"an independent online kurdish website

مامۆستای خۆبەخشی زوانی کوردی رێکخراوی “نۆژین”کە چەند رۆژە لە لایەن ھێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گیراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.


زارا”کان رۆڵی باخەوانی زوان ئەگێڕن.

ساڵانێکە داری زوانی بێگانە لە نیشتمانی مێشکی مناڵەکانمانا ئەڕوێ، گەشە ئەکا و لای تاکی ئێمە ھەر بێگانەیە و بە بێگانەییش ئەمێنێتەوە. ئێمەش نەخوازراوانە و ناچار بووینەتە ئاودێر و باخەوانی زوانی ئەوان و ئەوانیش بە ئەنقەست و بە مەبەستی پاسەوانی لە (زوانی ئێرانی!) بژاری وشەو وتە رەسەنەکانمان ئەکەن و بەکەیف و بۆ ئامانجی خۆیان ئەیانفارسێنن.

دەیان ساڵە وشە و وتە رەسەن و پاراوە کوردییەکانمان لە زوانی دایکیی خۆمانا بژار ئەکەن و بە دڕک و داڵ و وشەی ھەرزیان ئەشوبھێنن و ھەوڵ ئەدەن لە پێش چاوی مناڵەکانمان زوانی خۆیان شیرین بکەن و وەک زوانی بەشەری پیشان بدەن و زوانی ئێمەش بە زوانی کێویلە و دێو و درنج بە مناڵەکانمان بناسێنن، وەک چۆن زۆرێ لە باوک و دایک و لاوەکانمان بە شانازییەوە و بۆ بە قەولی خۆیان (باکلاس) بوون، ھەوڵ ئەدەن رستەکانیان بە زیاترین وشەی فارسی بڕازێننەوە.

زاراکان و ھاوڕێ و ھاوبیر و رێبازەکانیان، باخەوان و بژارکەر و ئاودێری ریشەی تێشە لێدراوی ئەم زمانە بریندارو دەستبەسەرو داگیرکراوەکەی ئێمەن.

ئەوان وەنە ئەو باخەوانانەی ھەورامان، کە بە تاینچە و تەلیس و سەوەتە و بە شان و کۆڵ، بە بڕینی ھەزار قۆرت و ملە و دوند و دانی دەیان پیش و وچان لە قەراخ چەم و رووبارەکانەوە خاک و ئاو ئەگەیێننە سەر شاخ و لوتکە و چیاکان، تاکوو نەمامە ھەنارێ، تەرزە ترێیەک لە سینگی ئەو گابەردانەدا بڕوێننەوە. بەڵێ ئەوانیش بەم چەشنە تێئەکۆشن زوانی دایکییان لە دڵی نیشتمان و ھاونیشتمانیانا بڕوێننەوە.

زاراکان دایکی زوانی دیکیمانن.با لە ھەمبەر گیرانیان بێ دەنگ و خەمسارد نەوین.

 

ن: ھوشیار ئەحمەدی

_وێنە: وانەیەک لە کتێبی ئەلفوبێی کوردیی مامۆستا “ئیبراھیم ئەمین باڵدار” کە بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتیی زمانی کوردیی داڕێژراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی