Hoppa till innehåll
Hem » بەشداری لە میتینگێک لە ژێر ناوی“ نا بۆ پاڵپشتی بۆ ڕژیمی ئێران“ لە وڵاتی ئوتریش

بەشداری لە میتینگێک لە ژێر ناوی“ نا بۆ پاڵپشتی بۆ ڕژیمی ئێران“ لە وڵاتی ئوتریش

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١.٦.٢٠١٩ بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش بەشداریان لە مێتینگێکدا کرد کە لە لایەن ڕێکخراوی „ STOP THE BOMB“  ەوە  و دژ بە بەڕێوەبردنی ڕۆژی قودس لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕێکخرابوو.


لە میتینگەکەدا لە لایەن چەند ڕێکخراوێکی ئوتریشیەوە وتار پێشکەش کران و لە هەموو وتارەکاندا پاش شەرمەزارکردنی سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئێسلامی ئێران لە ناوچەکەدا و هەڕەشەی سڕینەوەی وڵاتی ئیسرائیل لە سەر خەریتە،  ئیشارە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لە سێدارەدراوان لە کاتی دەسەڵاتداری حەسەنی ڕووحانی و بەردەوامی چەوساندنەوەی تێکۆشەرانی سیاسی و کەمە ئایینیەکان و شەرمەزارکردنی سیاسەتی پاڵپشتی کردنی  وڵاتانی ئورووپایی بە گشتی و وڵاتی ئوتریش بە تایبەتی  لە کۆماری ئیسلامی و ڕێسوایی ئەم وڵاتانە سەبارەت بە پێوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانیان لە گەل ئێران کرابوو.

شایانی باسە بە دەیان ڕێکخراو و کەسایەتی ناودار لە ژێر ناوی“ یەکیەتی بۆ ئێرانێکی دیموکرات وبە بێ بۆمبی ئەتۆم“  پاڵپشتی خۆیان بە وتار و بە برووسکە لەم ئاکسیونە دەربڕێبوو و یەکێک لەو ڕێکخراوانەش حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران بوو کە لە وتاری ڕێکخراوەکانێش دا چەند جارێک باسی لێوە کرا.

بە گشتی داخوازیەکانی بەشدارانی میتینگەکە بریتی بوون لە :

قەدەغە کردنی خۆپیشاندانەکانی ئەلقودسی دژ بە یەهوودی

پشتیوانی لە ئیسرائیل و دژایەتی لە گەل دژبەرانی یەهوودی

پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی دیموکرات و سکوولار لە ئێران و لە دەرەوە

پچڕانی  چاوپێکەوتنە دەوڵەتیەکان بۆ ئینکارکەرانی هۆلۆکاوست

پچڕانی بازرگانی لە گەل ڕژیمی ئێران

قەدەغە کردنی حیزبۆڵا بە یەکجاری لە ئوتریش و لە یەکیەتی ئورووپا

 

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش