دروست بوو، به‌هۆی تێپه‌ڕینی زه‌مان‌و ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕاستی‌یه‌كان، به‌خۆشی‌یه‌وه هەتا رادەیەکی باش کەم بۆتەوەو، جێگای خۆی داوه به فه‌سڵێكی تازه له پێکەوە ژیان‌و هاوپێوه‌ندی. هه‌ر له‌جێش‌دا وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ئه‌گه‌ر بۆ كولاندنه‌وه‌ی برینه‌كان‌و په‌ره‌پێدانی گومان‌و به‌دبینی له نێوان ئه‌و دوو گه‌له‌و كه‌ڵكی خراپ وه‌رگرتن له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینیی ئه‌وان بۆ له به‌رامبه‌ر یه‌كتر ڕاگرتنیان دا بێ، مه‌حكوومه. به‌ڵام یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه چه‌په‌ڵه ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ی راستی‌یه‌كان‌و ده‌رس لێوه‌رگرتن‌و پێشگیری له دووپاتبوونه‌وه‌ی هه‌ر رووداوێكی ناخۆش له نێوان رۆڵه‌كانی گه‌له جیاوازه‌كانی ئێران به تایبه‌تی كورد‌و ئازه‌ربایجانی له داهاتوودا بێ، شتێكی زۆر پێویست‌و به‌جێ‌یه. به‌تایبه‌تی كه له لایه‌كه‌وه ئه‌م ڕووداوه زۆر به كه‌می له‌لایه‌ن لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه كه‌وتۆته به‌رباس‌و لێكۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم جگه له حیزبی دیموكرات كه چه‌ند جارێك، ئه‌ویش بۆ مه‌به‌ستی خێر، یادی كردۆته‌وه، ته‌نیا هێندێك كاربه‌ده‌ستی كۆماری ئیسلامی بۆ وێنه “جه‌لایی پوور” له وتووێژ‌و نووسینه‌كانیان‌دا، ئاوڕیان له‌و شه‌ڕه داوه‌ته‌وه. له‌و ئاوڕدانانه‌وه‌شیان‌دا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان نه‌بووبێ، روونكردنه‌وه‌ی ڕاستی‌یه‌كان بووه. ئه‌وان به‌و هۆیه‌وه كه به‌رپرسایه‌تیی راسته‌وخۆیان له جێبه‌جێكردن‌و به‌ره‌وپێشبردنی سیاسه‌ت‌و پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له كوردستان‌دا هه‌بووه، هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه بووه پاكانه بۆ رێژیم‌و هاوده‌سته‌كانی له ناوچه‌دا بكه‌ن‌و، حیزبی دیموكرات‌و بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازانه‌ی كوردستان تاوانبار بكه‌ن.
تیشك خستنه سه‌ر رووداوه‌كانی رابردوو كه پێوه‌ندییان به دراوسێ‌یه‌تیی دوو گه‌له‌وه یا سه‌رجه‌می گه‌لانی ئێرانه‌وه هه‌یه، له‌و باره‌شه‌وه گرنگه كه ئه‌وان له داهاتووش‌دا به حوكمی مێژوو‌و زۆر هۆكاری دیكه، ناچارن پێكه‌وه بژین‌و به هاوكاری‌و هاوخه‌باتیی یه‌كتر ده‌بێ بناغه‌ی وڵاته هاوبه‌شه‌كه‌یان دابمه‌زرێنن. ئه‌گه‌ر به چاوی ره‌خنه‌گرانه‌و به دوور له ده‌مارگرژی، رووداو‌و كاره‌ساته‌كانی رابردوو له لایه‌ن هێز‌و لایه‌ن‌و كه‌سایه‌تی‌یه به‌رپرسه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی پێكهێنه‌ری ئێرانه‌وه هه‌ڵ نه‌سه‌نگێنرێن، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێست‌و بڕیاره ئوسوولی‌و به‌رپرسانه‌و پێشكه‌وتنخوازه‌كان له كات‌و قۆناغه ئه‌سته‌مه‌كان‌دا وه‌به‌رچاو نه‌گیرێن‌و ده‌ست تێكه‌ڵاوكردنی ئاگایانه‌و نائاگایانه‌ی كه‌سانێك له‌م یا ئه‌و گه‌ل‌و نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ رێژیمی دیكتاتۆر‌و كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی له دژی گه‌لێكی دیكه‌و خه‌باته هه‌قخوازانه‌كه‌ی یا بۆ دروستكردنی شه‌ڕ‌و ناكۆكی قه‌ومی، به توندی ره‌خنه‌ی لـێ‌نه‌گیرێ، دۆزینه‌وه‌ی بناغه‌یه‌كی تازه بۆ هاوكاری، هاوپێوه‌ندی‌و هاوخه‌باتی، به‌كرده‌وه مسۆگه‌ر نابێ.
له باره‌ی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌و كوشتاری كورده‌كان له‌و شاره‌و زۆر گوند‌و ناوچه‌ی كوردستانه‌وه كه كۆماری ئیسلامی به پیلانگێڕیی به‌كرێگیراوانی خۆی‌و به دنه‌دانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینیی هێندێك له ئازه‌ری زمانه‌كان ئه‌نجامی داون، حیزبی دێموكرات هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆماری ئیسلامیی به تاوانبار‌و عامیلی سه‌ره‌كی زانیوه. چونكه جگه له‌وه‌ی ئه‌و دوو گه‌له رابردوویه‌كی درێژیان له پێوه‌ندیی برایانه‌و هاوخه‌باتی به تایبه‌تی له سه‌رده‌می دوو حكوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان‌و كۆماری كوردستان‌دا هه‌بووه، ئه‌و ویست‌و داخوازانه‌ش كه حیزبی دێموكرات‌و رێكخراوه سیاسی‌یه‌كان‌و خه‌ڵكی كوردستان به دوای رووخانی رێژیمی پاشایه‌تی‌دا هێنایاننه‌گۆڕێ، هیچیان له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی خوشك‌و برا ئازه‌ربایجانی‌یه‌كان دا نه‌بوون. به پێچه‌وانه‌وه، حیزبی دێموكرات‌و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان هه‌میشه داواكار‌و پشتیوانی دابین بوونی مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی هه‌موو گه‌لانی بنده‌ستی ئێران‌و یه‌ك له‌وان ئازه‌ربایجانی‌یه‌كان بوون. به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی دیكه بۆ راستی‌و دروستیی ئیددیعای حیزبی دێموكرات له باره‌ی بێزار بوونی له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان كورد‌و ئازه‌ری ئه‌وه‌یه، له حاڵێك‌دا پیلانه‌كه له دژی میتینگی ئاشتیخوازانه‌ی حیزبی دێموكرات رێك خرابوو‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامی به پشتیوانی له شه‌ڕ هه‌ڵایسێنان‌و به دژی كورده‌كان هاتبووه نێو رووداوه‌كه‌و، ئاخوند حه‌سه‌نی ده‌مڕاستی سه‌ره‌كیی رێژیم له ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، چی له توانای دا هه‌بوو بۆ كوشتاری كورده‌كان وه‌كاری خستبوو، “ئه‌و حیزبه ئه‌وپه‌ڕی نیازپاكیی خۆی نیشان دا‌و توانی له رۆژی 2ی بانه‌مه‌ڕدا ئاگربه‌س رابگه‌یه‌نێ‌و بۆ رۆژی دواتر به یه‌كجاری كۆتایی به شه‌ڕه‌كه بێنێ”.(١) سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و راستی‌یانه‌ش، حیزبی دێموكرات له وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌دا، به بۆنه‌ی وه‌به‌رچاونه‌گرتنی حه‌ساسیه‌ته قه‌ومی‌و ئایینی‌یه‌كانی دانیشتووانی ئازه‌ری زمانی ئه‌و شاره‌و پێكهێنانی میتینگێكی گه‌وره له‌و شاره بێ حیسێب كردن بۆ ناسك بوونی هه‌لومه‌رجی ئه‌وكاتی شاری نه‌غه‌ده به‌م چه‌شنه ره‌خنه‌ی له‌خۆی گرتوه:
“گومان له‌وه‌دا نیه كه هه‌روه‌ك گوترا ئه‌و شه‌ڕه ئاكامی پیلانێكی چه‌په‌ڵی پاشماوه‌كانی رێژیمی شا‌و به‌كرێگیراوانی رێژیمی ئیسلامی دژی خه‌ڵكی كوردستان‌و حیزبی دێموكرات بوو. به‌ڵام به هیچ جۆر دروست نیه لێره‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستانیش بێ‌خه‌تا له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. راستی‌یه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه دوور بوونی رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكرات بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ له وڵات‌و هێندێك هه‌ستی ده‌توانم بڵێم منداڵانه‌ی به‌رپرسانی ناوچه‌ی نه‌غه‌ده بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكرات له ناسك بوونی هه‌لومه‌رجی ئه‌و شاره حاڵی نه‌بێ‌و تێ‌نه‌گا كه پێكهاتنی میتینگێكی ده‌یان هه‌زار كه‌سی ـ كه به‌شێكی زۆریشیان چه‌كدار بوون ـ ده‌توانێ چ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێنی به‌دواوه بێ”.(٢)
ئێستا كه ٤٠ساڵ له‌و ڕووداوه تاڵه راده‌برێ، جێگای خۆشحاڵی‌یه كه نێوه‌رۆكی راسته‌قینه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ خوشك‌و برا ئازه‌ری زمانه‌كانیش به ته‌واوی روون بۆته‌وه‌و، شانبه‌شانی په‌ره‌گرتنی بێزاری له‌و رێژیمه هه‌وڵ‌و تێكۆشانێكی به‌رچاو به تایبه‌تی له نێو رووناكبیران‌و كه‌سایه‌تی‌یه فه‌رهه‌نگی‌یه‌كانی ئازه‌ربایجانی‌دا، بۆ هێنانه‌گۆڕی ویست‌و داخوازه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیان، ده‌ستی پێ‌كردوه. بێگومان رێكخراو‌و كۆمه‌ڵه‌و ناوه‌نده فه‌رهه‌نگی‌و رووناكبیری‌یه‌كانی ئازه‌ربایجان‌و كه‌سایه‌تی دیمۆكرات، ئازادیخواز‌و نه‌ته‌وه په‌روه‌ره‌كانی ئه‌و گه‌له، له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌توانن شاهیدی بۆ نیاز پاكیی كورده‌كان به گشتی‌و سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێسته ئوسوولی‌و دروسته‌كانی حیزبی دێموكرات به تایبه‌تی، به پشتیوانی له خه‌بات‌و ویست‌و داخوازه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی ئه‌و گه‌له، بده‌ن. چاوه‌ڕوانیی ناسێندرانی عامیلانی زۆر كاره‌ساتی خوێناویی وه‌ك شه‌ڕی نه‌غه‌ده، قاڕنێ، ئیندرقاش، قه‌ره‌گۆل‌و سه‌وزی‌و سه‌رچنار، حه‌سه‌ن لۆلان‌و، دروستبوونی كه‌لێن له پێوه‌ندیی كورد‌و ئازه‌ربایجانی‌دا له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه، شتێكی بێ‌جێ‌یه. چونكه هه‌روه‌ك گوترا ئه‌و رێژیمه بۆخۆی به‌رپرس‌و تاوانباری سه‌ره‌كیی هه‌موو ئه‌و جینایه‌تانه‌یه. به‌ڵام زۆر به‌جێ‌یه كه رووناكبیران، ئازادیخوازان‌و تێكۆشه‌رانی ئازه‌ربایجانی به چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه ئاوڕ له‌و رووداوه تاڵ‌و ناخۆشانه بده‌نه‌وه‌و ئه‌و كه‌سانه له‌قاو بده‌ن كه یا به دنه‌دانی ده‌مارگرژی‌و كه‌لك وه‌رگرتنی خراپ له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئایینیی ئازه‌ری‌یه‌كان، به په‌ره‌پێدانی فه‌رق‌وجیاوازی له دژی كورده‌كان له‌و شوێنانه كه كورد‌و ئازه‌ری پێكه‌وه ده‌ژین، بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو ده‌یه خزمه‌تیان به مه‌به‌سته چه‌په‌ڵه‌كانی كۆماری ئیسلامی كردوه.
ئه‌زموون وه‌رگرتن له رابردوو له‌لایه‌ك‌و له‌لایه‌كی دیكه‌وه هاوكاری‌و هاوخه‌باتیی نێوان رۆڵه‌كانی دوو گه‌لی كورد‌و ئازه‌ربایجانی‌و هه‌موو گه‌لانی ئێران به مه‌به‌ستی هێنانه سه‌ركاری رێژیمێكی دیموكراتیك‌و فیدراڵ كه شانبه‌شانی ئازادی‌یه‌كانی هه‌موو هاونیشتمانان، مافه‌نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی گه‌لانی بنده‌ستی ئێرانیش دابین بكا، ده‌توانێ هه‌م رووداوه ناخۆش‌و نه‌خوازراوه‌كان له‌بیربه‌رێته‌وه‌و پێشی دووپاتبوونه‌وه‌یان بگرێ، هه‌م باشترن بناغه بۆ هاوژیانیی گه‌لانی ئێران له داهاتوودا، بێنێته كایه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
(١) “كوردستان” ئورگانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ژماره ١٤٩ خاكه‌لیوه‌ی ١٣٦٨، وتاری “یادێك له شه‌ڕی نه‌غه‌ده”
(٢) “نیوسه‌ده تێكۆشان” (ئاوڕێك له رابردووی خه‌بات‌و تێكۆشانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده، به‌رگی یه‌كه‌م ـ چاپی یه‌كه‌م، فه‌سڵی سێهه‌م، شه‌ڕی نه‌غه‌ده، لاپه‌ڕی ١٥٠
***
ڕوونکردنەوە:
(*) ئەم وتارەم کاتی خۆی لە ٢٥ سالەی شەڕی نەغەدە دا نووسیوە. ئێستا کە ٤٠ ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوە ناخۆشە دا رادەبرێ، بە پێویستم زانی جارێکی دیکە بیخەمەوە بەر سەرنجی هۆگران و تینوانی زانیاری لە بارەی ڕووداوەکانی ئەم ٤٠ ساڵەی دوایی کوردستان. تەنیا ڕێکەوتی یادکردنەوەکەم گۆڕێوە و دەستم لە بۆچوون و تێگەیشتنەکانی ئەو کاتەی خۆم نەداوە. بەڵام شاراوە نیە کە لەم ١٥ ساڵە دا، گۆڕانی دیکەش ڕوویان داوە. بۆ وێنە پەیدابوونی نووسەر و گرووپ و ڕێکخراوی توندڕەوی تورک کە زۆریش دژی کوردن و بۆچوونی توندڕەوانەیان هەیە لە بارەی ئەو بەشەی کوردستان و دانیشتوانی کە لە گەڵ تورکەکان بە زۆر پارێزگەی بە ناو ئازەربایجانی ڕۆژاوایان لێ دروست کراوە. یا کۆمەڵێک کەسایەتی و تێکۆشەری کوردیش لە بیرەوەری و نووسینی تایبەت دا لە سەر شەڕی نەغەدەیان نووسیوە کە ١٥ ساڵ لەمەوبەر یا نەنووسرابوون یا من لێیان بێ ئاگا بووم.
قادر وریا
بانەمەڕی ١٣٩٨(مای ٢٠١٩)
//www.facebook.com/qadir.wrya