ئەمریکا و ئێران خاڵی جێگای ناکۆکیەن زۆرن و هەر وەك پێشتریش پێشبینی کرابوو کە ئەو دوو وڵاتە ئەگەر پێکەوە دانووستانیش ئەنجامبدەن، بە یەك یان چەند کۆبوونەوە ناتوانن کۆتایی بە کێشەی سیاسی و مێژوویان بێنن و پێکەوە پەیوەندی دابمەزرێنن.
گووتەبێژی وەزارەتی دەروەیی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: کە وڵاتەکەیان بە هیچ جۆرێك پابەندی ئەو مەرجانە نابێت کە وەزیری دەرەوەیی ئەمریکا بۆیان دابنێ! هەربەوجۆرەش کۆی دوازدە مەرجەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەدکرایەوە و پێیان وایە ئەو وڵاتە سەرەتا دەبێت لە بارەی ئێراندا سیاسەتی خۆی بگۆڕی، تاران ناتوانێ باوەڕ بە قسەی بێکرداری کاربەدەستانی واشنگتۆن بکا و بەرژەوەندیەکانی بخاتە لاوە.
ئێران بەکردار دەستی بەسەر کۆمەڵێك وڵاتی دەورووبەریدا گرتووە و بە ئارەزووی تاران حوکمرانی دەکەن و بۆ پاراستن و پەرەپێدان بەسیاسەتی ناوچەی ئەو وڵاتە دەوری باشیان هەیە. ئەو سیاستەی تاران بۆتە هۆکاری بنەڕەتی سەرهەڵدانی قەیرانە نوێ کانی نێوان ئەمریکا و ئێران. لە ماهیەتی ڕێژیمی ئاخوندیدا شتێك بە ناوی سازان و پێکەوە هەڵکردن لە گەڵ فرە ڕەهەندی و ڕەنگاو ڕەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیە.
ئەو قسانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری وڵاتەیەکگرتووەکان لە ژاپۆن لەبارەی ئێراندا کردی، بەو لێدوانە تازەییەی گووتەبێژی ڕێژیمی ئێران هاتەوە سەر سیفر. کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران قووڵی سیاسی و ستڕاتیژی گەورەی مێژووی هەیە و تاران کە لە سەر ئاستی ناوچەیدا خۆی بە خاوەندار و زلهێزێك تەماشادەکا و لە ڕابردووشدا لەو بارەوە لە گەڵ ئەمریکادا لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەیدا سێ و دوو لە گەڵ گووتووە.
واشنگتۆن و تاران باوەریان لە کردەوەدا، بە ڕفتاری یەکدی نیە و لە کاتێكدا کە ئەمریکا بە هێوری لە بارەی بارگرژییەکانی نێوانیان قسەدەکەن ، ئێران ڕەدی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا دەکاتەوە و زۆر بێمنەتانە وڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەدرێتەوە کە ئێران ناتوانێت لە دانووستانیكدا بەشدار بێ کە پێشوەختە لەلایەن وڵاتێکی ترەوە خاڵی بۆ دیاری بکرێ.
کار بەدەستانی ئێران لە سەر ئاستی ڕاگەیاندن و لە بەرچاوی کامێرادا بە جۆرێك سیاسەتی وڵاتەکەیان بەیان دەکەن کە بە هیچ جۆرێك لە گەڵ ئەمریکادا دانووستان ئەنجام نادات، بەڵام بە ڕێگای تردا هەوڵدەدا کێشەکانی بە جۆریك بەڵایەدا بخات کە بەرژەوەندی حکوومەتەکەیان پارێزراوبێ. وەزارەتی دەرەوەیی ئێران بە فەرمی وڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دایەوە و عەباس مووسەوی گووتی: ئەو ١٢ مەرجەی مایک پۆمپێیۆ بۆی داناون شتێك نین کە لە لایەن حکوومەتی ئێران جێ بەجێ بکرێن و لەو بڕوایەدان وڵاتێك کە سەربەخۆی سیاسی خۆی بووێ، هەرگیز ئەو مەرجانەی ئەمریکا بۆ دانووستان و دیالۆگ قبووڵ ناکات.
لە قسەکانی مووسەویدا تۆزێك بێمنەتی ئێران لە پەیوەندی لە گەڵ قەیران و ناکۆکیەکانی لە گەڵ ئەمریکادا هەست پێدەکرێ و ئەگەر بە ناچاریش بێ ئەو وڵاتە خۆی بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەکەی پابەند دەکا و دەڵێن کە لەو پەیوەندیەدا مێزی دانووستانیان بۆ هەمیشە لە گەڵ ڕۆژئاوادا بە جێ نەهێشتووە. ڕیژیمی ئاخوندی لەو پەیوەندیەدا دووچاری سەرلێشێواوی سیاسی و دێپلۆماسی بۆتەوە و هەر جارەی لە سەر بابەتێك و سیاسەتێك خۆیان بە کێشەکاندا هەڵداوەسن.
حکوومەتی ئەمریکا و بڕیار بەدەستە سیاسیەکانی کۆشکی سپی بەو نەتیجەیە دەگەن کە ئێران بە ڕێگای قسەی خۆش و دانووستاندا، بە ڕفتار و سیاسەتی ئاژاوەگێرانەیدا ناچێتەوە و ئەگەر ئەو وڵاتە لە سەر سەرەڕۆیەکانی بەردەوام بێ و لانیکەم بە چەند مەرجێکی ئەمریکا ڕازی نەبێ، ئیدی ڕەنگە ئەو جار بیر لە بژرادەی تر بکرێتەوە. کاربەدەستانی واشگنتۆن هەتا ئەمڕۆش بە زمانی توند و هەڕەشە لە هەمبەر تاراندا لێدوانیان نەداوە و بەڵکوو هەوڵیانداوە بە رێگای ئاشتیدا کێشەکان چارەسەربکەن.
محەممەد سلێمانی
31.05.19