"an independent online kurdish website

 زستانی ساڵی 1368ی هەتاوی ئێمە تیمێکی 40 کەسی لە کادر و پێشمەرگەی هێزی ئاگری و مەلبەندی شیمال لە ناوچە شاخاوییەکانی تەرگەوەری ورمێ ماینەوە و لە بناری شاخی قەرەغان بنکەی زستانیمان دانا.


 لە مالێک لە گوندی هەوارگەنم نانیان بۆ حازر دەکردین و رۆژانە چەند پێشمەرگەیەک بۆ هێنانی نان سەردانی ئەم گوندەیان دەکرد. لە بەیانی یەکێک لەو رۆژە سارد و سرانە دا 4 پێشمەرگەمان بۆ هێنانی نان و هێندێک کاری دیکەی حیزبی بەڕەو گوندی هەوارگەنم کە گوندێکی وڵاتی تورکیەیە وەرێکەوتن. زۆری نەخایاند کە لە لایەن ئەو هاوڕێیانەوە تەقە کرا و کە بێسیمان کردەوە کە بزانین چ خەبەرە یەکێک لە هاوڕێیانە کە بێسیمی پێ بوو گوتی کە کاک ئەیوب جەهانگیری (رووحی شاد) و کاک سوپەر وەبن رەنووکەوتن و  فریامان کەون. هەر هەموومان بەڕەو لای ئەو هاوڕێیانەمان دەستمان بە راکردن کرد تا بە هانای ئەو هاوڕێیانمانەوە بچین. هێشتا نەگەیشتبووینە لای هاوڕێیانمان، دیسان لە هەموو لایەکەوە رەنوو هات و ناچار بووین بەڕەو سەرەوە، بەرەو لای مقەرەکەمانەوە سەرکەوینەوە. ئەم جارە پێشمەرگەکان هەموویان بە سلامەتی دەربازیان بوو، بەڵام کومەڵێک لە خەلکی دڵسوز و نیشتمانپەروەری گوندی هەوارگەنم کە بۆ هاوکاری برا پێشمەرگەکانیان بەرەو لای ئێمە وەرێکەوتبوون رەنویان بەسەر دا هاتبوو و کەسێک لە خەڵکی ئەو گوندە بە ناوی مودیر وەبن رەنوو کەوتبوو. پاش ئەوەی رەنوو تەواو بوون خۆمان گەیاندە ئەو شوێنە کە هاوڕێیانمان وەبن رەنوو کەوتبوون و چاومان کەوت بەو دو پێشمەرگەیە کە بە معجزە لەو روداوە نەجاتیان ببوو. زۆر نیگەران بووین بۆ ئەو دو پێشمەرگەیە و هەروەها زۆریش نیگەران بووین کە دیسان رەنوو بێت. تەنیا ۲ بێلچەمان پێ بوو و  دەڕەکە پر ببوو لە بەفر و لە ژێر ئەم بەفرە دا 2 هاوڕێ خوشەویست ون ببوون و ئێمەش هیچ تەجروبەیەکمان لە سەر هاتنی رەنوو نەبوو. ئەم 2 پێشمەرگەیە شوێنی وەبن کەوتنی هاوڕێیانمان پێ نیشان داین و ئێمەش بێ راوستان دەستمان کرد بە هەڵکەندنی بەفر و هەرچی دەگەراین هیچمان پەیدا نەدەکرد. هەر وەک پێشتر وتم تەنیا دو پێمەرەمان پێ بوو لە گەل شیشەکی ئاسن. زۆربەمان هەر بە دەستی خالی بەفرمان هەڵدەکەند. بە راستی زۆر نەخۆش بوو . دەستەکانمان رەق هەڵگەرابوون. کە شیشەیان لێ دەدا و پێمان وابوو شایەد لە وێ کەوتبن دەست بە جێ و هەر بە دەستی خالی هەتا سەر عەرز بەفرەکەمان هەڵدەکەند. هەر وەک پێشتر وتم کە یەکێک لە خەڵکی گوندی هەوارگەنمیش وەبن رەنو کەوت بوو و هەر بویەش زوربەی خەڵکی گوند خەریکی دەرهێنانی ئەو بوون و تەنیا چەند کەسێک کە چەند پێمەرەو وەسایلی دیکەی هەڵکەندنیان پێ بوو، لە گەل ئەوەی خەتەری زۆری هاتنی رەنویان لە سەر بوو گەیشتنە لامان. هاتنی خەڵکی گوند وزە و توانایی زیاتری داینێ. دیارە گوندیەکان کە بینیان ئێمە خەریکی هەلکەندنی بەفر لەو شوێنەین کە هاورێیانمان وەبن رەنوو کەوتوون گوتیان کاکە وا نابێ، ئەگەر لێرە وەبن رەنوو کەوتبن ئەوا حەتمەن رەنوو لە گەل خوی بردوون و ئێمە دەبێ لە ناو جوگەی ئاوەکە کە 20 میترێک خوارەوە بوو دەست بە لێدانی قەناوێک بکەین و بەڕەو سەرەوە بێهین. بێ راوەستا بە قسەی ئەوانمان کرد و دەستمان کرد بە هەڵکەندنی بەفرەکە و بەرەو سەرەوە هاتین. پاش زیاتر لە سەعاتێک بەفر هەڵکەندن توانیمان سەری ئاخەبانووی کە لە ملی کاک ئەیوب دا بوو پەیدا بکەین و پاش بڕێکی دیکە بەفر هەڵکەندن دەستەکی ئەيوب وەدەرکەوتوو و دەستی تەکان دا و زانیمان کە زیندووە و هەر هەموومان یەک بە خۆ هەوارمان کرد کە هێشتا زیندووە. ئای چەند سەحنەیەکی خۆش بوو. ئێمە بە تەواوی لە زیندو مانی ئەو هاوڕێیانەمان نائومید ببووین و لە واقع دا لە دواوی تەرمەکانیاندا دەگەراین و بەڵام ئێستا لانی کەم یەکێک لە هەڤاڵانە بە زیندویی توانیمان دەرىێنین.

هەر هەموومان زۆر خۆشحال بووین و فرمێسکی شادی بە سەروسوڕەتی هەموو پێشمەرگەکانەوە دیار بوو. بەڵێ کە ئەیوب مان بە سلامەتی لە ژێر بەفر دا دەر هێنا شوکر تەندروستی زۆر جیگر بوو و یەکسەر پرسی کە سوپەرمان پەیدا کردوە یا نە؟ وتمان بە داخەوە هێشتا پەیدامان نەکردووە و ئینشالا ئەویش بە زیندووی دەری دەهێنین.دیارە کاک سەلمان (رووحی شاد) چەند جارێک گوتی کە گوێی لە تەقە بووە، بەڵام کەس باوەری پێ نەدەکرد. پاش برێک گەران کاک سەلمان کوهی (رووحی شاد) بە من و کاک سەراجەدین (رووحی شاد) گوتی لێرە شتەک وە بنی لاقم کەوت و بە قامکی دەستی شوێنەکەی پێ نیشان دەداین کە لە پر لە ژیر ئەم بەفرە زۆرە دا سوپەر دەستی بە تەقە کردن کرد و زۆریش کەم مابوو کە کاک سەلمان وەبەر بکەوێ. دیارە کاک سەلمان راستی دەکرد. پێشتێر کاک سوپەر یەک خەشابی بە تەک تیر خالی کرد بوو بەڵام کە زانی بوو ئاگامان لێ نيە ئینجا خەشابەکەی گوری بوو و ئەو جار بە رەگبار تەقەی دەکرد . هەرچی بانگی کاک سوپەرمان دەکرد کە تەقە نەکا تا دەری بێنین بەڵام فایدەی نەبوو و هەر بویەش ناچار بووین تا فیشەکەکانی تەواو بکات راوەستین و پاشان بە ترس دڵەراوکێ لێی نیزیک ببینەوە و نیزیکەی 2 سەعاتێک کە لە ناو جوگەی ئاو دا و چەند میترێک لە ژێر بەفردا بە زیندووی دەری بێنن،  ئەگەر چەند دەقیقەیەکی دیکە نەگەیشتباینێ لە ناو ئاوەکە دا دەخنکا.

کاک سوپەر بە ئازایەتی خوی و فیداکاری هاوڕێیانی توانی خوی نەجات بدات، ئەگەرچی پاش ئەم روداوە لە باری جسمانی و دەرونی وەزعی باش نەبوو و ئێستا نازانم کە وەزعی باش بووە یا نە و لە هەر شوێنێک بێ ڕێز و سڵاوم بوی هەیە .

دیارە زۆر بە داخەوە کاک ئەیوب جەهانگیری لە سالی 1370ی هەتاوی لە شەرێک دا بە برینداری بە دیل گيرا و پاشان لە زیندان دا ئێعدام کرا.

 رووحی شەهیدان ئەیوب و سەلمان و سەراجەدین شاد و ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ هەموو ئەو کادر و پێشمەرگانە  و خەڵکی هەوارگەنم کە زەحمەتێکی زۆریان کێشا. دیارە بە خوشییەوە خەلکی هەوارگەنمیش توانیان بە زیندووی کاک مودیر لە ژێر رەنوو دەربێنن.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی