"an independent online kurdish website

ساڵی ٢٠٠٥ لە یەکێ لە پرسگەکانی حیزبی دێمۆکڕات بووم، دایکی دوو شەھید ھاتبووە سەردان. تا ھاتن بە شوێنیا، ھەندێ لای ئێمە مایەوە، وتم شتێکت لێ ئەپرسم، لێم تووڕە نابی؟ وتی نا کوڕم بڵێ!


وتم ھەستت چۆن بوو کە ھەواڵی شەھید کرانی کوڕەکانیان پێ دای؟

لەو کاتا چاوی لە ناوچاوانی من ئەکرد، بەڵام ھەردوو چاوی ئەبڵەق مابوون. ئەمزانی کە ئامانجی نیگاکەی نێوچاوانی من نیە، دووووووور دەڕوانی، زۆۆۆۆۆۆر دوور. ھەستم ئەکرد رۆچووە بە ناخی ئازارێکا، ئازاری برینێ کە قەت قەتماخەی نەبەستووە و ھەتا رۆح لە لەشی ئەو دایکا بێ، ئەو برینە ساڕێژ نابێ!

لە گەڵ نیگا قەتیس ماوەکەی، نێوچاوانی کرک ئەبوون و چرچ و لۆچەکان بە نۆتی موسیقای یادی پڕژان و چەمی خەم ئەجووڵان، چاوگی مەراقی نەبینینەوەی کوڕە شەھیدەکانێ ، کارێزی ویشکی رۆحی تەقاندەوە و گۆمی خەم دیسان کەلاو بوو و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بە بێ دەنگی ریپۆقی بێ وازی و بێ تاقەتیی لە چاوانیا خوساندەوە

رەفێقەکانیشم ھەموو بێدەنگ بوون، ئەتوت ساتێ بێدەنگی بۆ گیانی شەھیدان راگەیەنراوە، زیاتر لەوە خۆم پێ نەگیرا، لە تەپەدۆرە (فیبر)ە پڕ یەخەکەمانا بوترییەکم دەرھێنا و بە خشەخشی تەپەدۆرەکە و بە مووسیقای خوڕەی ئاو کردنە ناو لێوانەکە بێدەنگییە تەماوییەکەم شکاند.

نیگاکەی شکا، چاوی تروکاند، فەرمووم لێ کرد، وتم قومێ ئاو بخۆوە، بێ ئێختیار لێوانەکەی گرت و نیگای ھێشتا ھەر لە دلاقەی ژوورەکەوە نەگەڕابووەوە. رۆحێ لای ئێمە نەمابوو… ئەمە سەرجەم پانۆرامای دە تا بیست چرکە بوو

بە دەم رنوی فرمێسکەوە وتی: رۆڵە کافر بە حاڵی دایکی شەھید نەبێ، باوکەکەم ئێوە گشتتان رۆڵەی منن، بەڵام کوڕم ناکرێ، دەرنابڕدرێ، نایێتە زمان، زمان لە گۆ نایێ. کە ھەواڵی شەھید ئەگاتە دایک، دایک ھەست ئەکا دڵی ئەفڕێ و ھاکا قەفەسی سینی شکاندو دای لە شەقەی باڵ، دایک ھەست ئەکا پای نیە، ئەژنۆی نیە، ران و ستوونی نیە لە سەری بوەستێ، دونیا لە پێش چاوان ئەسووڕێ، ھەست ئەکا شەڕ و دەرگیرییەکە لە نێو مێشکی، ھاکا ئێستا مێشکی تەقی. چاو تارمایی دادێ، دونیا نابینێ، شەو و رۆژی وەک یەکن. ئەم دۆخە تەنیا چرکەساتێ نیە، ئەم دۆخە سەرەتای دۆزەخێکی بێ بڕانەوەیە بۆ دایک.

 رۆڵەکەم ئاخر ھەرچی بێ دایک دایکە ئیدی. دایک سیاسەت و شۆڕش و خەبات و ئەم شتانە لە ئاستی رۆڵەکەی، رۆحی، گیانی، درێژەی ژیانی…نازانێ. بۆ ئەو مەرگی رۆڵەکەی کۆتایی دونیایە، کۆتایی ژیانە، کۆتایی خۆشی و شادیە، کۆتایی ئاوات و تاسەیە، ئەدی کوڕی من، ھیوامە دایکتان بمرێ و ھەواڵی مەرگتان نەبیسێ

ئەمانەی وت و بە گۆشەی ھەوریەکەی چاوانی خۆی گرت و لە پرمەی گریانی دا و ئێمەش ھەموومان ویڕای ئەو بە ئارامی گریاین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی