"an independent online kurdish website

بەھاری سالی ١٣٦٤ دوایی گاشتێکی چەند رۆژە لە ناوچەکانی ورمێ دا بۆ حەسانەوە رۆمانکردە گوندی جێرمێ کە ھەم پێشتر بنکەی لکی کولاو رەشی ھێزی شەھید نحۆ لەوێ بوو ھەمیش جێگایەکی خوش و ھەلکەوتوو لە بناری چیای چل مێرێ شەھیدان بوو.


ھەر لە نێو جێرمێ و دەوروبەری چەند زۆمێکی تری لێ بوو کە ھەوارچیەکانی ناوچەی ترگەوەر بوون و لە قەراغ چومیی و چەند شوێنێکی تر چادریان ھەلدابوو.

ئێمە وەک لکی عومەر پووریان کە کاک عوسمان فەقێ زندەشت ( عەدۆ ) فەرماندەری لکمان بوو لە نیو چادرەکانی گوندی ماوانە بووین کە لە قەراغ چومی دایاننابوو.

دەمەو ئێوارە بوو فەرماندەری خوشەویست کاک براھیم شێخالی ھاتە لامان کوبوونەوەیەکی بۆ کردین و کە لە کوبوونەوەکە دا زۆر تەئکیدی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ لکی ئێمە بۆ ساعەتی یەکی شەو بۆ پێشگرتن لە ھێرشی دوژمن لە گەرۆی شیلانۆک کە دەکەوێتە نێوان جێرمێ و دەشتی ترگەوەر.

دوایی تەواو بوونی کوبوونەوە کاک براھیم شێخالی بە کامێرایی خۆی کە لە لایی کاک سەید سەدیق بوو چەند وێنەیەکی لەگەل پێشمەرگەکانی لکی عومەر پووریان گرت و خۆی کاک سەید سەدیق کە ھەمیشە وەک پارێزەر لەگەل کاک براھیم بوو گەرانەوە بۆ لایی جێرمێ کە نزیکەی دوو کیلو مێترێک سەرەوەتر بوو.

بە داخەوە دواتر ھندێک کەمتەر خەمی لە لایەن سەردەستەکانمانەوە کراو گوتیان جا کوا جاش و پاسدار دێن بۆ جێرمێ؟

ھەر ئەو کەمتەرخەمیشە بووە ھۆی ئەوەی کە لە جیاتی ساعتی یەکی شەو ھاورێیانمان گوتیان لایی ساعت پێنجی بەیانی چەند کەسێک وەک دیدەبان دەینێرین بۆ گەرۆی شیلانۆک.

شەوەکە ھەر لە نێو چادرەکان و لە ژێر دوو رەشماڵدا خەوتین، ئەوکات جەوان بووم و کاتێک دەخەوتم وەک مردوو وابووم ئاگام لە ھیچ نەدەما تازە دەوری سالێک بوو ببوومە پێشمەرگە و ئەوانەی کە ئەوکات منیان دیوە دەزانن تەمەنیشم خوارەوەی ھەژدە سالی بوو.

دەوری ساعەت چوار و نیوی بەیانی بوو کاتێک وەخەبەر ھاتم دیتم پێشمەرگەکان بە سەرم دا دێن و دەرۆن یەک و دوو جاریش بلێسەی گولە ئارپێجیم دیت کە ئاراستەی پێشمەرگەکان دەکران بەڵام نەمدەزانی چ خەبەرە ھەتا سەر دەستەکەمان گوتی کورە ئەوە بۆ ھەلناستی؟

ئیتر منیش ھەستام پەرەشۆتەکەم لە شان کرد و ئێمە بە یەکەوە ھەلکشان بەرەو جێرمێ بەڵام ھەر چەند مێترێک لەو لاتر کەوتینە بەر دەست رێژی جاشەکان و بە ناچاری داگەراینەوە بۆ خوارەوەی ئەو چادرانەی کە لە نێویاندا بووین.

ئێدی من و دوو ھاورێی تر بە نێوەکانی سەیدۆ و سەفەندی لە ھاورێیان دابرایان و بەرەو خوار رۆیشتین و ئاگامان لە کەس نەما حەتا دەوری ساعەت دەی بەیانی دیتمان چەند جارێک ھەلیکۆپتەر ھات و لە سەر گردی شەماشە کە بە تەواوی بە سەر جێرمێ و دەور و بەریدا زاڵ بوو نیشتەوە ، ئێمەش ئەو سێ کەسە کە پێشمەرگەی بێ تەرجوبە بووین لە قەراغ چومی خۆمان مات دابوو ، ترسی ئەوەمان ھەبوو کە ھەموو جاش و پاسدارەکان کە دیارە زیاتریش جاشی تایفەی بەگزادەکان بوون بە دم چومیدا بێنە خوار ، بۆیە بە ناچاری چوینە سە دارێک لە قەراغ چومی خۆمان ھەر لە سەر دارەکە ماتکرد ھەتا لایی ئێوارێ!

لایی ئێوارێ کە دەنگی تەقە نەمابوو لە سەر دارەکە ھاتینە خوار و ھەلکشاین بەرەو شوێنێک بە نێوی حەوشە گەرمان ، بەڵام لە بەر ئەوەی کە قەت لە شەری ئاوا نەکەوتبووین و عەوەلین جاریش بوو کە بچینە جێرمێ لەوە نیگەران بووین کە نەوەک پێشمەرگەکان گەرابینەوە بەرەو ناوچەی مرگەوەر ھەلبەت ئەو بیر کردنەوەیەش بە گوێرەی تێگەیشتن و شارەزایی ئەوکاتی مان بوو.

بە ھەرحال لە حەوشە گەرمان دیتمان کاک سەعید گولێ کە ئەوکات جێگری فەرماندەری لکی کولاو رەش بوو لەگە خوا لێ خوش بوو محمد لالەسوخ و چەند پێشمەرگەیەکی تر لەوێ بوون ، ئێدی ئێمە بە بینینی ئەوان زۆر خوشحال بووین و بە یەکەوە تەقریبەن دونیا وردە وردە تاریک دەبوو بەرەو جێرمێ کەوتینە رێ.

لە رێگا دا شەھید کامیل ئیبراھیمی مان بینی و پرسیمان چ خەبەر؟

ئەویش لە ولامدا گوتی بە داخەوە کاک براھیم شێخالی شەھید بووە و کاک سەید سەدیقیش بە سەختی بریندارە کە ھەردووکیشیان بە قەنناس شەھید و بریندار ببوون.

ئێدی ھەر لە جێرمێ تەرمی فەرماندەری بە راستی خوشەویستی ھێزی شەھید نحۆ تەسلیمان بە خاکی پیرۆزی کوردستان واتە ھەمان خاکی کە کاک براھیم و ھەزاران رۆلەی ئەو نشتیمانە لە پێناوی دا گیانی خۆیان بەخشیوە کرد و درێژەمان بە رێبازەکای دا.

روحی بەرزی کاک براھیم شێخالی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان شاد و رێبازیان تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانیان ھەر ئاوەدان و پر رێبوار بێت.

ھەمووی ئەوەم لە بینینی ئەو وێنەیەدا نووسی ، بە مووبایلیش نووسیومە بۆیە ئەگەر کەم وکوریەکیش ھەبێت تکایە ئاگادارم بکەنەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی