بەداخەوە بە پیلانی دوژمنان ودەستی نـێو دەوڵەتی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی غەیرە کورد دا ، دابەشکراوە ، ئەو وڵاتانە خۆیان بەئیسلامی دەزانن و لـەقەبی کافـریشیان بـۆ کورد دانـاوە،
جیا لـە داگیرکردنی زێـدەکەمان لە هـیچ جینایەتێک دەرهەقمان درێغیان نەکردوە و ناشیکەن ، هەر لەو پیوەندیەدا سەدان فتواو فەرمان و بڕیاری نابەجێی و ناشەرعی و نامرۆڤانەیان بـۆ دەر کردویـن. لە لایەکیتر شەڕێکی گەرمی ئیسلام و مەسیحیەت لە ژێر نـاوی جۆراو جۆردا لە ئارادایە و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی توشی نەهامەتی و بێ ئۆقرەیی کردوە و لێرەو لەوێش ئێمەشی گرتۆتەوە. ئەو شەڕە ڕەنگە هەر بەردەوام بێی و نەهێڵێ مرۆڤایەتی هەناسەیەکی ئاسودە هەڵکێشێ. بەداخەوە کورد هەر چەند شەڕی ئایینی پێویست نیە، بەڵام لە ژێر کارتێکەری هێندێک ئایین و ئیدەی سیاسی و هێندێکیش لەداخی داگیرکەران ناڕاستە و خۆ تێوە گلاوە . وردە وردە خەریکە خەباتی نەتەوایەتی کەمڕەنگ دەکاو لێی دور دەکەوێتەوەو بەبێی ئەوەی بەخۆی بـزانێی لە ڕێبازی ویستو داخوازەکانی گەلەکەی لایداوە . ئێستا ئەو مۆتەکەی شەڕە بە پڕوپاگەندەو جنێودان و بێحورمەتی بە ئایین ئیدەکان وبەتایبەت ئیسلام لەلایەن هێندێک کەس وکەسان گەیشتۆتە حاندێک ئەگەرپێشی پێنەگیرێی کورددەبێی بە بەردلە ئەژنۆی خۆی بدا. نەبونی بڕوای ئایینی یان هەبونی ئیدەی جۆرجۆربە باوەڕی من تاوان نیە ،بەڵام زۆر جار بە بێی بەڵگە و تەنیا لەڕوی هەڵچون وئیحساساتەوە ،هیرش دەکرێتە سەر پێرۆزیەکانی موسوڵمانان،ویشکو تەڕپێکەوە دەسوتێنن !! بێگومان لەناو موسوڵمانانیش دا زۆرن کە لەخۆیان زیاتر کەس بە شیاوی ژیـان نـازانن وهەرکەس وەک وان بیر نەکاتەوە دەبێی لەناو بچێ و مەحکوم بەنەمانە. ئاگرە سوتێنەرەکە لێرەوە هەڵدەگیرسێو چاک وخراپ ناناسرێتەوە.
لە کوردستان لایەنگرانی ئیسلام لە هەمـو ئـایینو ئـیدەکانیتر زۆرتـرن و هەلەو پەڵەشیان زیاترە،بـۆیـە ئەوانەی دژی ئیسلامن وجنێو بەموسوڵمانان دەدەن بەری چاویان گیراوەونابینن دایک ، باب، خوشک، برا، ئامۆزا، جیران، هاوماڵ و… سەرئەنجام زۆرینەی گەلەکەمان دەگرێتەوە، هەموو سنورەکانی ئینسانی و ئەخلاقی تـێک دەدا، بـەڕاستی کەشێک دروست دەکا، نـەکەس مانـای حورمەت دەزانی و نەکەس ئەرکی ئینسانی بەجێی دێنێ. من دەڵێم: با موسوڵمان نەبن ،خۆ مـرۆڤن و مرۆڤ بـونیش ئـەرک و سنوری تایبەت بەخۆی هەیە. ئـەوانـەی مانای ڕیزو حورمەت نازانن، سنوری ویژدانی وئەخلاقی ناناسن وتەنانەت ڕێز بۆ بنەماڵەی خۆشیان دانانێن، دەبێی چ ناوێکیان لێ بندرێی؟
بەپێی ئەوەی بڕوای تەواوم بە ئازادی ڕادەر بڕین و هەڵبژاردن هەیە، لە هەمان کاتدا توندڕۆیی و سەرەڕۆێی و بێبەندو باری و سنور نەناسی بە خەتا دەزانم و پێموایە لە زیان زیاتر هیچ قازانجێکیان بۆ کۆمەڵگا نیە و لە دژی ڕادەوەستم. بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانمە هەموو ئایین و ئیدەکانو هیچ موشکـیلەیـەکم دەگەڵ جیاوازی بیرو ڕاو ئیدەو ئایین نیە. دەمەوێی بەخوشک وبرا کوردەکانـم بـڵێم : ئێمەدەگەڵ چوارداگیرکەری دورلەهەموئەخلاقێکی مرۆڤانە وئایینی بەرەو ڕوین مێژوسەلماندویەتی هێچ مافێکی نەتەوەیی وئازادیمان پێڕەوا نابینن و نایسەلمێنن. مافی ڕەوای خۆمانە بەهەمو شێوەیەکی گونـجاو بـەرەنگاریـان ببینەوە ، بـە بێی بەستنەوەی ئەو بەرەنگاریە بەهیچ ئیدەو ئایینێکەوە ،بەڵام ئەگەر بکەوینە شەڕ دەگەڵ ئیسلام ئیتر گۆڕەپانەکە زۆرتر فراوان دەبێتەوە و شەڕەکە ئەوەندەقورس و بێبڕانەوە دەبێی ولەڕاستیشدا شەڕی کورد بۆئەوە نیە. بۆیە دەڵێم ئەوە شەڕێکە کورد نابێی بیکا. کورد نە بودین خەباتی کردوە نەدژی دینش خەبات دەکا.
ئەگەرسەرنجتان دابێی لەماوەی بەرەنگاری کورددەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان هەر بـەتـۆمەتی دژە ئـایین بـونـمان هـەم خەڵکیان لێی فریـو داوین ،هـەم لـەهیچ جینایەتێك دەرهەقمان دەستیان نە پاراستوە. گەلی کورد شەڕی دین وئایین نـاکا، بەڵکو بەرەنگاری هەرئیدەو ئایینێکیش دەبێتەوە کە ئەومافە شەرعـیو قـانونیانەی مرۆڤایەتیو ئایین بۆیان سەلماندوە لێی داگیر بـکەن. کێی مـافـمان زەوت بکا زاڵمەو زاڵـمیش بـە فەرمـودەی قـورعان خراپـترین ئـینسانە ودوژمـنـمانـەو بەرەنگاربونەوەی ئـەرکی ئایینی ومرۆڤانەی سەرجەم موسوڵـمانانـە . بـو وێنە ئێمە کە دژی کوماری بەناو ئیسلامی ئێران خەبات دەکەین، لەبەرئەوەنیە کە دەڵێی ئیسلامیم، بەڵکومافو زیدی لێی داگیرکردوین،لەهیچ جینایەتێکیش دەرهەق بەئێمە دریغی نەکردوە ،بەڵام شەڕی وڵاتێکی ئیسلامی ناکەین کەهێچ غەدرێکی لە ئێمە نەکردوە.
لە ڕوانگەی ئەو بیرو تێڕوانینەمەوە ڕوودەکەمە مامۆستایانی ئایینی کوردستانو پێیان دەڵێم : بەڕێزان ئیوە هەڵگرو ڕاگەێێنەری فەرمانەکانی خوان ،نەشیاوو ناڕەوایە بکەونە ژیر کارتێکەری کەسانێک کە ڕەنگە بڕوای بە دینەکەی تۆ هەر نەبێی،یان ساتوسەودای پێوە بکا.مەبنە بڵیندگۆی هیچ حکومەتودەسەڵاتێک. مەبنە ئاڵقە بەگوێی ئیمامێک یان سەردارێک. ئـیمام و سەردارو فەرماندەی ئیوە خواو قورئانەکەیەتی! قورئان والـێمەکەن کە خەڵک پـییوابێی خوا بـۆ فـڵان و فیسارەکەسی ناردوە.دین مەکەنە جانەوەرێکی دڕندە هەرچی بیگاتێی هەڵیدڕێی! وامەکەن نەیارانو بەدوژمنی مرۆڤایەتیتان نیشان بـدەن . مەسەلەکان بەقازانجی ئەم وئەو بامەدەن .ئایەتەکانی قورئان بۆخەڵک شیبکەنەوەو لەسەر زەوی جێگر بۆخوا دروست مەکەن. نوێنەری ڕاستەقینەی خوا قورئانە.خۆتان مەکەنەفرشتەو خەڵک بەکافر بزانن . یەکێ بەناڕەوا ماقوڵ مەکەن و یەکیتر بـەناڕەوا بـە شبرو شەیتان لە قەڵەم مەدەن ! مەبنە شایەر بۆ شاباش بەیەکێی هەڵبڵێن و فڕولاتاوان لەیەکیتر بدەن.چاک وخراپ ،جوانوناحەز، زاناو نەزان، بەکردەوە هەڵسەنگێنن و لێکیان جیا کەنەوە ! ئیوە باش دەزانن باشترینەکان لەلای خوا ئاکار چاکەکانن.
ئێوە مامۆستایان لەمن باشتردەزانن پێغەمبەران ئەرکیان ئەوە بـوە فەرمانەکانی خواهەم بۆخۆیان ئەنجام بدەن هەم بەخەڵکی ڕابگەیێنن، عالمانیش کەمیراتگری ئەوانن یانی دەبێی ئەرکی ڕاسپیردراو ڕابگەێینن { وما علی الرسول الا البلاغ } بەسیە باچیدی جینایەت نەکرێی وبڵێن مامۆستا فتوای داوە ؟! بەکورتی چاو بکەنەوە، دوور بڕوانن ، چاکو خراپەکان بە پێوەری عەقـڵ و مەنتیق و زانست هەڵسەنگێنن ،جڵەوی پاپۆڕی حەقیقەت لەدەستی نەزان و ناشارەزایـان دەر بێنن، تۆوی ئازادی و برایەتی و مرۆڤ دۆستی لەسەر زەویە پیرۆزەکەی کوردستان بچێنن و داری هیواوبەختەوەری لە زێدەکەتان وەبەربێنن. دڵنیا بن ئەگەرنەیکەن بەر پرسیاریتان دوو بەرانبەرە. کێی بتوانێ ئەرکی خۆی بە سەداقەتەوە بەجێی بێنێ سەربڵیندو بەختەوەرە.
بەهیوای سەرکەوتنی عەقیقەت و ڕاستی
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢ پوشپەڕی ٢٧١٩ ی کوردی
٢٣ /٦ / ٢٠١٩ ی زایینی